Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 پرسیاری دوای کورسی سەرۆک…
پرسیاری دوای کورسی سەرۆک…

پرسیاری دوای کورسی سەرۆک…

عەبدوڵا مەحمود

بەرواری ٢٩ ئۆکتۆبەر، بارزانی لە رێگای نامەیەکەوە رایگەیاند کەخۆکاندید ناکاتەوە و ئامادەش نییە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی بۆ درێژ بکەنەوە، بەم شێوەیە دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم راگەیاند.

بارزانی لە ٣١ ئابی ساڵی ١٩٩٦ وە کە هەولێر کەوتەوە دەست پارتی تا بەرواری ٢٩ ئۆکتۆبەر ٢٠١٧ بە شێوەی یاسایی بێت یان بەپێی لۆجیکی هێز پۆستی سەرۆکی هەرێمی بەدەستەوە گرتووەو رۆڵی قائید زەرورە دەگێرێت.

بارزانی لەکاتێکدا دەستی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم کێشایەوە کە نەک هەر لە باری یاسایی و نایاساییەوە دەمێک بوو ماوەکەی بەسەرچوو بوو، بەڵکو لە باری سیاسیشەوە دەمێک بوو شکستی خواردبوو… ئەو وەکو کەسی یەکەم لە هەرەمی دەسەڵاتدا بەرپرسی سەرەکی هەموو ئەو هەلومەرجە نەخوازاوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و داروخانە ئابورییە و وردبوونی ئیرادە شکۆی تاکەکانی کۆمەڵگەیە. لەژێر سایەی بارزانیدا، نەک هەر نان و کار و موچە و خزمەتگوزاری، نەک هەر ئارامی ئاسایش بەڵکو کوردستان گێردرایەوە بۆ سێ گۆشەی یەکەمی دوای ساڵی ١٩٩١…

وە بارزانی لە هەلومەرج و برگەیەکی دارمانی گەورەدا، کە داگیرکردنەوەی نیوەی زیاتری کوردستان بوو، گە گەرانەوەی سوپاو حەشدی وەحشی شیعی حکومەتە نۆکەرەکەی ئیران عەبادی بوو بۆ کوردستان، ناچار بوو دەست لەکاربکێشێتەوە. ئەو سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی هەرێم بوو کە ژمارەیەک لە فەرماندەو کادری حزبە هاوپەیمانەکەی بە رێکەوتنی ژێر بەژێر و ئاشکرا، دەیان ناوچەیان بە شاری کەرکوکی” قودس و دڵی کوردستان” یشەوە رادەستی هیزەکانی سوپای عێراق حەشدی وەحشی شیعی کرد. و هیزەکانی زۆنی زەردیش بێ هیچ بەرگریەک پانیایی و جغرافیایەکی فراوانیان بۆ سوپای عەبادی چۆڵ کرد.

ئەوەی کە وای کرد بارزانی ببێتە سەرۆکی هەرێم، بوونی پارتی بوو بە هێزی یەکەم لە ٣١ ئابی ١٩٩٦دا لەسەر گۆرەپانی سیاسی کوردستاندا. واتە پۆستی هەرەمی باڵا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیاییدا پشت بە توانا و لێهاتووی وتایبەتمەندێتی کاراکتەری شیاو نابەستێت، بەڵکو پشت بە رادەی قەڵەمرەوی دەسەڵات و باڵادەستی ئەو حزبە دەبەستێت. هەروەها ئەوەی کەوای کرد بارزانی خۆی ئەو ماوە درێژە لە پۆستی سەرۆکی هەریمدا بمێنێتەوە، بە جیا لە تەماحی بارزانی خۆیی و حزبەکەی، وەبەدەر لە رێکەوتنی پارتی و یەکێتی، کە سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی و سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی بێت، پەیوەندی بە نەبوونی بەدیلی ترەوە هەبوو لەلایەن حزبەکانی تری کوردستانەوە، لەکاتێکدا حزبی گۆران و کۆمەڵ، هەمیشە لە زمانی میدیاو بەرپرسانیانەوە دژی مانەوەی بارزانی بوون، بەڵام بە کردەوەو بە بێ بەدیلی خۆیان کۆمەکیان کرد بە مانەوەی بارزانی و درێژکردنەوەی مانەوەی لە پۆستەکەی بۆ ئەو ماوە زۆرە.

هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد و میدیا و میدیای سێبەرو خێڵێک لە نوسەرو رۆشنفکری جڵەو ئازاد، هەمیشە هۆکارە بناغەیەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیان بە پۆستی سەرۆکی هەریم و کورسیەکەی بارزانی دەزانی، ئەو بۆچوونەش هێندەی دژی پارتی بوون و بەشیک لە ململانێی حزبی بوو هاوکات لێکدانەوەیەکی نادروست و لەراستیدا خۆ دزینەوە بوو لە گرفتە بناغەیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان… و شاردنەوەی ئەو گرفتانە بوو. شارنەوەی گرفتی فیدرالیزمی قەومی و لکاندنەوەی کوردستان بە عیراقی عروبی ئیسلامی و قەومی و دەسەڵاتی میلیشیایی وەکو دوو گرفتی سەرەکی و ریشەیی کۆمەڵگەی کوردستان.

ئێستا کە بارزانی بەدەستی بەتاڵ ناچار بوو لەوپەری شکست و لاوازیدا دەست لەکاربکێشێتەوە، ئەم پۆستە چ دەسەڵاتەکانی کەم بکرێتەوە چ دابەش بکرێت، و ببێتە پۆستی تەشریفاتی و یان بە دەسەڵاتی حزبی قائیدەوە بمێنێتەوە…. لەسەر ئاستی کوردستاندا تەنها دەتوانێت لەدەستی حزبی باڵادەستدا کە پشتی بە میلیشیاو تاڵانی داهاتی کۆمەڵگە بەستوە بمێنێتەوە، ئەگەر نا نە گوێگرێکی دەبێت و نە بریاو راسپاردەیەکیشی دەچیتە بواری جێبەجێکردنەوە. بارزانی وەکو کەسی یەکەمی حزبی باڵادەستی کوردستان، هەرگیز وەکو سەرۆکی سەراسەری هەرێم وەرنەگیرا و زۆرتر سەرۆکی زۆنی زەرد بوو… لە دەورەی داهاتووش سەرۆک ناتوانێ لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حزب و لە غیابی حكومەت و قەوارەی دەوڵەتیدا، لە سەرۆکی حزب لەسەرۆکی نفوزی حزبی خۆی تێپەرێت. ئەمە راستیەکە هەرکەسێکی هوشیار دەتوانێ لە دۆخی کوردستاندا لێی حاڵی بێت. روو بەدنیای دەرەوەش سەرۆک فریوکاریەکە بۆ داپۆشینی دەسەڵاتی حزبی و بەباڵابرینی یاسا، بە باڵای سەرۆکی حزبیدا.

بارزانی رۆشت، ژمارەی بارزانی کور و برازا ئامادەن… کارگەی دروستکردنی سەرۆک چەندین سەرۆکی ئامادەیە… پرسیار ئەوەیە بە ڕۆشتنی مەسعود بارزانی، هاتنی کوڕ یان برازایەکی بارزانی چ لە دۆخەکە دەگۆرێت؟ دۆخی کوردستان گرفتاری دەستی سەرۆکە؟ یان گرفتاری کێشەی ریشەیی ترە کە سەرۆکەکان، دەبێ ئیدارەی ئەو کیشانە بدەن لە جێگای گرتنەبەری رێگای چارەسەرکردنیان.

گرفتی کۆمەڵگەی کوردستان… سەرۆک نییە، رەنگی سەرۆکەکان نییە، بەڵکو نەبوونی دەوڵەت و قەوارەی دەوڵەتی، و لە جێگایدا بوونی دەسەڵاتی میلیشیاییە. ئەو دەسەڵاتە میلیشیایەی ئەزمونێکی فاشیلی لە حکومرانی حزبی داسەپاندووە. سیستەمێکی لە دزی و تاڵانی و پاوانی دەسەڵات جێ خستووە. کاری سەرەکی بریتییە لە پێداگری بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی پشت بەستو بەئیرادەی ئازادانەی جەماوەری، پیداگریش بۆ سەربەخۆیی کوردستان جیاناکرێتەوە لە خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزاب. سەرۆک رۆشت، چۆن سیستەمی زاڵمانەی میلیشیاییش رەوانەی رابردووی بێگەرانەوە بکەین؟ ئەوەیە پرسیاری سەرەکی دوای دەست لەکارکێشانەوەی بارزانی و شکستی تەجروبەی ٢٦ ساڵەی بزوتنەوەی کوردایەتی….

کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ١٥ی بەرواری ١/١١/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە….www.bopeshawa.net

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*