Home 6 ئۆکتۆبه‌ر 6 پرسیار ده‌رباره‌ی .. دوای ڕێفراندۆم..
پرسیار ده‌رباره‌ی .. دوای ڕێفراندۆم..

پرسیار ده‌رباره‌ی .. دوای ڕێفراندۆم..

عوسمانی حاجی مارف وه‌لام ده‌داته‌وه‌

ئۆکتۆبه‌ر:  هه‌فته‌یه‌ک به‌سه‌ر سازدانی ڕیفراندۆم و ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کانیدا تێده‌په‌ڕێت..  ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆشنی له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌رکه‌وتووه‌ ڕیزبه‌ستنی هیزه‌ کۆنه‌په‌رسته‌ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کان به‌رامبه‌ر به‌ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌که‌و هه‌ڕه‌شه‌کانی عه‌بادی  وسیاسه‌تی گه‌مارۆدانی کوردستان له‌لایه‌ک و ئه‌گه‌ری سازان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداو یاری کردن به‌ڕای خه‌ڵکه‌وه‌ دوو فاکتۆری هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزن له‌به‌رامبه‌ر خواستی جیابوونه‌وه‌ ودامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستاندا..  دۆخی کوردستان دوای ڕیفراندۆم چۆن ده‌بینن؟ حزبی کۆمۆنستی کوردستان سیاسه‌تی چی یە‌ به‌رامبه‌ر به‌م هه‌ڕه‌شانه‌؟

عوسمان حاجی مارف: ئەوەی پێویستە بە دیاری کراوی ئاماژەی پێ بکەین و ڕۆشنبکرێتەوە کە دوای ڕیفراندۆم بینیمان ووڵاتانی کۆنەپەرستی جیهانی و ناوچەکە و بە حکومەتی عێراقیشەوە پەرچەکردارێکی نەرێنیان نواند لەبەرامبەر ڕیفراندۆم و ئەنجامی دەنگدانی خەڵك، کە بەڕێژەیەکی زۆر بە بەڵی بۆ سەربەخۆیی وەڵامیان دایەوە، ئەم مەترسیانە تا ئاستی هەرەشەکانی حکومەتی عێراق و سنورداخستن و ئابڵوقەی ئابوریە لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، بەڵام باشتر وایە لە لێکدانەوەماندا ئەوە ئاشکرابێت کە ئەو هەڕەشەو مەترسیانەی ئێستا بۆتە بانگەشەیەک بۆ سەر کوردستان، لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستانەوە نیە، بەمانایەک گەر ڕیفراندۆمیش نەکرایە هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە بەدوای کۆتایی شەڕی داعش لە عێراقدا ئاڵۆگۆرێکی تازەی وەها دێنێتە پێشەوە، هاوسەنگی هێز بە جۆرێک گۆڕانی بەسەردا دێت، هەلومەرجی سیاسی و پەیوەندی نێوان هێزە سیاسیەکان و ووڵاتانی ناوچەکە دەخاتە ناو دەورەیەک  کە دەبێت بە شێوازێکی ترو چوارچێوەیەکی تر مامەڵەبکەن و بەرژەوەندیەکانیان بپارێزن، دەرپەڕاندنی داعش لە موصل و دواتریش لە حەویجە جێگەو ڕێگەیەکی باڵاتر دەدات بە عەبادی و “دەوڵەتی قانون” لەناو حکومەتی عێراقدا، لەهەمان کاتدا هەوڵدەدات دەسەڵات و نفوزی سیاسی خۆی فراوانتر بکات بە کۆنترۆڵکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان بەتایبەتی کەرکوک، هەر بۆیە هەوڵدەدات بە هێزێکی ئامادەتر لەڕێی ئێران و حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئەمریکا، هێزەکانی پارتی و یەکێتی لە کەرکوک دەرپەڕێنێ، ئەو ناوچانەش کە لەژێر دەستی پێشمەرگەدان کەلە شەڕی داعشدا کەوتە ژێر دەستیان دوبارە بیان گریتەوە،  ئەمە ئاڕاستەو دەورو رێکخستنەوەی حکومەتی عێراقە  بۆ یەک لایی کردنەوەی ئەو کێشانەی لە چەند ساڵی ڕابوردودا کەوتۆتە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمەوە، هەڵبەتە لەبەرامبەریشدا بارزانی وپارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵدەدەن بەهەرشێوازێک بۆیان بگونجێت بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێن و خۆی دەربازکەن لە ئەگەری ئەو ئاڵوگۆڕانەی دوای شەڕی داعش لە عێراقدا دێنە دی و بە قازانجیان نابێت، بەکورتی دەمەوێت بڵێم هەلومەرجی سیاسی نالەباری عێراق و کوردستان واوە ترە لەوەی مەترسیەکان  و ئاکامەکانی لە جێبەجێکردنی ڕیفراندۆمەوە بۆی بڕوانین و هۆی ئەم بارگرژی و ناجێگیری سیاسی و تەنگەشانە لە ئاکامی جێبەجێبونی ڕیفراندۆمەوە لێک بدرێتەوە.

ئەوەی ئاشکرایە لە لێکدانەوەکانی پێشترماندا ئاماژەمان بەوەکردووە کە دوای شەڕی داعش لە موصل و حەویجە و ناوچەکانی تردا، هەلومەرجی سیاسی عێراق بە جۆریک ئاڵوگۆڕی بەسەردادێت کە دەبێت هێزە سیاسیەکان لە کوردستان و عێراق بە ئامادەییەک وخۆ ڕێکخستنێکی ترەوە بکەونە بەرامبەر وەڵام بەو کێشەو مەترسیانەی دەرگیریان دەبیت چ  ئەوەی پەیوەندی بەخۆیانەوە بێت یا لەئاستی کێشمەکێشی ووڵاتانی جیهان و ناوچەکەدا بێت.

هەموو ئەوە باش دەزانین عێراقێک کە دابەش کراوە بە سێ ناوچەی دەسەڵاتی کوردو سوننەو شیعە، زەحمەتەو ناکرێت بە ناوی پاراستنی یەک پارچەیی عێراقەوە بتوانن ژیانێکی ئاسودەی سیاسی بەیەکەوە بەڕیوە بەرن، خودی ئەم دابەش بونە کاریسەیەکە بەسەر عیراقدا سەپێنراوە کەلە هەرساتیکدا بەگۆڕینی هاوسەنگی هێزەکان قابیلی پێکدادان و شەڕو بارگرژیە، کە لە یەکەم ڕۆژی پێکهاتنی حکومەتی ڕێکەوتنی تائفی و قەومی لە عێراقدا نمونە کارەسات بارەکانیمان دیوە.

حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ئەو ڕێگایانەی لەبەردەمیاندا بوو بۆ تیپەڕاندی ئەو کێشمەکێش و هەڕەشانەی بەرەو ڕویان دەبێتەوە، بەتایبەتی لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان، کەتونەتە بەردەم جۆرەها ئەگەرو هەڕەشەو مەترسی کە ناتوانن بەردەوام بن بە گفتوگۆو ڕێکەوتن و گەڕانەوەی بەردەوام بۆ بەغداد یەکلایی ببنەوە، ئەم پرۆسەیە بە بن بەست گەیشتووە و دواین دەرگای داخراوە، بۆیە دەبێت لە ئامادەباشی خۆ ڕێکخستنی سەربازیەکی گەورەدابن تا بتوانن بەڕەنگاری ئەو مەترسیانە ببنەوە، بەڵام  ئایا تاچەند ئەمە ئیمکانی هەیە و بتوانن خۆیان لەبەردەم  ئەم هەڕەشانەدا رابگرن، مەسەلەیەکی ئاڵۆزەو ئیمکانی خەسارەتی زۆریان هەیە، ،بۆیە بە بۆچونی من هینانە ناوەوەی ڕفراندۆم لە لایەن بارزانی و پارتیەوە گومانی تیا نیە کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە مەترەحیان کردوە، بۆ ڕوبەڕوبونەوە بەرامەبەر ئەو ئاڵوگۆرانەی بەرێوەیە، بەڵام ئەتوانم بڵێم سیاسەتێکی کارساز و گونجاوتر بو بۆ وەڵام لەبەرامبەر تەواوی رەقیبەکانیدا.

ئێستا ڕیفراندۆم ئەنجام درا، حکومەتی عێراق و ئەو لایەن و  دەوڵەتانەی دەورو دەخاڵەتیان هەیە لە عێراق و ناوچەکەدا و بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانیان دەیانەوێت ڕەتی سەربەخۆیی ببەنەوە بە ناچاری دەکەونە بەرامبەر؛ یەکەم، دەنگ و بڕیاری خەڵک بۆ سەربەخۆیی کوردستان. دووەم، شەڕو کێشمەکێشی نێوان خۆیان لە دیاریکردنی نەخشەی سیاسی لە ناوچەکەو عێراقدا لەباری سیاسی و ئابوریەوە. سێ‌یەم، پشتیوانی خەڵکی ناڕازی لە ووڵاتانی جیهاندا. دەمەوێ سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم کە پرۆسەی ڕیفراندۆم کارسازیەکەی لەو لایەنانەوە ئەتوانین بە ئەرێنی حسابی لەسەر بکەین، کە دەوری دی لە هاتنە مەیدانی خەڵک بۆ بڕیار لەسەر دیاریکردنی چارەنوسی خۆی و دورخستنەوەی جۆرێک لە مەترسی و هەڕەشەکان، واتە بە پێجەوانەی ئەوانەی کە پێیان وایە ئاکامی ڕیفراندۆم چاوەڕوانی پێشهاتی زۆر مەترسیدارو ریسک دەکەن، پێم وایە ئەگەری مەترسیەکان لە نێوان دەوری خەڵک و کێشمەکێشی نێوان ووڵاتانی زلهێزی دنیاو بەرژەوەندیەکانیدا ئەو مەترسیانە کەمترن لەسەر کوردستان کە باسیان لێوە دەکرێت، گەر سەرنج بدەن هەڵوێستی روسیا گۆڕانێکی لە هاوکێشەکەدا نیشان داوە.

هەڵبەتە پێویستە ئەوە ڕۆشن بێت بۆمان، دوای ڕیفراندۆم دەورەیەکی تازە لە ژیان و کێشمەکێشی سیاسی لە کوردستاندا هاتۆتە ئاراوە گەرانەوەی تیا نیە بۆ پێش رفراندۆم، بەڵام لەهەمان کاتدا مانای ئەوە نیە کە لەم هەلومەرجە بارگرژی و ناجێگیریە سیاسیەدا تەواوی کێشەو مەترسیەکان ناهێڵێت و ئەگەری شەرو مەترسی تەواو دەکات و سەربەخۆی بێ گرفت تێ دەپەرێت، بۆیە ئامادەیی بۆ هەر پێشهاتێک خاڵێکی گرنگەو پێویستەو دەبێت وردبینبین لە مامەڵەو ئامادەکاریەکانیدا.

بەو مانایەی ئاکامی ڕیفراندۆم بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی کوردستان بڕیار لەسەر سەربەخۆیی درا، پێویستە هەوڵبدەین بە بەردەوامی دەورو دەخالەتی خەڵکی کوردستان بۆهەنگاوەکانی دواتر بۆ پەیگیری لە دەمەزراندنی دەوڵەت و چۆنیەتی ئەو دەوڵەتەی ئەتوانێ نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک بێت دابین بکەین و کاری جدی و کارسازی لەسەر بکەین، هەروەها دەوڵەتێک لەسەر بنەمای هاووڵاتی بون و غەیرە قەومی و غەیرە دینی بێت، ئەو ئاراستەیەی دەورو ئێرادەو دەخالەتی خەڵک بە ئەسڵ وەردەگرێت و مسۆگەری دەکات، ئەتوانێت ڕێگە بە هەر ساتوسەوداو مامەڵەی حزبە دەسەڵاتدارەکان بگرێت، ڕێکخستنی خەڵک و چەکدارکردنی گشتی خەڵک گونجاوترین ئامادەییە بۆ بەرەنگاربونەوە ئەو هەڕەشەو مەترسیانەی چاوەروان دەکرێت، بەردەوامیش هەوڵبدرێت لەڕێگەی گفتوگۆو ڕێکەوتن و بێ توندوتیژی ئەم پرۆسەیە تێ پەرێنرێت، هەوڵدان بۆ ڕێکخستن هاوپشتی و هاوکاری جەماوەری بەرین خەڵک لە ئاستی ووڵاتانی جیهاندا نەخشەو ڕێگایەکی سەرکەوتووە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشەو گرفتەکانی بەردەم دامەزراندنی دەوڵەت لە کوردستاندا، حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان بەجیا لەوەی پێداگری دەکات لە سەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی سکولارو غەیرە قەومی لە هەمان کاتدا نەخەشە عەمەل و دەوری خۆی هەوڵدانە بۆ ڕێکخستن و ڕابەریکردنی ڕیزی بەرینی خەڵکی کوردستان بۆ دەورو دەخالەتی راستەوخۆ لە دامەزراندنی دەوڵەت و ئایندەی پێکهاتنی دەسەڵاتێک لە نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک پێک بهێنرێت و ئامادەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی هەر مەترسیەک کە بەر بە تێپەڕاندنی ئەم پرۆسەیە دەگرێت.

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*