Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، پرسێکی ڕوکەشی میدیاییە!

پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، پرسێکی ڕوکەشی میدیاییە!

عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com

پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، نەکێشەی خەڵکە، نە کێشەی سەرەکی نێوان حزبە سیاسیەکان. ئەوە حزبە سیاسیەکان و میدیاو دەزگا راگەیاندنەکانی خۆیان و میدیای سێبەریانن، ئەوە نووسەر و لێکۆڵەرە مووچە خۆرەکانیانن… دەیانەوێ ئەم پرسە بکەنە پرسی سەرەکی و خەڵکی کوردستانی پێوە سەرقاڵ بکەن. دەیانەوێت درۆی بۆشایی یاسایی بکەنە، دێوەزمەی دۆخی هەرێم. ئەگەر ماشێنی میدیای حزبی و میدیا راسپێردراوەکانیان، هاتوهاواری نووسەرە بێ بەهرەکانیان، وێل بکرین و کڵۆم بدرێن، کەمترین رێژە لە دانیشتوانی خەڵکی کوردستان سەرنجیان ناچێتە سەر ئەم کایەی ناوی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمە. کۆمەڵگای کوردستان بە سەرۆک و بێ سەرۆکەوە، دەرگیری کۆسپی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و حقوقی و یاسایی ترە.

کۆمەڵگای کوردستان بە دەست ٢٤ ساڵەی دەسەڵاتی کوردایەتی و ١٠ ساڵەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، نەیتوانییوە کێشەی ئاو کارەبا، خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان، بێ موچەیی، بێکاری و گرانی بازار، دزی ئاشکرا… تاد، چارەسەربکات. نەیتوانییوە هیچ ئایندەیەکی سیاسی بخاتە بەردەم خەڵکی کوردستان. نەیتوانییوە کەمترین سەربەخۆیی سیاسی و ئابوری و حقوقی هەرێم بپارێزێت. نەیتوانییوە دۆخی کرێکاران و کارمەندان و موچەخۆران، باشتر بکات. نەیتوانیوە ئاوڕێکی جدی لە ئوردوی لاوان و خوێندکارانی دەرچووی زانکۆکان بداتەوە. نەیتوانیوە ئەو ژمارە زۆرەی خانەنشینان، ببینبێت کە کۆمەڵگا لەسەردەستی ئەوان چەرخاوە و ئیستا باجی دڵسۆزی و ماندوبوونی رابردویان ئەدەن و خراونەتە کەنار کۆمەڵگاوە. نەیتوانییوە ژیانی دۆزەخی ژنان بگۆرێت و توندوتیژی و بێمافی و چەقۆی شەرف و ناموس پەرستی، قەسابی کردنیان، توڕبدات. نەیتوانیوە یاساکانی سەردەمی بەعسی لەگۆڕنراو، لە گۆڕ بنێت. نەک نەیتوانییوە هەنگاوێک کۆمەڵگا بەرەو پیش بەرێت، بەڵکو ماشینی کۆنەپەرستی ئیسلامی و دواکەوتووی کەلتوری، دەمارگیری قەومی، خستۆتەگەر و بۆ چەندین دەهە خەڵکی کوردستانی پاشەوپاش گێراوەتەوە.

سەرۆک هەبێت یان نا، دۆخی ناهەموارو قبووڵنەکراوی خەڵکی کوردستان، نەگۆراوە. بە هەموو پێوانەیەک ئەم هەلومەرجە خراپترو خراپتر بووە.

بۆیە کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم پەیوەندی بەخەڵکی کوردستان و خواست و ویستی بێ ئەژماری ئەوانەوە، نییە. تەنانەت کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم، کێشەی سەرەکی نێوان حزبەکانی خانەوادەی بۆرژوازی کوردیش نییە. پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، پرسێکی روکەشی میدییایە، بۆ مەبەستی سیاسی و ململانێ بۆ بەشی زۆتر. پارتی کە هەموو جومگە هەستیار و سەرەکیەکانی کۆمەڵگای کوردستانی قۆرغکردووە. ئامادە نییە و بەسانایی دەست لەو جومگانە بەرنادات. سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی ئاسایشی هەرێم، سەرۆکی! سامانە سروشتیەکان، سەرۆکی! پەیوەندیە ناوخۆیی و ناوچەیی و فەرمیە دەوڵی و جیهانیەکان، تاد، قۆرغ کرددوە. ئەمە لە کاتێکدا، حکومەتی بنکەفراوان هەیەو حزبەکانی تر لە حکومەت و پەرلەماندا پۆستیان هەیە. بەڵام پۆست لە حکومەت و پەرلەماندا، نەیتوانیوە ببێتە هاوبەشی لە بریاردانی سیاسی و دەسترۆشتووی لە هیچ مەیدانێکدا. وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی، سەرۆکایەتی پەرلەمان،…تاد، ئەمانە لە دنیای واقعی دەوڵەتداری و حکومرانی و تەندروستی ئەم سەردەمەدا، گرنگی تایبەتیان هەیەو پۆستی بەرزن، کەچی ئەمانە لە دنیای واقعی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیاییدا، جێگای خۆیان دەدەن بە باڵادەستی هێزو وقەڵەمرەویی جغرافی و چەک و پارە و پشتیوانی، ناوچەیی. بۆیە ئەم پۆستانە هێزی بریار و قورسایی و کاریگەری واقعیان نییەو لەئاستی زۆر لەخواری بەرپرسیارێتیدا، سەڵاحیەت و توانای دەسترۆشتویان هەیە. وەزیری پێشمەرگە یان وەزیری دارایی ئاگاداری لەسەدا بیستی واقعیاتی بریاری جوڵەی پێشمەرگەو چەک و سامان و داهات و دارایی و سەرفکرن، نین. پەرلەمانیش زۆر لەوە بچوکترە گەورە سەرۆکی حزبەکان، کەمترین رێز لەسەر بنەمای بەهای سیاسی و یاسایی و حقوقی بۆ پەرلەمان دابنین. هەر بۆیە خۆیان ناچنە پەرلەمان و کادرانی دەستی چەندەمین دەنێرن تا هەمیشە پەرلەمان گوێ لەمستی حزب و گەورە سەرۆکەکانیان بن.

حزبەکانی کوردستان، بەتایبەت” یەکێتی و گۆران و دوو لەتە ئیسلامیەکە” ئەم ماوەیە بە وروژاندنی ناشیانەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، دەیانەوێ چاوخشاندنەوە بە پێگەو بەشی خۆیاندا بکەن. ئەمە کرۆکی ململانێی ئێستایانە. دیارە خۆیان براونەتەوە لەسەر ئەوەی سەرۆکیان، ناوێت. هەر بۆیەشە بەدیلیان نییەو دەشزانن سەرۆکی بێ قەڵەمرەوی جغرافی فراوان و خاوەن چەک و بێ پشتیوانی ناوچەیی و بێ بەشدار لە جومگە بناغەیەکانی دەسەڵاتدارێتیدا، زیاتر دەبێتە کاریکاتۆر. بۆیە حزبە سیاسیەکان لە جێگای ئەوەی شەری پۆستی سەرۆکی هەرێم بکەن، کە ناتوانن بەدەستی بێنن، دەیانەوێ بەشداری سیاسەت و بریاری زیاتر بن لە کوردستان و ئەم قۆرغکاریەی پارتی، تێک بشکێنن. پارتی و لەناو پارتیشدا بنەماڵەی بارزانی کە خۆیان بە میراتگری کوردستان دەزانن، ئامادەنین و بە سانایش ئامادەنین مل بەهیچ پاشەکشەیەک بدەن. ململانییی واقعی و لەسەر ئەمەیەو کێشەی سەرەکی حزبە سیاسیەکانی کوردستانیش، ئەوەیە.

ئەزمەیەک کە حکومەتی هەرێم! یان حکومەتی بنکە فراون توشی بووە، پرسی سەرۆک نییە، تەنانەت کێشەی زۆری دەسەڵاتەکانی سەرۆکیش نییە. پرسی بن بەستبوونە بە وەڵامدانەوە بە سەرەتاییترین خواستەکانی خەڵکی کوردستان و بێدەنگکردنی دەنگی نارەزایەتیە. ترس لە هەڵسانی جەماوەری و تەقینەوەی تورەیی پەنگ خواردووی خەڵک، ترسی حکومەتی بنکە فراوان و بۆرژوازی کوردە.

دیاری حکومەتی بنکە فراون بۆ جەماوەری خەڵک، خراپترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بوو. ئەم حکومەتە نەیتوانی وەڵام بە سەرەتاییترین خواستەکانی خەڵکی کوردستان بداتەوە. وە توانای وەڵامدانەوە بە ویستەکانی خەڵکی کوردستانی نییە، خەڵکی کوردستانییش هیچی تر ناتوانن بەرگەی ئەم دۆخە بگرن کە حکومەت و حزبەکانی لێی بەرپرسن… ئەم دۆخە بەو حکومەت و حزبانە چارەسەر ناکرێت، ئەوان خۆیان هۆکارو دروسکەری ئەم دۆخەن. دانیشتن و دانوستاندن و سازانیان…تاد، لەسەر وەڵامدانەوە بەهیچ کام لەخواستە سەرەکیەکانی خەڵکی کوردستان نییە. رێگا چارەی تر پێویستە، رێگا چارەیەک کە ئایندەی سیاسی کوردستان، هەلومەجی نەخوازاوی ئیستای خەڵکی، بگۆرێت و ژیانێکی شایستەو خۆشگوزەرانی و ئازادییان بۆ دەستەبەر بکات. ئەمە بەبێ هاتنە مەیدانی خەڵکی کوردستان و لە ریزی رێکخراو سەربەخۆیی خۆیاندا، لەتوانادا، نییە. وەلانانی دەسەڵاتی سیاسی ئێستاو کۆتاییهێنان بە تەمەنی حکومەتی بنکە فروان، پێشمەرجی هەر ئاڵوگۆرێکی سیاسی بەرجەستەیە بۆ ئاڵوگۆریی بناغەیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا. حکومەتی شەرو ئاشتی، حکومەتی فیفتی فیفتی، حکومەتی ریكەوتنی ستراتیجی، حکومەتی دووئیدارەیی، حکومەتی بنکە فروان… ئەزموون کراون و بۆ خەڵکی تەنها مەینەت ئاوایان، بەرهەم هێنا. بۆتە پێویستی کە دەبێ ئەم شانۆیە کۆتایی پێ بهێنرێت.

سەرەتای سێبتەمبەری ٢٠١٥

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …