Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 پێكه‌وه‌ بۆ یه‌كگرتووكردنی چینی كرێكاری جیهان

پێكه‌وه‌ بۆ یه‌كگرتووكردنی چینی كرێكاری جیهان

سه‌رمایه‌داری جیهانی و بۆرژوازی و ده‌وڵه‌ته‌كانی به‌ چه‌ندین شێوه‌ ناكۆكی خۆیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی و ئاوات و ئاره‌زوه‌كانیدا نیشانداوه. بۆرژوا ئیمپریالیستیه‌ زلهێزه‌كان ته‌نها له‌ پێناوی ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانه‌ كوشنده‌كانیان خه‌ریكی دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی جیهانن له‌ نێوان خۆیاندا و به‌ ئاشكراش كێبڕكێیانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌یان. له‌لایه‌كه‌وه‌ چه‌ندین جه‌نگیان له‌ژێر ناوی جیاجیادا هه‌ڵگیرساندوه‌ كه‌ بۆته‌ مایه‌ی مه‌رگ و ئاواره‌بوون و كه‌مئه‌ندامبوونی ملیۆنه‌ها مرۆڤ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ چ له‌ وڵاته‌ ئیمپریالیستیه‌كاندا و چ له‌ وڵاته‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتیاندا سیاسه‌تی برسیكردن و لێگرتنه‌وه‌ی ئابوری پیاده‌ئه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بونه‌ته‌هۆی دوباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و بوژانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ فاشیستی و نازیستی و ڕه‌گه‌زپه‌رستیه‌كان و تیرۆریزمی ئیسلامی.

سه‌رباری ئه‌مانه‌ش هه‌ر ئه‌وان بڕیار له‌سه‌ر هه‌موو مه‌سه‌له‌كانی ژیانی ئێمه‌ ئه‌ده‌ن. ئه‌وانن دیاری ئه‌كه‌ن كه‌ ئایا ئێمه‌ له‌ ئاشتی و ئارامیدا بژین یان نا، ئایا خۆراكمان هه‌بێ یان نا، ئایا كارمان هه‌بێ یان نا، ئایا خانه‌ولانه‌مان هه‌بێ یان نا، وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانمان چۆن ئه‌بێ، مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ له‌ ده‌ستی ئه‌واندا.

ئێمه‌ خاوه‌نی هیچ نین، له‌ كاتێكدا ته‌واوی سامانی كۆمه‌ڵگا له‌ ده‌ستی ئه‌واندا كۆبۆته‌وه‌. ئه‌وان هه‌تابێ فشارمان له‌سه‌ر زیاد ئه‌كه‌ن، كه‌چی تاڵانی و پاره‌سپیكردنه‌وه‌كانی خۆشیان تاكو دێت زیاتر ده‌رئه‌كه‌وێ. ئه‌وه‌ی له‌ ’’بڵاوكراوه‌كانی په‌نه‌مادا‘‘ بڵاوبوونه‌وه‌، كه‌ ئه‌م مه‌سه‌لانه‌یان خسته‌ڕوو، ته‌نها گۆشه‌یه‌كی بچوكی ئابڕوچون و ڕسوابونه‌كانیانه‌.

ئێمه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ ده‌رچون و ده‌ربازبوون له‌م هه‌لومه‌رجه‌ نامرۆڤانه‌ و ده‌ردناكه هیچی ترمان له‌به‌رده‌مدا نیه‌. دابینكردنی ژیانێكی باشتر ته‌نها په‌یوه‌سته‌ به‌ هێرشكردن بۆ سه‌ر ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی ئه‌وان كه‌ جیهان و ژیانی ئێمه‌ی به‌م جه‌هه‌نه‌مه‌ گه‌یاندوه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆرژوازی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی له‌ڕێی سه‌روه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌كانیه‌وه‌ ئه‌پارێزێ، ئه‌وا ئێمه‌ش ئه‌بێ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانمان له‌ڕێی یه‌كێتی و ڕێكخراوبوونی نێونه‌ته‌وه‌ییمانه‌وه‌ بپارێزین.

په‌یامی سه‌ره‌كی یه‌كی ئایار ئه‌وه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سه‌راسه‌ریه‌كانی پرۆلیتاریا له‌ ته‌واوی جیهاندا بخه‌ینه‌ ڕیزی پێشه‌وه‌. یه‌كی ئایار هیچ ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و دینی و ئه‌تنیكی نیه‌. خه‌باتی هاوبه‌شمان به‌ ناچاری ئامانجێكی سیاسی ئه‌خاته‌ به‌رده‌ممان: خه‌باتێكی سیاسی كه‌ ڕوو له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كاری به‌كرێ و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و به‌مجۆره‌ش چینه‌كانه‌. ئۆردوی پرۆلیتاریا و كرێكاران خاوه‌نی هه‌ر بیروباوه‌ڕێك و هه‌ر مه‌یلێیك بن و له‌مسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی دووره‌وه‌ تاكو ئه‌وسه‌ری باكوری ڕۆژئاوا نوێنه‌ری ئیراده‌یه‌كه‌ بۆ گۆڕینی جیهان به‌ قازانجی خه‌ڵكانی چه‌وساوه‌ و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی.

با شه‌قامه‌كانی ته‌واوی وڵاتانی دنیا سرودی ئینته‌رناسیۆنالمان بگرێته‌خۆ: ’’ئاخرین شه‌ڕه‌، شه‌ڕی سه‌روماڵ، با یه‌كگرتوبین هه‌ڤاڵان، به‌ ئه‌نته‌رناسیۆنال ڕزگار ئه‌بێ ئینسان…‘‘.

بژی یه‌كی ئایار، ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی چینی كرێكار

بژی شۆڕشی كۆمۆنیستی

حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان

ڕێكخراوی دهرهوه

٢٦ ی ئه‌پریلی ٢٠١٦‌

About hkkk

Check Also

دانپێدانانەکانی مەلا بەختیار بەڵگەی تاوانباریی بزووتنەوەی کوردایەتییە! …

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنسیتی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە: دانپێدانانەکانی مەلا بەختیار بەڵگەی تاوانباریی بزووتنەوەی کوردایەتییە! … …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *