Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 پێویستی بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ دەرهێنانی کوردستان لە دۆخی ئێستا 
پێویستی بزووتنەوەیەکی سیاسی  بۆ دەرهێنانی کوردستان لە دۆخی ئێستا 

پێویستی بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ دەرهێنانی کوردستان لە دۆخی ئێستا 

 

نووسینی: رێبوار ئەحمەد

-١-

١٦ی ئۆکتۆبەر ئەلقەیەکی تر لە عادەتی کوردایەتی!

١٦ی ئۆکتۆبەر پەڵەیەکی رەشی دیکەیە و دەچێتە سەر مێژووی پڕ لە شەرمەزاری ناسیۆنالیزمی کورد. ئەگەر بە ناحەق لای خەڵکی کوردستان ئەو کارەساتەی بزووتنەوەی کوردایەتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بەسەر خەڵکی ستەمدیدەی هێنا، لە دەرەوەی چاوەڕوانیش بووبێت، بەڵام لە یەکەمین ساتەکانیەوە ئەو ڕاستیەی بیری خەڵکی کوردستان هێنایەوە کە ئەمە نە خیانەتە و نە جێگای سەرسوڕمانە، بەڵکو ئەلقەیەکی ترە لە کارنامە و عادەتی عەمالەت و پاشەقولگرتنی بزووتنەوەی کوردایەتی لەم خەڵکە. دەڵێم ئەگەر بە ناحەق ئەمە لە دەرەوەی چاوەڕوانی بووبێت، چونکە بەندوبەست و دەستێکەڵکردنی حزبەکانی کوردایەتی لەگەڵ دوژمنانی خەڵکی کوردستان و یاری کردن بە چارەنوس و مافی خەڵک هەمیشە ئەگەرێکی زۆر چاوەڕوانکراوبوو. بەڵام بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو حوکمەدانیم کە بڵێین ئەوەی روویدا بە تایبەت بەم جۆرەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەگەرێکی چارەهەڵنەگر بوو، کە بەشێک لە ناسیۆنالیزمی نەیاری دەسەڵات و بیزنسمانە شەیداکان بۆ خۆشخزمەتی کۆشکی سپی ئەمریکا دەهۆڵی بۆ دەکوتن. بەم پێیەش من لە هەڵسەنگاندی ئەم پرۆسەیەدا یەکلایەنە هەموو گرفتەکە ناخەمە پای عەمالەت و عادەتی کوردایەتی، بەڵکو پێداگری توند لەوە دەکەم؛ ئەگەر ئەلتەرناتیوێکی سیاسی سۆسیالیستی رادیکال لە ئاستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا وەکو نوێنەری ئیرادەی خەڵک هەم پێداگری لەسەر ئەنجامی ریفراندۆم بکردایە و هەم لانی کەم لە مەیدانی سیاسی و چەکداریدا نوێنەر و رابەری مەیلی بەرگری چەکدارانەی جەماوەری بوایە، ئەو ئەگەرە هەبوو ڕەوتی ڕوداوەکان بە بارێکی پێچەوانەدا بڕواتە پێش. نابێ عادەت و عەمالەت و چۆکدادانی ناسیۆنالیزمی کورد، ببێتە پاساو بۆ نادیدەگرتنی ئەم ڕەخنەیە.

ئەوپەڕی ناڕەواییە کە ١٦ی ئۆکتۆبەر وەکو “خیانەت” لە خەڵکی کوردستان لە قەڵەم بدرێت، چونکە ئەمانە هیچ رۆژێک لە بەرەی خەڵکی ستەمدیدە و ئازادی و مافەکانی خەڵکدا نەبوون تا ئەمڕۆ خیانەتی لێ بکەن. مێژووی ئەم دوو بنەماڵەیە و گشت بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، مێژووی سپاردنی گوێچکەی خۆیانە بە دەوڵەتان و بلۆکە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و دنیا، مێژووی خۆگرێدانە لەگەڵ چەپەڵترین رەوەندە سیاسیە کۆنەپەرستانەکانی ناوچەکە و جیهان. مێژووی ئەمانە هەمیشە ئاشبەتاڵ و راپێچکردنی خەڵکی کوردستانە بۆ ژێر ئاکامی شکستەکانی خۆیان. ١٩٧٥ و ١٩٨٨ و ١٩٩١ تەنها چەند نمونەن. مێژووی ئەمانە مێژووی شەڕی کۆنەپەرستانەی ناوخۆ و کوشتار و وێرانکاریە لە پێناو دەسەڵات و بەدەستەوەگرتنی ڕابەرایەتی بزووتنەوەی کوردایەتی بۆ سات و سەودا و هەڕاجکردنی ماف و چارەنوسی خەڵک، شەستەکان و هەشتاکان و نەوەدەکان تەنها چەند نمونەی ئەم ڕاستیەن. مێژووی ئەمانە مێژووی تامەزرۆییە بۆ نوقمکردنی خەڵکی کوردستان لە کارەسات و چەندبارەبونەوەی هەڵەبجە و ئەنفال و کمیاباران، مێژووی سپاردنی خەڵکی هەولێرە بە ڕژێمی بەعس و خەڵکی شەنگاڵە بە داعشی سونی و سپاردنی خەڵکی کەرکوک و دوز و چەندین ناوچەی ترە بە داعشی شیعی..و…بۆیە وەکو ٢١ ساڵ لەمەبەر وتم و ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە ئەمە “خیانەت” نیە بەڵکو عادەتی بزووتنەوەی کوردایەتیە.

چەند هەفتە بەر لە ڕیفراندۆم وتم، ڕیفراندۆم مافی خەڵکە، بەڵام بارزانی و ناسیۆنالیزمی کورد خاڵی لاوازە. بنەمای سەرەکی ئەم حوکمەی من هەر ئەوە نەبوو کە تا سەرلەبەیانی ٢٥ی سەپتەمبەر ئەگەرێکی گەورە هەبوو لە ڕیفراندۆم پەشیمان ببنەوە، هەروەها ئەوەش نەبوو کە بارزانی و ناسیۆنالیزم دەوڵەتی سەربەخۆیان دەوێ یان نا، تەنانەت ئەوەش نەبوو کە بارزانی وەکو کارتی فشار بەکاریدەهێنێ و شێلگیر نیە لە پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و پیادەکردنی ئەنجامەکەی .. و…بەڵکو بەر لە هەر شت پێداگری بوو لەسەر ئەوەی کە ئەم سەرکردە و حزبانە ئەوەندە هەست و نیستی خۆیان خستوەتە دەستی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و جیهانەوە، ئەوەندە چاولەخواری ئەوانن، ئەوەندە لە ئیرادەی سەربەخۆ بێبەرین، ئەوەندە لە بەرگری و راوەستاویدا بودەڵەن، ئەوەندە هەراسانن لە بەگەڕکەوتنی ئیرادەی خەڵک، کە زۆر دژوارە بتوانن بەرامبەر تەحەدیاتی جیابونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ ڕاوەستن و لە قسەی ئاغاکانیان دەرچن. لەم بارەیەوە دەبێ دان بەو بەڕاستیەدا بنیم کە ئەو ڕادەیە لە ڕاوەستانی بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم زیاتربوو لەوەی چاوەڕوانم دەکرد، بەڵام ئەویش بە هەزار ڕاکێش ڕاکێش تەنها گەیاندنی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هیچی تر. ئێستاش بە چونەژێرباری سڕکردنی ئەنجامی ریفراندۆم بە کردەوە هەموو پرۆسەی ڕفراندۆم و دەنگی خەڵکیان کرد بە بابەتێک بۆ سات و سەودا.

ئەوەی کە هەبوونی تۆزقاڵێک شەهامەتی سیاسی و هەتا ئەخلاقی حوکمی دەکات، ئەوەبوو کە هەر ئێوارەی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە پێش هەموانەوە بارزانی و بە دوای ئەودا هەموو سەرانی کوردایەتی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان ڕابگەینن. ئەو پەیامەی کە بارزانی ئێوارەی ١٧ ئۆکتۆبەر بڵاوی کردەوە، زۆر لەوە پوچ و بەسەرچوو و بێ مایەتربوو کە شایستەی پاساودانی ئەو ئاستە لە چۆکدادان و نقومکردنی خەڵک بێت لەو کارەساتەی خوڵقاندیان. بەر لە هەموو شت بارزانی چەندین جار بەڵێنی بەخەڵکدا کە ئەم پرۆسەیە لە ماوەیەکی زەمەنیدا بە دەوڵەتی سەربەخۆ دەگەیەنێ، کەچی ئێستا باسی ئەوە دەکات ” ڕۆژێک هەر دێت کە خەڵکی کوردستان بە ئامانجەکانی بگات”!! ئەو گفتی دابوو کە لە ئاکامی ئەم بڕیارەدا هەر بەڵایەک بەسەر خەڵکی کوردستاندا بێت ئەو باجەکەی دەدات، بەڵام ئێستا باجی ئەمە بەکوشتچونی پۆلێک پێشمەرگەی گەنجی رۆڵەی خەڵکی ستەمدیدە و کوژران و برینداربوونی سەدان خەڵکی سیڤیل، هەروەها ئاوارە و مەرگەسات و ماڵوێرانی سەدان هەزار کەسی خەڵکی کەرکوک و دوز و ناوچەکانی تر و گێڕانەوەی خەڵک بوو بۆ ژێرباری دەسەڵاتی قەومی و ئیسلامی عێراق. ئەو بەڵێنی دابوو کە هێزی پێشمەرگە بەرگریەکی قارەمانانە لە خەڵکی کوردستان و بڕیار و مافەکانیان دەکات، گفتی ئەوەیدا کە بە جیهانی نیشانبدات ” نەک کورد لە شێر دەچێت بەڵکو شێر لە پێشمەرگە دەچیت”!!….ئایا هەموو ئەمانە بەوە پاساو دەدرێت کە بە هەمان مەنتقی ٣١ی ئاب، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی جێگای خۆیان گۆڕیوەتەوە و ئەمجارە بنەماڵەی تاڵەبانی دەستیان لەگەڵ جەلادێکی وەکو قاسم سلێمانی و عەبادی و داعشی شیعە تێکەڵکرد؟!  پرسیار ئەوەیە کە بارزانی وەکو فەرماندەی گشتی لەو ساتە وەختە ناسکەدا لە کوێ بوو کە هەموان چاوەڕوانی هێرشی حەشدی شەعبی بوون؟  تا بڕیار بکەوێتە دەستی ئەو کۆڵکە فەرماندانەی ئەمرۆ بە “خیانەت” تاوانباریان دەکات؟ مەگەر نەیووت “ئامادەم وەکو پێشمەرگە چەک هەڵبگرم و بچمە کەرکوک”؟! ئەگەر لە کەرکوک تاوانەکە لە ئەستۆی ئەو شێرە بەفرینانە بێت کە تا سەعاتێک بەر لە هێرشی حەشدی شەعبی لافی ئەوەیان لێدەدا “مەگەر بەسەر لاشەکانی ئەواندا بستێک لە خاکی کوردستان داگیر بکرێتەوە”، ئەی لە مەخمور و شنگاڵ و دەشتی نەینەوا خەتای کێ بوو کە بەبێ ئەوەی یەک فیشەک بۆ بەگری تەقێنرابێت جارێکی تر دانیشتوانی ئەو ناوچانە سپێردران بە داعشی شیعی؟ تاکەی ئەم قەوانە سواوە لێدەدەنەوە کە توانای تەسلیحاتی نابەرابەری پێشمەرگە و حەشد هۆکاری ئەم ماراسۆنی هەڵهاتنانە بێت؟ ئەگەر دوای ئەو هەموو هاوکاری و بارهێنان و چەک و تەقەمەنیانەی لەم ٢-٣ ساڵەدا دراون بە پێشمەرگە، هێشتا ئەم “هێزە ئەفسانە شکێنە” بەرگەی چەند خولەک بەرگری نەگرێت، کەوایە بۆچی خەڵکی کوردستانیان خستە ناو ئەم گرەوەوە کە لە پێشەوە دەیانزانی لەگەڵ جوڵانی هێزە عێراقیەکان، پێشمەرگە وەکو هەمیشە دوو پێی تریش قەرز دەکات بۆ هەڵاتن؟! هەموو ئەوانە پێشکەش، بەڵام بۆچی هەمیشە بەدزی خەڵکەوە هەڵدێن و لانیکەم ڕاشکاوانە بەخەڵک ناڵێن کە بەهەر هۆیەکەوە بێت بەرنامەی بەرگریان نیە، تا خەڵک ئەم راستیە بزانن و بەپێی ئەوە مشوری خۆیان بخۆن و نەکەونە بۆسەوە؟! مانای چیە پارێزگاری کەرکوکی شاگردی بە وەفای بارزانی تا چەند خولەک بەر لە هەڵهاتنی خۆی، بانگەوازی گەنجان و خەڵکی دەکرد بۆ جەنگی بەرگری و خۆ بەکوشتدان؟ سەرباری هەموو شتێک تەنها ئەمە خۆی لە خۆیدا تاوانیکی گەورە و ئەوپەڕی نابەرپرسانەیە و بە هیچ جۆرێک لێخۆشبون هەڵناگرێت. لە ١٩٩١ ئەمەیان کرد، لە ٢٠١٤ لە شنگاڵ دیسان دووپاتیان کردەوە، ئەمجارەش لە کەرکوک و هەموو ناوچەکان چەند بارەیان کردەوە و هەموو جارێکیش ئەم فریوکاری و پاشەقولگرتنە لە خەڵک گیانی پۆلێک لە خەڵکی کوردستانی کردوە بە قوربانی و لە کارەساتدا نوقمی کردون. بارزانی کە وەکو هەمیشە بە ئومێدی پشتیوانی ئەمریکا لە ریفراندۆم و لانی کەم ئومێد بەوەی کە ئەمریکا رێگری بکات لە پەلاماری سەربازی حکومەتی عێراق بۆسەر کوردستان، خەڵکی کوردستانی چەک کرد و بە دەستی بەستراو ئەم خەڵکەی کرد بە پارویەک بۆحەشدی شعبی.

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کە خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێکی گەورەی خەڵکی کوردستان بوو، سەرکوتی ئیرادەی ئەم خەڵکە بە دەستی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و بە عەمالەتی ڕاشکاوی بنەماڵەی تاڵەبانی و باڵێکی یەکێتی، هەروەها سپاردنی گەردنی خەڵک بە شمشێری ئەو میلیشیا دڕندانە، تەنها پەردەی لەسەر ڕووی شەرمەزاری دوو حزبی بنەماڵەیی لا نەبردووە، بەڵکو لە هەمووکات زیاتر ڕووی ڕاستەقینەی ئەو بەشە لە ناسیۆنایزمی ناڕازیشی نیشاندا کە دەمامکی خەمخۆری بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستانی پۆشیوە. گومان لەوە نیە کە بەبێ ئەوەی بنەماڵەی تاڵەبانی وەکو باڵێكی یەکێتی راستەوخۆ دەست لەگەڵ حەشدی شەعبی و کاربەدەستانی بەغدا تێکەڵ بکەن و تەنانەت چاوساغی و پێشلەشکریان بۆ بکەن، ئەو ناوچانە بەو ئاسانیە بەبێ هیچ بەرگریەک ناکەوتنە ژێردەستی ئەو میلیشیا دڕندانەوە و ئاستی ئەو تراژیدیەی بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا هات بەو رادەیەی ئیستا فراوان نابوو. هەر بۆیە تاوان و بەرپرسیارێتی بنەماڵەی تاڵيبانی لە ئاست ئەو شکست و تراژیدیەدا لە هەموو باڵەکانی دیکەی ناسیۆنالیزم و بۆرژوازی کورد گەورەترە. هەلبەت ئەوان بێ شەرمانە دەیانەوێ تاوانی دەست تێکەڵکردن و پێشلەشکریان بۆ ئەو میلیشیا دڕندانە بە فڕوفیشالی ئەوەی کە “کاتی ریفراندۆم نەبوو، یان ئەم تراژیدیە بە هۆی ریفراندۆمەوە روویداوە..و….” پاساو بدەن و پەردەپۆشی بکەن.

شاگەشکە و خۆشحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرەی نەخێر و بەشێک لە ئیسلامیەکان لە ئاست ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی کەرکوک و ئەو ناوچانەی کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە یەک لەدوای یەک کەوتنە ژێر دەستی حەشدی شەعبی دڕندەوە، ئەو راستیەی بە زەقی نیشاندا کە ئەم هێزانە هاوخەم و هاوئامانج نیین لەگەڵ خەڵکی کوردستان، بەڵکو ئەو تراژیدیەی بەسەر خەڵکدا هات بۆ ئەوان دەسکەوتێکە کە دەتوانن لە ناکۆکی کۆنەپەرستانەی خۆیان لەگەڵ نەیارەکانیان بە تایبەت پارتی و بارزانی کەڵکی لێوەرگرن. ئەمانە نوێنەری ئاسۆی شکستن، خۆیان بە بەرپرس نازانن کە چۆن زەحمەتی ئەوە بکێشن و رۆڵی بەرەنگاری لەگەڵ شکست و ئاکامە وێرانکەرەکانی لەسەر خەڵک بگیڕن، بەڵکو لە سەنگەری تامەزرۆیی بۆ شکست خۆیان مەڵاسداوە و دوعا بۆ قەومانی تراژیدیاکە دەخوێنن بۆ ئەوەی بلێن “نەمانووت کاتی ریفراندۆم نیە”؟! نەمانووت بەبی ئەمریکا ناکرێت؟! واتە دوپاتکردنەوەی هەمان قەوان کە هەموو ناسیۆنالیزمی کورد لە ١٩٩٥ەوە دژی بەرزکردنەوەی خواستی ریفراندۆم و جیابونەوە لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە دەیڵێنەوە و تەنانەت کردیان بە بەهانەی سەرکوتیان. ئێستاش کە کارەساتەکە قەوماوە، شاگەشکەی ئەوەن کە دەتوانن لە کێشەی کۆنەپەرستانەیان لەگەڵ لایەنی نەیار کەڵکی لێوەرگرن و بیکەن بە بەڵگەی دروستی و ڕەوایی سیاسەت و هەڵوێستە کۆنەپەرستانە و ناکۆکەکەیان لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵک. ئەوان کێشە و ناکۆکیەکی کۆنەپەرستانەیان هەیە لەگەڵ پارتی و بارزانی لەسەر بەشی خۆیان لە داهات و دەسەڵات، شکست و تراژیدی خەڵکی کوردستان وەکو هەلێک چاولێدەکەن بۆ مەیسەر بوونی ئامانجی کۆنەپەرستانەیان. هاوکات دەیانەوێ کەڵک لەم هەلە وەرگرن بۆ دەمەزەردکردنەوەی خۆشباوەڕی ناڕەوا بە ئەمریکا و شەتەکدانی چارەنوسی خەڵکی کوردستان بە سیاسەتە ملهوڕانە و دژی ئینسانیەکانی ئەم ڕابەرەی بەربەریەت و تیرۆریزمی دەوڵەتی. لە کاتێکدا کە تۆزقاڵێک هوشیاری سیاسی بەسە بۆ تێگەشتن لەو ڕاستیەی کە ئەمریکا و دەوڵەتانی غەربی نەک هەر دۆستی خەڵکی کوردستان نیین لە خەباتیاندا بۆ ئازادی و دەستەبەربوونی مافەکانیان، بەڵکو تا ئێستا نە مەسەلەی کورد وەکو کێشەیەکی سیاسی دەسەلمێنن کە چارەسەری دەوێ، نە هیچ کات ڕێگاچارەی ئەم کێشەیە لە سیاسەتی ئەواندا جێگایەکی هەبووە. سەرجەم سیاسەتی ئەوان بۆ یاری کردن بە مەسەلەی کورد، چ لە ١٩٩١ و چ لە ٢٠٠٣ لەسەردەمی جەنگی دووەمی کەندا و دژی عێراق، چ لەو پرۆسە سیاسیەی دوای ڕوخانی بەعس لە عێراقدا هاتەکایەوە و تا ئێستاش، سەروبەری سیاسەتی ئەوان بۆ مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی کورد، تەنها کەڵک وەرگرتن بووە لەم مەسەلەیە بۆ بەکارهێنانی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد وەکو کارتی فشار و دەسکەلای خۆیان لە بردنەپێشی سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانیان لە عێراق و ناوچەکەدا.

-٢-

گۆڕانی هاوکێشە و هاوسەنگی سیاسی

لە نیوەڕۆی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کوردستان پێی نایە ناو دۆخێکی سیاسی تازەوە. هەموو هاوسەنگیەکان گۆڕانێکی گەورەیان بەسەرهاتووە. پێش هەر شتێک وەکو هەمیشە ناسیۆنالیزمی کورد ئاکامی شکستەکانی خۆی بەسەر خەڵکی ئازادیخواز و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا شکاندەوە. هاوسەنگی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی حزبە بۆرژوازیە کوردیەکان پێی ناوەتە ناو سەرەتای دۆخێکی تازەوە، ئەگەر ئەلتەرناتیوێکی چەپ و سۆسیالیست و ئازادیخواز لە پێگەی رابەری خەباتی جەماوەریەوە بە ئامادەییەوە ڕووبەڕووی ئەم دۆخە تازەیە نەبێتەوە، ئەوە هەنگاو بە هەنگاو ناسیۆنالیزم و بۆرژوازی کورد هەڕاجکردنی زیاتر و زیاتری ماف و چارەنوسی خەڵک دەکاتە ڕێگای دەرهێنانی شانی خۆی لەژێر ئەم شکستە و باجەکەی بە تەواوی دەخاتە ئەستۆی جەماوەری کرێکار و ستەمدیدە، ئەم جەماوەرە دەخاتە ناو بۆسەی چاولەدەستبوون بۆ سات و سەودای ئەم هێزانە لەگەڵ حکومەتی بەغدا و تاران و ئەنقەرە و زلهێزە جیهانیەکان. جارێکی تر عەمالەتی راستەوخۆ بۆ دەوڵەتانی کۆنەپەرست و سات و سەودا بە ماف و چارەنوسی خەڵکەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا دەبێتە ئاسۆ و ئەلتەرناتیوێکی کۆنەپەرستانە و بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەسەپێنرێت.

ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە هاوسەنگی نێوان خەڵکی کوردستان و حکومەتی بەغدا پێکهاتووە و جێبەجێ بوونی خواستی ئەم خەڵکە بۆ جیابونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ کە لە ڕیفراندۆمی ٢٥ی سەپتەمبەردا بڕیاریان لێداوە، چەند هەنگاوی گەورە گەڕایەوە بۆ دواوە و تەنانەت گەڕانەوەی ستەمی میللی بە شکڵ و شێوەی جیاواز دەبێتە کابوسێک بەسەر ئەم خەڵکەوە. لە بەرامبەریشدا بەرگری خەڵکی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت و ئەم خەڵکە سوک و ئاسان ناچنە ژێرباری ملهوڕی حکومەتی بەغداوە. بەرەنگاری لەگەڵ ئەو هێزە سەرکوتگەرانەی پەلاماری کوردستانیان داوە دەچێتە دەستوری خەڵکەوە و درێژە پەیدا دەکات، بەم جۆرەش حەوانەوە لەو هێزانە تێکدەدات. کێشەی کورد وەکو گرێیەکی سەرەتانی کە قورساییەکی زۆر لەسەر شانی کۆمەڵگە دەکات و لەمپەرێکی گەورەیە لەبەردەم ڕەوتی خەباتی چینایەتی کرێکاران و هەموو ستەمکێشان، بە هێرشی سەربازی ئەو میلیشیا دڕندانە، ئالۆزتر دەبێتەوە و شەڕ و کێشەی قەومی و دووبەرەکی نێوان خەڵکی کوردزمان و عەرەبزمان قوڵتر دەبێتەوە. بەو ئەندازەیەی حکومەتی بەغدا لە بردنەپێشی سیاسەتەکانی پێشڕەوی بکات، خەڵکی کوردستان راپێچدەکرێنەوە بۆ ژێرباری بێ ئیرادەیی و سوکایەتی و پلەدوویی و ستەم. ئەمەش بە باری راپێچبوونی زیاتری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکیش بۆ ژێر ئاسۆ و ئاڵای بورژوازی کورد و عەرەب و بونیان بە لەشکری پیادەی ئەوان کاریگەری دادەنێت. بواریان بۆ دەکاتەوە تا کێشمەکێشی کۆنەپەرستانەی خۆیان بگۆڕن بە کێشمەکێش و نەفرەتی نێوان خەڵکی کوردزمان و عەرەبزمان.

ڕۆچونی زیاتری ئەحزابی بنەماڵەیی ناسیۆنالیزمی کورد بەرەو نوقمبوون لە عەمالەت و دەسکەلایی بۆ دەوڵەتان و میحوەرە ناوچەیی و جیهانیەکان، کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە و فەزایەکی ترسناک و نالەبارترەوە. ئەم حزبانە هەمیشە ڕۆڵی دەسکەلایی و بەکرێگیراویان بینیوە بۆ ئەم دەوڵەت و میحوەرانە، بەڵام دۆخی تازە ئەگەری گەورەی ئەوەی هێناوەتە پێشەوە کە عەمالەتی ئەم هێزانە بچێتە ئاستێکی زۆر قوڵتر و فراوانترەوە. ئەوەی ڕوویدا ٣١ی ئابێکی تربوو بە گۆڕینەوەی رۆڵی دوو بنەماڵە و حزبەکانیان. ٣١ی ئاب ڕوون و ڕاشکاو پارتی و بارزانی بە تەواوی خستە باوەشی بەعسەوە و تاڵەبانی و یەکێتیشی خستە باوەشی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە. لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بنەماڵەی تاڵەبانی و بەشێک لە یەکێتی بە تەواوی گوێچکەی خۆیان خستە دەستی سوپای پاسداران و داعشی شیعەوە، بەم جۆرە هاوسەنگی نێوان یەکێتی و پارتی لانی کەم بۆ کورتماوەش بێت تا ڕادەیەکی زۆر بە زەرەری پارتی گۆڕانی بەسەر هاتوە، لە کاتێکدا خودی یەکێتیشی نوقمی قەیران و پەرتەوازەیی و ناکۆکی کردووە. بەڵام ئەم ڕۆڵەی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی باجێکی گەورەی هەیە و بەوڕادەیەش کە خۆشباوەڕی لە بەرامبەریدا هەبێت باجەکەی دەخرێتە ئەستۆی خەڵکی کوردستان. لایەنی بەرامبەر واتە بارزانی و پارتی وەکو هەمیشە بۆ ڕاستکردنەوەی هاوکێشەکە بە قازانجی خۆیان، بەرلەوەی بیر لە هیچ ڕێگایەکی سیاسی بکەنەوە هەر ئێستا سەرقاڵی ئەوەن کە بە دانیشتن لە کۆشی کام دەوڵەت و میحوەری ناوچەییدا دەتوانن ئەم لاسەنگیە بگۆڕن. ئەمە دەستی دەخاڵەتی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و حکومەتی بەغداش لە کوردستاندا درێژتر دەکات و دوور نیە هەتا پێشلەشکری و کارەساتی دیکەی لە بابەتی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر دووپات بێتەوە.

لە ئاستی ناوخۆی کوردستانیشدا ئاراستەی ئەم دۆخە ڕووی لەوەیە کە نەک هەر دوو ئیدارەییەک کە ئێستا هەیە بباتە ئاستێکی بەرزترەوە، بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە کە بگاتە ئاستی هاتنەکایەی دوو هەرێمەوە کە هەرکامیان پشتی دابێت بە دەوڵەتێکی ناوچەکەوە. بە دیاریکراوی ناوچەی قەڵەمڕەوی یەکێتی ئەگەری هەیە ببێتە هەرێمێکی راستەوخۆ لە ژێر رکێفی جمهوری ئیسلامیدا. خودی ڕۆچونی ئەم ناوچەیە بۆ ژێر رکێفی ئێران و سوپای پاسداران وەکو لە رابردوودا بە تایبەت لە دەیەی نەوەدەکاندا تاقی کراوەتەوە گەلێک ئاکامی کارەساتبار و کۆنەپەرستانەی هەیە. سەرباری ئەوەش ئەم دابەشبونەی کوردستان قڵشتێکی گەورە لە ناوخۆی کوردستان دروست دەکات و بەربەستێکی گەورە لەبەردەم خەباتی سەراسەری خەڵکی کوردستان و چینی کرێکاری کوردستان پێکدەهێنێت و ئاسانتر هەریەک لە دانیشتوانی ئەم دوو هەرێمە دەکاتە دیلی دەسەڵاتی یەکێک لە حزبە ناسیۆنالیستە میلیشیاکان و سەردانەواندنی زیاتر بۆ دەوڵەتی ناسیۆنال ئیسلامی ناوەندی. هەروەها ئەم دۆخە بازاڕی سیاسەت بۆ کۆنەپەرستانی ئیسلامی و بزووتنەوەی سۆپەر کۆنەپەرستی گۆڕان گەرمتر دەکات. هەردوو حزبی بنەماڵەیی دەکەونە پێشبرکێ لەسەر ئیمتیازدان بەوان. ئەگەری خوڵقانی دۆخێکی بەو جۆرە هەیە کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا خوڵقا و یەکێتی و پارتی لە کێشمەکێشی نێوان خۆیاندا نەک هەر مەیدانێکی فراوانیان دا بە پەرەگرتنی کۆنەپەرستی و تەنانەت تیرۆریزمی ئیسلامی، بەڵکو ئیمکانیەتی زۆروزەبەندیان خستە دەستیانەوە و پەلکێشیان کردن بۆ ناو دەسەڵات و برەویاندا بە ئەحکام و نەرێتە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان. هەر ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێک لە ئیسلامیەکان زەماوەند بۆ سەرکوتی ئەنجامی ریفراندۆم و ڕەوتی سەربەخۆیی دەگێڕن و ناڕاستەوخۆ ستایشی ئەو باڵەی یەکێتی دەکەن کە بە خۆفرۆشی بە سوپای پاسداران و داعشی شیعی ئەم پرۆسەیەی بە سەرکوت کێشا. ئەمەش دەتوانێ هۆکارێکی وێرانکەربێت بۆ ئیرادەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان. لە هەلومەرجێکی وەهادا تەنانەت مەترسی شەڕی ناخۆ سایە دەکات بەسەر کۆمەڵگەدا.

پێشڕەویەکانی تا ئێستای حکومەتی عەبادی سەرەتایەکە بۆ پەڕوباڵکردن و سەندنەوەی دەسەڵات و ئیمتیازاتێک کە لە هاوسەنگی دوای ٢٠٠٣دا بە ناسیۆنالیزمی کورد دراوە لە چوارچێوەی فیدراڵیزم و حکومەتی هەرێمدا، هەروەها پێشڕەوییەکە بە ئاراستەی چەسپاندنی ئیلحاقی ئیجباری کوردستان بە عێراقەوە. ئەمەش دەبێتە سەرەتای قۆناغیکی تر بۆ سزادان و تۆڵەسەندنەوە لە خەڵکێک کە ٩٢%ی ئەو خەڵکە بڕیاریان لەسەر جیابونەوە داوە. پاشەکشە و شکستی ناسیۆنالیزمی کورد بەرامبەر حکومەتی قەومی-ئیسلامی بەغدا، نەک تەنها کۆمەک بە هاتنەدەری خەڵکی کوردستان لە رکێفی حزبە میلیشیا ناسۆنالیستە کوردەکان ناکات، وەکو نەیارە بورژوازیەکانی یەکێتی و پارتی بە گوێی خەڵکی کوردستانیدا دەدەن و زەماوەندی بۆ دەگێڕن، بەڵکو دەتوانێ ئەم خەڵکە زیاتر بە رۆڵ و سیاسەتەکانی یەکێتی و پارتی و نەیارە بۆرژواکانیان گرفتار بکات. هاوکاتیش سیاسەت و پەلامارەکانی حکومەتی بەغدا لە پێشدا و بەرادەی سەرەکی خەڵکی کوردستان و ماف و چارەنوسی ئەوان دەکات بە قوربانی.

-٣-

پێویستی قەوارەگرتنی بەدیلێکی سیاسی چەپ و رادیكاڵ لە ئێستادا

ئەو ئاڵوگۆڕانە لە هاوسەنگی و هاوکێشە و دۆخی سیاسی کە باسکران کۆمەڵێک ئەگەریان هێناوەتە ئاراوە، بەڵام رێگایەکی تەختیان لە پێش نیە. لە نەبوونی ئەلتەرناتیوێکی سۆسیالیستی و ئازادیخوازانەدا کە هێزی جەماوەر بهێنێتە مەیدان و لەبەرامبەر ئەو ئەگەرانەدا بوەستێتەوە و بەریان پێبگرێت و ئاراستەیەکی تر بە ڕەوتی دۆخی سیاسی ببەخشێت، دەرگا بەڕووی ئەو ڕەوەندانە لە ئاستێکی تراژیدیکدا ئاوەڵادەبێت و سەرئەنجام بەپێی هاوسەنگی تازەی نێوان خودی هێزە ناسیۆنالیستە کوردەکان و هەروەها لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، بە سات و سەودای لەسەرەوە دۆخەکە بە زیانی خەڵک دەبڕێننەوە. بەڵام بە هیچ جۆرێک ئەوانە چارەهەڵنەگر نین. دۆخی ئێستا و ڕیسوایی هەردوو حزبی بنەماڵەیی و میلیشیایی، هەروەها پەنابردنی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی ناڕازی (گۆڕان و کۆمەڵ و بەرەی نەخێر..و …) بۆ خۆگرتن بە پەتی رزیوی شکست و سەرکوتی خواستی خەڵکی کوردستان لەلایەن داعشی شیعیەوە، ئەگەری قوڵبونەوەی ناکۆکی ناوخۆی ناسیۆنالیزمی کورد و تەنانەت پێکهاتنی شەقێکی تازە لە ڕیزی یەکێتی، لەلایەکی ترەوە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵکی ئازادیخواز و ستەمدیدە لە رۆڵی نەفرەت لێکراوی هەر یەک لە باڵەکانی ناسیۆنالیزمی کورد،..و…بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانە دۆخی تازە و فرەڕەهەندی ناکۆک هاتوەتەئاراوە، لەلایەک بواری بۆ لێدان لە ئیرادەی خەڵک کردووەتەوە کە ڕەوتی رۆچون و تەسلیم بوون بە سیاسەت و بەدیلە جیاوازەکانی ناسیۆنالیزم و ملهوڕیەکانی حکومەتی عێراق بە تاوتر دەکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە بوار بە ڕووی لێدانی گورزی سیاسی لە گشت بەدیل و ئاسۆی کۆنەپەرستانەی ناسیۆنالیزمیش دەکاتەوە. ئەمە لە گرەوی هاتنە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدیلێکی چەپ و ڕادیکال و شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازدایە کە لە مەیدانی سیاسیدا دەرفەتەکانی لێدان لە ئاسۆ و بەدیلە جیاجیاکانی ناسیۆنالیزمی کورد و حزبەکانی بە دەستەوە بگرێت و وەکو ڕابەر و ڕێکخەری خەباتی ئازادیخوازانەی کرێکار و جەماوەری توڕە و ناڕازی خۆی بنوێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەت و هێرشەکانی حکومەتی عێراق و هاوکات بتوانێ ئەو هێزە جەماوەریەی بە هۆی شکستی ناسیۆنالیزمەوە لە هێزەکانی ئەم نەرێت و بزوتنەوەیە هەڵدەوەرن، لە دەوری بەدیل و ئاسۆیەکی سۆسیالیستی و ڕادیکال ڕێکخراو بەرامبەر هێز و بەدیلە کۆنەپەرستە بورژوازیەکان لە مەیدان رابگرێت. ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دۆخە بێ لەنگەرە زۆر خێرا و کاریگەر دەبن، ئەگەر ئەم بەدیلەش بە هەمان خێرایی و جەسارەتێکی سیاسی شۆرشگیرانە خۆی نیشان نەدات، ڕەوتی ڕووداوەکان بە خێرایی دەروازەکانی دەخاڵەت تەنگەبەر دەکاتەوە و بواری دەخاڵەتی بەدیلی شۆڕشگێڕانە تەسک و تەسکتر دەبێتەوە و هەلومەرجەکە بە قازانجی ملهوڕی حکومەتی عیراق و کۆنەپەرستی ئاراستە دەگرێت، ناسیۆنالیزمی شکستخواردووی کوردیش کە نیشانیداوە ناتوانێ بەدیلی بەرگری و راوەستان بێت بەرامبەر ئەو ملهوڕیانە، وەکو فاکتەری ناچارکردنی خەڵکی کوردستان بە تەسلیم بوونی ئەم رەوەندە کارەساتبارە رۆڵ دەگێڕێت. بەم جۆرە دۆخەکە بە گوشاری زیاتر لەسەر کرێکار و جەماوەری خەڵک بۆ دەورانێکی تر لەنگەر دەگرێت.

تا ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەلومەرجی سیاسی دەرفەتێکی پێکهێنابوو کە پێداگری لەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان رێچکەیەک بوو بۆ دەرگا خستنەسەرپشت بە ڕووی ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی بەدیلی ئازادیخوازی و جەماوەری کرێکار و ستەمدیدە. ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دەنگدان بە جیابوونەوە و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، نە تەنیا دەیتوانی کێشەی کورد وەکو لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم خەباتی چینایەتی و پاساوێک بۆ هاوچارەنوس نیشاندانی بورژوای و پرۆلیتاریای کورد هەڵتەکێنێ، بەڵکو دەیتوانی ئیرادە و باوەڕبەخۆبوونی خەڵکی کوردستان ببوژێنێتەوە و بە کردەوەش بوژاندیەوە، دەیتوانی ببێتە سەرەتا و رێچکەیەک بۆ ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی کوردستان، دەیتوانی هاوسەنگیەکی تازە لە نێوان بورژوازی و پرۆلیتاریا و خەڵکی ستەمدیدە شکڵپێبدات، دەیتوانی ڕەوتی خەباتی ئازادیخوازانە خێرابکاتەوە. بێگومان هەموو ئەم ئەگەرانە بەندبوو بەوەی کە کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی لە گشت ئەم پرۆسەیەدا چ ڕۆڵ و چ جێگایەکی دەبوو. بەڵام هەتا بەدەر لە ڕۆڵ و دەوری کۆمۆنیزمیش، خودی ڕیفراندۆم و جیابونەوە و کۆتاییهاتنی کێشەی کورد وەکو کێشەیەکی سیاسی قورس بەسەر کۆمەڵگەوە، خۆی لە خۆیدا دەبووە مایەی بەرەو باشتر چونی هەلومەرج بە قازانجی شەفابوونەوەی خەباتی چینایەتی و ئازادیخوازانەی چینی کرێکار و کۆمەڵانی ستەمدیدە دژی بورژوازی و دەسەڵاتی سەرمایە.

لە ناو ئەم دۆخە تازەیەشدا ئەگەر حزبێکی کۆمۆنیستی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە مەیدان بوایە، کاری داشکاندنەوەی دۆخەکە و کەڵک وەگرتن لەو دەروازەیەی بۆ لێدان لە بەدیلە جیاوازەکانی ناسیۆنالیزم و ئاسۆی کۆنەپەرستانەی ئەم بزووتنەوەیە کراوەتەوە، هەروەها دانی ئاراستەیەکی ئازادیخوازانە و ڕادیکال بە ڕەوتی هەلومەرجەکە گەلێک ئاسانتر دەبوو. مەرجی ئەمە لانی کەم بونی بەدیلێکی سیاسی سۆسیالیستی خاوەن نفوزە کە سەرێکی هاوکێشەی هێز و یاریکەرێکی خاوەن رۆڵی مەیدانی سیاسی و کێشمەکێش بوایە لەسەر هێز بە مانای قودرەتی سیاسی لە ئاستێکی گشتیدا. بەداخەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سەرباری ئەوەی لە بواری دانی سیاسەت و ڕێگاچارەی سۆسیالیستی بە مەسەلە و کێشەکان رۆڵی خۆی هەبووە، بەڵام بە هۆی بەرتەسکی رۆڵی سیاسی و عەمەلی و نفوزی کۆمەڵایەتیەوە هەروەها مەحدودیاتەکانی ئەم حزبە و کۆمۆنیزم بە گشتی لە ئێستادا، چاوەڕوانی ئەوەی لێ ناکرێت کە بەم خێرایی و دەمودەستە بتوانێ بە تەنیا رۆڵی بەدیلێکی سیاسی لە ئاستی یەکلاکردنەوەی دۆخەکە بگێڕێت. بەڵام بێگومان دەتوانێ هەم بەشێک بێت لەو بەدیلە و هەم رۆڵی پێشڕەوانە بگێڕێت لە شکڵدان بە بەدیلێکی سیاسی جەماوەری کە وەڵامێکی ئازادیخوازانە و چەپ و شۆڕشگێرانە بەم هەلومەرجە بداتەوە. لە بەشەکانی دواتری ئەم باسەدا دەچینە سەر چۆنیەتی شکڵدان بەم بەدیلە لە دۆخی ئێستادا. بەڵام بەرلەوە پێویست دەکات کۆبەندیەک لەم دۆخە و بە تایبەت لە ڕیفراندۆم و زەمینە و پێویستیەکانی لە ڕوانگەیەکی سۆسیالیستیەوە بکەین، لە بەرامبەر ئەو بۆچون و هەڵسەنگاندن و کۆبەندیە نادروستە جۆراوجۆرانەی لە ڕوانگەی ڕاست و چەپەوە دەخرێنەڕوو دەربارەی ڕیفراندۆم و رۆڵی لە خوڵقاندنی دۆخی کارەساتباری ئێستا و ئەو شکستەی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا سەپێنراوە.

-٤-

(کۆبەندی)؛ زەمینە و زەرورەتی ڕیفراندۆم لە چیدا بوو؟

لە ڕوانگەی سۆسیالیستیەوە ئەو دەرفەتەی کە تا ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ئارادا بوو، تەنها لەوەدا نەبوو کە دوای ٢٢ ساڵ لە پێداگری کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر ڕیفراندۆم و جیابونەوە، بۆ یەکەمجار دەسەڵات و بەشی سەرەکی ناسیۆنالیزمی کورد بە شێوازی خۆی و بەپێی مەرام و ئاسۆی ساسی خۆی ملیدا بەم ڕێگاچارەیە، بەڵکو هەلومەرجێکی سیاسی ئۆبژێکتیڤ زەمینە و دەرفەتی بۆ ئەم هەنگاوە خوڵقاند. دوو فاکتۆری سەرەکی کە ئەم هەلومەرجە واقعیەی هێنایە پێشەوە بریتی بوون لە؛ یەکەم/ شکستی ئەزمونی ١٤ ساڵەی فیدراڵیزمی قەومی، دووەم/ بەرەو کۆتایی چونی جەنگی دژی داعش و هاوسەنگی تازەی نێوان هێزەکان. هیچ یەک لەم دوو فاکتۆرە نە هۆکار و نە ئەنجامی ئەوی تریان نەبوون، بەڵام هەردوکیان لەسەر یەکتری کاریگەری راستەوخۆ و گەورەیان هەبوو.

ئەزمونی ١٤ ساڵەی فیدراڵیزمی قەومی بە ئیعترافی خاوەنەکانی شکستی خوارد. ئیتر نە حکومەتی بەغدا و نە ناسیۆنالیزمی کورد بەو هاوسەنگیە ڕازی نەبوون کە لە دوای ڕووخانی بەعسەوە هاتەکایەوە بۆ دابەشکردنی داهات و دەسەڵات لە نێوانیاندا. دەمێک پێشتر بەغدا دەستی بە هەنگاونان کردبوو بۆ دەرکێشانی شانی خۆی لەژێر ئەو بارەی کە لە هاوسەنگی دوای ٢٠٠٣دا وەکو ئیمتیاز بە ناسیۆنالیزمی کورد بڕابوو، بە تایبەت دەربارەی چۆنیەتی یەکلاکردنەوەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و ئەو ڕادەیە لە شەراکەتی سیاسی و رۆڵدان بە حزبە ناسیۆنالیستیە کوردەکان کە لە هاوسەنگی پێشتردا بە ناچاری ملی پێدرابوو. سەرەتای ئەمە بەر لە هاتنەناوەوەی داعشیش دەستی پێکردبوو، ناردنی (هێزەکانی دیجلە) بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات لە کەرکوک بە قازانجی حکومەتی ناوەندی هەنگاوێکی ئاشکرابوو لەم ڕێگایەدا. ئەمە لە هەناوی هاوسەنگیەکی ناوچەییدا دەرفەتی بۆ پەیدابوو کە ستراتیژی ئەمریکای لە عێراقدا بە شکست کێشا و جمهوری ئیسلامی بوو بە براوەی مەیدانی سیاسی ئەو بڕگەیەی عێراق و ناوچەکە. بەم جۆرە کەوتە سەر پلانی شکڵدانەوە بە ئارایشی سەرلەنوێی دەسەڵاتی سیاسی عێراق بە قازانجی خۆی. تەوەرەکانی شکڵدان بەم هاوسەنگیە تازەیەش لەلایەک لێدان بوو لە ڕەوتی سونیگەرایی کە خۆی گرێدابوو لەگەڵ میحوەری بەرامبەر، واتە (تورکیا-سعودیە….)، لەلایەکی تریشەوە ئەستاندنەوەی ئیمتیازەکانی ناسیۆنالیزمی کورد کە بە گشتی یان بە ڕادەی سەرەکی وەکو نفوزی ئەمریکا و بلۆکی ناوچەیی بەرامبەر جمهوری ئیسلامی رۆڵی دەگێڕا. لە بەرامبەردا ناسیۆنالیزمی کورد بە تایبەتی پارتی وەکو هێزی باڵادەستی ئەم بزووتنەوەیە کە لە ڕووی سیاسیەوە پەنای بردە بەر پشتدانەوەی راستەوخۆ بە بلۆکی (تورکیا-سعودیە) و هاندانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی جمهوری ئیسلامی، لە ڕووی ئابوریشەوە لە جیاتی پستبەستن بە وەرگرتنی ١٧%ی داهاتی عێراق لە حکومەتی بەغدا کە لە بەرامبەریشدا بە ناچاری دەبوو پابەندی بڕیار و سیاسەتەکانی بەغدا بێت، پەنای برد بۆ فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و داشکاندنەوەی کەسری ئابوری و بودجەی ئاکامی ئەم سیاسەتە بەسەر خەڵکی کرێکار و ستەمدیدەی کوردستاندا. ئیتر بەو ئاقارەدا هەنگاوی هەڵگرت کە هەرچی زیاتر خۆی لە ڕکێفی حکومەتی بەغدا دەربکات.

هاتنە ناوەی داعش بە شێوەیەکی کاتی ئەم ڕەوەندەی لە جێگای خۆی ڕاگرت و تەنانەت هاوکێشەکەی بە زیانی حکومەتی بەغدا گۆڕی. شکستی سوپای عێراق بەرامبەر داعش بوو بە هەلێکی زێڕین بۆ ناسیۆنالیزمی کورد و بواری پێدا هەموو ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بکەونە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەوە. ئیتر لەوکاتەوە ناسیۆنالیزمی کورد لافی ئەوەی لێدا کە بەندی ١٤٠ی دەستور و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان یەکلابوونەوە. لە هەناوی ئەو دۆخەدا بارزانی کارتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بە دەستەوە گرت. بەڵام تا ئەوکات ئەمەی تەنها وەکو کارتی فشار بەکاردەهێنا بۆ گیان بەبەرداکردنەوەی فیدرالیزمی قەومی شکستخواردوو، بە هاوسەنگیەک کە تیادا بەغدا ناچاربێت هەم دان بە دەسەڵاتی دیفاکتۆی ناسیۆنالیزمی کورد بەسەر ناوچە ناکۆکی لەسەرەکاندا بنێت و هەم ئەو ڕادەیە لەسەربەخۆیی سیاسی و ئابوری کە هەرێمی کوردستان بە کردەوە هەنگاوی بۆ هەڵگرتبوو بەڕەسمی بناسێت. ئەوکات دۆخەکە لە قازانجی بەغدا نەبوو، لەلایەک بە هۆی شکستی سەربازی لە بەرامبەر هێرشی داعش کە توانی ناوچەیەکی فراوان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و دەوڵەتی خەلافەتی رابگەیەنێ، تا ڕادەی ئەوەی بەغداش بخاتە بەردەم هەڕەشە. لەلایەکی ترەوە بە هۆی ئەوەی ناسیۆنالیزمی کورد ئەو فرسەتەی قۆستەوە و دەستی خۆی پێشخست چ بە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و چ بە دەستبردن بۆ هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوت. بۆیە بەغدا توانای کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو، ناسیۆنالیزمی کوردیش لەو قۆناغەدا بە دەسەڵاتی دیفاکتۆی خۆی بەسەر ئەو ناوچانە و نەوتی کەرکوکدا ڕازی و خۆشبین بوو.

بە پێچەوانەی ئەوەی کە نەیارانی ڕیفراندۆم لە بەرەی نەخیر و بزووتنەوەی گۆڕان و باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی ناو یەکێتی و کە ئەمرۆ زەماوەند بۆ شکستی سەربازی ڕەوتی جیابونەوەی کوردستان دەگێڕن، تەنانەت هەندێک لە چەپ و کۆمۆنیستەکانیش لە ڕوانگەی چەپەوە پێداگری لەسەر دەکەن، ڕیفراندۆم هۆکار و فاکتەری ئەو هێرشە سەربازیە و ئەو شکستە نەبوو کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕوویدا، کاریگەری ڕیفراندۆم لەم بارەیەوە تەنها بریتی بوو لە خێراکردنەوەی ئەو ڕەوتە کە بەبێ ڕیفراندۆمیش لە ئارادابوو. هەر لەو ڕۆژەوە کە ئامادەکاری بۆ “ئۆپەراسیۆنی ئازادی موسڵ” تەواوکراو جەنگ لە لێواری قەوماندا بوو، ئێمە پێشبینی ئەم جۆرە شەڕو پیکدادانەمان بەیان کردبوو. هێشتا شەڕی موسڵ لە سەرەتای خۆیدا بوو من لە ووتاری ( تارمایی جەنگێکی تر لە هەناوی جەنگی موسڵدا) بەڕوونی باسم لەوە کردووە کە دوای شەڕی داعش، شەڕی پێشمەگە و حەشدی شەعبی بەڕێوەیە. لەو کاتەشەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە دەستی پێکرد و ئاسۆی شکانی سەربازی داعش بەدەرکەوت، هەم هەرێم و هەم بەغدا لە جەرگەی جەنگی هاوبەشیان دژی داعش خۆیان بۆ جەنگی دواتر لەگەڵ یەکتری ئامادە دەکرد و تەنانەت ڕاشکاوانە ئەوەیان دەدا بە گوێی کۆمەڵگەدا کە یەکەمین فیشەکی دوای شەڕی داعش لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا دەتەقێنرێت. وەسیقەی لێکتێگەیشتنی نێوان بارزانی و عەبادی بە سەرپەرشتی ئەمریکا بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی لە پرۆسەی جەنگی دعشدا کۆنترۆڵی کردوون، بەڵگەیەکی ئاشکرای ئەم مەسەلەیەیە. بەغدا بە پێشڕەویەکانی جەمسەری (ئیران- سوریا- روسیا) عەزمی زیاتری پەیداکرد، بە تایبەت ڕزگاربوونی ڕژیمی ئەسەد لە خەتەری ڕووخان، هاتنەناوەوەی ڕوسیا لە کێشمەکێشە سیاسی و سەربازیەکانی ناوچەکە، کەڵک وەرگرتنی جمهوری ئیسلامی لە جەنگی دژی داعش و بڵاوەپێکردنی زیاتری هێزەکانی لە عێراق و سوریا و ناوچەکەدا، عەزمی زیاتریان بەخشی بە دەسەڵاتی شیعە و لایەنە شیعیەکانی عێراق. بۆ ناسیۆنالیزمی کوردیش بەشداری و بەرجەستە بوونی رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی داعش و ئەو ئیمکانیەتە زۆروزەبەندە سیاسی و ماڵی و سەربازیانەی کەوتە دەستیان، ئومێدی ئەوەی پێبەخشین کە لە جێگاو ڕێگایەکی بەهێزترەوە دەتوانن دوای جەنگی دژی داعش دۆخەکە بە قازانجی خۆیان لەگەڵ بەغدا یەکلابکەنەوە.

لە سەروبەندی کۆتایهاتنی جەنگی دژی داعش لە عێراق، ئیتر بە تەواوی دۆخی ئەوە پێگەیشتبوو کە کێشەی بەغدا و هەرێم یەکلابێتەوە. ناسیۆنالیزمی کورد یان دەبوو دەستەوەستان بمێنێت تا لە ئایندەیەکی نزیکدا حکومەتی بەغدا بە ئامادەییەکی زیاترەوە بێتە جەنگی ئەستاندنەوەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و ملکەچ پێکردنی هەرێم بۆ سیاسەتەکانی حکومەتی ناوەندی و پابەندکردنی بەو دۆخ و هاوسەنگیە تازەیە کە ئیتر باسی مادەی ١٤٠ی دەستور و بەشێک لە ئیمتیازەکانی ناسیۆنالیزمی کورد بوونە بە ڕابردوو، یان دەبوو دەسپێشخەریەکی سیاسی بکات بۆ کەڵک وەرگرتن لە ئاخرین دەرفەتەکان بە ئاراستەی داشکاندنەوەی دۆخەکە بە قازانجی خۆی. ئەمە دروست ئەو دۆخە هەستیارە و ئەو مەترسیانە بوون کە بارزانی لە هەموو وتارەکانی کەرنەڤالی ڕیفراندۆمدا دووپاتی دەکردەوە و دەیووت “راستە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕیسکی تێدایە، بەڵام ئەنجامنەدانی و چاوەڕوان مانەوە ڕیسکێکی زۆر گەورەترە”. ئەمە ئاماژە بوو بۆئەوەی کە ئەگەر ناسیۆنالیزمی کورد دەست نەبات بۆ ئەکشنێکی سیاسی و دەستی خۆی پێشنەخات، لە کورتماوەدا بەغدا دەکەوێتەخۆ بۆ پەلاماردانەوەی کوردستان. بەم پێیە بە پێچەوانەی دەهۆڵ لێدانی بەشێک لە ناسیۆنالیزمی کورد، ڕیفراندۆم لە کات و هاوسەنگیەکی بەتەواوی گونجاودا ئەنجامدرا. گرفتەکە لەوەدا بوو یەکێتی و پارتی کە هەموو ئیمکانیەتێکی بەرگریان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو، لە بەرامبەر هێرشی حەشدی شەعبیدا نەک هەر هیچ بەرگریەکیان نەکرد، بەڵکو بەشێکیان کە خۆی لە بنەماڵەی تاڵەبانیدا دەبینیەوە دەستیان لەگەڵ ئەو میلیشیا دڕندانە تێکەڵکرد و خۆیان بوون بە بەشێک لە شکاندنی عەزمی ئەو جەماوەرەش کە ئامادەی بەرگری بوو. تەنها وەکو نمونەیەک ئەگەر هەر ئەو بەرگریەی لە ٢١ ئۆکتۆبەر لە پردێ کرا لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بکرایە، هەلومەرجەکە ئاراستەیەکی تری پەیدا دەکرد. ئەم کارە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کردەنی بوو، نەک بە ئومێدبەستنی ناسیۆنالیزمی کورد و حزبەکانی بە “دۆستەکانیان” لە ئەمریکا و دەوڵەتانی غەربی، بەڵکو جەماوەری خەڵکی کوردستان ئامادەیی بەرگریان هەبوو لە ژیان و ماڵ و حاڵ و چارەنوسی خۆیان بەرامبەر هێرشی میلیشیایەکی دڕندە کە کەمەری بۆ نابودکردنی ژیان و چارەنوسیان بەستبوو، بەڵام بە کردەوە دەرهاتنی ئەم بەرگریە بەندبوو بە لە مەیدانبونی بەدیلێکی رابەر و ڕێکخەر کە هەر لە پێشترەوە جەماوەری چەکدار و ئامادە و ڕێکخراو بکردایە، یان لانی کەم تەنها لە چەند رۆژی بەر لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا هەنگاوی بۆ ئەمە هەڵگرتایە. نموونەی بەم جۆرە لە جەنگی بەرگری هەر لە مێژووی هاوچەرخی ناوچەکەدا هەیە؛ جەنگی ٢٤ ڕۆژەی خەڵکی سنە دژی هێرشی جمهوری ئیسلام، جەنگی بەرگری خەڵکی کۆبانی، تەنانەت لە ئاستێکی نزمتردا بەرگری خەڵکی کەرکوک لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ بەرامبەر هێرشی داعش…تەنها چەند نمونەن.

دەرفەت و پێویستی ریفراندۆم لەهەر هەلومەرجێکەوە پێکهاتبێت، بەدەر لەوەی کە ناسیۆنالیزمی کورد ویستی لەم تاکتیکە و لەم ئامرازە کەڵک وەرگرێت بۆ گەیشتن بە مەرامەکان و ئامانجەکانی خۆی، کە بریتی بوو لە کۆتایهیان بە هەڕەشەی ناسیۆنالیزمی عەرەب لەسەر دەسکەوت و ئیمتیازەکانی خۆی و گەیشتن بە دەوڵەتی کوردی، بەڵام بۆ کۆمۆنیزم و ڕەوتی ئازادیخوازیش ئەمە دەرفەتێک بوو، لەلایەک چونکە ئەمە یەکەمجاربوو لانی کەم لە مێژووی هاوچەرخدا وەکو ئەمری واقع دابڕانێک کەوتە نێوان سیاسەت و پلانی ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتداری کورد لەگەڵ سەرجەم پلان و سیاسەتی جەمسەر و دەوڵەت و هێزە کۆنەپەرستە ناوچەیی و جیهانیەکان، لەلایەکی تریشەوە رێچکەیەکی کردەوە بۆ کۆتاییهاتن و چارەسەری کێشەی کورد و دورخستنەوەی کوردستان لەو سیناریۆ تەڵخەی کە دەسەڵاتی ناسیۆنال ئیسلامی شیعە بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی جمهوری ئیسلامی بەسەر عێراقدا سەپاندوێتی. سیناریۆیەک کە ژن تیایدا کۆیلەیە و دەستدرێژی سێکسی ئیسلامی بۆ سەر منداڵی ١٠ ساڵان خەریکە یاسای بۆ دەردەکرێت، ئازادی بیروڕا کوفرە، میلیشیا و عەساباتی ئیسلامی و قەومی دەسەڵاتدار و خاوەن بڕیارن، شین و شەپۆڕ بۆ حەسەن و حوسین کابوسێکە بەشێکی زۆر لە کاتی ساڵانەی خەڵک دەگرێت، نائەمنی کۆمەڵگەی داگرتوە، مەیخواردنەوە و ئازادیە فەردی ومەدەنیەکان بە تاوانگەلێکی لە تەقاندنەوەی بۆمب گەورەتر بە حیساب دەهێنرێن. بە کورتی و بە ناڕەسمی و دیفاکتۆ ڕەوتی شکڵدان بە جمهوریەکی ئیسلامی دیکە لە عێراقدا خراوەتە دەستورەوە. لەم هەلومەرجەدا جیابونەوەی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە بە قازانجی خەڵکەکەی و بە قازانجی فەزایەکی سیاسی پێشکەتوانەتر لە ناوچەکە و بە قازانجی شەفاف بوونەوەی ناکۆکی و خەباتی چینایەتی و بە قازانجی بەسکردنی شەڕ و ناکۆکی قەومی کورد و عەرەب، بە قازانجی کۆتایهاتنی سەرمایەگوزاری بورژوازی کورد و عەرەب بە دووبەرەکی قەومی و کێشەی کوردەوە و بە قازانجی..و…بوو. هەر بەم پێیەش ڕیفراندۆم و دامەزرانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دەیتوانی ڕێڕەوێک بێت بۆ ئاڵوگۆڕێکی پێشڕەو لە دەسەڵاتی سیاسی و کۆتایهێنان بە حوکمی میلێشیایی حزبە ناسیۆنالیستەکان و هەنگاونان بە ئاراستەی دەستەبەربوونی مافە سیاسی و ئابوری و مەدەنیەکانی خەڵک و دەرگا خستنە سەرپشت بەڕووی ڕەوتی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەدا.

بەکورتی لە ئاست هەموو ڕەخنە و دژایەتیەکان کە لە ڕوانگەی چەپ و ڕاستەوە بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمەی لە ٢٥ی سەپتەمبەر ئەنجامدرا، گوایە؛ کاتەکەی نالەبارە و ئەمریکاو دۆستەکانی کوردی لە پشت نیە، یان ناسیۆنالیستیە و ریفراندۆمی بارزانی و پارتی و پلانی ئەمپریالیستیە..و…هتد، من پێداگری توند لەسەر ئەوە دەکەم کە ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوا و حاشاهەڵنەگری خەڵکی کوردستان بوو، لە جێگای خۆیدا بوو کە هەرکات دەرفەت بۆ پیادەکردنی ئەم مافە بڕەخسێ کەڵکی لێ وەرگیرێ و بەم پێەش ریفراندۆمی ٢٥ی سەپتەمبەر هەنگاوێکی ڕەوا و بەرحەق و بەجێگابوو. دەنگدان بە جیابونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ یان مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا مافێکی سەرەتایی و حاشاهەڵنەگر و بێ ئەملاوئەولای خەڵکی کوردستانە و هیچ پاساوێک ڕەوای نادات بە ئینکاری ئەم مافە. گومان لەوەش نیە کە حزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان و هەروەها کۆمۆنیزمیش لە بەرگری لە ڕیفراندۆم وەکو تاکتیکێک ئامانجی خۆیان تاقیب دەکرد، بەڵام  ئەمە تۆزقاڵێک لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە ڕیفراندۆم مافی خەڵک بوو، دەنگدانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستانیش بە جیابونەوە بەرجەستەکەری خواست و ویست و ئیرادەی ئەم خەڵکە بوو. هەموو ئەوانەی کە ڕیفراندۆم بە هۆکاری هێرشی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی و ئەو دۆخە نالەبارە لێکدەدەنەوە کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە باڵی کێشاوە، یان دەیانەوێ ئەم مافە ڕەوایەی خەڵک بکەنە فیدای کێشمەکێشی کۆنەپەرستانەی خۆیان لەگەڵ رەقیبەکانیان، وە یان بەهانە دادەتاشن بۆ دەستهەڵگرتنی خەڵکی کوردستان لەم مافەی خۆیان. زۆر سەیر و ناڕەوایە بە تایبەتی لە ڕوانگەی چەپەوە لە جیاتی لۆمەکردنی حکومەتی بەغدا و هێرشی دڕندانەی میلیشیاکان، لۆمەی خەڵکی کوردستان بکرێت کە بۆچی دەستی بۆ پیادەکردنی مافێکی سەرەتایی خۆی بردووە و بەم جۆرە بووەتە هۆکاری خوڵقانی ئەم دۆخ و شکستە! بە بڕوای من ئەم بۆچونانە بە ئەندازەی نوکە دەرزیەک ڕەوایەتیان نیە. لە ڕوانگەی چەپەوە ئەم بەهانە و پاساوانە تەسلیمبوونە بەو پڕوپاگەندە چەواشەکارانەیە کە هەمیشە لەبەرامبەر پێداگری کۆمۆنیستەکان لەسەر ریفراندۆم، لەبارنەبوونی کاتەکە و دروستبونی مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەی کوردیان کردوە بە بەهانەی دژایەتی ئەم مافەی خەڵک. لە ١٩٩٥ەوە کۆمۆنیزم پێداگری لەسەر ریفراندۆم کردوە و هەر ساتێکیش بۆی بلوایە تەنانەت یەکلایەنە خۆی ریفراندۆمی ئەنجام دەدا و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی ڕادەگەیاند. ئەمەی لە بەڵگەنامەی (ستراتیژی حککع لە کوردستان-پەسەندکراوی کۆنگرەی یەکەمی ئەم حزبە) ڕاگەیاندووە. لە کاتێکدا بە درێژایی ئەو ساڵانە هیچ کات بە ئەندازەی ٢٥ی سەپتەمبەر دۆخ و هاوسەنگیەکە لەبار نەبوو، هیچ کاتیش گومانمان لەوە نەبوو کە لانی کەم دەوڵەتانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریە ئەوەی لە دەستیان بێت بۆ بەرگرتن و بە شکست کێشانی ڕیفراندۆم و جیابونەوە درێغی ناکەن. ئێستاش بەرپاکردنی ریفراندۆم خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێکی گەورەی سیاسیە کە تازە لە خەڵکی کوردستان ناسەندرێتەوە. دەنگدانی خەڵکی کوردستان بە جیابونەوە دەستمایەیەکی سیاسی گەورەیە بە دەست کۆمۆنیزم هەر هێزێکەوە کە بۆ پیادەکردنی ئەم مافە و ئەم بڕیارەی خەڵکی کوردستان خەبات بکات. بێگومان ریفراندۆم و پیادەکردنی ئەنجامی ریفراندۆم ئەگەر نەڵێین دوو قۆناغ لانی کەم دوو بڕگەی جیاوازی پرۆسەیەکن. خەڵکی کوردستان لە بنەڕەتدا بە هۆی نەبوونی ئەلتەرناتیفێکی سۆسیالیستی کە لە ئاستی سازدان و ڕابەری کردنی جەنگی بەرگری جەماوەریدا بێت، هەروەها بە هۆی بەکرێگیراوی و خۆفرۆشی بنەماڵەی تاڵەبانی و بەشێکی یەکێتی بە قاسم سلێمانی و حەشدی شەعبی لەلایەک و چۆکدادانی باڵەکانی دیکەی ناسیۆنالیزمی کورد لەلایەکی ترەوە، لە هەنگاوی دوومی پرۆسیسی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دووچاری شکستێک بوونەتەوە. ئێستا ئیتر ئەرکی کۆمۆنیزم و چەپ و بەرەی ئازادیخوازیە پشتی خەڵکی کوردستان لەژێرباری ئەم شکستە دەربهێنێت و ئەم ڕەوەندە بە ئەنجامی خۆی بگەیەنێ. بە هەر بەهانەیەکیش وەستانەوە دژی ریفراندۆمی ئەنجامدراو و رای زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان، بە کردەوە خزمەت بەو هێز و دەوڵەتانە دەکات کە دژی مافی ئەم خەڵکەن بۆ ممارەسەی مافە سەرەتاییەکانی خۆی و تەسلیم بوونە بەو ئاسۆ کۆنەپەرستانەی دەیانەوێ خەڵکی کوردستان ناچار بکەن بە ئیلحاقی ئیجباری وستەم و پلەدوویی.

ئەم دەرفەتە بە کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لانی کەم لەم ساتە وەختەی ئێستادا لەباربرا. سەرجەم باڵەکانی بورژوازی کورد بە تایبەتی هەر پێنج حزبی بەشدار لە دەسەڵاتی هەرێم هەرکامیان بە جۆرێک بەشداری راستەوخۆیان بوو لە لەباربردنی ئەم دەرفەتە و دابڕینی شکستێکی تر بەسەر خەڵکی کوردستاندا. بەشێکیان بوون بە پێشلەشکری حەشدی شەعبی. بەشێکیان وەکو هەمیشە خەڵکیان فریودا و لە ناو هاژوهوژی عەزم جەزم کردن بۆ تەفروتوناکردنی ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر کوردستان، بەبێ هیچ بەرگریەک خەڵکیان بە دەستی بەستراو تەسلیم بە داعشی شیعی کرد. ئەودوای ناسیۆنالیزم و بۆرژوا ئیسلامی کورد کە هەموو رەوەند و رووداوەکان بە دیدگای ئەنتی پارتی و بارزانی لە مەحەک دەدەن، جگە لەوەی تا رۆژی ریفراندۆم هەرچیان لەدەستهات کردیان بۆ ناکام کردنەوەی، ئێستاش شایی و لۆغان بۆ ئەم شکستە و پێشڕەوی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە سەرکوت کردنی خەڵکی کوردستاندا دەگێڕن و دەیانەوێ دەرسی عیبرەت بە خەڵکی کوردستان بدەن و مەوعیزەی ئەوە دەدەن کە ئەم خەڵکە لە جیاتی پشتبەستن بە ئیرادەی خۆیان، ناچارن هەمیشە چاوی ئومێد ببڕنە سیاسەتی ئەم حزبانە بۆ کلکایەتی کردنی دەوڵەتانی زلهێز و ملهوڕ و کۆنەپەرست. ئەمرۆ هەموو باڵەکانی بورژوازی و ناسیۆنالیزمی کورد سەرباری هەر ناکۆکی و گێرە و کێشەیەکیان لەگەڵ یەکتری، هەرکامیان بە جۆرێک بەرامبەر بڕیاری خەڵکی کوردستان ڕاوەستاون. ئەوانەی هەر لەسەرەتاوە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوون ئەمڕۆ هاودەنگ لەگەڵ حکومەتی بەغدا پێداگری لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم دەکەن و بەشەکەی تریان ڕەزامەندیان لەسەر سڕکردنی ئەنجامی ریفراندۆم تا کاتێکی نادیار دەربڕیوە و ئامادەشن لە بەندوبەستێکدا بکەونە دەهۆڵ لێدان بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم.

-٥-

پاش وپێشی ئەولەویاتەکانی بەرەی چەپ و ئازادیخواز

لە ناو ئەم دۆخە تازەیەشدا نەک هەر بڕیاری خەڵکی کوردستان بۆ جیابونەوە لە جێگای خۆیدا دەمێنێت و پێویستە پێداگری لەسەر بکرێت، بگرە پەنابردنی حکومەتی عێراق بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و سەپاندنی ئیلحاقی ئیجباری، پێویستی و مەیلی جیابونەوە لە ناو خەڵکی کوردستاندا بەهێزتر و پتەوتر دەکات. تەنانەت هەموو ئەو خۆشباوەڕیانەی کرد بە بڵقی سەر ئاو کە گوایە عێراقی دوای ٢٠٠٣ هەلومەرجی مانەوەی ئازادانەی خەڵکی کوردستان لە عێراقدا بە مافی یەکسانەوە لەگەڵ ئەودوای دانیشتوان فەراهەم کردووە. هەر لە بارەی جیابونەوەی کوردستانەوە وەکو بڕیاری ڕیفراندۆم پێویستە جەخت لەوە بکەمەوە کە سەربەخۆیی کوردستان بۆ کۆمۆنیزم بە مانای سەربەخۆیخوازی نیە. سەربەخۆیی خۆی لە خۆیدا ئامانجێک نیە و خۆی لە خۆیدا چارەسەری ئەو گرفت و دەرد و محنەت و نەهامەتیانە ناکات کە ئەمرۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە هەژاری و نەداری و بێکاری و زوڵمی سەرمایە پێی گرفتارن. سەربەخۆیی کوردستان لە نەبونی هەلومەرج و ڕێگاچارەیەک بۆ کێشەی کورد لەچوارچێوەی عێراقی یەکپارچەدا، ڕێگاچارەیەکی ناچارییە بۆ ئەم کێشەیە و گێژاوی فیدرالیزمی قەومی و ئەو دووبەرەکیە قەومیەی کە ئێستا لە ئارادایە. هەر بەم پێیەش کۆتایهێنانە بە لەمپەریکی گەورە لەبەردەم گەشەی خەباتی چینایەتی و شەفابوونەوەی ناکۆکی نێوان بورژوازی و پرۆلیتاریا. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەرفەتی پیادەکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم تازە دەکەوێتە گرەوی ئاڵوگۆڕێک لە هاوسەنگی و هاوکێشەی هێز لە کوردستاندا، دەکەوێتە گرەوەی ئەوەوە کە بەدیل و ڕابەریەکی چەپ و ڕادیکال و شۆڕشگێڕ وەکو خاوەنی ئەم بڕیارە بێتەمەیدانەوە. ئەم گۆڕانی هاوسەنگی هێزە لە رێگای رێکخستن و ڕابەریکردنی ئەو مەیلی نەفرەت و بێزاریەی خەڵک مەیسەر دەبێت کە هەم لە دژی هێرشی دڕندانە و سەرکوت و وێرانکاری حەشدی شەعبی و هێزە عێراقیەکان و هەم دژی دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکار و هەمیشە دۆڕاوی ناسیۆنالیزمی کورد ڕووی لە هەڵکشان کردووە. درێژە پەیداکردنی ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە کوردستان بۆ ناو دۆخێکی زۆر مەترسیدار و کارەساتبارتر ڕاپێچ دەکات و دەستی هەموو دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە درێژتر و تەنانەت ئەگەری کێشمەکێشی توند و شەڕ و بەرامبەرکێی ناوخۆش دەهێنێتە کایەوە. لە هەناوی دۆخێکی بەم جۆرەدا گۆڕان و پاش وپێشی گرنگ لە ئەولەویەتی بەدیلی سۆسیالیستی و ئازادیخوازیدا پێکدێت. ئەگەر تا ١٦ی ئۆکتۆبەر پێداگری لەسەر بڕیاری ریفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ڕێچکەیەک بوو بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی و ڕەوتێکی ئاڵوگۆڕ بە قازانجی ئازادی و دەستەبەربوونی مافەکانی خەڵک، ئەوە ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە، هاتنەمەیدانی بزووتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕی فراوان بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی دۆڕا و ستەمکار و نەفرەت لێکراوی ئێستا و بەرپەرچدانەوەی هێرشی هێزە سەرکوتگەرە عێراقیەکان، پێشمەرج و رێچکەی پێشڕەویە بۆ پیادەکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمیش. ئەم بزووتنەوەیە هەر ئێستا و بێدرەنگ دەتوانێ بە گرتنەبەری شێوە جیاوازەکان دەست پێبکات. ئەم بزووتنەوەیە پێویستە لە دەوری سێ تەوەری سەرەکی شڵبگرێت؛ یەکەم/ وەستانەوە دژی دابڕدابڕکردنی کوردستان بۆ چەند هەرێم کە هەرکامیان پشتدەدەن بە دەوڵەتێکی کۆنەپەرستی ناوچەکە و جۆرێک لە سات و سەودای یەکلایەنە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی. وەستانەوە دژی هەرجۆرە سات و سەودایەک بە ئەنجامی ریفراندۆم یان دەمکوتان لە هەڵوەشانەوەی ئەو ئەنجامە کە هیچ هێز و لایەنێک مافی هەڵوەشانەوەی نیە. دووەم/ سازدانی خەباتێکی هەمەلایەنەی سیاسی و جەماوەری و چەکدارانە بۆ بە شکست کێشان و دەرپەڕاندنی میلیشیای حەشدی شەعبی و هەموو هێزە چەکدارەکانی حکومەتی بەغدا و پیادەکردنی بڕیاری ڕیفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. سێیەم/ سەپاندنی ماف و داخوازیەکانی جەماوەری کرێکار و ستەمدیدە و کۆتایهێنان و هەڵپێچانی دەسەڵاتی میلیشیایی حزبە بۆرژوازیە کوردەکان و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئازادی پشتبەستو بە ئیرادە و دەخاڵەتی راستەوخۆی خەڵک.

چوارچێوەی ڕێکخراوەیی گونجاو بۆ ئەم بزووتنەوەیە پێکهێنانی رێکخراوێکی سیاسی جەماوەری چەپ و ڕادیکال و شۆڕشگێڕە لەسەر بنەمای پلاتفۆرمێک کە ئەو سێ ئەرکە سەرەکیە دەکاتە بنەمای خۆی و هەموو مەیدانەکان و شێوەکانی خەبات کە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو سێ ئامانجە پێویستن دەخاتە دەستوری خۆیەوە. ئەم ڕێکخراوە پێویستە لە دەرەوەی بیروباوەڕ و ئایدۆلۆجیا جیاوازەکان بە دەستپێشخەری کۆمۆنیزم و ڕابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و چەپ و ئازادیخواز و ڕوناکبیران و کەسایەتیە پێشکەوتنخوازەکان پێکبێت کە لەسەر ئەو سێ خاڵە سەرەکیە هاوڕابن. ئەم بزووتنەوەیە جگە لە شێوازی خەباتی جەماوەری وەکو: سازدانی میتینگ و ناڕەزایەتی و مانگرتنی گشتی و کاری هوشیاردەرانە و پێداگری لەسەر ماف و داخوازیە دەستبەجێکان و نەبوونی شەرعیەتی حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی و دامودەزگاکانی ئێستای حزبە ناسیۆنالیستە میلیشیاییەکان، هاوکات لە سێ مەیدانی گرنگدا کار دەکات؛ یەکەم/ هەوڵدان بۆ بەڕێخستنی بزووتنەوە و کاری راستەوخۆی جەماوەری و بەدەستەوە گرتنی کاروباری کۆمەڵگە لە گەڕەک و کارگە و دامەزراوە جیاجیاکان و دەسکۆتاکردنی حزبە بورژوازیەکان. سەرئەنجام لە پرۆسەیەکی ڕێکخستن و سازدان و کاری هوشیاردەرانەدا ئامادەکاری دەکات بۆ کۆتایهێنانی یەکجاری بە دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکاری ئێستا و لە جێگایدا دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پشتبەستو بە ئیرادەی خەڵک. دووەم/ ئەم بزووتنەوەیە پێویستە چەکداربێت و جگە لە خۆچەکدارکردن کار بکات لە ڕاستای سازدانی هێزی چەکداری جەماوەری بۆ دەرپەڕاندنی میلیشیا و هێزەکانی حکومەتی ناوەندی و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی. لەم دەورەیەدا پێویستە هێزەکانی حکومەتی ناوەندی بە هەموو جۆرێک هەراسان بکرێن تا دەگاتە ئەو ئاستەی لە پاڵ خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەریەوە توانای ئەوە پەیدا دەبێت کە بە زەبری چەک لە کوردستان دەرپەڕێنرێن و توانای بەرگریش فەراهەم دەبێت. خەڵکی کوردستان کە بڕیاریان لەسەر جیابونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ داوە، هێرشی سەرکوتگەرانەی حکومەتی بەغدا حەقانیەت و دروستی ئەم بڕیارەی زۆر بەرجەستەتر کردەوە، ئەو راستیەشی نیشاندا کە خەڵکی کوردستان کاتێک دەتوانن بڕیاری خۆیان پیادە بکەن کە توانای ئەوەیان هەبێت بەرگری چەکدارانە لە خۆیان بکەن. ئەحزابی ناسیۆنالیست چەندین جار ئیمتحانی خۆیاندا و چەندین جار سەلماندیان کە ئەوان نە جێگای باوەڕن و نە ئەم کارەیان پێ جێبەجێ دەکرێت. بۆیە ئەمە کاری هێزی جەماوەری چەکدار و ڕێکخراوە لە دەوری بەدیلێکی چەپ و شۆڕشگێڕ. باشترین هەڵبژاردەش لەبەردەم هێزی پێشمەرگە وەکو رۆڵەی جەماوەری کرێکار و ستەمدیدە، جێهێشتنی ریزی حزبە ستەمکارە دۆڕاوەکان و پەیوەستبونیانە بەم هێزە چەکدارە جەماوەریەوە. سێیەم/ مەیدانێکی تری ئەم بزووتنەوەیە خەباتە لە ئاستی نێونەتەوەیدا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی و بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان بۆ ئەم بزووتنەوەیە و خواست و خەباتی خەڵکی کوردستان و گوشاردانان لەسەر هێز و دەوڵەتەکانی پشتی پەلاماری ١٦ی ئۆکتۆبەر و داسەپاندنی ئەم دۆخە بەربەریانە و سات و سەودای حزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان، هەروەها پشتیوانی لە مافی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی. ئەمە بەدیل و ئاراستەیەکی کاراو پێشکەوتوانەیە لە جیاتی پەنابردنی حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و جیهان کە هیچ کات پشتیوانی ڕاستەقینەی مافەکانی خەڵکی کوردستان نەبونە و نابن.

دروست وایە ئەم بزوتنەوەیە لە سەرەوە بە دەستپێشخەری ڕابەران دەستی بۆ ببرێت، بێدرەنگ پێویستە لە ئاستی گەڕەک و کارگە و ناوەندەکان، هەروەها لە ئاستی توێژە جیاجیاکاندا لق و کۆمیتەکانی خۆی پێکبهێنێت. بەو ڕادەیەی کە ئەم کۆمیتانە شکڵدەگرن و ڕۆلی ڕابەری و ئیبتکاراتی ناوەند و دەوروبەری خۆیان بەدەستەوە دەگرن، لە هەنگاوی دواتردا دەتوانن ببنە پێشەنگی دامەزرانی شورا و ئەنجومەن و رێکخراوە جۆراوجۆرەکان بۆ بەدەستەوە گرتنی ئیدارە و کاروبار و خزمەتگوزاری لە گەڕەک و کارگە و فەرمانگە و شار و شارۆچکەکان…و…ئەرکی کۆمۆنیزم و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سۆسیالیستی و ئازادیخواز و هەموو ڕێکخراوە و کانون و دامەزراوە و لایەنە سیاسیە ئازادیخواز و بەرگریکارەکان لە ئازادی و ماف و بڕیاری خەڵکە لەم پێناوەدا رۆڵی خۆیان بگێڕن.

ناوەراستی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

تێبینی:ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٦ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە…www.bopeshawa.net

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*