Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 پێویستی شۆڕشی كۆمۆنیستی*
پێویستی شۆڕشی كۆمۆنیستی*

پێویستی شۆڕشی كۆمۆنیستی*

(*  كارڵ ماركس: ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی، به‌شی یه‌ك فیۆرباخ. دژوه‌ستانه‌وه‌ی دیدگای ماتریالیستی و ئایدیالیستی… به‌ندی پڕۆلیتاریاكان و كۆمۆنیزم ..)

وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزیه‌وه‌:
جه‌مال موحسین

سه‌رئه‌نجام، له‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌ له‌ مێژوو كه‌ گه‌ڵاڵه‌مان كرد ئه‌گه‌ین به‌م ئه‌نجامانه‌:

١-  له‌ گه‌شه‌ی هێزه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كاندا قۆناغێك دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ هێزه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان و ئامڕازه‌كانی تێكه‌ڵبوون دێنه‌ بوون، وه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌دا ته‌نها به‌دبه‌ختی پێكدێ و به‌مجۆره‌ش ئه‌و هێزانه‌ چیتر به‌رهه‌مهێنه‌ر نین و بگره‌ تێكده‌رن (یانی ئه‌بنه‌ ئامێر و پاره‌). هه‌ر له‌ په‌یوه‌ست به‌مه‌شه‌وه‌ چینێك دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ئه‌بێ هه‌رچی قورساییه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ بیخاته‌ سه‌رشانی خۆی بێ ئه‌وه‌ی له‌ سووده‌كانی به‌هره‌مه‌ند بێ، چینێك كه‌ خراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و ناچارئه‌كرێ به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ دژ به‌ هه‌موو چینه‌كانی تر. ئه‌م چینه‌ش زۆرینه‌ی ته‌واوی كۆمه‌ڵگا پێك ئه‌هێنێ و هه‌ر له‌م چینه‌شه‌وه‌ هوشیاری پێویستی شۆڕشێكی بنه‌ڕه‌تی دێته‌ده‌ره‌وه‌، واته‌ شۆڕشی كۆمۆنیستی كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ چینه‌كانی تریشه‌وه‌ سه‌رده‌ردێنێ له‌ ڕێی وردبوونه‌وه‌ی زیاتر له‌ هه‌لومه‌رجی ئه‌م چینه‌ سه‌ره‌كیه‌وه‌.

٢- ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی كه‌ له‌ سایه‌یدا هێزی به‌رهه‌مهێنه‌ری دیاریكراو هه‌یه‌ و هێزی كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌ خاوه‌نداریه‌تیه‌كه‌یانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ئه‌گرێ، له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا به‌كرده‌وه‌ و شێوه‌یه‌كی نموونه‌یی خۆی له‌ شێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا ده‌رئه‌بڕێ. وه‌ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ هه‌ر خه‌باتێكی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ دژی چینێكی دیاریكراوه‌ تا ئه‌و كاته‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌.

٣-  له‌ هه‌موو شۆڕشه‌كانی تا ئێستادا شێوازی چالاكی هه‌میشه‌ وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رچووه‌ و تاكه‌ مه‌سه‌له‌ له‌وه‌دا ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م چالاكیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازتر دابه‌شبكرێت، دابه‌شكردنێكی نوێی كار بۆ كه‌سانی تر. به‌ڵام شۆڕشی كۆمۆنیستی له‌ دژی شێوازی چالاكی پێشووتر ئاڕاسته‌ ئه‌كرێ و كار هه‌ڵئه‌وه‌شێنێته‌وه‌ و خودی چینه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی چینه‌كانیش هه‌ڵئه‌وه‌شێنێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌م شۆڕشه‌ له‌لایه‌ن چینێكه‌وه‌ پیاده‌ئه‌كرێ كه‌ ئیتر وه‌ك چینێك به‌ حساب نایه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگادا و وه‌ك چینێك ناناسرێ. له‌وه‌ش واوه‌تر خودی خۆی ده‌ربڕینێكه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌موو چینه‌كان و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و… هتد له‌ كۆمه‌ڵگای ئێستادا.

٤-  له‌ پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م ئاسته‌ جه‌ماوه‌ریه‌ له‌ هوشیاری كۆمۆنیستی به‌رهه‌م بێت و له‌ پێناو سه‌ركه‌وتنی خودی ئه‌م هۆكاره‌دا گۆڕانكاری مرۆڤه‌كان له‌ ئاستی جه‌ماوه‌ریدا پێویسته‌، گۆڕانكاریه‌ك كه‌ ته‌نها له‌ جوڵانه‌وه‌یه‌كی كرده‌ییدا ڕووئه‌دات، واته‌ له‌ شۆڕشدا. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م شۆڕشه‌ پێویستییه‌كه‌ نه‌ك ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌م ڕێیه‌وه‌ نه‌بێ ناتوانرێ شكستی پێ بهێنرێ، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و چینه‌ی كه‌ شكستی پێئه‌هێنێ ته‌نها له‌ شۆڕشێكدا ئه‌توانێ سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ستبهێنێ و خۆی له‌ هه‌موو پۆخڵه‌واته‌كانی سه‌رده‌مانی پێشوو ڕزگار بكات و بتوانێ كۆمه‌ڵگا دووباره‌ بنیات بنێته‌وه‌.

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*