Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 پێویستی و پێداویستیەکانی ڕووخاندنی دەسەڵاتی بۆرژوازی قەومی تاڵانچی!

پێویستی و پێداویستیەکانی ڕووخاندنی دەسەڵاتی بۆرژوازی قەومی تاڵانچی!

رێبوار ئەحمەد:

دوای ٢ مانگ لەخۆپێشاندان و هاتنە سەرشەقامی مامۆستایان و جەماوەری ستەمدیدە لەدژی تاڵان و بڕۆ و بڕینی موچە و نەمانی خزمەتگوزاریەکان، دەسەڵاتە تاڵانچیەکەی بۆرژو- ناسیۆنالیستی کورد لەجیاتی وەڵامدانەوە بەخواستە رەواو بەرحەقەکانی جەماوەر، پەنای بردەبەر سەکوت و داپڵۆسین. یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لەماوەی ئەم دوو مانگەدا، لەلایەکەوە بەوپەڕی ریاکاریەوە رووپۆشی “پشتیوانی لەخواستی خۆپیشاندەران”ی دابوو بەسەر ناوەرۆکی تاڵانگەرانە و سەرکوتگەرانەی خۆیدا، ئیتر پەتی سەبری بچڕاو خەسڵەتی سەرکوتگەرانەی خۆی و دوژمنایەتی راستەقینەی خۆی لەگەڵ خواستی خەڵک پیشان دا. ئەگەر ئەمە ببێتە وانەیەکی تر بۆ خەڵکی بێدەرەتان و ناڕازی کوردستان و پەیبردن بەناوەرۆکی راستەقینەی یەکێتی، ئەوکات لەئێستاوە دەبێتە دەسکەوتێکی ئەم قۆناغەی ناڕەزایەتیەکان. ئیتر پێویستە ئەم راستیە لەبەرچاوی هەموو خەڵک بێت کە یەکێتی لەگەڵ خەڵک بێداد دەکات و لەگەڵ تاڵانچیش تاڵان دەکات و هەرکاتیش بە چەواشەکاری و فریودان ناڕەزایەتی خەڵکی بۆ جڵەونەکرا، ئامادەیە بەزەبری چەکی دەزگاکانی سەرکوت و “پێشمەرگە قارەمانەکان” و داپڵۆسین پەلاماری ئەو خۆپیشاندانانە بدات کە گوایە تا دوێنێ ریاکارانە لافی پشتیوانی لێدەدا.

بزوتنەوەی گۆڕانیش هێشتا بەرژەوەندی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کەخۆی وەکو لایەنگری خۆپیشاندانەکان و خواستەکانی خەڵک نیشانبدات. ئەم جۆرە خۆنواندنە تەنها بۆ ئەوەیە ناڕەزایەتی خەڵک بکاتە کارتی فشار لەسەر پارتی بۆ چونە ژێرباری خواستەکانی و گێڕانەوەیان بۆسەر کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران. ئەگەر پارتی ملبەمە بدات، نەوشیروان مستەفا دیسانەوە بانگەوازی خەڵک دەکات بۆ “ئارام راگرتنی شەقام” و بە ئاژاوە ناوزەدکردنی خەڵکی برسی و ناڕازی. بەڵام هەر ئێستاش بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا قەراریان گرتوە کە؛ چۆنە خۆیان لایەنگری خواستی خۆپیشاندەران و یەکێتی هاوپەیمانیان سەرگەرمی داپڵۆسینی خۆپیشاندەران و رفاندنی هەڵسوڕانن؟ چۆن دەکرێت هەم هاوپەیمانی خۆپیشاندەران و هەم هاوپەیمانی داپڵۆسێنەری خۆپیشاندەران بیت؟! لەڕاستیدا گۆڕان هاوپەیمانی راستەقینەی داپڵۆسینەکەی یەکێتی و هاوپەیمانی درۆینەی خۆپیشاندەرانە. ئەمەش مۆری دووڕوویی دەنێت بەناوچەوانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕاستی راشکاو و یەکڕووە. روون و راشکاو دەڵێ هەموو داهاتی کوردستان بە تاڵان دەبەم، هیچ خزمەتگوزاریەک و تەنانەت موچەی خەڵکیش نادەم، دەسەڵاتیش پاوانە بۆ بنەماڵەی بارزانی، هەرکەسیش دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبکاتەوە بەلولەی چەکی “پاراستن و زێره‌ڤانی” فیشەک دەخەمە دەمیەوە. هەرچی حزبە ئیسلامیەکانە لەنێوان دووڕوویی گۆڕان و یەکێتی ویەک روویی  پارتی و سنگ دادڕینیش بۆ بێدەرەتانی خەڵکدا، یاری دەکەن و چەند روویی دەکەن. لەنێوان ئەم چەند جەمسەرەدا پەلەقاژە بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان لە دەسەڵات و سەپاندنی ئەحکام و داب ونەرێتەکانی داعش دەکەن. جگە لەوانە هیچی دیکە لە هەگبەکەیاندا نیە.

خەڵکی ستمەدیدە و بێدەرەتانی کوردستان چارەکە سەدەیەکە لە دژی ئەم دەسەڵاتە نگریسە خەبات دەکەن و داخوازی بەرزدەکەنەوەو لەو پێناوەدا قوربانی دەدەن. بەڵام ئەزمونی ئەم چارەکە سەدەیە بەم خەڵکە دەڵێت کە ئەمانە گوێی بیستنی دەرد و محنەت و خواستەکانی خەڵکیان نیە. لەم چارەکە سەدەیەدا تاقە یەک داخوازی و ویستی خەڵکی کوردستانیان بە تەواوی و راستگۆیانە جێبەجێ نەکردووە. تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەیان کردوە بە ئاواتێکی دوورە دەست بۆ خەڵک. ئەم ئەزمونە بەدەنگی راشکاو و بەرز بەخەڵکی کوردستان دەڵێت هەر جۆرە چاوەڕوانیەک  لەم دەسەڵاتە و لەهەرکام لە حزبەکانی بەشدار لەم ئەزمونە، وەکو خواردنەوەی ژەهرێکی کوشندە وایە. لەڕاستیدا ناکۆکیەکی لەچارە نەهاتوو لەنێوان ویست و بەرژەوەندی خەڵک و بەرژەوەندی ئەم دەسەڵاتە و لایەنەکانی بەشداربووی هەیە. خەڵک ژیانێکی شایستە بەم سەردەمە و خۆشگوزەرانی دەوێ، بەڵام خۆشگوزه‌رانی خەڵک بەمانای ئەوە دێت ئەم حزبە بۆرژوازیانە دەست لەتاڵان و بڕۆی داهاتی کۆمەڵگا هەڵگرن. ئەمەش فەلسەفەیەک بۆ داسەڵاتدارێتی ئەوان ناهێڵێتەوە. ئەوان بۆیە ئەوەندە عاشق و تامەزرۆی دەسەڵاتن تا بیکەنە شاڕێی بەرزکردنەوەی قەڵای سەروەتی خۆیان. لەڕوانگەی ئەوانەوە دەسەڵات بۆ ئەمە نەبێت نەبوونی باشترە. بۆیە بە چنگ و ددان هەوڵی راگرتنی دەسەڵاتی داسەپا و گەندەڵ و سەرکوتگەر و کۆنەپەرستی خۆیان دەدەن و هیچ گومانێکش لەوەدا نیە کەدوا قەترەی توانای فریو و داپڵۆسێنەرانەی خۆیان بۆ راگرتنی دەسەڵاتەکەیان بەکاردەبەن.

خەڵکی کوردستان  لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا چارەکە سەدەیەکە جۆرەها نەهامەتی و بێدەرەتانی و ژیانی سەخت و تراژیدیان تەحەمل کردوە. سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەم دەسەڵاتە وەکو بەرەی کوردستانی لە ١٩٩١ و دوای ئەوە هەڵبژاردنی پەرلەمان، دەورانێک  بێبەری بوونی خەڵکیان لە سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانە و لە کارەسات و نقومکردنی ژیانی ئەم خەڵکەیان بە “ساوایی حکومەت”ەکەیان پاساو دەدا. هەر ئەوکات بۆ دزینی قوتی خەڵک بە تەخشانکردنی چەواشەکاری لەبابەت “مامۆستا سەری بەرزی بۆ موچە نەوی ناکات” خەبات و ناڕەزایەتی ئەو قۆناغەیان جڵەوکرد. دواتربە شەڕی کۆنەپەرستانە و ماڵوێرانکەری ناوخۆیان فەزای خەباتی جەماوەریان تێکدا و ئەو شەڕەیان کرد بە بەهانەی بێدەرەتانی خەڵک. پاشان ساڵانێک خەڵکیان لەچاوەڕوانی یەکخستنەوەی دەسەڵاتە میلیشیاییە دوولەت بوەکەیان و رێککەوتننامەی ستراتیژیدا راگرت. لە دوای مایەپوچ بوونی دەسەڵاتەکەیان لە گشت ئەو پرۆسە ١٢ ساڵیەدا، ئینجا جەنگ و داگیرکاری ئەمریکایان وەکو ئومێدێک دەرخواردی خەڵکدا و ژەهراوی ناسیۆنالیستی و نەتەوە پەرستیان کردە ئەفیونێک بۆ تەفرەدانەوەی خەڵک. گوایە ئاسۆی دوارۆژێکی گەشاوە بۆ خەڵکی کوردستان لەگرەوی ئەوەدایە ئەم خەڵکە لەپشتی سیاسەتی پاشکۆیی بۆ میلیتاریزمی ئەمریکا و پرۆژە نەتەوەپەرستانەکانی ئەم حزبانە راوەستێت، تاوەکو ئەوان بتوانن مافی ئەم خەڵکەی کە لەلایەن بۆرژوازی کوردەوە بە تاڵان براوە، بە فیدراڵیزمی کۆنەپەرستانەی قەومی لە سکی حکومەتی عێراق و “نەتەوەی عەرب” دەریبهێنن. دوای لاچونی پەردەی فریوکاری لەسەر هەموو ئەوانە و تا رادەیەکی زۆر روونبوونەوەی بەرچاوی خەڵک لەئاست سیاسەت و ئاسۆی تەقلیدی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردی، ئینجا بزوتنەوەی گۆڕان و رەوتە ئیسلامیەکان بە پەیامی پوچ و فریوکارانەی چاکسازیەوە سوار سەری خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری بوون. گفتی ئەوەیان بە خەڵکدا کە ئەگەر ئەوان دەنگ بێنن و بڕۆنە پەرلەمان دەتوانن گوشارێک بۆ چاکسازی دروست بکەن و خەڵک لە نەهامەتی رزگار بکەن. بەم جۆرە گۆڕان و هاوپەیمانە ئیسلامیەکانی لە مەیدانی سیاسی قوتبونەوە و توانیان خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری و قوربانیەکانی بە تایبەت لە بزووتنەوەی ١٧ی شوباتدا، بکەن بە دەستمایەی شەریک بونەوەیان لە دەسەڵات و داهاتی بە تاڵانبراو. هەر کە بەم ئامانجە حەقیرانەیەش گەیشتن بانگەوازی خەڵکیان کرد کە “شەقام ئارام راگرن” و دەرفەت بکەنەوە بۆ دەسەڵاتی تاڵانچی تا بە ئارامیەوە لەسەر تاڵان و بڕۆ و لوشدانی داهات و قوتی خەڵک بەردەوام بێت. خۆشباوەڕی بە گۆڕان و ئیسلامیەکان لە راستیدا گورزێکی گەورە بوو لە خەبات و ناڕەزایەتی ئازادیخوازانەی جەماوەری بیێدەرەتان. بزووتنەوەی ١٧ی شوبات بەرهەمی زیاتر لە ٢٠ ساڵ بێزاری خەڵک لە زوڵم و ستەمی بۆرژوازی کورد و ئاستێک لە بەرچاو ڕوونبونەوەی خەڵکی کوردستان بوو، کە لە جەرگەی نەشونمای هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ناوچەکە و بە کاریگەری وەرگرتن لە شۆڕشی میسرو تونس، گەیشتە ئاستی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری. بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان ئەم بزووتنەوەیەیان بەرەوهەڵدێربرد و کردیان بە دەستمایەی سەودای قۆناغێکی خۆیان لەگەڵ یەکێتی و پارتی. باجی ئەمە لەسەر خەڵك بە درێژکردنەوەی تەمەنی نگریسی ئەم دەسەڵاتە و بێسەمەر مانەوەی دەورەیەکی دیکەی خەباتی جەماوەری تەواو بوو.

هەستانەوەی سەرلەنوێی بزووتنەوەی ناڕه‌زایەتی و بێباکی دەسەڵات بەرامبەر داخوازیە رەواو سەرەتاییەکانی خەڵک و گوێنەدان بە فەوتانی ساڵێکی خوێندنی دەیان هەزار قوتابی و خوێندکار، لەوەش ملهوڕانەتر هێرشە داپلۆسینەرەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر جەماوەری ناڕازی، بۆ چەندەهەمین جار حوکمی رووخاندنی ئەم دەسەڵاتەی دایەوە دەستی خەڵکی کوردستان. ئەم خەڵکە هیچ رێگایەکی بۆ ئاڵوگۆڕ و ژیانێکی باشتری لە پێش نەماوە جگە لەوەی کە لە هەناوی بەردەوامی دان بە ناڕەزایەتیەکانی ئێستادا، ئامادەکاری بۆ بەرامبەرکێی کۆتایی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە و رووخاندنی بکرێت. لەم کارەدا دەبێ بەڕۆشنی ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە لەم رووبەڕوو بونەوەیەدا لەگەڵ پێویستی ریزبەستن لە دەوری ئاسۆیەکی رادیکاڵ بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە پێناو ئایندەیەک کە دوور بێت لە نەهامەتیەکانی ئێستا، دەبێ ئامادەکاری بۆ ئەوە بکرێت کە سەرجەم حزبە بۆرژوازیەکانی کوردستان بە پارتی و گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامیەکانەوە، بە هەموو توانایان لە بەرامبەر بزووتنەوەیەکی وەهادا دەوەستنەوە. بێگومان هەرکامیان لە پێشدا هەوڵدەدات بۆ فریوکاری و بەلاڕێدابردن و بەرتەسک کردنەوەی ئاسۆی ئەم خەباتە بە جۆرێک کە جگە لە ئاڵوگۆڕپێکردنی پشکەکانی دەسەڵات لە نێوان ئەم حزبانەدا گۆڕانێک بە قازانجی ئازادی و خۆشگوزەرانی و بەگەڕکەوتنی ئیرادەی خەڵک روونەدات. بەڵام هەرکات لەم پێناوەدا فریوکاری و بەلاڕێدابردن برەوی نەما و نەیتوانی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵک جڵەو بکات، هەموو ئەم هێزانە بە تۆمەت بارکردنی خەباتی جەماوەر بە ئاژاوە گێڕی و بەهانەی پڕوپوچی دۆخی ناسک و بەرژەوەندی باڵای کورد و….دەکەونە بەرامبەر ئەم خەباتە و سەرئەرنجام ئامادەن بە هەموو هێزی چەکدارو دەزگاکانی سەرکوت خەڵتانی خوێنی بکەن.

خستنەڕووی ئەم ئاسۆیە هەڵبەت بە مانای ئەوە نیە کە رووخانی ئەم دەسەڵاتە بکرێتە دروشمی هەر جۆرە ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانێکی جەماوەری. ناڕەزایەتیەکانی رۆژانەی خەڵک پێویستە داخوازی دیاریکراو بکەن بە دروشمی خۆیان کە بەپێی گرفت و کێشە دەمودەستەکانی خەڵک و هەروەها هاوسەنگی هێزو هەموو لایەنەکانی ئامادەیی بزووتنەوەی جەماوەری دیاری دەکرێن. هەر پێشڕەویەک لە داسەپاندنی داخوازیە دەمودەستەکان هاوکات دەتوانێ هەنگاوێک لە چونەپێشەوە و گۆڕینی هاوسەنگی هێز بەقازانجی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە فەراهەم بکات. بەڵام هێنانەگۆڕێی مەسەلەی پێویستی رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە لە دوو روەوە بایەخی گرنگ و چارەنوسساز پەیدا دەکات؛

١: بردنی ئەم ئاسۆیە بۆ ناو خەباتی جەماوەری و چەسپاندنی ئەو باوەڕەی کە ئەم دەسەڵاتە هیچ چاکسازیەک هەڵناگرێت و هەر حزب و لایەن و سیاسەتێک کە بیەوێ خەباتی جەماوەری لە بازنەی مانەوەی دەسەڵاتی ئیستادا بخولێنێتەوە، کۆنەپەرستانە و رێگرە لەبەردەم ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی وتەنانەت چارەسەری کێشە دەمودەستەکانی ئێستاش. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە ریشەی ئام ئاسۆیە لە ناو جەماوەری کرێکارو خەڵکی ستەمدیدە بەهێز بکرێت و خەباتی جەماوەری ئاسۆی تەسک و کۆنەپەرستانەی رەوتە بۆرژوازیەکان تێپەڕێنێ. پێویستە رەخنەیەکی شۆڕشگێرانە لەم دەسەڵاتە و لە هەلومەرجی ئێستا بدرێتە دەستی بزووتنەوەی جەماوەریەوە. ئەم رەخنەیە دەتوانی ببێتە بنەمای سیاسی جیاکردنەوەی ریزی بزوتنەوەی جەماوەری لە رەوتە بۆرژوازیەکان کە هەوڵدەدەن ئەم بزووتنەوەیە بکەنە مەقاشی دەستیان بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان.

٢ هێنانە گۆڕێی ئەم ئاسۆیە و دانانی لە دەستوری کاری بزووتنەوەی جەماوەری بەمانای دابینکردنی پێداویستیەکانی جێبەجی کردنیەتی لەڕووی رەوتی سیاسی- تاکتیکی و ئاسۆی سیاسی و ڕێکخراوەیی و رابەری و شێوەکانی خەباتەوە. لە ئێستادا لەگەڵ ئەوەشدا کە هەندێک کات دروشمی “بڕوخێ بڕوخیێ” لە ناو خۆپیشاندانەکاندا دەووترێنەوە، جا چ بەشێوەی خۆبەخۆیی لە ئەنجامی توڕەیی خەڵکدا بێت یان یان بەپێی سیاسەتی عەجولانە و چەپڕەوی منداڵانە وەیان ئاکامی یاری کردنی سیاسی لایەنە بۆرژوازیەکان بێت بە خەباتی جەماوەری لە پێناو مەرامەکانی خۆیان، بەڵام لە راستیدا ئەم کارە لە دەستوری بزووتنەوەی جەماوەریدا نیە. هەر بەو بەڵگە سادەیەی کە هیچ کارو هەوڵێک بۆ دابینکردنی مەلزوماتەکانی لە دەستورو لە ئارادا نیە. نەک هەر لە ئاردا نیە، بەڵکو لەبەرچاویش نیە و جێگای باسیش نیە.  لە دەستور دانانی ئاسۆی رووخاندنی دەسەڵاتی مافیا و تاڵانچی و داپڵۆسێنەری بۆرژوازی کورد، دروشمێک نیە بۆ یاریکردنی نابەرپرسانە و عەجولانە بەچارەنوسی خەباتی جەماوەری، بەڵکو بە مانای لە دەستور دانانی جۆرێکی ترە لە کارکردن بۆ ئامادەکاری کە دەرەقەتی ئەم مەسەلەیە بێت. رەنگە نە پێویست و نە گونجاوبێت لە خۆپیشاندانەکانی ئێستادا ئەم دروشمە بوترێتەوە، بێگومان بەرزکردنەوەی ئەم دروشمە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی هێز و پێداویستیەکانی، دەتوانێ دەستی دەسەڵات بۆ سەرکوت بکاتەوە. مەسەلەی گرنگ ئەوەیە کە ئامادەکاری بۆ دابینکردنی مەلزوماتەکانی ئەم کارە بکەوێتە دەستوری بزوتنەوەی جەماوەریەوە.

یەکێک لەلایەنە هەرە لاوازەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری ئەم قۆناغە نارێکخراوی و رۆڵی لاوازی چینی کرێکارە لەم بزووتنەوەدا. بە پێچەوانەی دەیەی نەوەتەکان کە بە دەستپێشخەری و رابەری و رۆڵی بەرجەستەی کۆمۆنیزم و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست لە زۆرێک لە ناوەندەکان، رێکخراوە کرێکاری و جەماوەریە رادیکاڵەکان هاتنەمەیدانەوە و رۆڵێکی سازدەرو رابەری گرنگیان لەبزووتنەوەی جەماوەری ئەو قۆناغەدا بینی، لەوانە بە تایبەت (یەکیتی بێکاران، رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان، رێکخراوەکانی نەخۆشخانەکان و ئاوارەکان و کارگەکان..هتد.). لەم قۆناغەدا تا ئەو رادەیەش کە شێوازێک لە رێکخراوبون هاتوەتە ئاراوە (دەستەکانی ناڕەزایەتی و لیژنەکانی مامۆستایان و …) بەڵام زۆر دوورە لەو ئاستەی کە رێکخەرو رابەری بزوتنەوەی رووخاندنی دەسەڵاتی تاڵانچی و داپلۆسێنەری حزبە بۆرژوازیە قەومیەکان بێت. ئەم ئاستە لە رێکخراوبوون کە دەرکەوتووە بێگومان گرنگی خۆی هەیە، بەڵام گرنگیەکەی لەوەدایە کە دەستپێشخەریەک بنوێنێ بۆ پێکهاتنی ڕێکخراوەی جەماوەری رادیکاڵ لە ناوەندەکانی کارو خوێندن و گەڕەکەکان، دەستپێشخەری بکات بۆ بەرپاکردنی شورا و سەندیکا و یەکێتیە کرێکاری و جەماوەریەکان. لە جیاتی ئەوەی کە زۆرتر جەختی لەسەر بانگەوازکردن بێت بۆ ئاکسیۆن و خۆپیشاندانی یەک لەسەر یەک و سەرئەنجام ماندوبوون و نائومێدبونی جەماوەر، پێویستە کاری سازدەرانە بکات بۆ رێکخراکردن و بردنەسەری توانای بزووتنەوەکە بە رێکخراوبوون و سەربەخۆکردنی ریزەکانی لە رەوتە بۆرژوازیە جیاجیاکان. پێویستە جەخت لەسەر پەیوەستکردنی چینی کرێکار و رۆڵی پێشڕەوی ئەم چینە بکرێت. بەبێ هاتنەمەیدانی کرێکاران و گۆڕانی ناوەندە کرێکاریەکان بەمەیدان و سەنگەرێکی ئەم بزووتنەوەیە، پێشڕەوی ئەستەم و دابڕانی بزووتنەوەکە لە ئاسۆ بۆرژوازیە کۆنەپەرستەکان و سەرئەنجامیش رەوتی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا بە ئاکام ناگات.

ئەگەر ئێستا نە تەنیا بۆ هەڵسوڕاون و رابەرانی رادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیست و شۆرشگێڕ، بەڵکو بۆ بەشێک لە جەماوەری ناڕازیش ئەو راستیە رۆشنبوەتەوە کە بەبێ روخانی ئەم دەسەڵاتە بۆرژوازی قەومیە تاڵانچیە، چارەسەرێکی راستەقینە بۆ مەینەتیەکانی ئێستا و پێکهاتنی ئاڵوگۆڕێ بنەڕەتی مەیسەر نابێت. ئەوکات دەبێ ئەوەش رۆشن بێت کە رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە و جێگاگرتنەوەی بە دەسەڵاتێکی ئازادیخوازانەی پشتبەستو بە ئیرادەی خەڵک کە بتوانێ بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکات و کوردستان لە گێژاوی هەمەلایەنەی فیدراڵیزمی قەومی شکستخواردو و دەسەڵاتی میلیشیایی تاڵانکەر دەربهێنێت، جۆرێکی تر لە کار دەخوازێت کە جیاوازیەکی چۆنایەتی هەیە لەوەی تا ئێستا دەکرێت. ناوه‌رۆکی ئەم کارە بریتیە لە بەرجەستە کردنی رەخنەیەکی سۆسیالیستی و رادیکاڵ لە دۆخی ئێستا و لە ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستی و پەردەهەڵماڵین لەسەر کۆنەپەرستی مەیلی فریوکارانەی چاکسازی، بەهێزکردنی مەیلی روخاندنی ئەم دەسەڵاتە لە ناو جەماوەرو بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، دابینبوونی رابەرایەتیەکی سیاسی عەمەلی شۆڕشگێڕ و رادیکاڵ و جەسور بۆ ئەم بزووتنەوەیە، وە دەستبەکاربوون بۆ رێکخراوبوون و بەرپاکردنی بەکردەوەی شورا و رێکخراوە جەماوەریە رادیکاڵەکان کە هەم دەتوانن ئامڕازی سەرخستنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئێستابن چ بۆ دەستەبەرکردنی خواستە دەستبەجێکان و چ بۆ بردنەسەری توانای بزووتنەوەکە تا ئاستی بزووتنەوەی رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستا، هەم دەتوانن ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەوری شۆڕشگێڕانەبن لە جێگای دەسەڵاتی سەرو خەڵکی ئێستا. ئەمە ئەرکی هەر حزب و لایەن و هەڵسوڕاوانێکە کە هەڵپێچانی دەسەڵاتی بۆرژوا قەومی و میلیشیایی و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکی پشت بەستوو بە ئیرادەی خەڵک و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سکولارو غەیرە قەومی لە کوردستاندا بە کاری دەم و دەستی خۆی بزانێت.

٧ دێسەمبەری ٢٠١٦

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *