Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 پەرلەمان شوێنێکە  بۆ پڕکردنی گیرفانەکان

پەرلەمان شوێنێکە  بۆ پڕکردنی گیرفانەکان

نووسینی: ڕۆژ عەزیز

٢٧ساڵە سەرانی ناسیونالیستی کورد بەشێوازی جۆراجۆر شەرعیەت بە دەسەڵاتیان دەدەنەوە، ٢٧ساڵە ئەمانە بەناوی پەرلەمان وحکومەتیانەوە خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک و هەر چوار ساڵ جارێک بەکۆمەڵێک درۆی گەورە خەڵک پەرلکێشی سەر سندوقەکان دەکەن. دەسەڵاتی ناسیونالیستی کوردو حیزب و بزوتنەوە شەریکەکان لە دەسەڵات ئەوەندەیان پارە هەیە کە بۆ دەنگدان باکیان نییەو بەشی خۆیان دەنگ دەهێنن، زۆر خەڵکیان وەک کرێگرتە بەرهەم هێناوە.

هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز لەجارانەو خەڵكێکی زۆر نەچووە پای سندوقەکان تا دەنگ بدەن، سەرەرای ئەوەی ساختەکاری  زۆریان کرد بەئاشکراو ئەوانەی کە لەم پرۆسەیەشدا بەشدار بوون بێجگە لەیەکێتی پارتی باسیان لەساختەکاری دەکرد کە بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ساختەکاری زۆری کرد، کەچی کۆمەڵی ئیسلامی یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی نەوەی نوێ و بزوتنەوەی گۆران ناڕازی بوون بە ئەنجامی پرۆسەکە، بەڵام لەپڕێکدا هەموویان بێدەنگ بوون رازی بوون بەئەنجامی هەڵبژاردنەکەو دەستیان خستە نێو دەستی یەک تا پەرلەمانێک دروست بکەن خۆیان شەریک بن و سەروەت و سامانی کۆمەڵگە لوش بدەن.

ئەمانە هیچ شەرمیان نەکرد کە لەدوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بەتایبەتی نەوەی نوێ وگۆڕان نارازی بوون بەدەرەجەی یەکەم، عەلی حەمە ساڵحی گۆڕانخواز سەری زمان وبنی زمانی باسی ساختەکاری ئەم دوو حیزبە گەورەی دەکرد کەچی ئەمرۆ باسێک نەما لەوەی ساختەکاری کراوە، بگرە هەموویان چونەوە باوەشی پەرلەمانە نازدارەکەی یەکێتی و پارتی. ئەوسا ئێمە وتمان ئەمانە بۆئەوە وا دەکەن تا شتێک زیاتریان پێ بدەن لەپۆست و پارە و ئیتر بێدەنگ دەبن ، ئێستا مەعلوم بوو ئەمانە کە تەنها هاتوهاواری ئەوەیان بوو تا کورسیەک یان پۆستێک زیاتریان پێبدەن. مەهزەلەی سیناریۆی گاڵتەجاری ئەم پەرلەمانە ئەوەیە کە یەکێکی وەک جەلال پەرێشان بەپاسکیلەوە دەچێتە پەرلەمان و سندوقێکی سکاڵای بە دوای پاسکیلەکەیەوە داناوە بەرەو پەرلەمان دەچێت گوایە سکاڵا دەخەنە ناو سندوقەکەوە ئەوان لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن و لەرێگای یاساو دادگاوە کێشەکان چارەسەر دەکەن. وەکو ئەوەی سکاڵا و خواست و داوکاری هاوڵاتیان شاراوە بێت!!

لەجەلال پەرێشان دەپرسین بۆ دادگاو یاسا ماوە لەکوردستان تا سەربەخۆیی خۆیان هەبێ؟ بۆ بێجگە لە حوکمی میلیشیایی وحیزبی هیچ یاساو دادگایەک هەیە؟ دەپرسم لێپرسینەوە لەکێ دەکەن خۆ دەسەڵات و پەرلەمان حیزبەکان هەموو لەم بارودۆخە بەرپرسن، هەموویان خەریکی تاڵانکردنی  سەروەت وسامانی کۆمەڵگەن. بەتاڵان بردنی نەوتی کوردستان لەلایەن حیزب و بەرپرسەکانەوە  کەس لێپێچینەوەی کردوە تا لە سکاڵای سندوقەکەی جەنابت  لێ پرسینەوە بکەن؟ خۆ دەرخستن بە سواری پاسکیل و وا نیشاندان کە هیچت نییە، من دڵنیام چەند رۆژی تر پاسکیل فڕێ دەدەیت و جوانترین مۆدێلی سەیارەت پێ دەبێت، چونکە پەرلەمانەکەتان تەنها بۆ گیرفان پڕ کردنە ئەگینا هیچی تر نییە، خەڵکی کوردستان کێشەی لەگەڵ دەموچاوەکانی پەرلەمانتارانی تۆ و ئەوانی دیکە نییە؟ کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بەرێوەبردنی ئەو سیستەم و دەسەڵاتەیە کە هی ئەوان نییە، بگرە پەرلەمان دەسەڵات، هی کۆمەڵێک ئەحزابی میلیشیای و عەشیرەتییە کە بێجگە لە گیرفان پڕکردن هیچی دیکە ناکات.

جەلال پەرێشان دەیەوێت هەمان سیناریۆی هەڤاڵ ئەبوبەکری بزوتنەوەی گۆڕان بکات کە بە پاسکیلەکەی دەچووە دەوام لەپارێزگای سلێمانی، بەڵام ئێستا دەپرسین هەڤاڵ ئەبوبەکر هەر بە پاسکیل دەچێتە دەوام لەپارێزگای سلێمانی؟ هەموو ئەمانە نمایشی درۆزنانە دەکەن تا بچنە شوێنی پۆستەکانیان دواتر بەگیرفانی پڕەوە بەسەیارەو موچەیەکی زۆرەوە دێنە دەرو چوار ساڵ پارەیەکی خەیاڵی وەردەگرن ودواتر خانەنشین دەکرێن. لەکاتێکدا لە دنیادا شتی وانییە پەرلەمانتار بە چوار ساڵ خانەنشین بکرێت، مەگەرلە پەرلەمانە گاڵتەجاڕیەکەی سەرانی کوردو گوێ لەمشتەکانیان ئەمە هەبێت.

مەهزەلەیەکی دیکە ئەوەیە ئەم پەرلەمانتارانە خاوەنی بریاری سەربەخۆی خۆیان نین بگرە بەئیعازی حیزب و بزوتنەوەکەیان لەپەرلەمان پێشنیار دەکەن. کەسایەتیەکی وەک شیرینی هاوسەری رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی چۆتە پەرلەمانێکەوە کە  هاوسەرەکەیان لەبەرچاوی دایکە جەرگ سوتاوەکەی تیرۆر کرد، کەچی ئەمڕۆ چۆتە ئەو پەرلەمانەو شەرعیەت بەرەوایەتی ئەو پەرلەمانە گاڵتەجاریە دەدات کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستی هەبوو لەکوشتنی کاوە گەرمیانیدا کە نیوەی پەرلەمان ئەو بەڕێوەی دەبات.

دەکرێت لە شیرینی هاوسەری کاوە گەرمیانی بپرسین کە چوویتە پەرلەمان خزمەت بەکام پەرلەمان و بەکام  دەسەڵات دەکەیت؟ خزمەت بەو پەرلەمانە ناکەیت کە حیزبێکی سەرەکی تێیدا بەشدارە کە بەرپرسی کوشتنی  کاوە گەرمیانی یە؟ دەپرسم پەرلەمانی پێشوو بکوژی کاوە گەرمیانی دۆزیەوە بەسزای یاسایی خۆی گەیاند؟. ئێستا نازانم هاوسەری کاوە گەرمیانی پەرلەمانی یەکێتی وپارتی گەرم دەکات یان بەنیازە لەپەرلەماندا بکوژی کاوە گەرمیانی بۆ بدۆزنەوە، کە دڵنیام هەرگیز بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە ناکەن.

شیرینی هاوسەری کاوە گەرمیانی قوربانی ئەو سیستەم و دەسەڵاتەیە کە ئەمرۆ خۆشی چۆتە نێو پەرلەمان و خزمەت بەو دەسەڵاتە دەکات کە دوورو نزیک پەیوەندی بەژیانی خەڵکەوە نییە تەنانەت لەگەڵ پەرلەمانی بۆرژوازی دنیاش ئەم پەرلەمانە جیاوازی هەیە  تەنها حیزب و میلیشیا لەپشتی ئەم پەرلەمانەن و لەئاست خواست وداواکاری خەڵکی زەحمەتکیشدا بێدەنگیان هەڵبژاردوە. لەئاست ئاو کارەبا بێموچەی و بێکاری و لەئاست سەرەتایترین خواست و داواکاری خەڵک  هیچ هەنگاوێکی باشی نەناوە، تەنها ئەوە نەبێت هەر چوار ساڵ جارێک کۆمەڵێک دەموچاوی دیکە تێر دەکەن لەپەرلەمانەکەی خۆیان.

هەموو ئەم کردەوانەی پەرلەمانی ئەم جارە بۆتە نارەزایەتی تۆڕە کۆمەلایەتی و میدیاکان کە هەموو پەرلەمانتارێک  ٤٩ ملیۆن دینار وەردەگرێت، کەدوای چوار ساڵیش خانەنشین دەکرێت بەبڕی ٦ملیۆن ونیو دینار، ئەم پارە هەڵڕشتنە بۆ پەرلەمانتاران بەمجۆرە  بۆتە نارەزایەتی خەڵک بۆیە بەشێک لەپەرلەمانتاران  لەبەر کەسایەتی خۆیان و بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوە دەڵێن ٤٩ ملیۆن دینارەکە وەرناگرین یان دەڵێن دەیدەینە نەخۆشخانەی هیوا، وە حاجی کاروانیش دەڵێت ئەو ٤٩ ملیۆن دینارە لیژنەی فتوا حەڵاڵی کردوە  بۆیە وەری دەگرم، هەر حاجی کاروان نییە بەنیازە بەناوی حەڵالەوە ٤٩ ملیۆن دینارەکە وەربگرێت پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامیش دەڵێت ٤٩ ملیۆنەکە حەڵاڵە. لەم ئیسلامیانە دەپرسم بەکام پێوەر پارەکە بۆ ئێوە حەڵالە بە پێوەری مەلاکان و لیژنەی فتواکان کە پارەکەی باش لە دەسەڵات وەردەگرن مانگانە؟ دیارە ئەوان چونکە مشەخۆری دەسەڵاتن هەم بۆ ئێوەو هەم بۆ دەسەڵاتیان حەڵاڵ کردوە. دەڵێم ئەگەر بەپێوەر شەرعەکەی خۆشتان بێت نەک ئەو ٤٩ ملیۆن دینارە، بەڵکو موچەکەی وەری دەگرن لە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار کە موچەی حزبیەکەشتانە هەمووی حەرامەو قوتی خەڵکە، بەس چونکە لەدزیدا شەریکە بەشن گوێ بە حەرام وحەڵاڵ نادەن چی بۆ خۆتان و دەسەڵات حەڵاڵ بوو دەیکەن  هەرچیش بەدڵتان نەبوو حەرامی دەکەن، وەکو چۆن یاری پۆبچی حەرام دەکەن بەس ٤٩ ملیۆن دینارو موچەی ئەحزاب حەڵاڵە بۆتان کە قوتی خەڵکی کوردستانە.

پەرلەمان و پەرلەمانتاران هیچ پەیوەندیەکی نییە بەژیان وگوزەرانی خەڵکەوە، وە لەپەرلەمانیش هیچ بریارێکی بەقازانجی خەڵک نییەو پەرلەمانتارانیش هیچ ئالوگۆرێکیان پێ ناکرێت گەرچی ئەگەر هەندێکیان جاروبار باسی ژیان و گوزەرانی خەڵک بکەن، چونکە دوو حیزبی حاکم بەزەبری چەک حوکم دەکەن و پەرلەمانەکەشیان بریارێک دەرناکات بە قازانجیان نەبێت و بگرە پارتی ویەکێتی زۆرینەن ئەوان هەرگیز دەنگ لەسەر پرۆژەیەک نادەن کە تێیدا زەرەرمەند بن. هەربۆیە تەوەهومە بەدیار چاوەڕوانی ئەم پەرلەمانەو ئەندام پەرلەمانەکانەوە دانیشین، خەڵکی نارازی کرێکاران وزەحمەتکێشان دەبێت لەدژی پەرلەمان پەرلەمانتاران و دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی بێنە مەیدان وخەباتی سەراسەری یەکگرتوانە رێک بخەن بۆ لابردنی ئەم دەسەڵات و سیستەمە کە بێجگە لە نەهامەتی هیچی دیکەی بۆ خەڵکی کوردستان نەهێناوە. ئەم دەسەڵاتە ناعادلانەیە ٤٩ ملیۆن دینار دەداتە هەر پەرلەمانتارێک کەچی لەولاوە ڕوبعە موچە دەداتە موچەخۆران و دەشڵێن پارەو داهاتمان نییە ئاخر ئەمەیە  دەسەڵاتی ناعادلانە کەئێمەو خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان لێی نارازین …

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *