Home 6 ئۆکتۆبه‌ر 6 پەیامێک بۆ خەڵکی عێراق!
پەیامێک بۆ خەڵکی عێراق!

پەیامێک بۆ خەڵکی عێراق!

ڕێبوار ئه‌حمه‌د

کرێکاران جەماوەری ئازادیخوازی عێراق!

حکومەتی ناسیۆنال-شۆفێنست و ئیسلامی بەغدا هەرچۆن ئێوەی نوقمی هەژاری و بێمافی و نائەمنی و جەنگ و کۆنەپەرستی کردوە، لە بەرامبەر خەڵکی کوردستانیشدا خەو بە زیندوکردنەوەی نەرێتە فاشیانەکانی رژێمی بەعسەوە دەبینێت. ئەم خەڵکە دوای ئەوەی دەیان ساڵە سەرکوت و ستەمی وەحشیانە و کوشتاری جەماعیان بەسەردا سەپێنرا، دوای ئەوەی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هیچ کاتێک ملیان بەوە نەدا وەکو هاوڵاتی خاوەن مافی یەکسان لەگەڵ باقی دانیشتوان چاویان لێ بکەن، دوای ئەوەی دەیان ساڵ ناچارکران بەو حوکمەی بەزۆر بەسەریاندا سەپێنراوە، وە دوای ئەوەی ئەم رەفتارە سەرکوتگەرانە و شەڕ و ناکۆکی هەردوو ناسیۆنالیزمی کورد و عەرەب بوارێکیان نەهێشتەوە بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و ئازادانەی خەڵکی هاوچارەنوسی عێراق و کوردستان، لە ٢٥ی سەپتەمبەردا ئەم خەڵکە بڕیاری دڵخوازی خۆیان دا بە جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئەمە سەرەتاییترین مافە بۆ خەڵکێک کە هیچ تاوانێکی دژی ئینسانی نەماوە لەلایەن دەوڵەتی مەرکەزیەوە لە دژیان ئەنجام نەدرابێت.

ڕیفراندۆم و جیابونەوەی کوردستان وەکو ڕێگایەکی ناچاری، لە ئاکامی ئەو دۆخەی کە دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی عێراق و ناکۆکی و شەڕی هەردوو ناسیۆنالیزمی کورد و عەرەب پێکیانهێناوە، بە قازانجی هەموو خەڵکی عێراق و کوردستانە. بە قازانجی خەباتی چینی کرێکار و کۆمەڵانی زەحمەتکێشە لە دژی چەوسانەوە و مەحرومیەتەکانی ئێستا. کێشەی کورد کە دەیان ساڵە لە ئارادایە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە رۆڵەی کرێکار و زەحمەتکێشی کورد و عەرەبی کردوەتە قوربانی قازانجپەرستی بورژوازی، هەروەها کۆسپێکی گەورەی لەبەردەم گەشەی خەباتی چینایەتی و ئازادیخوازانە پێکهێناوە. دووبەرەکی و قلشت و ناکۆکی لە نێوان کریکاران و جەماوەری ستەمدیدەی کوردزمان و عەرەبزمان خوڵقاندوە..و…بە کۆتایهاتنی ئەم کێشە سیاسیە لانی کەم ئەو بەڵا و گرفتانە لە کۆڵ خەڵکی عێراق و کوردستان لادەچێت و بوار دەکرێتەوە بۆ ئەوەی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی عێراق و کوردستان لەسەر بناغەی هاوچینی و هاوچارەنوسی و ئەصلی ئینسانیەت و ئەنتەرناسیۆنالیزم، دەستخەنە ناو دەستی یەک و بەسەر ئەو قڵشت و ناکۆکی و دوژمنایەتیەدا زاڵبن کە شوناسی درۆزنانەی قەومی لە نێوانیاندا خوڵقاندوێتی.

ئێوە دەبینن ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان تەنها لەبەر ئەوەی بڕیاری ئازادانەیان لەسەر ئایندەی سیاسی خۆیانداوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و جیهانەوە کەوتونەتە بەر هەڕەشەی گەمارۆی جۆراوجۆری سیاسی و ئابوری و هاتوچۆ و تەنانەت وەکو سەردەمی رژێمی بەعس هەڕەشەی سەربازیان لێدەکریت و کەڵبەی خوێناویان نیشاندەدرێت. خودی ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ئەگەر هەرجۆرە دوودڵیەک لە ناو خەڵکی کوردستاندا مابێت بۆ مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا بە تەواوی وشاکیی بێت. لەم کاتەدا ئەوە ئەرکێکی چینایەتی و هاوچارەنوسی و سیاسی و ئینسانی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی عێراق، هەروەها هەموو لایەنێکە کە خۆی بەلایەنگری ئازادی و مافی مرۆڤ بزانێ و بە تەنگی ئەوەوەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی قەومی، لە دژی ئەم بڕیارە دڕندانە و دژی ئینسانیانەی دەسەڵاتدارانی عێراق ڕاوەستێ کە لە دژی خەڵکی کوردستان و بۆ سزادانی ئەم خەڵکە گیراونەتەبەر و دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕێت. ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەستیان بۆ بردووە زەنگیکی مەترسیدارە نەک هەر بۆ قوڵکردنەوەی ناکۆکی و قلشتی قەومی، بەڵکو مەترسیەکی گەورەیە بۆ هەڵگیرسانی شەڕێکی کۆنەپەرستانەی قەومی و بە قوربانی کردنی جەماوەری ستەمدیدە.

ئیستا خەڵکی کوردستان پێویستیان بە هاوپشتی ئێوە هەیە! ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵکی کوردستان لە کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی عەرەبزمانی عێراقەوە پەیامێکی جیاواز و ناکۆک و دژ بە هەڕەشەی دەسەڵاتداران ببیستن! کاتی ئەوەی خەڵکی کوردستان ئێوە لە پەنای خۆیان ببینن و بەم جۆرە هاوچارەنوسی و هاوپشتی جێگا بدات بەو نفرەت و کینە کۆنەپەرستانەیەی کە هەردوو ناسیۆنالیزمی کورد و عەرەب خوڵقاندویانە. بە ڕاگەیاندنی پەیام و یاداشتانمەی ناڕەزایەتی و کۆبونەوە و خۆپێشاندان و هەرجۆرێک کە بۆتان دەکرێت بە گژی ئەم هەڕەشە و گوڕەشانەی دەسەڵاتدارانی بەغدادا بچنەوە و ریسوا و شەرمەزاری بکەن و گوشاریان بۆ بهێنن کە رێز لە ماف و ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگرن. بەر لە هەموان ئەوە ئەرکی کرێکارانی سۆسیالیست و هەڵسوڕاوان و بزووتنەوە و لایەنە کۆمۆنیست و چەپ و ئازادیخوازەکانە دەستۆێشخەربن بۆ هێنامەیدانی جەماوەر لە دەوری ئەم پەیامە.

٢٩-٩-٢٠١٧

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*