Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 چی لە پەرلەمانی پلە باڵاکان چاوەڕوان دەکرێ؟ …

چی لە پەرلەمانی پلە باڵاکان چاوەڕوان دەکرێ؟ …

ئاسۆ کمال

ڕەخنەیەکی زۆر لەو ئەندام پەرلەمان و حزبانە دەگیرێت کە دەنگیان بە یاسای “چاکسازی لە موچەو خانەنشینی پلە تایبەت و باڵاکان” داوە.

بەڵام ئایا پەرلەمانی کوردستان بێجگە لە فەرمی کردنەوەی دەوڵەمەندبوونی چینی پلە باڵای حزبە دەسەڵاتدارەکان هیچ کارێکی تری لێ چاوەڕوان دەکرێت؟

ئەندام پەرلەمانەکان بەشێک لەو دەزگا ڕەسمیانەن کە پێویستە دابەشکردنی داهاتی کوردستان بەپێی ڕادەو نفوزی حزبە دەسەڵاتدارەکان بکەنە یاسا و هیچی تر. بەڵام ڕەخنەکان لەم ئەندام پەرلەمان و حزبەکانیان نیشانی دەدا کە هێشتا چاوەڕوانیەک لە ئەندام پەرلەمان هەیە کە پێچەوانەی شەپۆل مەلە بکات و لەیاسای خانەنشینیدا پێچەوانەی بەرژەوەندی بەشی چینە دەسەڵاتدارکەی خۆی دەنگ بە یەکسانی لە موچەی خانەنشینی هاوڵاتیاندا بدات.

ئەمە چاوەڕوانیەکی هەڵەیە. پەرلەمانتار نوێنەری ئەو حزبانەیە کە بودجەیان لەژێر دەستدایەو لەو یاسای چاکسازیەدا دەبێت ئەم حزبانە بەشی ئەندامە پلەباڵاکانی خۆیان مسۆگەر بکەن تاکو بتوانن باڵادەستیان بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا درێژە پێبدەن.

هەربۆیە مەسەلەکە موچەی ئەو٨٠-٩٠ ئەندام پەرمانە نیە کە دەبێت دەوڵەمەند ببن لە ٤ساڵدا، بەڵکو مەسەلەی سەرەکی دەوڵەمەندکردنی ئەو لەشکرە هەزاران کەسیەیە لە چینی باڵای حزبە دەسەڵاتدارەکان کە دەبێت بۆ هەمیشە بە پێی یاسا بە مسۆگەری دەوڵەمەند بکرێن.

ئەم ٤ ملێۆنەی پەرلەمنتارانی ئەم دەورەیە وەری دەگرن شیرینی کڕینی یاسایەکە بۆ مسۆگەرکردنی دەوڵەمەندکردنی پلە باڵاکانی ئەم حزبانە. پەرلەمانتارانی ئەم حزبانە خۆیان بەشێکن یان ئەگەر تازەش بن دەیانەوێت ببن بەبەشێک لە چینی باڵای حزبەکانن و نایانەوێت بخزێنە خوارەوە بۆ چینی پلە نزمەکانی کۆمەڵگە.

بێگومان ئەگەر ئەم پەرلەمانتارانە بەم کارە هەڵنەستن ئەوا مسۆگەر نانبڕاوو ٤ ملێۆن بڕاو دەبن و ئەوانیش چ ئیلتزامێکیان بەو دەنگانەوە هەیە کە حزب لە خەڵک بۆی کۆکردونەتەوە؟

سبەینێ حزب خۆی ئەو دەنگانە بەمسۆگەری بۆ جارێکی تریش کۆدەکاتەوە، لەبەرئەوەی هەمیشە کارتی دەنگدان بە بارمتە گیراوە لەلای ئەم دەسەڵاتدارانە لەبەرامبەر ملکەچی دەنگدەر بەو سەرچاوەیەوە کە بودجەو موچەو کارو مافی بەپێی وەلائی حزبی لە دەزگای فەرمی و تایبەتدا ڕیکخستووە.

ڕەخنەگرتن لە کوردستاندا لە خودی پەرلەمانە کە پەرلەمانی پلە باڵاکانەو هیچی تر. پەرلەمانتاران ناتوانن ئەم دەزگایەو میکانیزمی کارکردن و یاساکانی بگۆڕن، بەڵکو ئەوان شۆفێرێکن کە ئەم دزیە ئاشکرایەی چینی دەسەڵاتداری حزبەکان بکەنە یاسایەکی نایەکسانی و عارەقی دەوڵەمەندبوونی خێرای خۆیان لە زەحمەتی پلە باڵابونی خۆیان لەبەرچاوی جەماوەری کرێکارو فەرمانبەرو هەژاری کوردساندا بسڕن.

گۆڕینی موچەو خانەنشینی و بەشی ئەم خەڵکە کەمدەرامەتەی کوردستان لە ڕێگەی گۆڕینی ئەخلاقی پەرلەمنتارانەوە ناکرێت بەڵکو وەک خۆپیشاندانەکانی کرێکاران و فەرمانبەرانی فەرەنسا دژی ماکرون پێمان دەڵێن لە خۆپیشاندانەکانی شەقامەوە دەکرێت. خۆپیشاندانەکانی شەقام پەرلەمانی پلە نزمەکانە کە پەرلەمان و حکومەتی پلەباڵاکان دەهێنێتە خوارەوە بۆ گوێگرتن و سازشکردن و ناچارکردن بە تەسلیم بوون بە چاکسازی و گۆڕان لە دابەشکردنی داهات و موچەدا.

 

 

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …