Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ڕاگەیاندنی کۆتایی پلینۆمی (٢٢)ی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان …

ڕاگەیاندنی کۆتایی پلینۆمی (٢٢)ی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان …

رۆژانی ١٣ و ١٤ی دیسێمبەری ٢٠١٩ پلینۆمی (٢٢)ی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ئامادەبوونی زۆربەی ئەندامانی و بە بەشداری وەفدێك لە ڕابه‌ری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لە شاری سلێمانی بەسترا.
سەرەتای کۆبونەوەکە بە سرودی ئینتەرناسیۆناڵ و یەك خولەك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە ژیان و خه‌باتی هاوڕێ جه‌بار مسته‌فا و سه‌رجه‌م هاوڕێیانی گیانبەختکردووی رێگای ئازادی و سۆشیالیزم دەستی پێکرد.

به‌دوای دڵنیابوون لە‌ رێژەی یاسایی ئەندامانی ئامادەبووی کۆمیتەی ناوەندی، پلنۆم ڕه‌سمیەتی وه‌رگرت و دەستی بەکارەکانی خۆی کرد. له‌ده‌ستپێکی کاره‌کانی پلینۆمدا هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف وتەیه‌کی پێشکه‌شکرد و پاشان ده‌ستوری باسه‌کان و زەوابتەکانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان و شێوازی پێشکەشکردنی باسەکان په‌سه‌ند کرا.

ده‌ستوری باسه‌کانی پلینۆم بریتی بوو لە:
١/ ڕاپۆرت و هەڵسەنگاندنی کارەکانی کۆمیتەی ناوەندی و حزب لە نێوان دوو پلینۆمدا.
له‌م به‌شه‌دا هاوڕێیانی بەشدار، چاویان به‌سه‌ر ته‌واوی ڕاپۆرتی مه‌یدانه‌کانی کاری حزب و ئۆرگانه‌کاندا‌، له‌ئاست ‌ناوخۆی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا خشانده‌وه‌و به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر ده‌ورو نه‌خشی حزب و هه‌ڵسورانی ئۆرگانه‌ ڕابه‌ریه‌کان، له‌وانه‌ مه‌کته‌بی سیاسی و کۆمیتەی ناوه‌ندی قسه‌وباسه‌کانی چڕکرده‌وه. له‌ئاکامدا خا‌ڵه‌ به‌هێز‌ و لاوازەکانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی کاری حزب ده‌ستنیشان کراو‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ بڕیارو پێشنیاری پێویست بە ئاراستەی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی کارامه‌یی حزب و به‌رینکردنه‌وه‌ی مه‌ودای هه‌ڵسوران و ڕۆڵی ده‌خاله‌تگه‌رانه‌ی ڕابه‌ری په‌سه‌ندکرا. پلینۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا تەئکیدی لەسەر لایەنه‌ گەشه‌کانی هێڵی سیاسی و کاری دەورەی پێشووی ڕابه‌ری و حزب کرده‌وه‌، به‌چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانەوە‌ هه‌ڵسورانی ئه‌م ده‌وره‌یەی هه‌ڵسه‌نگاندو ئه‌و ئه‌نجامه‌ی گرت که‌ دەورەی داهاتوودا چالاکانەتر و کاریگەرتر دەور و ڕۆڵ بگێڕن لە بەرەوپێشبردنی کارەکانی حزبدا لە ئاستی ناوخۆیی و لە ئاستی جەماوەریدا.

٢/ بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و سەرخەتی سیاسەته‌کانی حزب:
ئەم باسەش یه‌کێکی تر بوو له‌باسه‌کانی پلینۆم کە لەلایەن هاوڕێ موحسین کەریمەوە پێشکەش کرا. له‌م پێوه‌نده‌شدا پلینۆم بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستانی له‌به‌ر ڕۆشنایی دۆخی ناوچه‌که‌و عیراق و ئاڵۆگۆڕه‌کان به‌گشتی و ڕاپه‌ڕینی شاره‌کانی عێراق به‌تایبه‌تی، خسته‌به‌رباسه‌وه‌. له‌ئاکامیشدا ئه‌و ئه‌نجامه‌ی گرت که‌ سه‌ره‌رای ڕاوه‌ستان و هاوڕابوونی حزبه‌ پێکهێنه‌ره‌کانی کابینه‌ی نوێ و به‌شدار له‌په‌رله‌ماندا، له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی چاکسازی کابینەی نوێی حکومەتی هه‌رێم و به‌ستنه‌وه‌ی کوردستان به‌ڕه‌وتی سیاسی و ئابوریه‌وه‌ له‌عێراقدا، به‌لام دۆخی ئێستا چینی بۆرژوازی کورد و ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌کانی له‌گه‌ڵ بنبه‌ستێکی ستراتیژی رووبه‌ڕووکردووه‌و ئەوانی له‌دۆخێکی چاوه‌روانی و چه‌قبه‌ستوودا ڕاگرتووه. ئه‌مه‌ش هه‌رچی زیاتر جێگاو ڕێگای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی حزبی وه‌ک هێزێکی ده‌خاله‌تگه‌ر وپێشڕه‌و بە ئاقاری کارکردن بۆ هێنانه‌مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری کرێکارو زه‌حمەتکێش، له‌یه‌ک جوڵانه‌وه‌ی سیاسی سه‌ربه‌خۆدا، به‌رجه‌سته‌کردۆته‌وه‌، به‌جۆرێک که ‌بتوانێ ده‌سه‌ڵاتدارێتی ٣٠ ساڵه‌ی ئه‌حزابی بۆرژوازی حاکم وه‌لابنێ و ڕێگا به‌ره‌و ئاڵوگۆڕێکی ڕیشه‌یی و شۆڕشگێرانه ‌بکاته‌وه‌. له‌م په‌یوه‌نده‌شدا پلینۆم سه‌رخه‌تی سیاسەتی حزب و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی دیاریکرد که‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌رکه‌ پێویستن. دواتریش بڕیاریدا کەئۆرگانه‌ رابه‌ریه‌کان لەسەر ڕۆشنایی قسه‌وباسه‌کان ئه‌وله‌ویاتی ڕابه‌ری داهاتووی حزب ده‌رکێشێت وهاوکات به‌یاننامه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویست ئاماده‌و بڵاوبکاته‌وه‌.

٣/ ئارایشی رابه‌ری حزب:
له‌م باره‌شه‌وه‌ پلینۆم به‌مه‌به‌ستی چالاک کردنه‌وه‌و هێنانه‌کایە‌ی شێوازێک له‌ ئارایشی رابه‌ری که ‌وەڵامده‌ره‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆگرتن و به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌رکه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی حزب ‌بێت، بڕیاری لەسەر مانه‌وه‌ی پۆستی سکرتێر وجێگری سکرتێر داو سه‌ڵاحیە‌تی پێکهێنانی لیژنه‌یه‌کی ته‌نفیزیان تا به‌ستنی کۆنگره‌ی پێنجه‌می حزب پێدرا.

٤/ کۆنگره‌ی حزب:
پلینۆم بڕیاری دا له‌ماوه‌ی (٥) مانگی داهاتوودا، کۆنگره‌ی پێنجه‌می حزب ببه‌ستێ. هاوکات لیژنه‌ی ته‌نفیزی ڕاسپێردرا به‌ئاماده‌کردنی پێداویستیه‌ سیاسی و عه‌مه‌لیه‌کانی کۆنگره‌ی پێنجه‌م له‌نزیکترین کاتی گونجاودا.

٥/ لە بڕگەی بڕیارو بڕیارنامەکاندا:
پلینۆم چەندین بڕیاری له بواره‌کانی کارو ڕێکخستنی حزبیدا په‌سه‌ندکرد. له‌وانه‌: مودێرنەکردنی رێکخستن و ئۆرگانەکانی حزب، دامەزراندنی رێکخستنی حزبی لەئاست شوێنی کارو ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا، سیاسه‌تی کارکردن و بەهێزکردنی هەڵسوڕانی حزب لەناو کرێکاراندا.. هەروەها پلینۆم هاوڕێیان ئەحمەد عەلی، کامەران لەتیف، نوری بەشیر و عبداڵا مەحمودی وەکو ڕاوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندی دەست نیشان کرد.
٦/ هه‌ڵبژرادن:
پلینۆم سه‌ره‌تا بە تێكرای دەنگی ئامادەبووان هه‌ریه‌ک لە هاورێیان عوسمانی حاجی مارف و موحسین کەریمی وەکو سکرتێر و جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزب هه‌ڵبژارده‌وه‌ و ئه‌وانیش له ‌یه‌که‌مین راوێژدا هاوڕێیان (دەشتی جەمال، مەهدی ڕەسوڵ، مستەفا باهیر، خەسرەو سایە، ئازاد مه‌جید و کامەران لەتیف)یان وه‌ک ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ته‌نفیزی دیاریکرد .
جێگای ئاماژه‌یه‌ پلینۆم لە چوارچێوەی دەستوری باسه‌کانی خۆیدا ماوه‌یه‌کی تەرخان کرد بۆ هاوڕێیانی ڕابەریی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق؛ هاوڕێیان نادیە مەحمود و عەمار شەریف، بۆ پێشکەشکردنی سمینارێک دەربارەی راپەرینە جەماوەریەکانی شارەکانی عێراق. له‌م سمیناره‌دا که‌نزیکه‌ی (٣) کاتژمێری خایا‌ند، ئاماده‌بووان له‌باره‌ی هۆکار و زمینه‌ سیاسی و چینایه‌تیه‌ ناوخۆیی و جیهانیه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م راپه‌ڕینه‌و ڕه‌وتی چوونه‌پێشه‌وه‌ی خه‌باتی چینایه‌تی تێیدا، قسه‌وباسی چڕوپڕ کرا. هاوکات ته‌ئکیدکرایه‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی زامنکردنی‌ رابه‌ریه‌کی سیاسی و عه‌مه‌لی شۆڕشگێرانه‌ که ‌ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ به ‌ئاراسته‌ی سه‌رخستن و به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی ده‌بات..
پلینۆم بەدوای دوو ڕۆژ له‌کۆبوونه‌وه‌و قسه‌وباسکردن له‌سه‌ر ده‌ستوری باسه‌کان، له‌که‌شێکی هاوڕێیانه‌ وحزبیدا، سه‌رکه‌وتوانە به‌ وتەیەکی هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

پلینۆمی (٢٢) ی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٥ی دیسەمبەری ٢٠١٩

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *