Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ڕزگاری سۆشیالیستی، تەنیا وەڵام بە ئیقتسادی ئێران
ڕزگاری سۆشیالیستی، تەنیا وەڵام بە ئیقتسادی ئێران

ڕزگاری سۆشیالیستی، تەنیا وەڵام بە ئیقتسادی ئێران

نامەیەک، لە وەڵام بە چەند پرسیارێکا

جەنابی بەڕێز ئەسەدی،
وێڕای سوپاسگوزاری، لەسەر داوای خۆت وەڵامەکانم بەبێ پرسیارەکان فاکس دەکەم بۆتان. ئومێدەوارم باش و سەرکەوتوو بی.
مەنسور حکمەت
١٣ ئۆگەست ٢٠٠١

یەکەم،
پێش لە هەر شتێ، پێم وانییە هاوڕای ئەم تێڕووانینەی بەڕێزت بم. لە بەرجەستە کردنی لقەکانی مشەخۆری لە ئیقتسادی ئێرانی ئەمڕۆیا، بڕێک لەم وێنایەتا زیادەڕۆییت کردووە. گەورەترین بەشی دانیشتووانی ئێران لە کرێکاران و ئەو کەسانە پێکدێ کە بە کرێ کار دەکەن و لە یەکە بەرهەم هێنەر و خزمەت گوزارییە جیاوازەکانا کار دەکەن. لەمەش بترازێ ئێران یەکێکە لە گەورەترین بەرهەم هێنەرانی نەوت لە ئاستی جیهاندا. لە ڕووی بەرهەم هێنان و تەکنەلۆجییەوە ووڵاتێکی مام ناوەند حاڵە لە دەرەوەی پەراوێزی جیهانی پێشکەوتوودا. توێژێکی بەرینی لە خوێنەوار و شارەزا هەیە. یەک چینی کرێکاری خوێنەوار و لە ڕووی تەکنیکییەوە تا ڕادەیەک پێشکەوتووی هەیە. کێشەی یەکەمی ئێران بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی پیشەسازی و ئیقتسادی هێزی ئینسانیی بە ئەزموون و شارەزا نییە، بەڵکو ڕژێمی کۆمەڵایەتی و سیاسییە.

وەلێ بۆ وەڵام بە پرسیاری ئەسڵیی ئێوە دەبێ بڵێم، کە نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکو لە هەر ووڵاتێکی دیکە لە جیهانی ئەمڕۆیا لەگەڵ جیهانی بوونەوەی تەکنیک و شارەزایی و زانیارییەکاندا، هێزی ئەسڵیی تەکاموڵ و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئیقتسادی، ئینسانی ئازادە. ئینسانی ڕزگار. ئینسانێ کە سەربەستی و بژارەی ژیان و گوزەرانی فەردی و جەمعیی خۆی بەدەست هێنابێ و بتوانێ توانایی و داهێنانەکانی بخاتە خزمەتی وەڵام دانەوە بە پێویستییەکانی خۆی و کۆمەڵگەکەیەوە. دواکەوتوویی ئیقتسادی لە دنیای ئەمڕۆیا بارۆمەتر و هێمای ئەسارەت و کۆت و بەندی سیاسیی خەڵکە. هەژاری نیشانەی بێ مافییەکانە. دواکەوتوویی ئیقتسادی کۆمەڵ نیشانەی داڕمانی سیاسی و فەرهەنگی ئینسانە. وە لەم ڕووەوە لە واقعدا ئەمە تەنیا حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە کە وەڵامی هەیە بە مەسەلەی دواکەوتوویی ئیقتسادی و بەرهەم هێنانی کۆمەڵ. کۆمەڵگەیەکی ئازاد، ڕزگار، شاد و ڕژێمێکی سیاسی کە هەق و شکۆمەندیی هاوڵاتیانی لە سەرووی هەر مەسەلەیەکەوە دابنێ، مایەی تەقینەوەیەکی مەزن دەبێ لە هێز و توانای ئەفراندن و ڕێکخستنی خەڵکی ئێراندا. ئەو کاتە دەبینین کە ئەم ووڵاتە تا چ ڕادەیەک ئینسانی شارەزا و بە توانای هەیە. لە ئەمڕۆوە پێویست نییە ئێمە هیچ کەسێ فێر بکەین، ئێمە دەبێ کارێک بکەین کۆسپە سیاسییەکانی بەردەم دەخالەت و بەشداری خەڵک لە چارەنووسی کۆمەڵایەتی و ئیقتسادی خۆیانا لابدەین. شۆڕشی کرێکاری، ڕزگاری سۆشیالیستی، تەنیا وەڵامە بۆ ئیقتسادی ئێران. کەسێ کە دەڵێ جمهوری ئیسلامی دەبێ بە ڕادەیەک بە شاڕێی ئیسڵاح تەڵەبی و میللی – ئیسلامیدا بڕواتە پێشەوە، وە ئیسلام و ئایەتوڵڵاکان لە ئێران هێندە بیرازکاری و گوێڕایەڵی ئەمریکا بکرێن، کە سەرمایە و تەکنیک و شارەزایانی ئاسیای خوارووی ڕۆژهەڵات و دڵی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور هانبدا ڕوو لە ئێران بکەن، خەریکە کاتی خەڵک بە فیڕۆ ئەدا.

دووهەم،
ئێرانی سۆشیالیستی ووڵاتێکی پانوپۆڕ بە ٦٠ – ٧٠ ملیۆن دانیشتووانەوە لە یەکێ لە هەستیارترین جێگاکانی جیهانا دەبێ. کۆمەڵگەی ئازادی ئێمە ئەگەر بەرامبەر هەڕەشە و پیلانگێڕییە سەربازییەکانی کۆنەپەرستان لە ئاستی جیهانا پارێزراو بمێنێتەوە و دواجار بوونی خۆی بە سەرمایەداری جیهانی بقەبڵێنێ، ئەو کاتە وەکو بەشێکی هەر ئەم دنیایە، زلهێزەکان دەبێ لەگەڵی ڕێک بکەون. دیارە ئێمەش بە سەر هێرش ناکەینە سەر دیواری بەردینی ئەم سەرمایەدارییە جیهانییە. ئێرانی سۆشیالیستی سیاسەتێکی هێجگار هۆشیارانەی دەبێ. لە هاوشانی گڵۆباڵیزەیشندا (کە شەخسی خۆم ئەوە بە ڕوویەکی چارە هەڵنەگری سەرمایەداری جیهانی دەزانم و خوازیاری گێڕانەوەی ڕەوڕەوەی مێژوو نیم بۆ دواوە) بینەری ئەمەش دەبین کە شارۆمەندان بە تایبەتی لە قەڵەمڕەوی گۆڕینەوەی زانیاری و ڕێکخستنی گوشار بۆ سەرەوە، هێزی کاردانەوەی زیاتریان بەدەست هێناوە. لە سەردەمی ئێمەدا قسەی ئاخر دەربارەی گواستنەوەی زانیاری و تەکنەلۆجی هی دەوڵەتە غەربییەکان نابێ. جمهوری سۆشیالیستی لە ئێران یەک کۆمەڵگەی کراوە دەبێ لەبەر دەستی خەڵکی جیهانا، وە پێشوازییەکی تەواو دەکا لە بەشداریی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان تیایدا، بە پێچەوانەی مەیل و ئارەزووی سەرانی سیاسی دنیای بۆرجوازییەوە. خەڵکی جیهان، ئێرانی ئازاد دەکەنە قیبلەی خۆیان. دەیکەنە مەیدانێک بۆ گەشە و هەڵدانی مۆدێلێکی ئەڵتەرناتیڤ و ژیان و گوزەرانێکی بەدیل. ئێرانی سۆشیالیستی کۆمەڵگەیەکی خۆڵەمێشی نابێ. گەلێ ڕەنگین، گەلێ جیهانی، گەلێ ئاوەدان دەبێ. ناوەندی داهێنەرانەترین و پڕشەوقترین و پڕمایەترین ڕوخسارەکانی دنیای هاوچەرخی ووڵاتان دەبێ.

سێهەم،
ئێمە بە شۆڕش دێینە سەر کار و پرۆسەی شۆڕشگێڕانە، بە خێرایی ڕەخنە لە کەلتوور و عەقڵیەتی کۆن دەگرێ و گسکی ئەدا. شۆڕش یەک جۆری دیکەیە لە بەرهەم هێنان. شۆڕش شادبوونە بە کۆمەڵێک بەها و شێوازی لە بنچینەوە جیاواز. خەڵکێک کە شۆڕشیان کردووە سوورن لەسەر دوور کەوتنەوە لە ڕابووردوویەک کە تێکیان شکاندووە و دەیانەوێ شتی نوێ تاقی بکەنەوە. بەم پێیە من لەم ڕووەوە هیچ نیگەرانییەکم نییە. بڕیار نییە ئێمە هەر ئەم جمهوری ئیسلامییە بە دەور و تەسلیم وەربگرین و چاکسازی تیا بکەین و ئیدارەی بکەین. ئەمە کێشەی ئیسڵاح خوازانە. ئێمە هاوڕێ لەگەڵ یەک شۆڕشی سیاسی و کەلتووریدا دێینە سەر کار، وە هەمان ڕەوەند بێگومان دەوڵەتمەدارانی کۆمەڵگەش درووست دەکا، کە لە سیستەمی ئێمەیا خودی خەڵکی شۆڕشگێڕ خۆیانن. ئینسانەکان لە ڕژێمە کۆمەڵایەتی و سیاسییە جیاوازەکانا هێز و توانایی جیاواز لە خۆیان دەردەهاون. بە ڕای من دژواری ئەسڵی لەسەر ڕێگای دنیایەکی باشتر، نەویستن وە یاخود نەتوانینی ئەندامانی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو ئەو ئاستەنگانەیە کە ڕژێمی مەوجود لە بەردەم گۆڕانکاریدا دایاندەنێ. سیستەمی کۆمەڵایەتی ئێستا بە هەزاران شێوە، لە زەبر و زەنگ و سەرکوتی بێ پەردە لە لایەن سوپا و پۆلیسەوە، تا بگا بە ئایینەکان و نەریت و پێکهاتە کەلتوورییە باڵادەستەکان، لە فشاری ئیقتسادییەوە تا غەسلی دەماغ لە سیستەمی فێرکردن و لە هۆیەکانی ڕاگەیاندنی جەمعی و مەرکەزی، دیفاع لە مەوجودییەتی خۆی دەکا. ئەگەر ئەم ئاستەنگانە تێک بشکێنرێن، شەپۆلی پێشکەوتن خوازی و ئینسان دۆستیی خەڵک، پەرەسەندنێکی ئیقتسادی و هونەری بێ ئەندازە دەهێنێتە ئاراوە. شارستانێتی کۆن لە بەردەم شارستانێتی نوێدا، کە لە مێژە شیاو (ممکن) و پێویست بووە، بە هەر نرخێک دیفاع لە خۆی دەکا. گرفت دواکەوتوویی خەڵک نییە، بەڵکو کۆنەپەرست بوونی ڕژێمی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیهانی هاوچەرخە. ئەم حەقیقەتە بە توانی دە لە ئێرانا دەتوانرێ ببینرێ.

چوارەم،
ڕاستییەکەی لە مێژ بوو ئەم دەستەواژەیە “ناکۆکی ئەسڵی”م نەبیستبوو. ئەگەر مەبەستتان ئەمەیە کە ئایا ئێمە خەباتی چینایەتی لە کۆمەڵی سەرمایەداری هاوچەرخا بە کلیلی ئاڵوگۆڕی مێژوویی دەزانین، وەڵام ئەرێیە. ئەگەر دەمانەوێ شتێکی موهیم لە دنیایا بگۆڕین، ئەمە (خەباتی چینایەتی) دەروازەی چوونە ناو مەسەلەکەیە. لە ڕاستیدا پرسی ژینگە ئەم واقعییەتە ئاشکراتر و ڕاشکاوتر لە هەر مەوزوعێکی دیکە نماییش دەکا. ژینگە چیتر شتێک نییە کە وەڵامی کەلتووری و ئەخلاقی و فەردی و کیشوەریی هەبێ. مەسەلە دەربارەی پەیوەندی سەرتاپای ڕژێمی بەرهەم هێنانی مرۆڤە لەگەڵ گۆی زەوی. ئەگەر دەمانەوێ ڕەفتارێکی جیاوازمان ببێ لەگەڵ گۆی زەوی، دەبێ ڕژێمی بەرهەم هێنان لەسەر بنەمایەکی جیاواز دابڕێژینەوە. ڕژێمێک کە لە ناویا پێشنیاز و نەخشەی هۆشیارانەی ئەندامانی کۆمەڵگە تایبەتمەندییەکانی ڕەوەندی بەرهەم هێنان و تەکنەلۆجیای جێ مەبەست پێناسە دەکا، نەک ئەنگیزەی قازانجهێنی کۆمپانیا کاپیتاڵیستییەکان و جەنگەکانیان لەسەر بردنی بەشی گەورەتر لە بازاڕ. ئەمەی کە من پاتری بەکار هاتوو فڕێ نەدەمە تەنەکە خۆڵێکەوە و سپرای دژە حەشەرات بەکار نەهێنم، وەڵامی دڕاویی گەورە لە چینی ئۆزۆندا نییە بەسەر جەمسەری خوارووەوە. مەسەلە لەسەر ئیقتسادی سیاسی جیهانی هاوچەرخە. وە ئەمە دەستبەجێ ئێوە لەگەڵ سەرمایە بە مانای فراوانی ووشەکە، لەگەڵ خاوەندارێتی چینایەتی بۆرجوازی بەسەر ئامڕازەکانی بەرهەم هێنان و ماهییەتی ئامڕازی دەوڵەت و میدیا بۆ چینی سەرمایەدار بەرەو ڕوو دەکاتەوە. ناکرێ سەرمایە و سەرمایەداری لە جێی خۆی واز لێ بهێنین، بەڵام بەر بە وێران کردنی ژینگە بگرین. جۆرج دەبلیو بوش ڕوون و ڕەوان هۆکاری دژایەتی ئەمریکا لەگەڵ ڕێکەوتنەکانی کیوتوی گێڕایەوە بۆ زەرەرمەند بوونی ئەو ڕێکەوتنە بۆ باری بیزنسی ئەمریکا. ئەگەر خەسڵەتی تێکدەرانەی سەرمایەداری بۆ مرۆڤایەتی و ناکۆکیی ئەم ڕژێمە لەگەڵ کرانەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بیەوێ مسداقییەتێکی هەبێ، هەر ئەم پرسی ژینگەیە باشترین نموونەیە. خەباتی چینایەتی تەنیا لەسەر مەسەلەی کرێ نییە. لەسەر پرسی کۆمەڵگەیە. لەسەر ئاییندەیە. پرسی ژینگە و ئاییندەی گۆی زەویش گرێ دراوە بە خەباتی چینایەتییەوە.
***
ئەم دەقە، وەڵامە بە چوار پرسیاری گۆڤاری”تلاشگران” (بەبێ دەقی خودی پرسیارەکان)، کە بە شێوەی پرێنت کراو لە ئەرشیفی شەخسی (اسد گلچینی)یا بووە و لە لایەن خودی ئەوەوە تایپ و بەراورد کراوە و ناردوویەتی بۆ من. بە داخەوە هەوڵی من بۆ دەست ڕاگەییشتن بەم گۆڤارە و بە دەقی پرسیارەکان، بێ ئاکام مایەوە. تایتڵی ئەم دەقە من هەڵم بژاردووە. فاتح شێخ (سەرنووسەری هەڵبژاردەی بەرهەمەکانی مەنسور حکمەت، پاشکۆی ژمارە ٢ – ئەپریڵ ٢٠٠٧)

وەرگێڕانی بۆ کوردی، حەمە غەفور ٢٣ ئەیلوول ٢٠١٨/ ئەمستردام

لینکی دیجیتاڵی بەرهەمەکانی مەنسور حکمەت: hekmat.public-archive.net #4039fa.html

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*