Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ڕوخانی جمهوری ئیسلامی له‌ ئیران گرو تینی خه‌بات بۆ پێچانه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی له‌ناوچه‌که‌ به‌هێز ده‌کات!
ڕوخانی جمهوری ئیسلامی له‌ ئیران گرو تینی خه‌بات بۆ پێچانه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی له‌ناوچه‌که‌ به‌هێز ده‌کات!

ڕوخانی جمهوری ئیسلامی له‌ ئیران گرو تینی خه‌بات بۆ پێچانه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی له‌ناوچه‌که‌ به‌هێز ده‌کات!

په‌یام  ده‌شتی جه‌مال به‌رپرسی ڕێکخراوی ده‌ره‌وی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان به‌ ئازادیخوازان، هه‌ڵسوراوانی چه‌پ وکۆمۆنیست له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکه‌ دنیا شاهیدی چه‌خماخه‌ی ناره‌زایه‌تیه‌کی به‌رفراوان وهه‌نگاو به‌هه‌نگاوی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی به‌شێکی زۆر له‌شارو شارۆچکه‌کانی ئیرانه‌.‌ کۆماری ئیسلامی ئیران که ‌‌ماوه‌ی چوار ده‌هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی، به‌زه‌بری کوشت و کوشتارو ئیعدام و سه‌نگساروسه‌رکوت وبرسیکردن وبی مافی به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئیراندا داسه‌پاندوه‌، هه‌ژاری وبیکاری و به‌رز بوونه‌وه‌ی نرخی کالاکان وداشکاندنه‌وه‌ی ئاکامه‌کانی قه‌یرانی ئابووری، به‌سه‌ر ژیانی خه‌لکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشاندا، دۆخێکی ئه‌وپه‌ڕی ناهه‌موارو سه‌ختی کردۆته‌ ژیانی رۆژانه‌ی هاولاتیانی بنده‌ستی که‌چی له‌ولاشه‌وه‌ گیرفانپرکردن ودزیو تاڵانی وگه‌نده‌ڵی کاربه‌ده‌ستانو به‌رپرسانی حکومه‌ت وده‌زگاسه‌رکوتگه‌ره‌کانی به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشتووه‌..

هه‌موو ئه‌م هه‌ڵومه‌رجانه‌ش رێگایه‌کی له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ری برسیو که‌م ده‌رامه‌تدا نه‌هێشتۆته‌وه‌، جگه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری ڕێگای ناره‌زایه‌تی ده‌ربرین وکردنی شه‌قامو ناوه‌نده‌کانی شار به‌مه‌یدانی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لاتداران وهه‌موئه‌وانه‌ی که ‌به‌رپرسیارن له‌نه‌هامه‌تیه‌کانی ژیانی خه‌ڵکی. ئاشکرایه‌  ئه‌م شه‌پۆله له‌ خۆپیشاندانو ناره‌زایه‌تی کۆمه‌ڵگای ئیرانی خستۆته‌ به‌رده‌م ئاستانه‌ی ئاڵۆگۆرێکی گه‌و‌ره‌ی کۆمه‌لایه‌تی وسیاسیه‌وه‌، نه‌ک هه‌ربه‌ قازانجی خه‌ڵکی ئێران بگره‌ داهاتوی ناوچه‌که‌ش به‌ره‌وگۆرانکاری به‌زیانی به‌ره‌ی کۆنه‌په‌رستان وره‌وتی ئیسلامی سیاسی وهاوپه‌یمانه‌کانی ده‌باته‌ پێشه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌  ئه‌م جۆڵانه‌وه‌ به‌رهه‌ق و ئازادیخوازیه‌ بانگه‌وازی ئێمه‌ ئازادیخوازان و چه‌پ کۆمۆنیسته‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی ولات ده‌کات، به‌ئه‌رکی ئه‌نته‌ر ناسیونالیستی خۆمان هه‌ستین و به‌ته‌واوی تواناوه‌ بۆ پشتیوانی و به‌هێزکردنی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ له‌ دژی کۆماری ئیسلامی ئیران بیینه ‌مه‌یدانه‌وه‌ .

خه‌ڵكێكى تينوى ئاڵوگۆر، خه‌ڵکێکی تینوی ئازادی وخۆشبه‌ختی وخۆشگوزه‌رانی ، ژنان و لاوانی دڵ پر له‌هیوا وژیان، ڕق ونه‌فره‌ت بێزاریان له‌ کۆماری  ئیسلامی ئیران گه‌یشتۆته‌ ئه‌وپه‌ری ده‌یانه‌وێت ده‌ور و‌زه‌مانه‌ی ئه‌م ئاخوندو مه‌لا ونه‌تەوەپه‌رستو کاپیتالیستانه‌ کۆتای پێبهێنێت.

ئه‌م دۆخه‌ هه‌لێکی گه‌وره‌یه‌ که‌ ئێمه‌ چه‌پ کۆمۆنیسته‌کان بانگه‌واز ده‌کات به‌هێزێکی ڕێکخراو توکمه‌وه‌ به‌ ئاسۆیه‌کی رۆشن  به‌ ته‌جربه‌ وه‌رگرتن له‌ شۆرشی ٧٩ ئه‌م جاره‌ ئه‌و بۆشاییه‌ پر بکه‌ینه‌وه‌ رێگە نه‌ده‌ین خه‌فه‌قان و خه‌ڵتانی خۆین بکرێت. ڕێگە نه‌ده‌ین ئه‌م جاره‌ خۆپیشاندان وناره‌زایه‌تیه‌کان له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه کۆنه‌په‌رسته‌‌کانی وه‌ک موجاهیدینی خه‌ڵق و چاکسازی خوازان و سه‌لته‌نه‌تخوازان وباڵه‌کانی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی خۆیه‌وه‌ کۆنترۆڵ بکرێ، رێگه‌ نه‌ده‌ین که‌ چاره‌نوسی خه‌ڵکی ئیران و چینی کرێکار بکه‌ویته‌ ده‌ستی ئه‌م هێزانه‌ و سه‌ره‌نجام به‌ده‌ستی به‌تاڵ خۆپیشانده‌ران بنێرنه‌وه‌ ماڵه‌‌وه‌ .

له‌م ڕوه‌وه‌ پێویسته‌‌، ئازادیخوازان و چه‌پ کۆمۆنیسته‌کان له‌ عێراق وکوردستان، له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ پاڵ  ریزی چه‌پ وکۆمۆنیستی ئیراندا ڕاوه‌ستنو هه‌موان پێکه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بکه‌ینه‌ سه‌نگه‌رێکی چینایه‌تی به‌دژی کۆماری ئیسلامی ئیران وبه‌فراوانی له‌خۆپیشاندانو چالاکیه‌کان و‌ ناره‌زایه‌تیه‌کاندا به‌شداربین وئه‌رکی هاوخه‌باتیو پشتیوانی گه‌وره‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرین. ته‌نانه‌ت له‌هه‌وڵدا بین به‌ ئاڕاسته‌ی جیاکردنه‌وه‌ی ڕیزه‌کانی خه‌باتی کریکاران و زه‌حمه‌تکێشانی ئیران له‌ نفوزو کارکردی ئه‌و ڕه‌وته‌ قه‌ومی و ئیسلامیانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئاسۆی خۆیان به‌سه‌ر ڕه‌وتی ناره‌زایه‌تیه‌کان له‌ ئیراندا داسه‌پێنن.

به‌دڵنیایه‌وه‌ کارکردنی هاوبه‌شی ئێمه‌ و هاوپشتی و هاوخه‌باتی له‌گه‌ل چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانی ئیران، خه‌باتی چینی کریکارو کۆمۆنیسته‌کان له‌ ئاستی ناوچه‌که‌ وخۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هێز ده‌کات وده‌توانێت نه‌ک هه‌ر پاشەکشه‌یه‌کی گه‌وره‌ به‌سه‌ر ئه‌و قوتبه‌ ناوچه‌یاندا داسه‌پێنێت که‌ ئێسته‌ له‌ عێراق و سوریا و لوبنانو یه‌مه‌ن نه‌خشه‌و سیاسه‌تو ستراتیجی کۆماری ئیسلامی ئیران ده‌باته ‌پێشه‌وه‌، به‌ڵکو سەرەتایەک بێت بۆ هێنانه‌کایه‌وه‌ی ریزێکی ئه‌نته‌رناسیونالستی.

ئێمه‌ له‌ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان به‌ته‌واوی تواناوه‌ بێ جیاوازی له‌ خۆپێشاندان چالاکیه‌کانی به‌ره‌ی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانی ئیران به‌ مه‌به‌ستی به‌روپێشچوونی ناره‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی ئیران و ریسواکردنی کۆماری ئیسلامی ئیران پشتیوانی ده‌که‌ین وه‌ پشتیوانی خۆپیشاندانه‌کان ئیران  وە هاوپشتیکردنی ، ئیران له‌م ته‌نگانه‌یەی ئێستا ڕزگار ده‌کات و سه‌رکه‌وتنی به‌ دڵنییایه‌وه‌ کۆمه‌ک ده‌کات به‌ گێرانه‌وه‌ی ئومید به‌ چه‌پو کۆمۆنیست له‌ ناوچه‌که‌.

با وه‌ک  هیزێکی ئۆپۆزسیۆنی یه‌که‌م  که‌ ئاڵای کۆمۆنیزم  وکۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌ وسیسته‌می کاپیتالستی له‌ ئیراندا هه‌ڵگرتوه‌ بوه‌ستین  با کارێک بکه‌ین ئه‌م جاره‌ مۆری کریکار و کۆمۆنیزم بده‌ین له‌م ئاڵۆگۆرانه‌.

٣/١/٢٠١٨

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*