Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ڕۆشنبیری فول عه‌یار!

ڕۆشنبیری فول عه‌یار!

جه‌مال موحسین
له‌ كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانیدا بۆ به‌غداد ڕێگه‌ی نه‌داوه‌ كه‌ناڵ و میدیا ’’كوردیه‌كان’‘ جگه‌ له‌ كه‌ناڵه‌ حزبیه‌كه‌ی پارتی ئاماده‌یی ببێت و بیپۆشێ. له‌مباره‌یه‌وه‌ مه‌ریوان قانع ئه‌ڵێ كه‌ ئه‌مه‌ هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێ و لێكدانه‌وه‌یه‌كی سایكۆلۆژی، خۆی وته‌نی، بۆ ئه‌كات و ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی بارزانی به‌ ’’خۆ نه‌فره‌تی‘‘ ناوئه‌بات. ناوبراوی ڕۆشنبیر ته‌فسیری ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ئه‌كات كه‌ به‌ مانای’’ڕق و نەفرەتکردن لە خود، لە ھاوزمان و ھاوڕەگەز و ھاونیشتیمانی خۆت‘‘ دێت. له‌وه‌ش زیاتر مه‌ریوان ئه‌ڵێ: ’’ئەوەی کە بارزانی دەرگاکەی بە ڕووی میدیا عەرەبییەکاندا کراوەبووە، تەنانەت بە ڕووی ئەوانەشدا کە سوکایەتییان بە خۆی و بە دانیشتووانی ھەرێم کردووە، بەڵام بە ڕووی میدیا کوردییەکانی دەرەوەی پارتەکەی خۆیدا داخراوبووە، تەنھا یەک مانای ھەیە. مانای بە سووک تەماشاکردنی ھاوزمان و ھاونیشتمانییەکانی خۆت و ئامادەگیی خود نەفرەتییەکی قووڵ و ھەمەلایەن‘‘….
من سه‌ره‌تا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی به‌ كورتی ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ ئه‌و گه‌وره‌ترین سوكایه‌تی به‌ خه‌ڵكی كوردستان كرد و به‌ پێله‌قه‌وه‌ چووه‌ سه‌ر ماف و شكۆی خه‌ڵكێك كه‌ به‌ خواستی خۆی بڕیاری دا و ده‌نگی به‌ سه‌ربه‌خۆیی دا. سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بۆ لای حكومه‌تێك كه‌ سوپا و میلیشیاكانی هێنایه‌وه‌ سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكی كوردستان و هه‌مان چاوی به‌عسئاسای لێ سووركردنه‌وه‌ سه‌د هه‌زار جار ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و نه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانه‌ و نه‌ مافی هه‌یه‌ قسه‌كه‌ریشیان بێ. ئه‌وه‌ سه‌لماندی كه‌ بارزانی هه‌روه‌ك چۆن باكی به‌ فرۆشتنی كچان و ژنانی شه‌نگال نه‌بوو، هه‌روه‌ك چۆن بازرگانی ژێربه‌ژێری له‌گه‌ڵ داعش سازدا، بۆ ساتوسه‌ودا و پاره‌په‌یداكردن و بازرگانی كردن ئاماده‌ بووه‌ و ئاماده‌یه‌ كه‌لـله سه‌ری خه‌ڵك بكات به‌ په‌یژه‌ و پیایدا سه‌ركه‌وێ و به‌ هاوچینه‌ عه‌ره‌بزمانه‌كانیشی بڵێ كه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌ڵه‌كان ڕاست بكاته‌وه‌. چوونه‌كه‌ی بۆ به‌غداد له‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌یووت ’’به‌ خوای خۆم و میلله‌تی خۆم ئه‌ڵێم كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ نیم خۆم شه‌رمه‌زاری میلله‌تی خۆم بكه‌م…‘‘، هێنده‌ ڕسوا و شه‌رمه‌زاری كردووه‌ كه‌ گه‌ر میلیشیا و پاره‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌بوایه‌ خه‌ڵك شار به‌ ده‌ری ئه‌كرد!
به‌ڵام ئایا به‌ ڕاستی وه‌ك كاكی ڕۆشنبیر ئه‌ڵێ گه‌ر بارزانی ڕێگای به‌ كه‌ناڵه‌ كوردیه‌كان بدایه‌ و پرسیاری ’’سه‌نگی كورد له‌ به‌غدا‘‘ یان لێ بكردایه‌، ئیتر بارزانی نه‌فره‌تی له‌ ’’هاوزمان و هاوڕه‌گه‌ز و هاونیشتمانی خۆی‘‘ نه‌ئه‌كرد؟ ئایا ئه‌و كاته‌ و به‌پێی ئه‌و لۆجیكه‌ عه‌قڵانیه‌ی مه‌ریوان، كه‌ ئێن ئاڕتی زوو زوو به‌ نووسه‌ر و ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی كورد له‌ قه‌ڵه‌می ئه‌دا، بارزانی كه‌سێكی ساغ و ته‌ندروست ئه‌بوو نه‌ك خاوه‌ن جۆرێك نه‌خۆشی ده‌روونی، خودنه‌فره‌تی، (به‌ پێی قسه‌ی مه‌ریوان)؟!
كاكی نووسه‌ر! نه‌ بارزانی خودی خه‌ڵكه‌ و نه‌ خه‌ڵك خودی ئه‌وه‌، وه‌ له‌ ڕاستیدا نه‌ هیچ یه‌كێك له‌ خه‌ڵكی كرێكار و ڕه‌شوڕووت و بێبه‌شی كوردستان هاوڕه‌گه‌ز و هاونیشتمانی ئه‌وه‌. بارزانی نه‌فره‌تی له‌ خودی خۆی نییه‌. ئه‌و نه‌فره‌تی له‌ خه‌ڵكێك هه‌یه‌ كه‌ به‌ نانه‌سكێ ژیان ئه‌كات و هێشتاش ئه‌و ئازادییان لێ زه‌وت ئه‌كات، ماڵیان كاول ئه‌كات، ته‌نانه‌ت كه‌ سه‌ر و ده‌نگ هه‌ڵبڕن سه‌ركوتیان ئه‌كات. بارزانی له‌ ئێستادا نوێنه‌رێكی چینی باڵاده‌ست و پاره‌ به‌ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتداره‌ و ئه‌م ’’ڕه‌گه‌زه‌‘‘ به‌ ئه‌ندازه‌ی نوكه‌ ده‌رزیه‌ك نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ ’’ڕه‌گه‌زی‘‘ كرێكارانی نه‌وت و چیمه‌نتۆ و ئاسن و قیر و كارگه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی تر و نه‌خۆشخانه‌ و قوتابخانه‌ و… هتد و ده‌ستفرۆشان و عاره‌بانه‌ به‌ده‌سته‌كان و خانه‌نشینه‌ بێنازه‌كان و خاوه‌ن پێداویستیه‌ فه‌رامۆش كراوه‌كان و …هتددا نییه‌. ده‌نگی ئه‌و له‌ به‌غدا له‌ دژی ده‌نگی خه‌فه‌كرا و سه‌ركوتكراوی ئه‌م ڕه‌گه‌زه‌ی دووه‌مه‌. ئیتر باسكردن له‌ هاوزمانی و هاوڕه‌گه‌زی و هاونیشتمانی درۆیه‌كی كه‌ڕووكراوی دێرینه‌ و خه‌ڵك پێویستی به‌وه‌ نییه‌ له‌ زمانی ’’گه‌وره‌ ڕۆشنبیرێكه‌وه‌‘‘ پێی بووترێته‌وه‌.
به‌ڕاستی چ بیرته‌سكیه‌كه‌ هه‌موو ئه‌و به‌رژه‌وه‌نده‌ چینایه‌تی و سیاسیه‌ له‌ شیكردنه‌وه‌یه‌كی كورتی سایكۆلۆژیدا قه‌تیس بكه‌یت و به‌ ناوی ڕه‌خنه‌ له‌ بارزانیه‌وه‌ ژه‌هراوی قه‌ومی بڕێژی، كه‌ جگه‌ له‌ په‌رده‌پۆشیه‌ك بۆ قڵشت و جیاوازی چینایه‌تی نێوان بارزانی و هاوشێوه‌كانی له‌لایه‌ك و جه‌ماوه‌ری بێكار و برسیكراو له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هیچی تر نییه‌؟! له‌ ڕاستیدا بارزانی هه‌رگیز ئه‌مجۆره‌ له‌ پرته‌وبۆڵه‌یه‌ی كه‌ له‌ژێر ناوی ڕه‌خنه‌دا ئه‌كرێ پێی ناخۆش نییه‌.
سه‌یركه‌ن، به‌پێی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ی مه‌ریوان بارزانی نه‌خۆشه‌ و ئه‌بێ بچێ بۆ لای دكتۆری ده‌روونی. ئه‌مه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ میدیای بۆرژوازی جیهانی سه‌ركرده‌ ‘’سه‌رشێته‌كانی’’ جارێك به‌ سادیست و جارێك به‌ نه‌رجسی و ئێگۆیستی سیاسی و نه‌خۆش و شێت و… چی و چی ناوئه‌برد، وه‌ك ئه‌وه‌ی سیستمێك له‌ پشتی ئه‌مانه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ له‌ شوێنێك قه‌زافی و سه‌دام و عه‌لی عه‌بدوڵا و بوعلی و پینۆشێ و له‌ شوێنانێكی تریش مێركل و مه‌ی و تره‌مپ و ماكرۆن و جینپینگ و…. كێ و كێی پێویسته‌. بۆ تێگه‌یشتن له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسی بارزانی پێویستمان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هیچ جۆره‌ چه‌مكێكی سایكۆلۆژی نییه‌، چ جای ئه‌وه‌ی كه‌ بارگاوی بێ به‌ بیروڕای قه‌ومی و هاونیشتمانی و هاوڕه‌گه‌زی. به‌ بڕوای من ئه‌مجۆره‌ له‌ لێكدانه‌وه‌ كه‌ به‌ ناوی ڕۆشنبیری و شتی واوه‌ لێره‌وله‌وێ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی جیاجیا ئه‌كرێ جگه‌ له‌ ناوێك هیچی تری شایسته‌ نییه‌: گه‌لۆریی سیاسی!

٢٨ ی نۆڤێمبه‌ری ٢٠١٨

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *