Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ڕیزی سەربەخۆ، مەرجە بۆبەدەستهێنانی ئامانجی خۆ!
ڕیزی سەربەخۆ، مەرجە بۆبەدەستهێنانی ئامانجی خۆ!

ڕیزی سەربەخۆ، مەرجە بۆبەدەستهێنانی ئامانجی خۆ!

رێبوار ئەحمەد:

کرێکاران، مامۆستایان، فەرمانبەران، جەماوەری ستەمدیدە!

ئەمڕۆ ٢٧ی ئەیلول ئێوە لە بەشێکی زۆری شارو شارۆچکەکاندا، جارێکیتر پەیامی نەفەرەت و بێزاری خۆتان دایەوە بە گوێی دەسەڵاتی تاڵانچی بورژوازی کوردو کوردایەتیدا. گومانی تیانیە ئەگەر هاوسەنگی هێز لە نێوان خەڵکی برسی لەلایەک و کابوسی داپڵۆسین و تۆقاندن و ملهوڕی ئیمپراتۆریەتە خیڵەکیەکەی بارزانی لەلایەکی ترەوە، تۆزقاڵێک بواریبدایە، هەمان هاتنەمەیدان لە شارو شارۆچکەکانی ژێردەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیەش خۆی نمایشدەکرد. جەماوەری برسی هەرچۆن بە خەباتی چەندین ساڵە توانی ئەو هاوسەنگیە لە ناوچەی ئمپراتۆریەتی تاڵەبانیەکان و هاوپەیمانەکانی، ئەوەندە بە قازانجی خەڵک بگۆڕێت کە شایەتی ئەم جۆرە هاتنەمەیدانە بین، بە خۆڕێکخستن و گرتنەبەری شێوازی گونجاو، سەرئەنجام دەتوانێ ئەم هاوسەنگیە لەو ناوچانەش بگۆڕێت. لەم رێگایەدا دەستپێشەخەری هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی خەڵکی ناڕازی بە گشتی و پێشڕەوانی چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان بە تایبەتی، دەتوانێ رێچکەشکێنبێت.

هاتنەمەیدان و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی دژی تاڵانوبرۆ، دژی برسێتی و نەبونی خزمەتگوزاریە هەرەسەتاییەکان، دژی سەرکوت و تیرۆرو ملهوڕی دەسەڵاتی حزبە بورژوازیە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکان، چەند ساڵە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە. لەم رێگایەدا قوربانیەکی زۆردراوە، تیرۆری رابەرانی کۆمۆنیستی ئاوارەکان و بێکاران ؛شاپور عبدلقادر وقابیل عادل وبەکر عەلی و فەرهاد فەرج و نەزیر عومەر، کوشتاری کۆمۆنیستەکان لە ١٤-٧-٢٠٠٠، تیرۆری دڕندانەی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و ویدات حسێن و دەیانی تر، لەخوێنهەڵێشانی شەقامی شارەکان لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١…و…تاد.تەنها چەند نمونەیەکن. ئەو خەباتە بەردەوامە و ئەو قوربانیە زۆرە، ڕون و ڕاشکاو سەلماندویەتی و سەدجار دوپاتی کردوەتەوە کە ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و تیرۆریست و چاوتێرنەبوە، باکی لە برسێتی و نەهامەتی و بێزاری خەڵک نیە. ئەگەر خەبات و هاتنەمەیدانی خەڵک ئەوەندە بەهێزنەبیت کە دەستبخاتە گەردنیان، ڕێگایەکی تر نیە بۆ کردنەوەی دەستی ئەوان لە گەردنی ئەم خەڵکە.

ئەوان وەکو بۆرژوازی مشەخۆری هەر کۆمەڵگایەکی تر، دەیانەوێ کوردو کوردایەتی و نەتەوەپەرستی وەکو مادەی بێهۆشکەر دەرخواردی خەڵکی برسی بدەن و بەم جۆرە شیلەی گیانی خەڵک بمژن و سەروەتی زیاتری پێکەڵەکە بکەن. بە گیرۆدەکردنی بیری خەڵک بە دین و ئیسلام و چارەنوسی ئیلاهی، دەیانەوێ خەوبخه‌نە چاوی جەماوەر ولە ئاست زوڵم و زۆرداری خامۆشیان بکەن. دەیانەوێ بە ناوی قەیران و داوەشینی دامودەزگا بیروکراسی و فاسد و فریوکارانەکانی خۆیان، خۆڵبکەنە چاوی خەڵک و رێگایان لێونبکەن و دەستەوئەژنۆ و برسی بیانهێڵنەوە. ئەزمونی چارەکە سەدەیەک لەم یاریکردنە بە هەست و ژیان و چارەنوسی خەڵک، ئیتر نابێ بوار بۆ ئەم فریوکاریانە بهێڵێتەوە. کوردایەتی و نەتەوەپەرستی و چارەنوسی ئیلاهی و قەیران و هەڵوەشانی پەرلەمان و بنبەستی ئێستا، هەرهەموی دەستکردی خۆیانە. بورژوای کورد بەم جۆرە دەتوانێ خەبات و ڕیزی چەوساوەکان هەڵدێرو چەواشە و پەرتەوازە بکات و هەر حزبیکیان بەشێک لەوخەڵکە بکات بە لەشکری پیادەی خۆی بۆ مەرام و ئامانجە گەندەڵەکانی. بەم جۆرە خەڵک برسیتر و ژیانی شاهانەی خۆیان رازاوەتر و کۆشک و تەلاریان بەرزتر و قەڵای سەروەتیان گەورەترو گەورەتربێت.

چاوتان بکەنەوە! لە سیناریۆی ئەمجارەدا یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان فریوکارانە خۆیان خزاندوەتە ناو ناڕەزایەتی خەڵکەوە. دەیانەوێ لەلایکەوە خۆیان لە نەفرەتی خەڵکی توڕە و برسی بەدوربگرن و لەلایەکی ترەوە خەبات و قوربانیدانی خەڵک بکەن بە فشارێک لەسەر پارتی بۆ ئەوەی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتی بەتاڵانبراو لەگەڵیان بسازێت. ئەمانە وەکو مۆرانە وان، هەر لە ئیستاوە خەباتی ئازادیخوازانە و داری ئازدیان کرمۆڵکردوە. ئەمانە پاڵپشتی خواست و ماف و خەباتی خەڵک نین، مەبەستیان دزین و بەتاڵانبردنی بەرهەمی ئەو خەباتەو هێشتنەوەی جڵەوەکەیەتی لەدەستی خۆیان. ئەمانە پشتیوانی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک نین، بەڵکو هاوبەشی دەسەڵاتی گەندەڵ و بڕیاری بڕینی موچەو قوتی خەڵکن. ئەمانە لە بەرەی خەڵکی برسی نین، بەڵکو هاوبەشی چارەکە سەدەیەک تاڵانی و وێرانکاری و سەرکوت و کارەساتبارکردنی ژیان و چارەنوسی خەڵکن. بواریان مەدەن خۆیان بخزێننە ناو بەرەی خەڵکی ناڕازیەوە. بواریان مەدەن چیتر چەواشەکاری بکەن. بواریان مەدەن خۆیان لە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە بدزنەوە! ئەوان دەبێ لە بەرەی دەسەڵاتەوە وەڵامی داخوازیەکانی خەڵک بدەنەوە! دەبێ دەرگای قاسەکانیان بکەنەوە کە بە داهاتی بەتاڵانبراو پڕیانکردوە! دەبێ لە پێشدا دەستی خۆیان لە گەروی خەڵکی برسی بکرێتەوە!

خەباتی برسیەکان و سەتەمکێشان تەنها و تەنها کاتێک سەمەری دەبێت، کە لە پێشدا دەمامک لەسەر روخساری هەموو مشەخۆران و تاڵانچیەکان داماڵێ و لە ڕیزی چەوساوەکان جێگایان بۆ نەمێنێتەوە. دەبێ ڕیزی سەربەخۆی برسیەکان لەدەوری ئاسۆی سەربەخۆی راوەستێ. کارگە و گەڕەک و زانکۆو فەرمانگە و شەقامەکان بکەن بەمەیدانی خەباتی بەردەوامی خۆتان! لە هەمو جێگایەک ئەرکی پێشڕەوان دەستپێشەخەریە بۆ نیشاندانی ئەم رێگایە! بۆ بەرپاکردنی رێکخراوە جەماوەریەکان، بۆ دامەزاندنی شوراکان، بۆ دەرهێنانی ژیان و چارەنوسی ستەمکێشان لەدەستی وردو درشتی مشەخۆران و سوارکردنی ئیرادەی چەوساوەکان بەسەر چارەنوسی خۆیاندا.

٢٧-٩-٢٠١٦

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*