Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ڕێگاچارە ڕاماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوا-ناسیونالیستی کوردە نەک چاوبڕینە دەسەڵاتی بەغدا! …

ڕێگاچارە ڕاماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوا-ناسیونالیستی کوردە نەک چاوبڕینە دەسەڵاتی بەغدا! …

عەبدوڵا مەحمود …

نەفرەتی قوڵی جەماوەری و لەدەسەڵات و بێئومیدبوونیان لەوەی دەسەڵات بتوانێت چاکسازی بکات، یان وەڵام بە کەمترین خواست و مافی هاوڵاتیان بداتەوە، بۆتە هۆی ئەوەی بەشێک لە جەماوەری کوردستان بەتایبەتیش موچەخۆران، چاو ببڕنە بەغدا بۆ موچەکانیان و هاوکاتیش لەو رێگایەوە حاشا لە دەسەڵاتی دزو تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی بکەن.

ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و فەرمانبەران و خەڵکی نەدار تابڵێی خراپ و بەرەوە وێرانەیی دەڕوات. بەجیا لەگرفتی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، ناتوانایی و دەستەوەستانی کەرتی تەندروستی بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ شەپۆلەکانی کۆرۆنا ڤایرۆس بۆتە مۆتەکەی سەر سنگی جەماوەری بێبەش و نەدار. هاوکات لەگەڵ ئەوانەدا جارێکی تر موچەی کارمەندان کەوتۆتە بەر شەپۆلی بڕین و لێقرتاندن و دواخستنی بەردەوام.

متمانەی جەماوەر بە چاکسازی و بەدەسەڵات، بۆتە سفر. ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بێ وەڵام و رووبەڕووە لەگەڵ ئەزمەیەکی کەمەر شکێن. هێزی سەربازی و هەواڵگری و جاسوسی وڵاتانی ناوچە لە هەرێمدا تەراتێن دەکەن و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم نەک توانای بەرگری، بەڵکو زاتی ئیدانەکردنیشی نییە.

لەناوخۆی هەرێمدا دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، توشی بن بەستێکی تەواو بووە، ریزی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد پارچە پارچەیە، دوو هێزە خاوەن دەسەڵاتە سەرەکیەکە کەمترین هاوئاهەنگیان لەگەڵ یەکتری هەیە، ئاراستەی کاری هەر کامەشیان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە دژ… بەیەک و نا هاوئاهەنگە. حکومەت و پەرلەمانی حزبیان وەکو دوو کاریکاتۆری عەنتیکە بێ ڕۆڵ و چەقبەستوون.

لەناو دڵی دۆخی ئەزمەی ئابوری و داراییدا، لەجەرگەی چوونە سەری ململانێی نێوان بەغدا و هەولێردا، لەدڵی   ئەزمەگرتووی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و پارچەپارچەیی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا، لە ناتوانایی دەسەڵات بە وەڵامدانەوەی بەسەرەتاییترین پرسی و ویست و داخوازی سادەی هاوڵاتیاندا، بۆچوونی گەرانەوە بۆ بەغدا، چاوبڕینە بەغدا بۆ موچە، دەنگێکە دەبیسترێ و تا دێتیش فراوانتر دەبێتەوە. نەیارانی پارتی لاوازی هەرێم لەبەرامبەر بەغدادا وەکو سەرکەوتنێک بۆخۆیان و ئایندەی رۆڵی سیاسییان دەبینن، مەیلیان بۆ لامەرکەزی پەیوەندی بە لاوازکردنی پێگەی پارتییەوە هەیە. پارتیش وەکو هیزێک کە لەئاستی سیاسی کوردستاندا جومگە بناغەییەکانی دەسەڵاتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان!! و پەیوەندییەکان و بۆندە زەبەلاحە ئابووریەکانی قۆرغ کردووە، ئامادە نییە ئەو دەسەڵاتە بنەماڵەییەی هەیەتی و بەزۆری هێزو سەرکوت خۆی راگرتووە بەرەو لاوازی بچیت، یان رادەستی بەغدای بکات. پارتی دەیەوێت لە رێگای بەخشینی پۆستەوە، نەیارەکانی لەناوخۆی هەریمدا مل کەچ پێبکات، بێ ئەوەی لەگەڵ پۆستەکان دەسەڵاتی جێگا کاریگەرییان، پێ ببەخشیت.

دیارە چاوبڕینە بەغدا لەلایەن بەشێک لە جەماوەری ناڕازییەوە، لەگەڵ چاوبرینی چەند هێزێکی سیاسی بۆ ناوەند هیچ خاڵیکی هاوبەشیان نییە. بەشێک لەجەماوەری کوردستان بەهۆی برسێتیەوە، بەهۆی بێ موچەییەوە، دەیانەوێت بە مل دان بە بەغدا ژیانی خۆیان و خیزانەکانیان لە نابودبوون و وێران بوون بپارێزن، لە حاڵیکدا چاوبرینی بەشێک هێزە سیاسیەکان بۆ بەغدا، ریشەی لە کەم کردنەوەی دەسەڵاتی پارتی و لاوازکردنی پارتی و ململانێی نێوانیانەوەیە، وە هاوکات بۆ شانخاڵی کردنەوەی خۆیانە لەو دۆخەی جەماوەر رووبەرووی بۆتەوە و هەوڵێکە تا خۆیان لە تورەیی و ناڕەزایەتی جەماوەری بپارێزن.

بێگومان بەغدا و دەسەڵاتی سیاسیەکەی، دەیەوێت بەهرەبەرداری لە تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری لەدژی دەسەڵاتی بۆرژازی کورد لە کوردستان بکات و هاوکاتیش کەڵک لە ململانێی دەسەڵاتی ناوخانەوادەی بۆرژوازی کورد وەربگرێت، تا لەو رێگایەوە توانستی گشتی بۆرژوازی کورد لاواز بکات و زەمینە بۆ مەرامە سیاسی و تموحەکانی ئایندەی خۆی لەکوردستاندا، سازبکات.

لەهەموو حاڵەتێکدا چاوبرینی بەشێک لە خەڵکی نائومێدکراوی کوردستان بە بەغدا، لە ئاکامی تورەیی نەفرەتییان لەدەسەڵاتی دزو تاڵانچی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، رێگا چارەو بژاردەیەکی گونجاو دروست نییە، ڕیگایەک نییە بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی تاڵانچی کوردیەتی.

دەسەڵاتی بۆرژوای عەرب، بە سونی و شیعیەکەیەوە، بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەکەیەوە، هەڵگری هەمان ناوەرۆكی تاڵانچیانەی بۆرژوازی کوردە… ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتیکێشی بەغدا و تەواوی شارەکانی عیراق، لە هی خەڵکی کوردستان باشتر نییە… هێشتا ئاو و کارەبا، خزمەتگوزارییەکان، تا دەگاتە ماف و ئازادییەکان، ئاسەوارێکیان نییە. بەر لە هاتنی کۆڕۆنا ڤایرۆس گەورەترین نارەزایەتی و خۆپیشاندان لە میژووی سیاسی عێراقدا بە دژی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی دەسەڵاتی سیاسی لەسەرتاسەری عیراقدا روویدا… خواستی هەلی کار، خزمەتگوزارییەکان، ئازادی، ئەمنیەت… سەرەکیترین خواستی جەماوەری بیبەشی عێراق بوون، وا دیسانیش دوبارە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی بەغداو هێزە دڕندە میلیشیاییەکان دەستی پێکردۆتەوە.

بزوتنەوە بۆرژوازییەکانی لە عیراقدا بە سونەو شیعیەوە تا دەگاتە بۆرژوازی کورد، هەڵگری یەک پەیامی چینایەتی هاوبەشن. تاڵانی و دزی، کەڵەکەکردنی سەرمایە لەسەر حسابی کاری تاقەتپروکێن و بێمافی چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگە. بزوتنەوەی بۆرژوازییەکان لە عیراقدا، سەرباری هەر ناکۆکییەکی سیاسییان لەسەر دەسەڵات، لەسەر مژینی شیلەی گیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتیکێش، ناکۆکیەکیان نییەو هەڵگری یەک ناوەرۆکی چینایەتین…

توڕەیی و نەفرەتی رەوای جەماوەری کوردستان بەهیچ جۆرێک رەوایی نادات بەدەسەڵاتێکی تری خوێن مژ و تاڵانچی دەرەوەی هەرێم و پسوڵەی باشتر بوون نادات لە بەرۆکی.

خەڵکی کرێکار و زەحمەتیکێشی عێراق ئەرکیانە خەبات و تیکۆشانیان لەدژی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی شیعی و هاوبەشەکانیان ببەنە پیشەوە، و خەڵکی کوردستانیش ئەرکیانە کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی هەڵپێچن، بیگومان خەبات و تیکۆشانی خەڵکی کریکارو زەحمەتکیشی ناوەراست و خواروی عیراق کاریگەری جدی لەسەر خەبات و تیکۆشانی چینی کرێکاریی کوردستان و بێبەشانی دادەنێت و بەپێچەوانەشەوە چوونە پیشی خەبات و تیکۆشانی چینی کرێکاریی کوردستان و بێبەشانی کاریگەری جدی لەسەر خەباتی کریکاران و بێبەشانی ناوەراست وخواروی عیراق دادەنێت و پێویستیشە هاوئاهەنگی و لەوەش زیاتر پەیامی یەکگرتوویی و هاوپشتی لەیەکتری لە خەباتیاندا کارا تر بکرێت.

چاو بڕینە دەسەڵاتی بەغدا، دەرمانی هیچ هەتوانێکی چینی کریکار و خەڵکی بێبەشی کوردستان نەک ناکات، بەڵکو کاریگەری سلبی لەسەر خەبات وتیکۆشانی هاوبەشی سەراسەری خەڵکی عیراق بەجێدەهێڵێت. بەجیا لەوانەش کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لە بنەرەتدا پرسێکی سیاسی و لەمیژینەو حقوقییەو پیویستە وەڵامی کارساز وەربگرێتەوە.

ڕێگاچارەی واقعی لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا لە پێناو نان و ئازادی و دیاریکردنی ئایندەی سیاسی کوردستاندا، هەڵپێچانی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کوردە. بەواتایەکی تر پیش مەرجی هەر ئالوگۆرێکی شۆرشگێرانە لە کوردستانە، بەندە بە راماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردەوە.

بەغدا ئەگەر چەند مانگێکیش موچە بدات، بەفەرمانبەرانی کوردستان، لەبنەرەتدا پەیوەندی بە ململانێی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی کوردستانەوە هەیەو ئامانجیشی بەجیا لە لاوازکردنی دەسەڵات و پێگەی ناسیونالیزمی کورد، تێکشکاندی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانە.

لایەنێکی هەرە گرنگی خەباتی چینی کرێکار و بێبەشانی کوردستان، هاوئاهەنگی و لێکهەڵپیکانی تیکۆشانیانە لەگەڵ چینی کریکار و بێبەشانی عێراقدا، نەک چاوبڕینە ئەو دەسەڵاتەی کە ناوەراست و خواروی عێراقی کردۆت دۆزەخ و جەماوەری بێبەشی لە سەرەتاییترین ماف و خزمەتگوزارییەکان بێبەش کردووە. لەوانەش زیاتر لە ئاست خۆپیشاندەران و داواکاریەکانیاندا، بەسەدان کەسی مەدەنی کردە نیشانەی چەکە گەرمەکانیان و بەهەزاران خۆپیشاندەریشیان بریندار و رەوانەی زیندانەکان کرد.

چاو بڕینە بەغدا، رێگا چارە نییە، ڕیگاچارەی کارسازو گونجاو لەکوردستاندا راماڵینی دەسەڵاتی دز و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتییە.

تێبینی؛ ئەم بابەتە لەژمارە ٨٠ی ١ ئابی بۆپێشەوەدا بڵاوکراوەتەوە

About hkkk

Check Also

ئۆژین پۆتیە …

لە بیست و پێنجەم ساڵیادی مەرگیدا لینین وەرگێرانی لەئینگلیزیەوە سالار حمەسەعید مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *