Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کابینەی ٩ ئامادەیە بۆ ناشتن!!

کابینەی ٩ ئامادەیە بۆ ناشتن!!

عەبدوڵا مەحمود …

ساڵیک بەسەر کابینەی نۆهەمی دەسەڵاتی هەرێم، تیپەڕی. ئەم کابینەیە بە بانگەشەی چاکسازییەوە هات، تا دەسەڵاتی سیاسی لەدەست توڕەیی و نەفرەتی جەماوەری ملیۆنی رزگار بکات. ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کە دەمێک بوو دەیان ویست بەسەر پردی و ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانی خەڵکی کوردستاندا بپەڕنەوە بۆ ناو دەسەڵات و بەشی خۆیان لەتاڵانی و دزی و دەسەڵات پێببرێت، خیرا خۆیان خزاندە ناو ئەو دەسەڵات و حکومەتی ئەو دەسەڵاتەوە تا تەمەنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لەداڕمان و لەشەپۆلەکانی ناڕەزایەتی جەماوەری بپارێزن و ئاوی رەحم و پاراستنی پیرۆزی بەسەردا ببپژێنن.
ساڵێک تێپەرێ و کێوی موسیبەتەکانی جەماوەری کریکارو ئۆردی نەداری کوردستان بەرزتر بۆوە. خەمەکان کەڵەکە تر بوون. نەبوونی بەرین تربۆوە. موچە ناچیزەکەی فەرمانبەران دواخرا. مانگەکانی ساڵ درێژکرانەوە. موچە لێی قرتێنراو. بیکاری فراوانتر، خزمەتگوازرییەکان وێرانتر، سلکی تەندروستی لە سەدەمی کۆرۆنا ڤایرۆسدا، شەلەل تر. دزی و تاڵانی سیستماتیکتر… ئایندەی سیاسی کوردستان لێڵتر، پەیوەندی هەرێم بەغدا ئالۆزتر. جێگای هەرێم لەئاستی ناوچەکەو دنیا بێبایەختر… لەبەرامبەردا ژیان و گوزەرانی کەمایەتیەکی دەسەڵات و حزب و بنەماڵە و سەرمایەدارەکان… ڕازاوەتر و سەروەتی کەڵەکەتر.
ئەم کابینە حکومەتییە کارتۆنییە کە روویەک و ئەڵقەیەکی لاوازی دەسەڵاتی حزبی و شوێنی یەکانگیربوونی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییە، لەهەموو مەیدان و زەمینەکاندا شکستی خواردووە… لەوەڵامدانەوە بە سەرەتاییرین گرفتی خەڵکی کوردستاندا ناکام ماوەتەوە، جەماوەری کریکارو بێبەشی کوردستانیش توانای بەرگەگرتنی ئەم دەسەڵاتەو موسیبەتەکانی ئەو نیزام و سیستەمە سیاسییەیان نەماوە، ئەمەش بۆتە هۆی خوڵقاندنی هەلومەرجێکی تایبەت و فەسڵێکی تازە لە خەباتی چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە.
قڵشتی نیوان جەماوەری کریکار و… زەحمەتکێشی کوردستان، لەگەڵ دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و کەمایەتیەکی حزبی و ناحزبی سەرمایەدار و چەند کۆمپانیایەک، هێندە قوڵ بۆتەوە کە دەتوانین بڵێن کەم وێنەیە لە ئاستی دنیادا. ئەم واقعیەتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی ئیستا و ئەو بەرامبەرکێیەی لەنێوان دەسەڵات و زوربەی جەماوەری بیبەشی کوردستاندا پیکهاتووە، جەنگی چینایەتی بردۆتە ئاستێکی بەرزتر. جەماوەری بێبەشی کوردستان، لە ئیستادا نەک تەنها بۆ “نان و ئازادی و ئایندەی سیاسی کوردستان” چاوەڕوانیەکیان لەدەسەڵاتی بۆژوازی کورد نەماوە، بەڵکو ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتە بەپیش مەرجی هەر باشبونێکی لەژیان و گوزەرانی خۆیان و بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی کوردستان دەزانن.
ئەو کابینەیەی ساڵیک لەتەمەنی تێپەرێ، بەپێچەوانەی بانگەشەکانی پێگرتن و پێکهاتنی، وە بەپێچەوانی خیڵێ نووسەر و کادرە حزبییە تەسەل و میدیا هەزار سەرەکەیان کە دەیانەوێت پسولەی سەرکەوتن بدەن لە… یەخەی ئەم کابینەیەی دەسەڵاتی حزبی، لەهەموو ئاستەکانی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و تەندروستییدا، شکستی خوارد و لە بن بەستێکی تەواو دایە. ئەم کابینەیە لە بنەرەتدا دەیویست، ببێتە روپۆشێک بۆ شاردنەوەی شکستی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و خاوکردنەوەی نارەزایەتییە جەماوەرییە بەرینەکانی خەڵکی کورستان، کە لە هەڵبژاردنە گاڵتەجارییەکەیاندا، بە بایکۆت و بەشداری نەکردن، نیشانیدا کە ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت.
ئەم کابینەیە نەک هەر نەیتوانی روپۆشی ناوەرۆکی شکسخواردووی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بکات و نارەزایەتی جەماوەری خاوبکاتەوە، بەڵکو بە کارنامەیەکی لێوان لێوان لە تاڵانی و دزی، لە بێمافی و سەرکوت، لە نەتوانینی وەڵامدانەوە بەسەرەتاییتریین خواستی هاوڵاتیان وەکو ئاو کارەبا و موچە و خزمەتگوازرییەکان و شکستی کەرتی تەندروستی بۆ روبەڕووبونەوەی کۆرنا ڤایرۆس… نیشانیدا کە برینی ئەم دەسەڵاتە چارهەڵنەگر و بێ هەتوانە.
تەنانەت کادر و نووسەرانی دەسەڵات، ناتوانن حاشا لە شکستی ئەم دەسەڵات و کابینەیە بکەن.. تاکە شتێک کە دەیانەوێت جەماوەری کوردستانی پێ فریو بدەن، یاسای چاکسازی و چوونی ئەو یاسایەیە بۆ بواری کرداری و جێ بەجێکردنەوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەم یاسای بەناو چاکسازییە، هیچی بۆ جەماوەری کریکار و موچەخۆر و فەرمانبەران تیا نییە، شتێکی لەسەر خستنەرووی سەرچاوەکانی داهاتی نەوت و ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان بۆندەکان تیا نییە، لەهەموو ئەوانەش واوەتر موچەی فەرمانبەران بەرەوە وشک بوون چووە، بەچەند مانگ موچەی کەمی موچەخۆران نادەن… لەبەرامبەردا موچەی بندیوارەکان، بەرێوەبەرە گشتیەکان، وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکان و راوێژکارەکانیان… خانەنشینەکانی خولەکان، و ئیمتیازەکانیان… ١٠ قات و بیست قات و ٣٠ قاتی زیاتریی بەرابەری موچەی کرێکار و کارمەندانە، کە بەرەنجی شانی خۆیان کۆمەڵگە دەچەرخێن. وە خودی ئەو یاسا چاکسازییە بووە مایەی ریسوای پەرلەمان و پەرلەمانتارەکانیان، بەجۆرێک ئەمڕۆ سوکترین و توێژی نوخبەی ناو کۆمەڵگە لەپاڵ پیاوانی حکومەت و وەزیرەکان، پەرلەمانتارانن و خەڵکی کوردستان بەچاوی سوکەوە لێیان دەروانن و بە دزانی ئاشکرا ناویان دەبەن کە بێ ئەوەی کارێك و نیوە کارێکی ئیجابیان هەبێت، داهات و قوتی خەڵکی کوردستان و بەرهەم هێنەرانی واقعی لوش دەدەن.
ئەم کابینەیەش، مرد و ناشتنیشی لەگەڵ هەڵپێچانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردایە… جەماوەری تورەو نارازی کورستان بۆ هەلپێچان و ڕامالێنی ئەو دەسەڵاتە شکستخواردووە، پێویستە خیراتر بکەن و رێگەنەدەن ئەو دەسەڵاتە کابینەیەکی تر قوتبکاتەوە، بەڵکو پیویستە لە ئیستاوە بەردی بناغەی دەسەڵاتی ئازادانەی لەخوارەوەی جەماوەری نەخشە رێژ بکەن.

ناوەراستی تەمووزی ٢٠٢٠

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *