Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کارڵ مارکس!

کارڵ مارکس!

و/ جەمال موحسن

بناغه‌ی ڕه‌خنه‌ی نائاینی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ ئاین دروست ئه‌كات، ئاین مرۆڤ دروست ناكات.‌ ئاین خود هوشیاری‌و خود هه‌ڵسه‌نگاندنی مرۆڤێكه‌ كه‌ یان هێشتا خۆی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ یان دوباره‌ خۆی وون كردۆته‌وه‌. به‌ڵام مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی دابڕاو (ئه‌بستراكت) نییه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی جیهاندا‌ بارگه‌و بنه‌ی هه‌ڵدابێ. مرۆڤ جیهانی مرۆڤه؛‌ واته‌ ده‌وڵه‌ت، كۆمه‌ڵگا. ئه‌م ده‌وڵه‌ت‌و كۆمه‌ڵگایه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆیان جیهانێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ن، ئاین به‌رهه‌م ئه‌هێنن كه‌ تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه‌ له‌جیهان. ئاین تیۆری سه‌ره‌كی‌و پوخته‌یه‌كی ئینسایكلۆپیدیایی ئه‌و جیهانه‌یه‌، لۆژیكی ئه‌وه‌ له‌فۆرمێكی باودا، كرۆكی شه‌ره‌فی ڕوحیه‌تی، جۆش‌و خرۆشیه‌تی، باڵاده‌ستی ئه‌خلاقیه‌تی‌، ته‌واوكه‌ری پیرۆزی‌و سه‌رچاوه‌ی جیهانیی دڵنه‌وایی كردن‌و پاساوهێنانه‌وه‌یه‌تی‌. ئاین ده‌ركپێكردنی ناڕاستیانه‌ی جه‌وهه‌ری مرۆڤه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری مرۆڤ هیچ واقعێكی ڕاسته‌قینه‌ی نییه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ململانێ له‌گه‌ڵ ئاین ناڕاسته‌وخۆ ململانێیه‌ له‌دژی ئه‌و جیهانه‌ی كه‌ ئاین بۆن‌و به‌رامه‌ ڕوحیه‌كه‌یه‌تی‌. ئازاركێشانی ئاینی له‌هه‌مانكاتدا ده‌ربڕینی ئازاركێشانی ڕاسته‌قینه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌كه‌ له‌ دژی ئازاركێشانی ڕاسته‌قینه‌. ئاین ئاهوناڵه‌ی بونه‌وه‌ری چه‌وساوه‌یه‌، دڵی جیهانێكی بێدڵ‌و گیانی هه‌لومه‌رجێكی بێگیانه‌. ئاین ئه‌فیونی خه‌ڵكه‌. نه‌هێشتنی ئاین، به‌وێنه‌ی شادی خه‌یاڵی خه‌ڵك، داوایه‌كه‌ بۆ شادی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وان. داواكردن بۆ وازهێنان له‌ خه‌یاڵه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌و هه‌لومه‌رجه‌ی تێیدان، به‌واتای داواكردنی‌ ده‌ستهه‌ڵگرتنه‌ له‌هه‌لومه‌رجێك كه‌ خۆی پێویستی به‌ خه‌یاڵه‌. هه‌ربۆیه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ئاین له‌بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌خنه‌یه‌ له‌و دۆڵه‌ له‌فرمێسك كه‌ ئاین خه‌رمانه‌ پیرۆزه‌كه‌یه‌تی. ڕه‌خنه،‌ گوڵه‌ خه‌یاڵیه‌كانی ‌سه‌ر كۆت‌و پێوه‌نده‌‌كه‌ی هه‌ڵكێشاوه‌ نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ ئه‌و كۆت‌و پێوه‌نده‌ ناڕازاوه‌و هه‌ڵبزڕكاوانه‌ بپۆشێ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی كۆت‌و پێوه‌نده‌كه‌ فڕێ بدات و گوڵی زیندوو بچنێ. ڕه‌خنه‌ له‌ئاین، مرۆڤ له‌خه‌یاڵه‌كانی ڕزگار ئه‌كات به‌جۆرێك كه‌ ئیتر بیركردنه‌وه‌ و كردار و گه‌ڵاڵه‌كردنی ڕاستیه‌كه‌ی وه‌ك مرۆڤێك پیاده‌ئه‌كات كه‌ خه‌یاڵه‌كانی وه‌ده‌رناوه‌و گه‌یشتۆته‌ ژیری، كه‌ ئیتر به‌ده‌وری خۆی‌و به‌مجۆره‌ش به‌ده‌وری خۆری ڕاسته‌قینه‌ی خۆیدا ئه‌سوڕێته‌وه‌. ئاین ته‌نها ئه‌و خۆره‌ خه‌یاڵیه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌وری مرۆڤدا ئه‌خولێته‌وه‌ تا كاتێك كه‌‌ ئه‌و خۆی به‌ده‌وری خۆیدا ناسوڕێته‌وه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌ركی مێژوو ئه‌وه‌یه‌، هه‌ر كاتێك‌ كه‌ جیهانه‌كه‌ی ئه‌ودیو حه‌قیقه‌ت پوكایه‌وه‌، حه‌قیقه‌تی ئه‌م جیهانه‌ بنیاتبنێ. ئه‌ركی ده‌ستبه‌جێی فه‌لسه‌فه‌یه‌، كه‌ له‌خزمه‌ت مێژوودایه‌، هه‌ر كاتێك كه‌ په‌رده‌ له‌ڕووی شێوازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی به‌خۆنامۆبوونی مرۆڤ هه‌ڵماڵرا، په‌رده‌ له‌ڕووی به‌خۆنامۆبوون له‌شێوازه‌ ناپیرۆزه‌كه‌یدا هه‌ڵماڵێ. به‌مجۆره‌ ڕه‌خنه‌ له‌ئاسمان ئه‌گۆڕێت بۆ ڕه‌خنه‌ له‌زه‌وی، ڕه‌خنه‌ له‌دین بۆ ڕه‌خنه‌ له‌یاساو ڕه‌خنه‌ له‌ خوداناسی بۆ ڕه‌خنه‌ له‌سیاسه‌ت. به‌شێك له‌پێشه‌كی‌‌به‌شداری له‌ڕه‌خنه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مافی هیگڵ‘،‌ له‌كتێبی كۆكراوه‌ی كاره‌كانی ماركس‌و ئه‌نگڵس، به‌رگی سێ، لاپه‌ڕه‌ ١٧٥، ١٧٦، چاپی ڵۆرنس‌و وشارت، ٢٠١٠

About hkkk

Check Also

سەبارەت بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا …

لینین… وەرگێران لە ئینگلیزیەوە: سالار حەمەسەعید… ئەم وتارەی لینین لە دوهەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفیکدا …