Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کرێکارن تـەنهـا بـەیەکگرتن و ڕێکخراوکردنی خۆیان دەتوانن هێرش و پەلاماری خاوەن کار و کۆمپانیـاکـان بـۆ سـەر ژیـان و مـافـەکانیـان، ڕابگرن! …

کرێکارن تـەنهـا بـەیەکگرتن و ڕێکخراوکردنی خۆیان دەتوانن هێرش و پەلاماری خاوەن کار و کۆمپانیـاکـان بـۆ سـەر ژیـان و مـافـەکانیـان، ڕابگرن! …

ئەو ڕاپۆرت و نامانەی کەلە یەک مانگی ڕابردوودا لەلایەن کرێکارانی هەندێک لەکارگەو کۆمپانیا وناوەندەکانی کارەوە، ئاڕاستەی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار کراوە، سەرەڕای گوزارشت کردن لە دۆخێکی سەختو دژواری هەلومەرجی کاری ناو کارگەکان، هاوکات دەرخەری هێرش و پەلامارێکی بەرفراوانە کەلەلایەن خاوەنکارو کۆمپانیاکاناوە بۆ سەر کرێکاران بەڕیخراوە. لایەنەکانی ئەم هێرش و پەلاماردانەش، خۆی لە زۆر لایەندا دەبینێتەوە لەوانە نەدانی کرێ و هەقدەستەکان وبڕینی نایاسایی لێی، لەسەرکار دەکردن وجەریمەکردنی کرێکاران بەبەهانەی ڕوودانی پێشهاتێکەوە کەکرێکاران لێی بەرپرسیار نین، هەروەها ناچار کردنی کرێکاران بەسەعاتکاری زیاتر وگۆڕینی گرێبەستەکانیان بەگرێ بەستی کاتی، ئەمە جگەلە لێگرتنەوە لەخۆراک وبڕینی مەسرەفی هاتوچۆ و نەهێشتنی مۆڵەتەکان.. بەم جۆرەش کرێکاران لەنێو دڵەڕاوکێی لەدەستدانی کارو تەحەمول کردنی هەلومەرجێکی سەختی کاردا ڕاگرتووە. بەڵام سەرچاوەی ئەم هێرش و پەلامارەی خاوەنکارەکان بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئاشکرایە ئابوری کوردستان گیرۆدەی قەیرانێکی قوڵە و چینی سەرمایدارو خاوەنکارو کۆمپانیاو حکومەتیش وەک هەر جیگایەکی تری دونیا، هەموو هەوڵیان بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە ئەوەیە کە ئاکامەکانی بەسەر شانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا بشکێننەوەو ناچاریان بکەن کەمل بەسەخترین هەلومەرجی کار وبێمافی بدەن. واتە ناچاریان بکەن بەهەرزانترین شێوە و کەمترین مەسرەف مل بەمەرجەکانی خاوەنکارەکان بدەن. بەڵام ئەمە هیشتا هەقیقەتی ئەو پەلامارو هێڕشە دەرناخات کە خاوەنکارو کۆمپانیاکان لەبەرامبەر کرێکارانی کوردستاندا لەم دۆخەدا کەپەتای کۆرۆنا یەخەی بە کۆمەلگا گرتووە، دەستیان بۆ بردووە.

لەمبارەوە هەموان دەزانین کە حکومەت لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کرۆنادا بڕیاری قەدەغەی هاموشۆی ڕاگەاند و هاوکاتیش بڕیاریدا کەدەبێ تەواوی کارگەو دامەزراوە حکومی و ئەهلیەکانیش دابخرێن تەنها ئەو شوێنانە نەبێت کە زەرورن. بەڵام ئەم بڕیارەی حکومەت هیچ بەرپرسیارێتیەکی لەبەرامبەر دانی کرێ وموچەی کرێکاران و ئەوانەی کارەکانیان لەدەستداوە، لەپشتەوە نەبوو هەربۆیە زۆربەی پڕۆژە پیشەزیەکان نەک هەر بە تەواوی پابەند نەبون و بەرهەمهێنانیان رانەگرت، بگرە ئەوانیش بەسود وەرگرتن لە بڕیارەکەی حکومەت بەشێك لە کرێکارەکانیان ناردەوە ماڵەوەو بەبێ پێدانی موچە پێیان لەبێکاریدا ڕایگرتن. لەلایەکیترەوە ئەو هێرشەی کە بەرامبەر بەکرێکاراندا گیراوەتەبەر، لە درێژەی یاسای چاکسازی حکومەتی هەرێمدایە. ئەمە بەو مانایەی حکومەت لەژێر ناوی چاکسازیدا کەوتۆتە سیاسەتی لێگرتنەوە لەموچە ودەرماڵەی کارمەندان بەڕیژەی٢٦% بەبیانوی ئەوەی قەیرانی دارییە و کێشەیان لەگەڵ بەغدا هەیە. ئەمەش دەستی خاوەن کارو کۆمپانیاکانی ئاوەڵا کردووە تا لەژێر سێبەری یاسای چاکسازیدا، لەموچەی کرێکاران ببڕن و لەسەر کار دەریان بکەن وتەنانەت بەهۆی دۆخی پەتای کۆرۆناوە گرێبەستەکانیان بکەنە کاتی و بەهەر پاساوێکەوە بێت یەکلایەنە کرێکاران جەریمەبکەن ولەهەقومافیان بگرنەوە. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین کە ئەوە حکومەتە ئاوەکەی ڕشتووە و ئەوەش خاوەن کارو کۆمپانیاکانن سودیان لەدۆخەکە وەرگرتووە تا سەخترین هەلومەرجی کارو بێمافی لەجەرگەی ئەم قەیرانە ئابوریەدا بەسەر کرێکاراندا داسەپێنن و لێرەشەوە لاسەنگی میزانی قازانجی سەرمایەکانیان هەڵسێننەوە.

بەڵام کرێکاران دەبێ چی بکەن لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا وچۆن ڕوبەڕوی هێرش و پەلاماری خاوەنکارو کۆمپانیاکان بوەستنەوە؟

بێگومان هیچ کرێکارێک بەم دۆخەو بەغەدرێک کەخاوەنکار لێیدەکات ڕازی نییە، تەنانەت هەموکرێکاران خواست و ئومیدیان بەباش بژێوی وتەئمینی کارو کرێی شایستەیە. بەلام ئەم ناڕەزایەتیە وئەم ئومیدو خواستانەی کرێکاران هیچکات لەڕیگای دانیشتن بەدیار حکومەت و سەندیکاکانی سەر بەحزبە حاکمەکانەوە، کەکارێک بۆ کرێکاران بکەن، بەدی نایەت. هەروەها  هانا بردنی کرێکاران بۆ ئەندام پەرلەمان و کەسانێک کەلەدەرەوەی کرێکاران خۆیانن، ئەویش هیچ ئەنجامێکی نابێت، بەتایبەتی کەکرێکاران نزیک ٣٠ ساڵە ئەم سیستەمە وئەم حکومەتە ئەزمون دەکەن و ئەوە تا ژیانی ئەوانی بەم ڕۆژە گەیاندووە… کەوایە کرێکاران خۆیان بڕیاردەرن و دەبێ هەر خۆشیان مشوری کێشەو گرفتەکانی خۆیان بخۆن وبەهیزی خۆشیان ڕووبەڕوی هەرجۆرە پەلامارێکی خاوەن کارەکان بۆسەر مافو خواستەکانیان ببنەوە.  دیارە کرێکاران بەفەردی وپەرشوبڵاوی و بەدەربڕینی ناڕەزایەتی ناڕیخراو ناتوانێ داکۆکی لەخواستو مافەکانی خۆیان بکەن، لیرەوەیە کەمەسەلەی خۆڕێکخستن و یەکگرتوکردنی ڕیزەکانی کرێکاران و ڕاوەستانەوەیان بەشیوەی دەستەجەمعی دەبێتە پێداوسیتەیەکی هەمیشەیی بۆ کرێکاران ئەمەش  نەک هەر بۆ ڕاوەستانەوە لەبەرامبەر پەلامارو هێرشەکانی خاوەنکاردا،  بەڵکو بۆ داسەپاندنی خواستی زیاتر  و باشکردنی هەلومەرجی کارو ژیاندا.

تێبینی: ئەم بابەتە لەژمارە ١٢ی ١ ئابی ٢٠٢٠ دا لە دەنگی کرێکاردا بڵاوکراوەتەوە

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *