Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کورد، کەشتیەک یا دووان !؟

کورد، کەشتیەک یا دووان !؟

عەبدوڵا ساڵح

هەموو ڕۆژێ لە میدیا کوردیەکانەوە گوێمان لەدەستە واژەی ( کورد دەبێ چی بکا، بەرژەوەندی کورد لەچی دایە، پەیوەندی کورد لەگەڵ بەغدا دەبێ چۆن بێ، کورد وا …..، کورد بۆ …. کورد کەی …..؟)

گومان لەوەدا نییە مەبەست لەووشەی کورد لێرەدا دەسەڵاتی سیاسیە لە کوردستان، واتە ئەو دەسەڵاتەی زیاتر لە 20 ساڵ بەدەست دوو حیزبەوە بوو دواتر بوو بە بنکە فراوان و ئێستاش هەرچی ئێوە ناوی دەنێن .

ئاخۆ ڕەوایە بەو دەسەڵاتەی نزیک بەچارەکە سەدەیەکە ئەم ووڵاتە بە تاڵان دەبا، وێرانی دەکا، شان لەهەموو بەرپرسیارەتیەک لەبەرامبەر خەڵک دا خاڵی دەکاتەوە، دەگرێ، دە کوژێ، برسی دەکا، شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێنێ، کلکە سووتە بۆ ووڵاتنی دراوسێ دەکا، لەسایەی ئەودا بێکاری، نەخۆشی، بیکارەبایی، بێئاوی، بێموچەیی باڵیان بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا کێشاوە، دەیان و دەیان دەردو مەینەتی دیکە بگوترێ کورد و لەهەمان کاتدا بە قوربانیانی سیاسەتی ئەم دەسەڵاتەش هەر بگوترێ کورد؟ ئەگەر شتێک هەبێ ئەم دوو دنیا جیاوازە پێکەوە کۆبکاتەوە تەنێا هاوزمانیە و چیدی نا !

کەشتی دەسەڵات پڕە لەو تاڵانچی و سەرمایەدارانەی وەک بڵقی سەرئاو هەڵتۆقین و لە پڕێکدا و لە ژێر باڵی بەرپرسانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان هاتنە دەر و ڤێلاو زەوی و تەنانەت شاخەکانیشان کڕی و دەیان ئوتومبێل و خەدەم و حەشەم بەدەوریانەوەن. ئەم کەشتیە هی دەسەڵاتەو فڕی بەسەر کەشتی خەڵکەوە نیە، هەر بۆیە کۆکردنەوەی سەرنشینانی ئەم دوو کەشتیە لەکەشتیەکدا ناولێنانی بە ” کورد ” نەک تەنیا ناڕەوایە بگرە بە ئاگاوە یا بێئاگا پشتیوانیە لەدەسەڵات. کەشتی دەسەڵات و کەشتیەوانەکان زۆر دەمێکە بڕیاری خۆیان داوە کە چارەنوسی ئەم کۆمەڵگایە بەرەو کوی بەرن، ئیتر کاتی ئەوەیە کەشتی خەڵکیش بەرەو چارەنوسی خۆی تاو بدرێ و ئەم ڕیزبەندیە لێکبترازێ و چیتر لە ژێر ناوی ” کورد ” ئەم دوو بەرە جیاوازە ” ئەم دوو دنیا جیاوازە تێکەڵنەکرێن، ئەوە کورد نیە دەوڵەت و وەزیر و پەرلەمانتاری هەیە، ئەوە کورد نیە لەڕێی دەزگای ئەمنی تۆقێنەرو زیندانی وون خەڵک بێسەروشوێن دەکا، مافی مرۆڤ پێشێلدەکا، ئەوە کورد نیە نەوت دەفرۆشێ و پارەکەی دەدزێ، ئەوە دەسەڵاتی حزبە کوردیە زەبەلاحەکانە، بۆیە دەبێ لە فەرهەنگ و زمانی ڕاگەیاندن و سیاسیدا جیابکرێنەوە، هەروەک چۆن لەسەر ئەرزی واقیع زۆر لێک جیان.

7 / 4 / 2016

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *