Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کوردستان پێویستی بە بەدیلی سۆشیالیستییە! …

کوردستان پێویستی بە بەدیلی سۆشیالیستییە! …

رێبوار ئەحمەد

نەفرەت و توڕەیی بەبەرامبەر سیستەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتی تاڵانگەرانەی ئەحزابی بۆرژوازی کورد بەوپەڕی خۆی گەیشتووە. ڕاماڵینی ئەم حزبانەو تەفروتوناکردنی سیستەمی حوکمڕانی ئێستا کەتەنها نوێنەرایەتی کەمایەتیەکی سەرمایەداری گەندەڵ و مشەخۆر دەکات، ئاوات و ئارەزوویەکی قوڵ و فراوان و هەمەگیری کرێکاران و جەماوەری برسی و نەداری کوردستانە. قڵشتی چینایەتی بەجۆرێك ئەم کۆمەڵگایەی لەنێوان دوو ئۆردوودا دابەش کردووە کە لەهەموو مێژووی ئەم کۆمەڵگایەدا وێنەی نەبووە.

جەماوەرێکی فراوانی ملیۆنی لەکرێکارو فەرمانبەرو زەحمەتکێشی شارو دێ، سەرباری ڕەنج و محنەتی لەڕادەبەدەر، برسی و نەدار یان بێکارو بێبەرین لەهەر شتێك کەبۆ ژیانێکی سادە پێویستە. کەمایەتیەکی کەمیش لەسەران و بەرپرسانی ئەحزابی حاکم، خاوەن کۆمپانیاو بازاڕو قاچاخچی نەوت و دەرمان و خۆراکنو فاسدو نوقمی سەروەت و سامانن. وەکو ڕۆژی ڕووناكیش دیارە کەنەداری و ژیانی کارەساتباری جەماوەری ملیۆنی “سەرچاوەو هۆکاری” قەڵای سەروەتی کەمایەتیە مشەخۆرو گەندەڵەکەیە.

“ناسیۆنالیزم ئامڕازی گەوجاندنە”

ئەم ڕاستیە حاشاهەڵنەگرە دەربارەی هۆکاری قەڵای سەروەت لەلایەك و هەژاری لەڕادەبەدەر لەلایەکی ترەوە بەنرخێکی زۆر گران بۆ جەماوەری چەوساوە ڕۆشن بۆتەوە. مێژوویەکی دوورو درێژە خورافەی ناسیۆنالیزم و نەتەوەگەری و پێشینەی ستەمی میللی، جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی دەستەمۆی بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کوردو حزبەکانی کردووەو هێشتاش هەر دەیکات.

تائێستا ئەو ڕاستیە بەتەواوی بۆ جەماوەری ملیۆنی بەشمەینەتان ڕوون و ڕاشکاو نیە کەنەتەوەپەرستی جۆرێکی ترە لە مادەی هۆشبەر بۆ تەسلیم کردنیان بە بۆرژوازی خۆماڵی. ئەو بۆرژوازیە خۆماڵیەی کە تۆزقاڵێك دوودڵ نییە لەمژینی خوێن و شیلەی گیانی کرێکارو زەحمەتکێشی خۆماڵی و هاونەتەوەی خۆی.

پەیبردن بەستەمکاری و کۆنەپەرستی و مافیاگەریی یەکێتی و پارتی، هێشتا مانای پەیبردن بەماهیەتی ناسیۆنالیزم نییە. هەربۆیە ئەو بوارە بەکراوەیی ماوەتەوە کەحزبێکی دیکەی ناسیۆنالیستی یان ناسیۆنال-ئیسلامی هەمان یاری فریوکارانەی یەکێتی و پارتی لەسەرەتاوە دەست پێبکاتەوە. بزووتنەوەی گۆڕان هەر ئەم کارەی کرد.

جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان ساڵەهایەو هێشتا لەژێر گوشاری ئەو فریوکاریەدایە کە دەبێت لەپێناو “سەرفرازی و ڕزگاری نیشتمان و نەتەوەدا” نەك هەر دەستبەرداری خەباتی چینایەتی بێت لەدژی ستەم و چەوسانەوەی بۆرژوازی خۆماڵی کوردی، بەڵکو دەبێت چاوپۆشی لەستەمکاری بێسنورو هەموو چەپەڵکاریەکانیشی بکات و لەبەرامبەر غەیرە کوردەکاندا لە پشتی ڕابوەستێت بەبێ ئەوەی هەمان بەڵگە هۆکار بێت بۆ ئەوەی بۆرژوازی خۆماڵی تاقە ڕۆژێك و تەنانەت بۆ یەك ساتیش دەست لەچەوسانەوەی کرێکارو زەحمەتکێشی هاونەتەوەی هەڵگرێت.

جەماوەری کرێکارو بەشمەینەت بەنرخی تەحەمول کردنی نزیکەی سێ دەیە لەستەمگەری و مەرگەساتی ژێرسایەی دەسەڵاتی بۆرژوازی خۆماڵی بەخەسڵەتی چەوسێنەرانەو گەندەڵ و چەپەڵکاری بەشێك لە حزبەکانی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد ئاشنا بوون، بەڵام هێشتا لەئاستی پێویستدا پەییان  بەوڕاستیە نەبردووە کە ئەسڵی مەسەلەکە چەند حزبێك نیە کە خیانەتیان لەنەتەوە کردبێت، بەڵکو خەسڵەتی چینایەتی ئەو حزبانەو هەر حزب و ئاسۆو بەدیلێکی تریشە کەهەمان خەسڵەتی چینایەتی هەبێت. واتە ئەسڵی مەسەلەکە بۆرژوایی بوون و ناسیۆنالیست بوونی ئەو حزب و بزووتنەوەو ئاسۆ سیاسییانەیە کە دەیان ساڵە باڵادەستیان بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا هەیەو سێ دەیەیە حوکمڕانی ئەم کۆمەڵگایە دەکەن.

لەبنەڕەتەوە خورافەی ناسیۆنالیزم و نەتەوەگەری ئامڕازێکی گەوجاندن و دەستەمۆکردنی جەماوەری کرێکارو ستەمدیدەیە لەلایەن بۆرژوازی خۆماڵییەوە. حزبەکانی ئەم بزووتنەوەیە یەکێتی بێت یان پارتی یان گۆڕان یان کوردی ئیسلامی، هەرچ جیاوازیەکی لاوەکیشیان هەبێت، ناوەڕکی سیاسی و چینایەتیان وەک یەکەو هەموویان سەر بەهەمان خانەوادەی بورژوازی خۆماڵین. تا بەرچاوی کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدە لەئاست ئەم مەسەلەیە ڕووناك نەبێتەوە، مانای وایە هێشتا بۆرژوازی خۆماڵی ئەو دەرفەتەی بەدەستەوە ماوە کەبەڕەنگ و ناوی جیاوازەوە یان لەکات و شوێنی خۆیدا جەنگی ڕەواو شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریای کوردستان دژی بۆرژوازی کورد بە دەمەزەرد کردنەوەی خورافەی نەتەوەپەرستی لەکار بخات یان لەناو زەلکاوی بەرامبەرکێی ناسیۆنالیزمی کوردو غەیرە کوردا بەرەو هەڵدێری بەرێت و جەماوەری ستەم دیدە بکات بە لەشکری پیادەی خۆی. ئەمە یەکێکە لەسەرەکیترین ئاستەنگیەکانی ئێستای خەباتی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان بەرامبەر بەدەسەڵاتی ستەمکارانەی بۆرژوازی کورد.

“ڕێگاچارە ڕاپەڕین و هەڵپێچانە نەك چاککردن!”

ئەو هێزو بەدیلانەی ئامانجی خۆیان لەوەدا گەڵاڵە دەکەن کە بەگۆڕینی دەموچاوەکان یان لەڕێگای بەدامەزراوەیی کردنی حکومەت و ئۆرگانەکانی دەسەڵات و میلیشیاکان، یان خستنەڕووی بەرنامەو پلانی چاکسازی و بانگەشەی چاکسازی ڕاستەقینە، سیستەمی لامەرکەزیان گەڕاندەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕ لەدۆخی ئێستا پێکبهێنن دوورو نزیك پەیوەندیان بەئامانج و مافەکانی جەماوەری بەشمەینەت و ئاڵوگۆڕێکەوە نیە کەبەدیهێنەری ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکی ستەم دیدە بێت.

لەڕاستیدا ئەم هێزو بەدیلانە فریادڕەس و ڕزگارکەری سیستەمی کەپیتالیستی قەیرانگرتووی ئێستان نەك ڕزگارکەری جەماوەری ستەم دیدە.  ڕەخنەی ئەم جۆرە بەدیلانە “بزووتنەوەی گۆڕان، ئیسلامیەکان، نەوەی نوێ و باڵە لاخراوەکانی یەکێتی” لە دەسەڵاتی ئێستا لەڕوانگەی ئەو بەشە لەبۆرژوازی و سەرمایەدارانەوەیە کە پێیان وایە یەکێتی و پارتی یاساکانی سەرمایەداری بەباشی و عادیلانە ڕەچاو ناکەن و دەرفەتی یەکسان نادەن بەهەموو سەرمایەداران و بە زەبری میلیشیاو دەسەڵات بازاڕیان بۆ بەشێك لە سەرمایەداران قۆرخ کردووەو سیستەمی سەرمایەداری ئێستایان دوچاری قەیرانی هەمەلایەنە کردووە. لەکاتێکدا لەڕوانگەی ئامانج و بەرژەوەندیەکانی جەماوەری ستەمدیدەوە ڕێگاچارە هەڵپێچان و ڕوخاندنی سیستەمی ئێستایە بەسەر قەیرانەکانی خۆیدا نەك چارەسەری قەیرانەکانی.

لەدرێژەی ئەم ڕوانگە جیاوازانەوە دەگەین بەو ستراتیژو تاکتیکە جیاوازانەی بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕەکان دەخرێنەڕوو. ئەو لایەن و بەدیلانەی کەئامانجیان تەنها پینەوپەڕۆی سیستەم و دۆخی ئێستایە، ئەو ڕێڕەوە سیاسی و تاکتیکیانە دەخەنە دەستورەوە کەسیستەمی ئەزمە گرتووی ئێستا ڕزگار بکەن. بۆنموونە؛ بەدەستهێنانی دەنگی زیاترو مسۆگەرکردنی کورسی زیاتر لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا گوایە لەڕێگەی پێگەی بەهێزی پەرلەمانی و خەباتی پەرلەمانیەوە ئاڵوگۆڕ پێکدەهێنن.

یاریکردن لەنێوان بەشداری لەحکومەت یان گێڕانی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ بانگەشەکردن بۆ چاکسازی لەوپەڕی ڕادیکالیزمەکەیاندا دەگەن بەوەی کەخۆیان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەری ببن بەمەبەستی سەپاندنی مەرام و خواستەکانیان بەسەر دەسەڵاتدا. لەم پێناوەشدا ناڕەزایەتی جەماوەری لەبازنەی بایکۆت و خۆپیشانداندا دەخولێننەوە لەکاتێکدا ئەزموونی نزیکەی 30 ساڵ سەلماندوێتی ئەم سیستەمەو ئەم دۆخە قابیلی چاکسازی و چاککردن نیە. بەشداری لەیاری فریوکارانەی هەڵبژاردن جگە لەمەشروعییەتدان بە سیستەمی نامەشروعی ئێستا هیچ ماناو هیچ ئاکامێکی تری نەبووەو نابێت. گەڕانەوە بۆ بەغدا لەکاتێکدا جەماوەری ستەمدیدەی ئێراق لە موحتاجیدا بۆ دەنکە حەبێک و ژەمە نانێك شەقامی شارەکانیان خرۆشاندووە، ناکرێت وەکو ڕێگای دەرهێنانی کوردستان و خەڵکەکەی لەمیحنەتەکانی ئێستا چاوی لێ بکرێت. لەوەش زیاتر گەڕانەوە بۆ ژێرباڵی سیستەمێکی ناسیۆنال-ئیسلامی عەرەبی کەڕاستەوخۆ لەسەر بنەمای دابەشکاری قەومیو تائیفی دامەزراوەو لەسایەیدا هاوڵاتیانی کورد زمان پێکهاتەی نمرە سێهەمن و، هیچ کات نە لەگەڵ پێکهاتەی نمرە یەکی شیعەو، نە لەگەڵ پێکهاتەی نمرە دوی سوننە یەکسان نابن و ئایندەیەکی باشتر لەدۆخی ئێستا بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر ناکات. جگە لەوش قەتیسمان لەئاستی بایکۆت و خۆپیشاندانیش بێئەنجامە.

بێگومان ئەمانە وەکو شێوازگەلێکی خەبات کەدەکرێت لەکات و شوێنی خۆیدا ڕۆڵیان هەبێت لەگوشار دروستکردن لەسەر دەسەڵات و بردنەسەری ئامادەیی خەباتکارانەی جەماوەر. بەڵام ئیتر بەتایبەت بۆ ئەم دۆخە خوڵانەوە لەبازنەی ئەم تاکتیکانەدا کارساز نیەو چەندین جار ناکامی خۆیان سەلماندوە.

دەسەڵات ئەزموونێکی زۆری لەبەرامبەریاندا بەدەستهێناوەو ڕێگەی گونجاوی خۆی دۆزیوەتەوە؛ ئەگەر گوشارو سەرکوت دادی نەدات، ئەوە لێدەگەڕێت تاخەڵك شەکەت و ماندوو نائومێد دەبن و سەرئەنجام بەهەستی شکست و ناکامیەوە بەدەستی بەتاڵ بەرەو ماڵ دەبنەوە. ئەزموونی خەباتکارانەی دەیان ساڵی ڕابردوو ئەو ڕاستیەی سەلماندووە کە نەبایکۆت و مانگرتن و خۆپیشاندان، نە بەردباران و سوتاندنی بارەگای حزبەکان کارساز نین بۆ گۆڕینو بەچۆکدا هێنانی ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە. تەنانەت بێدەربەستی و ئیهمالی خۆیان لە بەدیهێنانی ماف و خواستەکانی خەڵکیشدا نیشانداوە.

لەگەڵ ئەوەدا کەنەفرەت و توڕەیی خەڵك لەم هەلومەرج و سیستەمە بەوپەڕی خۆی گەیشتووەو هەڵپێچان و ڕاماڵینی بووە بەئاوات و ئارەزوویەکی قووڵ و فراوانی جەماوەری ملیۆنی و بەهەزارو یەك شێوە بەیان دەکرێت، بەڵام بێگومان ئارەزووی ڕوخان و ڕاماڵێن جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ بڕیاردان و ئیرادەکردن بۆ ئەم کارە.

ئەوەی تائێستا خۆی نیشانداوە تەنها ئارەزووەکەیە نەك بڕیارو ئیرادە.  بۆیە هێشتا هیچ ئامادەکاریەك بۆ ئەم مەبەستە لەدەستوری هیچ کەس و هیچ لایەنێکدا نیە. هەروەها هێشتا جێگای بەدیل و ئاسۆی شۆڕشگێڕانەو سەرەتاییترین ئامادەکاری و پێداویستیەکان و، سەرئەنجام سیاسەت و تاکتیکی گونجاو بۆ ئەم مەبەستە خاڵییە.

ڕەوتی گۆڕینی هیواو خۆزگەی جەماوەری “بۆ بڕیاردان” لەسەر ڕوخاندن و ڕاماڵین و هەڵگێڕانەوەی گشت دۆخی ئێستا، لەکاتێکدا ئەرکی بەدیلی شۆڕشگێڕانەیەو هەم خۆی بەشێکی زۆر گرنگە لەڕەوتی بەرجەستەبوونی ئەو بەدیلە. بەدیلێك کەئاسۆیەکی گەش بخاتەڕوو بۆ توانای گۆڕانی بنەڕەتی و ئایندەی کۆمەڵگا.  ئایندەیەکی شادو ئازادو یەکسان و خۆشگوزەران لەسایەی سیستەمێکدا کەژیان و بەختەوەری و ئاسایش و دڵنیایی بەیەکسانی بۆ هەموو هاوڵاتیان لەپێش هەموو شتێکەوە دابنێت. ئاڵوگۆڕێکی بەم جۆرە تەنها بەڕاپەڕین و هەڵپێچانی دەسەڵات و دۆخی ئێستا مەیسەر دەبێت.

“پێویستی حزب و ڕێکخراوبوون”

کوردستان پێویستی بە بەدیلێکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ ئەوەی لەو زەلکاوی قەیرانە هەمە لایەنەیە دەریبهێنێت کەبۆرژوا-ناسیۆنالیزمی کوردو حزبە ڕەنگاوڕەنگەکانی تیایدا نوقمیان کردووە. بەڵام بەدیل بەمانای فراوان و هەمەلایەنەی وشەکە واتە “حزب و ڕابەری سیاسی و ئاسۆو تاکتیك و پلان و ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانە.

هەڵبەت مێژوویەکی دوورو درێژ لەیاری حەقیرانەی ئەحزابی بۆرژوازی کورد بەچارەنووس و ژیانی خەڵکی کوردستانەوە فەزایەکی دژە حزبی لەئاستێکی فراواندا خوڵقاندووە. ئەم فەزایە وەکو ژەهرێکی کوشندە وایە بۆ ئاڕاستەو ئاسۆی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە. سەرئەنجام دەبێتە فاکتەرێکی یاریدەدەر بۆ درێژەکێشانی دەسەڵات و دۆخی ئێستاو پەرتوبڵاومانەوەی جەماوەرو ناکام مانەوەی خەباتەکەی.

ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کەهیچ ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانەو بەدیهێنەری “ئامانجەکانی جەماوەری کرێکارو ستەمدیدە” لەخۆوەو بەشێوەی خۆبەخۆیی بەئاکام ناگات. شتێك نیە لەدنیای واقعدا ناوی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بێت و بەئاکام گەیشتبێت بەبێ بوونی بەدیلی شۆڕشگێڕانە بەمانای “حزب و ڕابەری و سیاسەت و تاکتیك و ستراتیژی شۆڕشگێڕانە”.

هەرجووڵانەوەیەکی خۆبەخۆیش سەرهەڵبدات، ئەگەر بەسەرکوت شکست نەدرێت، ئەوە بەلاڕێیەکی دوور لەئامانجەکانی جەماوەری چەوساوەدا دەبرێت. هەرکەس پێچەوانەی ئەمە بڵێت یان فریوکارە یان فریوخواردوو. بەبێ بەدیلێکی لەم جۆرە خەبات و ڕاپەڕین و قوربانیدانی جەماوەری چەوساوە تەنها دەبێتە پەیژەیەك بۆ هێنانەخوارەوەی باڵێکی بۆرژوازی و سەرخستنی باڵێکی دیکەی بۆسەر کورسی حوکم و، هەلومەرجی مەینەتباری جەماوەریش وەکو خۆی دەمێنێتەوە.

هەزارویەک جار جەماوەر ڕاپەڕن و دەسەڵاتی ئێستا بەسەر خاوەنەکانیدا خاپور بکەن، بەبێ بەدیلێکی لەو جۆرەی باسمکرد هیچ ئاڵوگۆڕێكی ڕیشەیی بەئاڕاستەی بەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکی ستەمدیدە پێك نایەت و سەقامگیر نابێت. ئەمە گرنگترین وانەی مێژووی ڕاپەڕین و شۆڕش و تێکۆشانی چینە چەوساوەکانە. هەروەها وانەی ئاخرین شۆڕشەکانی دنیای عەرەب و بگرە وانەی خرۆشانی جەماوەری ١٧ی شوباتی ٢٠١١ی کوردستانیشە. بۆیە بەم مانایە مەیلی دژە حزب و حزبیەت و ڕێکخراوبوون تەنها کۆمەك بەدەسەڵاتی ئێستاو حزبە دەسەڵاتدارەکان دەکات. چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش لەئامڕازی خەباتگێڕانە قودرەتمەندبوون و بەدیهێنەری ئامانجەکانیان بێبەری دەکات. کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم شکڵگرتنی بەدیل و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دروست دەکات، سەرئەنجامیش تەمەنی دەسەڵاتی ئێستا درێژ دەکاتەوە.

سەرەکیترین ئامرازی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە رێکخرابوون و تەحەزوبە. بەتایبەتی بەبێ حزبی سیاسی ئەوکارە ئەستەمە بەئاکام بگات. بەدیلی سیاسی و شۆڕشگێڕانە بۆ ئەوەی کارسازبونی خۆی بەرجەستە بکات، پێویستە لەحزبێکی سیاسی بەهێزدا خۆی نیشانبدات کەتوانای سازدان و ڕابەری کردنی خەبات و هێزی جەماوەری هەیە. حزبی سیاسی بەمانای ئەوەی کەدەکرێت لەچوارچێوەی بزوتنەوەو نەرێتێکی سیاسیدا بۆچونی جۆراوجۆر بگرێتەخۆی،

بەڵام لەدەوری ئاسۆیەکی سیاسی و پلان و تاکتیکی پەسەندکراو بەمیکانیزمی حزبی، بەئیردەیەکی یەکگرتوەوە یەک پراکتیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرێتەپێشەوە. هەر نەرێت و بزووتنەوەیەک پەرشوبڵاو یان هەتا لەئاستی گروپ و مەحفەل و کۆڕو کۆمەڵی لێکدابڕاودا قەتیس بمێنێت، جا هۆکارەکەی هەرچی بێت، ناتوانێت ببێت بە بەدیلێک کەجەماوەری بەدەنگهاتوو لەدەورەیەکدا هەڵیبژێرن و ئومێدی پێوە گرێ بدەن.

لەدنیای واقعدا قودرەتمەندبون و توانای کردنی ئاڵوگۆڕ لەچۆنایەتی کاریگەرترە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەدیلی خۆی هەڵبژێرێت و ئومێدی پێوە گرێبدات. هەرئاسۆیەکی سیاسی و هەر بزووتنەوەیەک بەبێ حزب بمێنێتەوە ئەستەمە کۆمەڵگا وەکو بەدیل هەڵیبژێرێت. دیاریکردنی ئەم واقعیەتە بۆ کۆمۆنیزم وەکو یەکێک لە ئاسۆو مەیلەکانی ناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری زۆر چارەنوسسازە. ئەمە گرنگترین وانەی ڕاپەڕینی ئازارە بۆ کۆمۆنیزم. چەندین گروپ و ڕێکخراوو کۆڕوکۆمەڵی کۆمۆنیستی لەمەیداندا بوون. تەنانەت بزووتنەوەی شورایی لەئاستێکی جەماوەریدا بەرپا کرا. بەڵام نەبوونی حزبی سیاسی کۆمۆنیستی، سەرەکیترین فاکتەرو هۆکاری ئەوەبوو کە، سۆسیالیزم وەکو بەدیلیکی سیاسی لەبەرامبەرکێ لەسەر قودرەت و دەسەڵاتی سیاسی ئەو دەورەیە دەسەڵات لەدەست بدات.

“ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و بەدیلی شۆڕشگێڕانە”

ئێستا ئەگەر ئەوە ڕۆشن بیت کە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە پێویستی بە بەدیل و ئامرازی شۆڕشگێڕانە هەیە پرسیار ئەوەیە کە؛ بەدیلی شۆڕشگێڕانە کامەیەو چۆنە؟ لەدۆخێکدا کەهەموو ئەحزابی سیاسی بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنج و باوەڕی جەماوەری چەوساوەو ناڕازی خۆیان بەگۆڕانخواز دەناسێنن، هەرکامیان چوارچێوەیەکیان خستوەتەڕوو بۆ گەڵاڵە کردن و لەقاڵبدانی خواست و ئامانجەکانی جەماوەر بەرامبەر بە دۆخو دەسەڵاتی نگریسی ئێستا، چۆن دەکرێت بەدیلی شۆڕشگێڕانە لەبەدیلە کۆنەپەرستەکان جیابکرێتەوە؟!

بەر لەهەر شت بەدیلی سۆڕشگێڕانە دەبێت لەسەر بنەمای ئەوە هەڵبسەنگێندرێت کە چی ڕەخنەیەکی لەدۆخی ئێستا هەیە و چی ئاسۆکی سیاسی دەخاتەڕوو بۆ گۆڕین بۆ ئایندەی کۆمەڵگا. بۆنموونە ڕەخنە لەدۆخی ئێستا دابەشبوونی کۆمەڵگایە بۆ کەمایەتیەکی کارنەکەری ملیاردێرو، زۆرایەتیەکی ڕەنجدەری برسی و نەدار، یان ڕەخنەکە لەنیشتمانی نەبوونی میلیشیاکان و موئەسەساتینەبوونی دەزگا گەندەڵ و ستەمکارەکانە؟!

ئایا دوای هەڵپێچانی ئەم سیستەم و دەسەڵاتەی ئێستا، دیسان کۆمەڵگای کوردستان دەبێت بە سیستەمێك بەڕێوەببرێت کە لەسەرەتاییترین تاسەرەکیترین پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەو خزمەتگوزاریەکان و تەندروستی هاوڵاتیان تەسلیمی بازاڕو ڕەحمەتی کۆمپانیاکان بکرێت؟!

بەهەموو پێوانەیەك ئەم کۆمەڵگایە ئەوەندە داهات و سەروەت و سامانی تێدایە کە دەکرێت هەموو هاوڵاتیان گوزەرانێکی تەسەل و تەندروست و پڕخزمەتگوزاریان هەبێت، بەو مەرجەی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان ببێت بەئامانجی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانی نەك قازانجپەرستی سەرمایە. هەموان دەبێت کار بکەن و هەموانیش دەبێت لەژیانێکی تەسەل و شایستە بەهرەمەند بن.

لەبنەڕەتدا پێداویستیە سەرەتایەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان وەکو تەندروستی و مەسکەن و خزمەتگوزاریەکانی ئاوو کارەباو سوتەمەنی نەك لەبازاڕ، بەڵکو دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە بەخۆڕایی بۆ هەموان دابین بکرێن. چونکە ئەوانە بنەمای سەرەتایی ژیانن و ژیانیش مافی سەرەتایی هەموو هاوڵاتیەکە؛ بۆیە ناکرێت بخرێنە ناو سەودای بازاڕو گرەوی داهاتی تاکەوە؛

تەنانەت پێویستە هەموو هاوڵاتیان لەداهاتێك بەهرەمەندبن کە زامنی ژیانێکی  تێرو تەسەل بێت، لەم بارەیەوە دەوڵەت دەبێت جەنگێکی هەمەلایەنەو بێ ئامان هەم لەدژی هەژاری و هەم لەدژی دەوڵەمەندی بەرپا بکات.

ئەگەر داهاتەکانی ئەم کۆمەڵگایە بۆ خۆشگوزەرانی تەرخان بکرێت، ئەگەر دەست بگیرێت بەسەر سامانی بەتاڵانبراوی ئەم کۆمەڵگایەدا کە لەلایەن بنەماڵەکان و حزبە بۆرژوازییە کوردیەکانەوە داگیرکراوە، وە ئەگەر هەموان ئەوەندەی دەتوانن کار بکەن و ڕۆڵی خۆیان لەبەرهەمهێناندا بگێڕن، دەکرێت ژیانێکی تێروتەسەل و خۆشگوزەران و بێ کەموکوڕی بۆ هەموان دابین بکرێت. بەتەنها ئەمە لەگرەوی ئەوەدایە کە ببێتە بەرنامەو ئیرادەی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانی و هیچی تر.

بۆ مسۆگەرکردنی ئەم ئایندەیە، پێویستە ئەو سیستەمی حوکمڕانیە پشتی بەئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵکی کرێکارو ئازادیخواز بەستبێت. دەبێت هەموو میلیشیا حزبیەکانی ئێستا چەك بکرێن و هەڵبوەشێنەوە، هێزی چەکداری گشتی ڕاهێنراوو ڕێکخراو جێگای میلیشیاو هێزە چەکدارەکانی ئێستا بگرێتەوە وەک تەنها هێزی چەکدار بۆ پارێزگاری لەئاسایشی گشتی و بەرگری لەدەسکەوتەکانی شۆڕش.

نابێت جگە لەوە هیچ میلیشیاو هێزێکی چەکدار بوونی هەبێت. هەروەها دەبێت هەموو دامودەزگا دەوڵەتیە بیروکراسیەکانی ئێستا بەسەریەکدا بڕوخێنرێن، هەر لەدەسەڵاتی بنەماڵە میلیشیاییەکانەوە تا پەرلەمان و کابینەی حکومی و سیستەمی قەزایی و تەنانەت سیستەمی پەرلەمانی نەك هەر شێوە کارتۆنیەکەی کوردستان و ئێراق، بەڵکو شێوە نموونەییە غەربیەکەشی پوچی خۆی لەنوێنەرایەتی کردنی ئیرادەی جەماوەری خەڵك نیشانداوەو هەموو ڕۆژێك ئەو ڕاستیە دووپات دەبێتەوە کە پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم ئۆرگان و سیستەمێکە بۆ وردوخاش کردنی ئیرادەو ژێرپێخستنی خواست و مافەکانی خەڵك.

سیستەمێك کەبتوانێت ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر بەرجەستە بکات لەپێناو نەخشاندنی ئاسۆو ئایندەیەکی خۆشگوزەران، سیستەمی دەسەڵاتدارێتی شوراییە. لەم سیستەمەدا هەموو ئۆرگانە دەوڵەتیەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و هەرکاتیش لەبەرجەستەکردنی ئیرادەی خەڵك لایاندا دەستبەجێ وەلادەنرێن. سیستەمی شورایی تەنها سیستەمە کە دەتوانێت هەمیشەو بەردەوام ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر نوێنەرایەتی بکات و لەمەیدان ڕایگرێت.

“بەدیلی سۆسیالیستی”

بەدیلی شۆڕشگێڕانە بۆ ئاڵوگۆڕی شۆشڕگێڕانەو دەستەبەرکردنی ئازادی و خۆشگوزەرانی و لەگۆڕنانی نەهامەتیەکانی ئێستا بۆ کۆتایهێنان بە ئاپارتایدو کۆیلایەتی و ئۆقیانوسێک لەستەمکاری جنسی و کوشتارو خۆکوژی ژنان کەنەرێتی ناسیۆنال-ئیسلامی و دەسەڵاتی بورژوازی کورد لەم 30 ساڵەدا بەرپای کردووە، هەروەها بۆ ژیانێکی شادو مودێرن و کۆمەڵگایەکی سکولار تەنها سۆسیالیزمە. ئازادی و بەختەوەری و یەکسانی هاوڵاتیان بنەمای سۆسیالیزمە. سۆسیالیزم ئەو بەدیلەیە کە ئیرادە دەگێڕێتەوە بۆ دەستی ئینسان تا چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆی بنوسێت.

بەڵام بەرجەستە بوونی سۆسیالیزم وەکو بەدیلی ڕزگاریبەخشی ئەم کۆمەڵگەیە، وەکو ئەڵتەرناتیڤێك کە جەماوەری ملیۆنی بەشمەینەتان ئومێدی پێوە گرێبدەن، لەگرەوی ئەوەدایە کە وەکو بزووتنەوەو ئاڕاستەو نەریتێكی شۆڕشگێڕانە لەحزبێکی سیاسی بەهێزو دەخاڵەتگەردا لەمەیدانی کێشەمکێشی سیاسی دەربکەوێت؛

کرێکاران و خەباتکارانی کۆمۆنیست لەحزبی سیاسیدا یەکگرتوو بکات، ئۆرگان و ڕێکخراوە جۆراوجۆرە جەماوەرییەکان ساز بدات. وەکو هێزو بەدیلێکی ڕێکخراوو خاوەن ڕێکخستنی تۆکمە ئاڵای شۆڕش و ڕاپەڕین بۆ ژێرەوژوور کردنی سیستەم و دەسەڵاتی ئێستا هەڵبکات؛ بەرچاوی جەماوەر لەئاست پڕوپاگەندەی فریوکارانەو بەدیلە ڕەنگاوڕەنگەکانی بۆرژوازی و ناسیۆنالیزمی کورددا ڕووناك بکاتەوە؛

جەماوەری چەوساوە لەدەوری سیاسەت و تاکتیکی کارساز یەکگرتوو بکات، ئاسۆی خەباتی جەماوەری هەم لەگرفتی ناڕێکخراوی و پەرتوبڵاوی و هەم لەئاستەنگیەکانی شێوازو تاکتیکەکانی خەبات “بایکۆت و خۆپیشاندان ” تیپەڕێنێت و لەدەوری ئاسۆی هەستان و ڕاپەڕینێکی جەماوەری کە توانای ڕاماڵینی دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکاری ئێستای هەبێت، سازو ئامادە بکات. ئەمە کارێك نیە کە چەندین ساڵی پێویست بێت.

لەهەناوی هەلومەرجێکدا کە جەماوەری خەڵك بەدەنگ هاتوون و بەڕیزی ملیۆنی هەڵپێچانی دەسەڵات و دۆخی ئێستەیان دەوێت، لەهەلومەرجێکدا کە قڵشتی چینایەتی بەوپەڕی خۆی گەیشتوەو هۆکاری هەژاری و نەداری لەبەرچاوی جەماوەر وەکو ڕۆژی ڕووناك ئاشکرایە، هەروەها لەکۆمەڵگایەکدا کەسۆسیالیزم و کۆمۆنیزم ئەزمون و پێشینەیەکی هەیە لەتێکۆشان و سازماندانی حزبی و جەماوەری، بەرجەستە بوونی سۆسیالیزم وەکو بەدیلی ڕزگاریبەخش یان لانی کەم وەکو یەکێک لەیاریکەرانی سەرەکی مەیدانی سیاسی کە بتوانێت مۆری خۆی بنێت بەم برگەیە لەمێژووی کۆمەڵگەداو، نەکرێت لەکێشمەکێش لەسەر ئایندەی کۆمەڵگەو قودرەتی سیاسی پەراوێز بخرێت و ئەگەر باش کاری بۆ بکرێت، یەك دوو ئەوەندەی شوبات تا ئۆکتۆبەرێکی پێویستە.

لەدڵی ئەم هەلومەرجەدا کە کۆمەڵگا پێویستییەکی حەیاتی بە بەدیلێکی سۆسیالیستی هەیە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا قەراری گرتووە کە ئایا دەیەوێت و دەتوانێت ئەم بۆشایە پڕبکاتەوەو ببێتە ئەم بەدیلە؟

بێگومان ئەم حزبە ئەم ئیدعایەی کردووە و تەنانەت ڕێگاچارەی خۆی بۆ دەرهێنانی کوردستان لەم قەیران و گێژاوەی ئێستا ڕاگەیاندووە. بەڵام وەڵامی ئەم پرسیارە سیاسی و پراکتیکیە نەك نەزەری. وەڵامی ئەم پرسیارە لەگرەوی تێپەڕکردنی خێرای ئەو ماوەو مەودایەدایە کە کەوتووەتە نێوان وەزع و پێگەی ئێستای ئەم حزبەو ئەو مەوقعیەت و پێگەیەی کە بەدیلێکی سۆسیالیستی ئازادیبەخش پێویستە هەیبێت.

بێگومان خستنەڕووی ڕێگاچارەی سیاسی و نەخشە ڕێگای دەرهێنانی کۆمەڵگا لەو گێژاوو قەیرانەی کۆمەڵگەی غەرقی برسێتی و هەژاری و نەداری و نەخۆشی و نایەکسانی کردووە کارێکی پێویستەو بەشێکە لەدەرکەوتن و خۆنواندنی حزبێکی سیاسی وەکو بەدیلی سۆسیالیستی. بەڵام فاکتەری یەکلاکەرەوەو چارەساز ئەوەیە کە ئەم بەدیلە بتوانێت ویستو ئارەزووی هەڵگێڕانەوەی ئەم دۆخە بگۆڕێت بە بڕیارو ئیرادەو هێنانە مەیدانی ئەو ئیرادەیە بۆ تەحقیقی ئاڵوگۆڕ.

بەمانایەکیتر فاکتەری جەوهەری بۆ دەرکەوتن وەکو بەدیل بریتیە لە توانای ڕاپەڕین و هەڵپێچانی ئەم سیستەمو دەسەڵاتە. یەك ڕاستی حاشا هەڵنەگر هەیە کەجەماوەری بەدەنگهاتوو لەدژی دەسەڵات و بارودۆخی ئێستا، لەنێوان باش و باشتردا، تەنانەت لەنێوان ئاڵوگۆڕی باش و خراپدا، ئەوەیان هەڵدەبژێرێت کە توانای کردنی هەیە ، بێگومان نەك باش یان باشتر.

لەم بارەیەوە خودی پێداگری لەسەر ویستن و پێویستی ئەم ئاڵوگۆڕە ڕۆڵێکی ئەوتۆی نیە لەڕاستای دەرکەوتن وەکو بەدیل. چونکە جەماوەری ملیۆنی بەهەزارو یەك شێوە دوپاتی دەکەنەوە کە تینوی هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتەن. بۆیە پێداگرتنەوە لەسەر ئەمە هیچ هونەرو ئیزافەیەك ناخاتە سەر ئەوەی جەماوەر دەیڵێت.

حزبێك بیەوێت لەم ڕێگایەدا زیاتر بڕواتە پێش و پێگەیەك پەیدا بکات کە جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش وەکو بەدیلی ڕزگاریبەخش چاوی لێ بکەن، جگە لەخستنەڕووی نەخشەو پلانی سیاسی بۆ ئەم مەبەستە، جگە لەبەرنامەو ڕێگاچارە بۆ گرفتە سەرەکیەکانی ئێستا کەبەڕادەی یەکەم بریتین لە “نان و ئازادی و خزمەتگوزاریەکان” وە لەوانەش گرنگتر ئەوەیە کەبتوانێت ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بکات.

نیشانیدات کەخۆی ئامڕازی کارسازی ئەم کارەیە، توانای ئەوەی هەیە لەم ڕێگایەدا ڕابەریەکی سیاسی کارا بۆ کۆمەڵگا دابین بکات. دەتوانێت ڕۆڵی ڕابەرو ڕێکخەری ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە بگڕێت. دەتوانێت ویست و ئارەزووی جەماوەری کرێکارو ئازادیخواز بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی ئێستا بگۆڕێت بۆ ئیرادەیەك کە بەڕاپەڕینێکی جەماوەری ئەم ئارەزوە بەدیبهێنێت.

بەپیرەوەچوونی ئەم مەسەلەیە پێویستی بەتاودان و دەستوبردکردنە لەڕێگای دەرکەوتن وەکو حزبێکی سیاسی ڕابەرو ڕێکخەری کردارێکی شۆڕشگێڕانە کەتوانای گۆڕانی بنەڕەتی هەبێت. ڕابەریەکی سیاسی سۆسیالیستی کە هەنگاو بەهەنگاو خەباتی جەماوەری لەچوارچێوەی ستراتیژێکی شۆڕشگێڕانەو ڕێبازێکی سیاسی-عەمەلی و تاکتیکی کارسازدا بەرێتەپێش کەزامنی سەرکەوتن و تێپەڕاندنی بێت لەڕچکە ڕێگا سەختەکانی بەرامبەرکێ لەگەڵ دەسەڵاتێکی میلیشیایی ملهوڕدا. هەروەها توانای ڕێکخستنی جەماوەری کرێکارو ئازادیخوازو شێوە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ئەوانی هەبێت. شکڵ و شێوەی جۆراوجۆری جەماوەری بۆڕێکخستنی کرێکاران و ژنان و لاوان و خەڵکی ئازادیخواز بخاتە دەستورەوە، لەتۆڕەکان و کۆمیتەکانی هاوپشتی کۆمەڵایەتیەوە تا دەستەو کۆڕوکۆمەڵەکان، تا شوراو یەکیەتی و بنکەی گەڕەکەکان.

بەڵام لەهەموو ئەوانە لەپێشترو لەڕاستیدا هۆکاری بەکردەوە دەرهێنانی ئەوانە سازماندان و یەکگرتووکردنی هێزی کۆمۆنیزمەو بەدیاریکراویش پێکهێنانی کۆمیتە کۆمۆنیستیەکانە. پێویستە لەئاستی شارو شارۆچکەکاندا هەروەها لەناوەندەکانی کارو ژیاندا کۆمیتە کۆمۆنیستیەکان بۆ ڕێکخستن و ڕابەری کردنی شێوەو بوارەکانی خەباتی جەماوەری و بەڕێخستنی بزووتنەوەی کاری ڕاستەوخۆی جەماوەری پێکبهێنرێن.

بوونی ئەم کۆمیتانە هۆکاری سەرەکیە بۆ برەودان بەپراکتیکی کۆمۆنیستی لەئاستی جەماوەریدا، هاوکات بڕبڕەپشتی شکڵگرتنی شێوە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخستنی جەماوەریشە. بەبێ بوونی کۆمیتە کۆمۆنیستیەکان ئەستەمە ڕێکخراوە جەماوەری و غەیرە حزبیەکان لەجێگای کاروژیان لەئاستێکدا پەرەبگرن کەبەرگەی زەخت و زۆرو ملهوڕی دەسەڵاتێکی سەرتاپا چەکدار بگرن. بەبێ ئەو کۆمیتانە زۆر ئەستەمە کۆمۆنیزم وەکو دابونەرێتێکی شۆڕشگێڕانە لەناوەندەکانی کاروژیاندا بەجۆرێك پەرەبگرێت کە دابونەرێتە کۆنەپەرستانە بۆرژوازیە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەکان بخاتە ژێر گوشارەوەو مەیدانیان پێ چۆڵ بکات. “”بەبێ کۆمیتە کۆمۆنیستیەکان کەدەبێت ئەلگۆیەکی بچوککراوەی حزب بن بۆ هەر شارو ناوەند یان گەڕەکێك، خەباتی جەماوەری لەئاستی محەلی کارو ژیاندا بەبێ ڕابەری کۆمۆنیستی دەمێنێتەوەو دەچێتە ژیرباری ئاسۆو نەرێتە بورژوازیەکانەوە.

“کۆبەندی”

خستنەڕووی ئاسۆی سۆسیالیستی بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دابینکردنی ڕابەریەکی سیاسی تیژو دەخاڵەتگەرو ڕێنیشاندەر بەخەباتی جەماوەری بەرامبەر بەڕابەرانی بۆرژوازی، خستنەڕووی بەدیلی سۆسیالیستی بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا بەتایبەتی لەبوارەکانی دابینکردنی نان و ئازادی و خزمەتگوزاری پێکهێنانی کۆمیتە کۆمۆنیستیەکان لەناوەندەکانی کاروژیاندا، هەنگاونان بۆ ڕێکخستنی جەماوەری ناڕازی لەشکڵ و شێوەو ئۆرگانە جۆراوجۆرەکاندا؛ لەدەستەو کۆڕوکۆمەڵ و کۆمیتەوە تا شوراو یەکیەتیە جەماوەریەکان بەڕێخستنی بزوتنەوەی کاری ڕاستەوخۆی جەماوەری بۆ بەدەستەوەگرتن و بەڕێوەبردنی کاروبار لەئاستی محەلی و دابڕین و سەندنەوەی مەشروعیەت لەحزبە میلیشیایی و بورژوازیەکان لەگرنگترین ئەرکەکانی ئێستای بەدیلی سۆسیالیستی و ڕێڕەوی سەرەکی پێشکەش کردنی بەدیلێکی شۆڕشگێڕانەیە بەکۆمەڵگا کەجەماوەری خەڵك ئومێدی پێوە گرێبدەن و وەکو ئامڕازی کاراو کارسازی ئاڵوگۆڕ لێی بڕوانن.

بەبێ ڕابەری شۆڕشگێڕانەو بەبێ بوونی ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی مەحکەم و بەهێز کەتوانای ڕێکخستن و ڕابەری کردنی خەباتی جەماوەری هەبێت هیچ شۆڕش و ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە بەرەو ئازادی و دەستەبەرکردنی ئاوات و ئامانجەکانی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش ڕوونادات.

ئەگەر بەشێوەی خۆبەخۆیی بەڕێشبکەوێت ناتوانێت بەئامانج بگات. هەر خەبات و قوربانیەکیش لەپێناو ئەو هیواو ئومێدانەدا بەهەدەر دەڕوات. تەنها دەسەڵات لەنێوان “ئەم باڵ و ئەو باڵی بۆرژوازیدا” ئاڵوگۆڕ پێدەکاتو هیواو ئامانجەکانی جەماوەری ستەمدیدەش تەنها وەکو هیواو ئارەزووی بەدینەهاتوو دەمێننەوە.

جەخت لەسەر ئەم ڕاستیە بێگومان بەمانای دواخستنی ڕاپەڕین نیە تەنانەت بۆ یەك ڕۆژێش. بەڵکو بەمانای دەستوبردکردنە لەفەراهەم کردنی پێداویستیەکانی ڕاپەڕینێکی سەرکەوتووانەو شۆڕشگێڕانە. مانای دەستبەکاربوونە بۆ ئامادەکاریە ڕێکخراوەیی و عەمەلیەکانی ڕاپەڕین. مانای گۆڕینی قسەیە بەکردار بۆ سازدانی ڕاپەڕین و هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە. سەرئەنجام مانای ئەوەیە کە تادەست بۆ مەلزوماتی ڕاپەڕین نەبرێت باسی ڕاپەڕین و پێداگری لەسەری تەنها وەکو قسە دەمێنێتەوەو هیچ کردارێکی شۆڕشگێڕانەی بەدوادا نایەت. گەر بمانەوێت ئەم هیوایە بکەین بەکردار دەبێت دەست بەئامادەکاری و پێداویستییەکانی بکەین.

ئەو ئاسۆ سیاسیەی ئەمە لەبەرچاو ناگرێت و پێداگری لەسەر ڕاپەڕین دەکات بەهەر نرخێك بێت بەکردەوە جەماوەری بەشمەینەت دەکاتە هێزی پیادەکردنی بەدیلە کۆنەپەرستانەکان. ئەوە ڕاستیەکە کە هەربەدیلێك جەماوەر لەدەوری تاکتیکی ڕاپەڕین سازبدات ئاسۆی خۆیشی بەسەر ئەو ڕاپەڕینەدا زاڵ دەکات.

چارەسەری گرفت و کێشەو نەهامەتیەکانی کوردستان لەڕێگای شۆڕشێکەوە مەیسەر دەبێت کە ڕوخاندن و هەڵپێچانی دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی ئێستا یەکەمین هەنگاویەتی. بەڵام بۆئەوەی ئەم شۆڕشە تابەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی جەماوەری کرێکارو بەشمەینەت و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و یەکسانی بەردەوام بێت دەبێت دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی داهاتوو وەکو ئامڕازی بەردەوامیدان و بەرەوپێشبەری شۆڕش پشتی بەئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر بەستبێت و خۆشگوزەرانی هەمووان بەرنامەو ئامانجی بێت. تەنها ئەمە دەتوانێت کارو ڕۆڵی بەدیلێکی سۆسیالیستی بێت. بەڵام مەیدان بۆ بەدیلی سۆسیالیستی خاڵی نیەو هیچ شتێك لەسەر سۆسیالیزم ڕاناوەستێت. دەبێت کارساز بوونی خۆی بسەلمێنێت و گرەو لە بەدیلە بۆرژوازیەکان بەرێتەوە. واتە وەک وتراوە ئەگەر باش کاری بۆ بکرێت دەبێت و باش کاری بۆ نەکرێت نابێت.

سەرەتای تەموزی 2020

 

 

About hkkk

Check Also

دابینکردنی ژیان و سەلامەتیی هاوڵاتیان تەنیا بە کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە مومکینە! …

هەواڵی نەمانی ئۆکسجین بۆ هەناسەدانی دەستکرد بۆ دەیان نەخۆشی تووش بوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *