Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کۆنفرانسی حزبی لەیبەری بەریتانی و سەرکەوتنی باڵی چەپ و شکستی پەیڕەوانی بلێر لە ساڵی ٢٠١٩ …

کۆنفرانسی حزبی لەیبەری بەریتانی و سەرکەوتنی باڵی چەپ و شکستی پەیڕەوانی بلێر لە ساڵی ٢٠١٩ …

ئامادەکردنی سالار حمەسەعید

کۆنفراسی ساڵانەی حزبی کرێکارانی بەریتانی (لەیبەر)  ٥ ڕۆژی خایاند لە  ٢١ تا ٢٥ی سپتمبەر ٢٠١٩ لە شاری برایتن لە باشووری ئینگلتەرا ئەنجامدرا بەئامادەبوونی ١٣٠٠٠ ئەندامی ئەو حزبە بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفرانسە هەر بەوتەی میدیاکانی بۆرژوازی بە گاڵتەجاڕی دەستی پێکرد، بەڵام سەرکەوتوانە هاتەدەرێ. بەپێچەوانەی تەواوی چاوەڕوانیەکانی حزبی لیبراڵ دیمۆکرات و کۆنسێرڤەتیڤ کێشەی برێگزت حزبی لەیبەری بەلاڕێدا نەبرد و نەیکردە کێشەی سەرەکی کۆنفرانسەکە. لەکاتێکدا ئەو حزبانە ئومێدی ئەوەیان بوو کە لەیبەر کێشەی برێگزت بیخنکێنێ و نەتوانێ خەریکی باسەگرنگەکانی تری کۆمەڵگە بێت و ئەو کێشەیە ببێتە کێشەی سەرەکی کۆنفرانسەکە، بەڵام ئەوەی ڕوویدا پێچەوانەکەی بوو.

ئەم کۆنفرانسە لەبارو ڕەوشێکدا بەرپاکرا کە ناسەقامگیری و نادیاری و ناڕۆشنی و دڵەڕاوکێ زاڵە بەسەر کۆمەڵگەدا بەهۆی کێشەی درێژخاەنی برێگزتەوە ”چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا”. سەرەڕای هەموو ئەم بارو رەوشە نائارام و فەوزا سیاسی و ئابووریە، ئومێد و خۆشبینی لەنێو ئەندامان ولایەنگرانی حزبی لەیبەر دا روون و ئاشکرابوو بەبزووتنەوەکە. لەم کۆنفرانسەدا لەکاتێکدا حکومەت لە قەیراندایە، بەڵام  بلێریستەکان لە پاشەکشەدابوون وە کۆمەڵێک سیاسەتی رادیکال خرایەڕوو و ئەندامانی حزب دووبارە شەڕەکە دەبەنەوە بۆ لای حزبی کۆنسیرڤەتیڤ و بۆریس جۆنسن. پەیامێک کە زۆر روون بوو بریتی بوو لە ئامادەیی ئەندامان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

لەسەرەتای کۆنفرانسەکەدا واتە تەنانەت پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە دەنگۆی ئەوەبوو کە جیابوونەوە و پلانگێڕی لەئارادایە ئەویش بەهۆی ئەو ناکۆکیانەی هەبوو لەنێوان جێگری سەرۆکی حزب ” تۆم واتسن و جۆن لانسمەن” کە لانسمەن لەهەوڵی ئەوەدابوو ئەو پۆستە لە حزبی لەیبەر دانەهێڵێ. ئەم کێشەیە زۆر گەورە کرا لە رۆژنامە و میدیاکان دا بەتایبەتی حزبی کۆنسێرڤەتیڤ ئەم کێشەیەی نێوان ئەم دوانەی بە ”شەڕی ناوخۆ” ناوزەدکرد. ڕووداوەکان بەردەوام لەگۆڕاندان، نەک هەفتانە و ڕۆژانە، بەڵکو تەنانەت سەعات بەسەعات گۆڕانکاری ڕوودەدات.

لایەنگرانی بلێر (بلێریستەکان) وهاوڕێکانیان لە رۆژنامە ومیدیاکاندا هەر لە هەوڵی ئەوەدابوون کە سەرنجی خەڵکی بە دوور لە واقعیەتی کۆنفرانسەکەدا بەرن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون بەهۆی زوڵالی دەنگی بەرزی ناو هۆڵەکانی مەڵبەندی کۆنفرانسەکە لە برایتن. لایەنگرانی باڵی ڕاستی لەیبەر (بلێریستەکان) وایاندەزانی کە لەیبەر لەسەر کێشەی برێگزت تووشی ئاستەنگ و کێشە دەبێتەوە لەناو کۆنفرانسەکەدا وناتوانن لێی بێنە دەرێ، بەڵام ئەوەی ڕوویدا کۆنفرانس زیاتر سەرقاڵی کێشە ئەسڵیەکانی کۆمەڵگە وخەڵک بوو، مافەکانی کرێکاران و کێشەی نیشتەجێکردن وخانووبەرە و زیادکردنی ماڵیات و زەریبە بۆسەر سەرمایەدارەکان. کاتێ زانیان کە کۆنفرانس بەم کێشانەوە خەریکە تا کێشەی برێگزت هەستیان بەشکستی خۆیان کرد.

سەبارەت بەهەلومەرجی میلیتانتی حزبی لەیبەر دەتوانرێ بوترێ کە لەم کۆنفرانسەدا گفتوگۆ و دیبەیتی زۆرکرا دەربارەی گێڕانەوەی بڕگەی ٤ ی بەرنامەی حزب کە بەپێی ئەو بڕگەیە حزبی لەیبەر حزبێکی سۆسیالیستی یە. لەم کۆنفرانسەدا ئەم بڕگەیە خرایە دەنگدانەوە و بە ڕێژەی لەسەدا ٦٢ پشتیوانی لێکرا بە دووبارەهێنانەوەی ئەم بڕگەیە بۆ ناو بەرنامەی حزب پاش ئەوەی حزبی لەیبەر بە ڕابەرایەتی تۆنی بلێر لەساڵی ١٩٩٥ لەبەرنامە لای بردبوو. دووبارە ناسنامەی سۆسیالیستی حزبی بەپێی ئەو بڕگەیە درایەوە بەحزب. ئەم کارە خوێنێکی تازەی بەخشی بە بەدەنەی حزب و مۆڕاڵێکی میلیتانتی دا بە ئەندامان و نوێنەرانی ئامادە لە کۆنفرانسەکە و ئەو مۆڕاڵە بەردەوام بوو تا کۆتایی کۆنفرانس بەهۆی ئەو کارەوە. سیاسەتی ڕادیکال، مۆراڵی ڕادیکاڵی لەناو ئەنداماندا پێکدەهێنا.

کەشێکی میلیتانتی زاڵ بوو بەسەر کەش و هەوا و ئەتمۆسفیری کۆنفرانسەکە بە تێپەڕاندنی کۆمەڵێک سیاسەتی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی. ئەمە تەنانەت پێش باسکردن و تێپەڕاندنی سیاسەت و دروشمەکانی باڵی چەپی حزب. لەوانەش : هێنانی ٣٢ سەعات کار لەهەفتە، هەڵوەشاندنەوەی قوتابخانە پرایڤێتەکان (تایبەتەکان)، دامەزراندنی خزمەتگوزاری و چاودێری سەراسەری (نیشتمانی)، جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی سەوزی نوێ، بە خاوەندارێتی گشتی کردنی کۆمەڵێک دامودەزگای جۆراوجۆر، گەیاندنی رێژەی کاربۆن لە دەرهاویشتەکاندا بە سفر تا سالی ٢٠٣٠.

یەکێک لە ڕابەرانی رادیکاڵ و خاوەن دەنگی بەهێزی حزبی لەیبەر، جۆن ماکدۆنێڵ بوو کە سەبارەت بە بەرنامەی ئابووری حزب دوا و باسی لە ژمارەیەک ریفۆرمی گرنگ کرد هەروەها باسی لە هەندێ بەڵێن کرد کە حکومەتی لەیبەر هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی لەکاتی حوکمرانیەکەیدا لەوانەش دابینکردنی ”خزمەتگوزاری سەرەتایی هەمەلایەنە” بەرینکردنەوەی خاوەنداریەتی گشتی.

گەلێک وتە ئاگرینییەکان پەنجەیان ڕادەکێشا بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ سەرمایەداری و ڕووی ڕەخنەکانیان دەکردە سیستەمی سەرمایەداری وە ئەوەی داوایان دەکرد وەک ڕێگەچارە لەبەرامبەر سەرمایەداری و نەهامەتیەکانی داوای میللی کردن یا خۆماڵیکردن بوو هەروەها پیادەکردنی هەندێ سیاسەتی سۆسیالیستی بۆ نموونە سکرتێری گشتی یەکیەتی کرێکارانی ئاگرکوژێنەوە (ئێف بی یو) ”مات ورا” کە هاتە سەر باسی ”ڕێکەوتنی سەوزی نوێ” وتی: ”سەرمایەداری وا ئەم سەرزەمین و گەردوونە دەکوژێ و  لەناودەبا” ”ئێمە دەبێ خاوەندارێتی گشتی بخەینە نێو جەرگەی ئەم کێشەیەوە”. هەروەها ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو ئەندامانە لەناو کۆنفرانسەکە دەنگیان دەهێنا و هەڵدەبژێردران کە لایەنگری ڕاشکاوانەی پەنابەران بوون .

ئەو زمانەی کە بەکارهات لەم کۆنفرانسە لەلایەن ژمارەیەک لە نوێنەرانی ئامادەبوو زمانێک و خیتابێکی تایبەتی چینایەتی بوو کە جێگەی سەرنج بوو. زۆر بە ڕوون و ئاشکرا باس لە هەڵخراندن و ئامادەبەکارکردنی کرێکاران کرا و کەمپین کردن لەدەوری مەسەلە سۆسیالیستیەکان و تێکۆشان و خەبات بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی سۆسیالیستی لەیبەر (حزبی کرێکاران). ئەمە یەکێک لەو نموونەی بۆچوونی میلیتانتی یە بوو کە لەکۆنفرانسەکەدا هەبوو.

ئەندامانی حزب کە ڕەگ وڕیشەی کرێکاریان هەبوو لە دەوری جێرمی کۆربن کۆبوونەوە و چوونە پشتیەوە. بەپێچەوانەشەوە بلێریستیەکان (پەیڕەوانی بلێر) هێزێکی نەبینراوبوون لەم کۆنفرانسەدا. لە کۆتایی هەفتە پاش گەیشتن بە کۆتایی کۆنفرانسەکە لە هیچ کوێیەکەوە دیارنەمان و نەبینران. بەتایبەت تۆم واتسن وازی لە وتەو باسەکانی هێنا پاش ئەوەی وتەو قسەکانی بیسەر و بینەری نەبوون و چۆڵیانکرد و ئەویش ئەوێی بەجێێ هێشت و زوو بەرەو لەندەن گەڕایەوە. برێلیستەکان تووشی شەرمەزاری بوون لەم کۆنفرانسەدا و ناچار برایتن یان بەجێهێشت. پاش ئەوەی هەوڵێکی زۆریان دا کە حزبی لەیبەر دووچاری لێکترازان و جیابوونەوە بکەن بەتایبەتی لەسەر کێشەی برێگزت. لایەنگرانی ”مانەوە” لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا بەلێشاو چوونە سەر شەقام لە دەرەوەی شوێن و مەڵبەندی کۆنفرانسەکە بەئاڵای شینی یەکیەتی ئەوروپاوە بەدەنگی بەرز و دەنگە دەنگی زۆرەوە ناڕەزایەتی بەرزکرایەوەو وترا ”دەنگدانی خەڵک” ئەمە بۆ ئەوە بوو کە فشار و پاڵەپەستۆکە کەڵەکەببێ و زۆربێت. قسەکەرانی سەرەکی وەک ”ئێمێلی ثۆرنبێری” و ”کیر ستارمێر” بە دەرفەتیان زانی کە بانگەواز بکەن و داوابکەن لە حزب کە هەڵویستی ”مانەوە” بگرێتە بەر. بەڵام تەواوی ئەم هەوڵانە بێ ئاکام مانەوە، بەڵام لەبری ئەمە کۆنفرانس بەتوندی تەئکیدی کردەوە لەسەر مانەوەی لە پشت ”کۆربن”ەوە. لەکۆتاییدا هەڵوێستی تەبەقاتی و چینایەتی رۆشنی کۆربن  بوو کە تەواوی ڕۆژەکەی سەبارەت بە برێگزت و تەیکیدی لەسەر ئەوەی کە حزب نابێ حزبی لەسەدا ٤٨ یا ٥٢ بێت، بەڵکو دەبێ لەیبەر حزبی لەسەدا ٩٩ بێت. دیار و رۆشنە کە لەیبەر بەرەو هەڵبژاردنی گشتی دەچێت لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانەکانی لەسەر کێشە چینایەتیەکان. کۆربن تەئکیدی کردەوە لەسەر ئەوەی کە حکومەتی لەیبەر مامەڵە دەکات لەگەڵ ئەوانەی کە وڵات بەڕێوەدەبەن لە دەلالەکانی کاروباری دارایی و ساختەکارانی زەریبە و ماڵیات وە ئەوانەی پۆخڵەواتکاری گەورەن. هەروەها کۆربن دەڵێت کە لە حکومەتی لەیبەر دا ئێمە بەڵێن دەدەین کە دامەزراوەیەک دابمەزرێنین کە دامەزراوەیەکی دەرمانی گشتی و دەوڵەتی بێت کە دەرمان بە نرخێکی هەرزان و گونجاو بێت کە هەموو کەسێک بتوانێ لێی سوودمەند بێت کە ئەگەر دابمەزرێ ئەوا هەم ژیانی مرۆڤەکان دەپارێزێ هەم بە پارەیەکی کەم بۆ خزمەتکردنی نەخۆشەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی سەراسەری (ئێن ئێچ ئێس) کە پشت بەستوو نەبێت بە کۆمپانیا مۆنۆپۆڵیەکانی دەرمان. کۆربن وتی: خوڵقێنەرانی راستەقینەی سەروەت و سامان واتە خەڵکی ئەم وڵاتە دەتوانن کار و خزمەتگوزاری و داهاتوویەکیان هەبێت کە شایستەین”.

کۆربن توانی لەم کۆنفرانسەدا کەلە وتەکانیدا دیار و رۆشن بوو کە ئەوەی کرد کە دەبوا بکرێ ئەویش هەڵخراندنی لایەنگران و ئەندامانی ئەم بزوتنەوە کرێکاریەی لەیبەرە لەدەوری سیاسەتی چینایەتی کرێکاران.

پاش ئەوەی بیسترا کە دادگای باڵا بڕیاری داوە لەسەر هەڵپەساردنەکەی پەرلەمان و بۆریس جۆنسن بە نایاسایی پەرلەمانی پەکخست، کۆربن مۆراڵی ئامادەبووانی بەرزکردەوە و ڕایگەیاند کە چیدی جۆنسن شیاو گونجاو نییە کە سەرۆک وەزیران بێت.

کۆربن لەناو ئامادەبووانی پڕ لە حەماس و شۆڕو شەوقی ناو کۆنفرانسەکەدا وتی: ”ئەم قەیرانە تەنها بە هەڵبژاردنی گشتی حەل و فەسل دەکرێ”.  وتەکانی کۆربن ڕووبەڕووی حەماسێکی زۆری ئامادەبوان بوەوە بەتایبەتی بە ڕازیبوون بە داوا رادیکالەکانی کۆنفراسەکە تەنانەت هێندە ورووژابوون کە تامەزرۆبوون چالاکوانانیان بچنە سەر شەقامەکان و کەمپینی سەرکەوتنی لەیبەر بکەن.

کۆنفرانسی لەیبەری ئەمساڵ ئەو کۆنفرانسەبوو کە پێویست بوو بکرێ هەروەک خۆیان دەڵێن. هەناسەیەکی قووڵ بوو بەرامبەر هەموو ئەو شتانەی کە تێپەڕین لە چەند مانگی ڕابردوودا. چالاکوانانی لەیبەر دەڵێن ئەم کۆنفرانسە هەوایەکی تازەبوو لە بەرامبەر هەموو ئەو تەنگەژەی کە حزب پیاتێپەڕی هەروەها وەبیرهێنەرەوەی هێزی ئەم بزوتنەوەیەیە کەلەکوێ دایە و حەماسی چاوەروانکراوی ئەوەشە کە بەڕێوەیە ڕووبدات.  لەراستیدا ئەم کۆنفرانسە کۆبوونەوەیەکی بەرینی پێش هەڵبژاردن بوو وە وەک ئەندامانی ئەو حزبە دەڵێن دەرفەتێک بوو بۆ نەرمکردنی ماسوولکەکانمان بۆ شەڕێک کە بەڕێوەیە. لەیبەر دەڵێ: باشەڕەکەمان دەست پێ بکات.

سپتمبەری ٢٠١٩

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦١ی ١ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە

About hkkk

Check Also

له‌ پێناو خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌ركه‌كانی داهاتوودا کۆبوونەوەی بەرفراوانی رێکخستنەکانی رێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سازدرا …

ڕۆژانی شه‌ممه‌ و یەک شەممە ١٦ و١٧ ی نۆڤمبەری ٢٠١٩ کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەندامانی حزب کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *