Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کێشەی حزبـەکانی بزوتنـەوەی کوردایـەتی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەنـدی، لەسەر بەشـی دەسەڵات و داهـات!
کێشەی حزبـەکانی بزوتنـەوەی کوردایـەتی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەنـدی، لەسەر بەشـی دەسەڵات و داهـات!

کێشەی حزبـەکانی بزوتنـەوەی کوردایـەتی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەنـدی، لەسەر بەشـی دەسەڵات و داهـات!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

یەکێک لە درۆ شاخدارەکانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا ئەوەیە، کە هەوڵدەدەن و دەیانەوێ کێشەکانی خۆیان و خەڵکی کوردستان لە پەیوەند بە بەغداوە، بکەن بەیەک. بۆیە هەمیشە بەناوی خەڵکی کوردستانەوە دەدوێن و لێدوان دەدەن، سەردان دەکەن، پەیوەندی دروست دەکەن…تاد. لەکاتێکدا کێشەکانی خەڵکی کوردستان چ لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و چ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو حزب و بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکای ئەو وڵاتانە نەک بەتەواوەتی لەیەک جیاوازن بەڵکو دژ بەری یەکیشن…

کێشەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەتایبەت تریش حزبەکانی دەسەڵات لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی، کیشەی ناو خانەوادەی بۆرژوازییە لە جغرافیایەکدا کە ناوی عێراقدا، لەسەر بەشی دەسەڵات و داهات، لە کاتێکدا کیشەی خەڵکی کوردستان، کیشەی دەسەڵات نییە لەگەڵ بەغدا، کیشەی بەرەسمی ناسینی ئیرادە و بریاری سیاسی و دیاریکردنی چارەنووس و ئایندەی خۆیەتی بەدەستی خۆی… کێشەی یەکلایکرنەوەی دۆسیەی حقوقییەتی لە جغرافیای عێراقدا، لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەی بەدریژیی میژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، ناسنامەی عەرەبی بوونی داوە لە دەوڵەت و دەسەڵات و بەهۆیەشەوە خەڵکی کوردستان جێگەو رێگەی پلە دوویی بۆ بەباڵا بڕاوە، لە مافی هاولاتی بوونی یەکسان، لەگەڵ باقی دانیشتوانی عەرەب زمان بێ بەری کراوە…هەر ئەوەش بۆتە منداڵدانی ناکۆکی و تەفرەقە و پاشانش هەڵکشاوە بۆ ململانێ و کاردانەوەی سیاسی… لەو نێوەدا چ خەڵکی عەرەب زمان و چ کورد زمان، رۆڵێکیان نەبووە. بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبی و حزب و رەوتە سیاسیەکانی هەوڵیان داوە، بەناوی بەرگری لە یەکپارچەیی و سەروەری عیراق و ئارامی، خەڵکی عەرەب زمان بکەنە دژی خەڵکی کوردستان و لەبەرامبەر بەیەکتریدا رایان بگرن. بزوتنەوەی کوردایەتیش بە حزب و رێکخراوەکانیانەوە هەوڵیان داوە بەهەمان شێوە، خەڵکی کوردستان بکەنە دوژمنی خەڵکی عێراق و هۆکاری نابەرابەری و بێمافی و هەڵاواردن تا دەگاتە ستەمی نەتەوایەتی، لە یەخەی دەسەڵاتی ناوەندی بکەنەوەو بیدەن لە یەخەی خەڵکی عەرەب زمانی بێ دەسەڵات و زوڵمێکراوی ژێر دیکاتۆریەت، و بەم شێوەیە هێندەی بۆیان کراوە هەوڵیان داوە قڵشتی نەتەوایەتی قوڵ بکەنەوە… کەچی بێشەرمانە هەر دوو ئەم دەسەڵاتە چ لە ناوەندو چ لە کوردستان بەناوی خەڵک و کیشەی خەڵکیەوە قسەدەکەن…

هەفتەی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی سەردانی بەغدای کرد و نیازپاکی خۆی بۆ بۆرژازی عێراق دوبارەکردەوەو بەلێدوانەکانیشی نیشانیدا، کە ریفراندۆم تەواو بووە. پێشتریش چ وەفدی پارتی و چ یەکێتی و تەنانەت لایەکانی تریش بەجیاجیا یان بەیەکەوە سەردانی سەرانی حزبەکانی عیراقیان کردووە، هەموو ئەو سەردان و دیدارانەش لە ژێر ناوی خەڵکی کوردستان و دەستبەرکردنی مافەکانیاندا، دەکەن و هەمووشیان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە بەپێی دەستور مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکرێت و هەموو لایەک بگەرێنەوە بۆ دەستور… لەوانەیە خودی پابەندبوون یان خۆبەستنەوەو بەدەستەوە گرتنی دەستور وەکو رێگایەک بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی بۆرژوازی لە عێراقدا باشترین بەڵگە بێت، بۆ نیشاندانی ئەوەی کە کیشەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ بەغداد، تەواو جیاوازە، لەگەڵ کیشەکانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بەغدا…

بەجیا لەوەی کە خودی دەستور لە هەلومەرجێکی تایبەتدا و بە پێی تەوافوق نووسراوە، لە ئێستادا هاوسەنگی هێزەکان و هەلومەرجەکە ئاڵوگۆڕی بەسەرداهاتووەو ئەوانەی هاوسەنگی هیز بەقازانجیان بووە، داوای زیاتر دەکەن و ئەوانەشی… پێگەیان بەرەو لاوازی چووە داوای پێداگری و پابەندبوون بەدەستور دەکەن… خودی دەستور هەرگیز وەکو بەڵگەننامەیەک و چاوگی یاساکان و چوارچیوەیەک بۆ بەشی بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، مامەڵەی لەگەڵ نەکراوەو هەمیشە لە ژێر پێ و چەکمەی میلیشیاکاندا بووە، بەڵام  ئەگەر ئەوە بە فەرز وەربگرین هەموو لایەک پابەندی دەستورن، کێشە ئەوە نییە کە حزبەکان پابەندی دەستور نین، کیشە خودی دەستورەکەیە…

دەستور لەسەر بنەمای سازان و هاوسەنگی هێز نووسراوەو بەپێی ئەو دەستورەش فیدرالیزمی قەومی کراوەتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی پێکهاتە نەتەوەیی و قەومییەکان… ئەمەش لە جێگای ئەوەی مافی هاوڵاتی بوون، قلشتی نەتەوایەتی و مەزهەبی کردۆتە پایەکانی پیکهێنانەوەی دەوڵەتی عێراق، ئەم مۆردانە لە جیاکاری و هەڵاوردنی قەومی و دینی، خۆی بۆتەوە سەرچاوەی کیشەی ناو هێزەکانی خانەوادەی بۆرژوازی کوردو بەڵایەکی جێگری فەرمیش بۆ سەر دانیشتوانی عیراق و لێکدابڕدابڕکردنی خەڵکی عێراق، هێشتنەوەیان لەبەرمبەر بەیەکتریدا، بە دنەدانی حزبەکان و رەوتەکانیان…

لایەنەکانی سیاسیەکانی بۆرژوازی عێراقی، بە “عەرەب و کوردەوە”،” بە سونی و شیعەوە” کیشەی دەستوریان هەیە، چونکە بەجیا لەوەی دەستور سەنەدی دەوڵەت و قەوارەی دەوڵەتییە، کەلەعێراقدا دەوڵەت پێک نەهاتۆتەوە، هاوکاتیش دەستور بەپێێ سازان و هاوسەنگی هێز نووسراوەو بەشی بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و نەتەوەو تایفەو دینی و مەزهەب… داڕێژراوە. ئەمەش ئاڵوگۆری بەسەرداهاتووە، حزب و لایەنەکانیش نەک لەسەر بنەمای دەستور، بەڵکو لە سەر ئەساسی هێزی ئێستا و ئەمری واقع مامەڵە لەگەڵ هەلومەرجی عێراق دەکەن… لەو چوارچێوەیەشدا بەش و دەسەڵاتەکان گۆرانیان بەسەردا دێت، کیشەی لایەنە سیاستەکانی عێراقیش لەسەر ئەو بەش و دەسەڵاتەیە، نەک مافی هاوڵاتیان و ماف و ئازادییەکانیان…

کیشەی سەرەکی خەڵکی کوردستانیش لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی نە بوودجەیە نە دەسەڵاتە، نە خاڵە سنورییەکان و مادەی سەدو چل و کەرکوک و  ناوچە کیشە لەسەرەکان و کردنەوەی فرۆکەخانەکان و سەر ژمێری و یاسای نەوت و غازە، بەڵکو هەموو ئەمانە دەرهاویشتەو دەرئەنجامی گرفتی بناغەیی ترن… کە بوونەتە مۆتەکەش بەسەر خەڵکی کوردستانەوە. کیشەی بنەرەتی فیدالیزمی قەومی و لکاندنەوەی کوردستان بە عێراق و دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزبی بۆرژوازی کوردە… تا ئەو دوو گرفتەش وەڵامی کارسازو گونجاو وەرنەگرنەوە، کیشەی خەڵکی کوردستان نەلەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی کۆتایی دێت و نە لەکوردستانیش خەڵک و هاوڵاتیان دەتوانن دەستیان لە ماف و ئازادییەکان گیر دەبێت. خەڵکی کوردستان لە بنەرەتدا لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد دەرگیرە، کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزاب و راماڵینیان لە رێگای شۆرشی لە خوارەوەی جەماوەری رێکخراو و بە ئاسۆی رۆنی سیاسی و سۆشیالیستی، پیش مەرج و هەنگاوێكی چارەنووسازە بۆ چارەسەری گرفتی فیدرالیزمی قەومیش لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و ناچارکردنیان بەوەی کە ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان و مافی جیابوونەوەی بەپێی ئاکامەکانی ریفراندۆم بۆ بە فەرمی بناسن…

 

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٤١ی بەرواری ١/١٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*