Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بەغدا، نەوت و موچەو دەروازە سنوورییەکان و کردنەوەی فرۆکەخانەکان نییە، کێشەی بەڕەسمی ناسینی ئیرادەی سیاسییە! 
کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بەغدا، نەوت و موچەو دەروازە سنوورییەکان و کردنەوەی فرۆکەخانەکان نییە، کێشەی بەڕەسمی ناسینی ئیرادەی سیاسییە! 

کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بەغدا، نەوت و موچەو دەروازە سنوورییەکان و کردنەوەی فرۆکەخانەکان نییە، کێشەی بەڕەسمی ناسینی ئیرادەی سیاسییە! 

عەبدوڵا مەحمود

کێشەی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و بزوتنەوەی ناسیونالیستی قەومی و ئیسلامی لەعێراقدا، بەتەواوەتی جیایە لەگەڵ کیشەی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان و حزبەکانی لەگەڵ دەسەڵات لە بەغدا…

کێشەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و رەوت گەلی دینی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە بەغداو بزوتنەوە سیاسییە بۆرژوازیەکانیان، کێشەی بەشداری لەدەسەڵات و هاوبەشی سیاسی و ملدان بە ریفراندۆمی قەومی و بەشی داهات و رەوایەتی بەخشینە بە دەسەڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا… لەکاتێکدا کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بەغدا، کێشەی بەرەسمی ناسینی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانە بۆ بریاردانی ئازادانە لە چارەنووسی خۆیان و دیاریکردنی ئازادانەی ئایندەی سیاسی… ئەم دوو روانگە جیاوازەی نێوان دەسەڵات و خەڵکی کوردستان لەگەڵ بەغدا، سەرچاوەی کێشەی سەرەکی خەڵکی کوردستانیشە لەگەڵ دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.

بەدرێژایی تەمەنی ناسیونالیزمی عێراق و دەسەڵاتی ئەو بزوتنەوەیە تا دەگاتە دەسەڵاتی بزوتنەوەی ناسیونال-ئیسلامی سیاسی شیعی، كێشەی خەڵکی کوردستان ئەوە بووە، کە لە لایەن بزوتنەوەو رەوتەکانی بۆرژوزی عێراقەوە، وەکو هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بەوهۆیەشەوە نابەرابەری هاوڵاتیان لەبەرامبەر یاساو لە باری حقوقیەوە، بۆتە کێشەیەکی گەورەو مەبنای زوڵم و ستەمی نەتەوایەتی… بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانیشی لە جێگای ئەوەی بۆ کۆتاییهێنان بەو زوڵم و نابەرابەرییە، بچنە ململانێ لەگەڵ بەغداو دەسەڵاتی بزوتنەوەی بۆرژوازی عەرەب، هەمیشە بەدوای ئەوەوە بوون کە ببنە بەش لەو دەسەڵاتەو لەسەر بناغەی ئەو بەشدارییەش لە داهات و سامانی عێراقدا برا بەش بن… دیارە بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد هەمیشە لەسەر مەبنای نابەرابەری و زوڵمی نەتەوایەتی بەرامبەر بەخەڵکی کوردستان، هاتونەتە مەیدان و بەناوی خەڵکی کوردستانەوە بەهرەبەرداریان لە زوڵم و نابەرابەری حقوقی هاوڵاتیان کردووە، و بە ناوی کوردایەتی و رزگاری کوردستان و کوردەوە خۆیان ناساندووە و رزگاری کوردو کوردستانیان بە” قودس ودڵی کوردستانەوە، کەرکوک” کردۆتە ناسنامەی سیاسی و سەرچاوەی بوون و دوبارە بەرهەم هێنانەوەی خۆیان… ئەوەی لەپشت ئەم قاوانە سواوەی بزوتنەوەی کوردایەتی بووە، نە سەربەخۆیی و نە گرتنەبەری رێگاچارەی پشت بەستن بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە زوڵم و ستەمی قەومی و چارەسەری کارسازی کێشەی کوردەوە بووە، بەڵکە هەمیشە خۆبەستنەوە بە بەغدا و مانەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند، ئامانجیان بووەو سات و سەودا کردن بە کێشەی خەڵکی کوردستانەوە، بۆتە سەرچاوەری گەورەترین کایەی سیاسی و مێژوویەکی ناحەقی تۆمارکردن، بەرامبەر بە کێشەی خەڵکی کوردستان و ئایندە سیاسیەکەی.

لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ وە، کە جارێکی تر درۆی فیدرالیزمی قەومی گەشایەوەو گوزری گورجکبڕ لە پێگەی دەسەڵات و بزوتنەوەی کوردایەتی درا، کە لەبنەرەتدا ئەوەش بەرهەمی چارەسەرنەبوونی کێشەی کورد و لکاندنەوەی کوردستان لە ژێر ناوی فیدرالیزمی قەومیدا بوو… ئێستا ئەم بزوتنەوەیەو حزبەکانی هەموو هەوڵ و خەونێکیان لە بەشداری سیاسی و بەشی داهاتدا، هاتۆتە سەر دابینکردنی بودجە، موچە و کێشەی نەوت، خاڵە سنورییەکان، کردنەوەی فرۆکەخانەکان… ئەم رۆژانە هێندەی گوێ بیستی موچە دێت، موچە دابەش دەکرێت، بەغدا پارە دەنێرێت، ناینێرێت… کێڵگە نەوتیەکان و داهاتی نەوت رادەستی بەغدا دەکرێت، خاڵە سنوریەکان و دەروازەکان و فرۆکەخانەکان دەکرێنەوە…  نیو ئەوەندە گوێبیستی ئەوە نابین، کێشەی ئاڵۆزکاوی خەڵکی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی بەکوێ دەگات؟ چارەنووسی خەڵکی کوردستان چی بەسەر دێت؟ ئەوەش ئەو راستییە نیشان دەدات… کە بزوتنەوەی کوردایەتی باسی رزگاری کورد و خەڵک و خاکی کوردستان، تەنها پروپاگەندەیەکە بۆ داهات و بوجە و بەش لەگەڵ بەغداو دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی ناسیونال ئیسلامی و قەومی عەرەبی…

کێشەی خەڵکی کوردستان کێشەی موچە و نەوت و دەروازە سنوریەکان و فرۆکەخانەکان نییە…لەگەڵ بەغدا. کێشە خەڵکی کوردستان ئەوە نییە کورد زمانەکان ئەندام پەرلەمان و وەزیر و گزیر بن بەغدا، کێشەی خەڵکی کورستان، کێشەی سیاسی و کەیسی بەرەسمی ناسینی ئیرادە و ئایندەی سیاسی خەڵکی کوردستانە بەدەستی خۆیان… دیارە خەڵک بەدەست بێ موچەیی و بێمافی و نەبوونی سەرەتایتیرین خزمەتگوزاریەکانەوە دەناڵێنی، بەڵام ئەوە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی لەوە دۆخە بەرپرسن… مادام دەسەڵاتی سیاسی و داهاتی کوردستان لەدەست حزبەکانی کوردستاندایە، ئەوان بەرپرسن لە دابینکردنی موچەو ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و ماف و خزمەتگوزاریەکانیان… شانخاڵی کردنەوە لە دابینکردنی موچە و خزمەتگوزارییەکان و مافەکانی هاوڵاتیان کوردستان، لەژێر ناوی کێشە لەگەڵ بەغداو عەبادی پاساوێکی پوچە… تەنانەتە ئەگەر کێشەی موچەو خزمەتگوازاری ومافەکانی هاوڵاتیان کوردستان پەیوەندیشی هەبێت بە سیاسەت و پلانەکانی بەغدادیشەوە، دیسان هەر دەسەڵاتی سیاسی و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەرپرسن، چونکە ئەوە ئەوانن چارەنووسی خەڵکی کوردستانیان، لەسەروی ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە بە بەغداوە شەتەک داوەتەوە…

هێنانە خوارەوەی کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستان، بۆ ئاستی موچەو داهات و ململانێی لەسەر کێڵگە نەوتیەکان و دەروازە سنوریەکان و فرۆکەخانەکان، بەجیا لەوەی شکستێکی گەورەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و کوردو حزبەکانیەتی، هاوکات مایەی شەرمەزاریەکی گەورەشە کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستان تا ئەو ئاستە نزم بکرێتەوە… ئەوە تاوانێکە دژ مافی رەوای خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی خۆی بەدەستی خۆی، لە رێگای تورهەڵدانی فیدرالیزمی پوچ و درۆینەی قەومی و جیاکردنەوەی کوردستان لە عێراقی عروبی و ئیسلامی و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ…

خەڵکی کوردستان، سواڵکەر نین، مافی خۆیانە لە داهات و سامانی زۆر زەوەندی کوردستان و دەریای نەوت… بەهرەمەند بن و ژیانێکی شایستەی ئینسانی ئەو سەردەمەیان هەبێت. مافی خۆیانە لەهەموو خزمەتگوزاری و مافە فەردی و مەدەنیەکانیان، بەهرەمەند بن. ئەگەر خەڵکی کوردستان کێشەی سیاسی و چۆنیەتی دیاریکردنی ئایندەی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی بەغداو هێزە بۆرژوازیەکانی هەیە، ئەوا کێشەی دەسەڵاتدارێتی و تاڵانی و بێمافی سەدان دەردو مەینەتی تریان لەوانەش موچەو ماف و ئازادییەکانیان، لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد هەیە، کێشەیان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە هەیە، کە دەیەوێت بەسترانەوەی نادڵخوازی خەڵکی کوردستان بە ناوەندو دەسەڵاتی قەومی و ئیسلامی عەرەبیەوە، درێژە پێ بدات و کێشەی خەڵکی کوردستان، بهێنتە خوارەوە بۆ ئاستی موچەو داهات و کردنەوەی فرۆکەخانەکان… خەڵکی کورستان و بەرەی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازەکەی پێویستە، هەم لەبەرامبەر بەدەسەڵاتی بەغدا بۆ پایماڵکردنی کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستان و هەمیش لەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی و سەرکوتگەری بزوتنەوەی کوردایەتی، قوڵی خەباتکارانەی لێ هەڵبماڵن… بە هەر ئەندازەش دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی کەنار بخەن و دەسەڵاتی پشت بەستوی جەماوەری لە جێگای ئەو دەسەڵاتە مافیاییە جێگیر بکەن، هێندەش توانای خەباتکارانەیان بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی کوردستان دەتوانن بەسەر بەغداو دەسەڵاتەکەی و هاوکارەکانیان لە ناوچەکەو دنیادا بسەپێنن،  ئەوە نەبەردێکە دەبێ بکرێت.

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*