Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کێشەی نەوەی نوێ چییە؟ …

کێشەی نەوەی نوێ چییە؟ …

عەبدوڵا مەحمود …

کاری سیاسی و حزبی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی مافیایی و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتیدا هێندە ناشیرین و قێزەون کراوە، کە پێویستە جوڵانەوە حزبێکی سیاسی مۆدێرن بەخەبات و تیکۆشانێکی نەخشەمەندانە ئابڕو بۆ کاری سیاسی و حزبی بگێڕێتەوە… وە پێویستە سەرجەم دەرهاویشتە نامۆ و ناوازەکانی کاری حزبایەتی لە خانەوادەی بۆرژوازی کوردا، کە جوڵانەوەی نوی نوێ نموونەیەکی بوو بخاتە ناو چوارچێوەی لێکۆڵینەوەو توێژینەوەیەکی تایبەتەوە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەکو رەوتێکی سیاسی ناوازە لەسەر بنەمای شکستی سیاسی و حکومرانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و مایەپوچ بوونی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، لەلایەن بزنزمانێکی هەڵتۆقیوی خاوەن کۆمپانیا لەگەندەڵستانی کوردستاندا، هاتە ناو گۆرەپانی ململانێی حزبی لەکۆمەڵگەدا… تویژێکی چاوچنۆکی و ویڵ بەدوای پۆست و پارەدا، تویژێکی تۆراو لە حزب و لایەنە سیاسیەکانی تر، لە نووسەر و میدیاکاری بەنرخی ڕۆژ نان خۆر، ئەندام پەرلەمانی پێشوو تەسەل و دەم گەرم و دەست و پێ سپی، چوونە ژێر چەتری دیدو خەونی بزنسمانی سەرۆکی کۆمپانیا و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بوونە موچە خۆر و گوێڕایەلی.

بوونی میدیایەکی زەبەلاح کەخاوەنەکەی سەرۆکی جوڵانەوەکە بوو، هۆکارێکی سەرەکی بوو تا وێنەیەکی نوێ لە رەوتی نەوەی نوێ نیشانی کۆمەڵگە بدات و بانگەشەی روخاندنی دەسەڵات و بوون بە بەدیلی یەکێتی و پارتی، پەخش بکاتەوە. ئەم بانگەشەیە لەدڵی تورەیەکی بێئەندازە لەدەسەڵات و بێئومێدیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد، گۆڕان و ئیسلامیەکان، هەرازن فرۆشی رەوتەکەی بەرهەم ساڵح کە بەحورمەتەوە!! گەڕایەوە ناو باوەشی یەکێتی و لە پێناو پۆستی سەرۆک کۆمارییدا… زەمینەی ئەوەی خولقاند بەشێک لە جەماوەری گۆران و ئیسلامیەکان و تورە لە پارتی و یەکێتی ئومێدی خۆیان بە نەوەی نوێوە گرێ بدەن… لەو نێودا کەناڵە میدیایەکانی ئێن ئارتی، بە ناوەرۆکە پۆپۆلیستیەکەیەوە رۆڵی سەرەکی گێرا لە بەخشینەوەی فریوکاری و راکیشانی بەشێکی جەماوەر بۆ دەوری جوڵانەوەی نەوەی نوێ..

جوڵانەوەی نەوەی نوێ جگە لە هەندێک وتاری ئاگرینی سەرانی جوڵانەوەکە و راپۆرتی تەکاندەری ئین ئارتی لەسەر دەسەڵات و بزواندنی ئیحساساتی جەماوەری، وە بەجیا لە خستنەرووی پاکیجی گشتیکراوی لە چەشنی بەدیلی دەسەڵات، هەڵگری هیچ ئەجندایەکی سیاسی، پرۆژەیەکی دیاریکراو، هیڵێکی فکری و تیئۆری،… تەنانەت هیچ نەخشەیەکی رۆشن لە پەیوەند بە هیچ کام لە پرسە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان نەبوو وە نییە.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەکو… بزنسمانێکی هەڵتۆقیو، لە بەشی خۆی نارازی بوو، لە رێگای بەکارهێنانی سەرمایەکەی و میدیایەکی تەسەلەوە رەوتێکی سیاسی دروست کرد … تا ئەو رەوتەش بکاتە پەیژەی هەڵزنین بۆ بەرامبەرکی… لەگەڵ بزنسمانە گەورەکانی تری کۆمەڵگە کە پاوانی بازار و بازرگانی و راگەیاند و نەوت و کۆمپانیاکانیان کردووە. وە بە ئاشکرا چووە پشت سیاسەتی بەتایبەتی کردن و هەرزانفرۆش کردنی کەرتە گشتیەکان…تاد.

بەو هۆیەشەوە کە ئەم بزنزسمانە هەم خاوەنی سەرمایەکی گەورە و میدیایەکی کاریگەر بوو، هەمیش ئەمریکاو غەرب دەیانەویست پارتی و یەکێتی بە رەوتێکی تر بترسێنن، توانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دروست بکات و ماتریالی سەروکەللەی رەوتەکەش پێکەوە بنێت.. و بچیتە کیبەرکێی هەڵبژاردنەکانەوەو چەند کورسیەک لە کایەو گەمەی هەڵبژاردن و دیموکراسی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردیدا بەدەست بهینێت…

ئەوەی کە چاوەڕوانکراو بوو، پێگرتن و ئەم رەوتە بوو بە خێرایەکی بەچاو… ئەوەی ئیستا ڕوودەدات رەوتی شکستێکی سیاسی و ڕیکخراوەیییە… وازهێنانی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ناکۆکی و ئەگەری لێکترازان، دوورو نزیک پەیوەندی بە ناکۆکی سیاسی و فکری یان بۆچونی سیاسی جیاوازو پرۆژەو نەخشەی دیاریکراوەوە نییە… و لە نارەزایەتی و ڕاگەیاندنی ئەندام پەرلەمانەکانی نەوەی نوێشدا باسێک لە ناکۆکی سیاسی نییە. 

ئەوەی ئاشکرایە و جێگای مشت و مڕ لای خەڵی ئازادیخوازو هوشیار نییە، کە دارایی و داهات و بریاری سیاسی لای پارتی لای بنەماڵەی بارزانییە، و لای یەکێتی لای بنەماڵەی تاڵەبانی و لای بزوتنەوەی گۆڕان لای کوڕانی نەوشیروان و کۆمەڵی ئیسلامی لای عەلی باپیرو بنەماڵەکەیەتی…

جوڵانەوەی نەوەی نوێ، حزبی سیاسی نییە، هەر لەسەرەتاوە خاوەن بزنسمانێک و خاوەن کۆمپانیایەک لە ڕێگای سەرەوەت و سامانێکەوە کە لەهەلومەرجی پڕ دزی و تاڵانی و ململانێی پشک و سەرمایەدارەکان، بەدەستی هێناوە، حزبی سیاسی دروستکردووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و لە پێناو بەشی زۆرتر و بڕی سەرمایەی زیاتر و کەشی گونجاوی کەڵەکەی سەرمایەو بەرینکردنەوەی کۆمپانیاکان… ئەندام پەرلەمان و بەشیک لەو موچەخۆرانەی ئیستا نیگەرانن لە نەوەی نوێ و سەرۆکی جوڵانەوەکە، ریشەی لە تەماحی زیاتری ئەواندایە لەسەرمایەو کۆمپانیاکانی سەرۆکی نەوەی نوێ و جێ پێگەی زیاتر… هەروەها بیداربوونەتەوە لەو راستیەی کە هەرکاتێک سەرۆکی جوڵانەوەکە سەرچاوەی دارایی نەوەی نوێی بڕی…  جوڵانەوەکەش کۆتایی بە تەمەنی دێت… دەزانن پارە نەک سیاسەت و خەتی سیاسی، مەبنای قەوارەگرتنی نەوەی نوێن.

بۆ خەڵکی کوردستانیش رۆژ بەڕۆژ ئەوە رۆشنتر دەبێتەوە کە نەوەی نوێ باندێکی بازرگانی و کۆمپانیایەکە، ململانیی سەرەکی لەگەڵ کۆمپانیاو بزنسمانەکانی دەسەڵاتی حزبۆکراتی هەیە… سیاسەت و حزب لە خزمەت بەرینکردنەوەی داهات و فروانکردنەوەی پانتایی کۆمپانیاکاندایە… لەوەش واوەتر رەخنەی سەرەکی خەڵکی کوردستان و بێبەشانی ئەو کۆمەڵکەیە لە نابەرابەری ئابورییە… و هەر شۆرش و راپەرینیک لەکوردستاندا رووبدات سەرەوت و سامانی سەرمایەدارەکان و بەپرسە حزبییەکان دەکاتە نیشانە… سەرۆکی نەوەی نوێ و سەرانی حزبە بۆرژوازییەکان ناتوانن لەبەرامبەر بەرگریکردن لە سەروەت و سامانەکەیان جەنگ لەدژی شۆرش و راپەرین و خواستی چینی کرێکارو بیبەشانی کۆمەڵگە نەکەن… سەرۆکی نەوەی نوێ و باقی مەڵتی ملیاردیر و ملیۆنێرەکان، لەسەر دزینی بەر رەنجی چینی کارگەر و بەرهەم هێنەرانی کۆمەڵگە و دزینی سامان و داهاتی کۆمەڵگە بوونەتە سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاو سەرمایەی زەبەڵاح …

تەنانەت ئەو رەوشت و نەریتە لە جاسوسی کردن بەسەر یەکترییەوە، هەرەشەی ئەخلاقی و رووچوونە ناو ژیانی شەخسی تاکەکان و کادرەکانیان… هەمان ئەلگۆ و نەریتی حزبەکانی تری بۆرژوازی کوردە… سەرۆکی نەوەی نوێ لە بەرامبەر دانی نان و پارەو ئیمتیازات بە هاوڕیکانی، نیگەرانی ئەندام پەرلەمانەکان، بە بێ نمەک و ناپاک ناوزەدیان دەکات… هەروکو ئاغاواتی سەردەمی دەرەبەگایەتی…

سەرجەم حزبە سیاسیەکانی بۆرژوازی کورد، بە رەوتی نەوەی نوێشەوە، بەجیا لە جیاوازییە روکەشیەکانیان لە زمینەی سیاسی و کاری رێکخراوەییاندا، یەک بەرە و بلۆکن… بەرەو بلۆکی بەرگری لە نیزامی سەرمایەداری و وەستانەوە بەرووی چینی کرێکارو زەحمەتکێشان و  شۆڕش و راپەرینی ئوردوی بیبەشان لە پێناو بەرابەری ئابوری و ئازادی و مافە ئینسانیەکانیاندا.

نەوەی نوێ… رەوتێکی سیاسی و سەفقیەکی سیاسی کۆنترۆڵکراوی سەرمایە و کۆمپانیایە و ئەندام پەرلەمان وکادر و نووسەر و بەرپرسەکانیان، موچەخۆر و گوێڕایەڵی بزنس مانێکی نیگەرانن لە دەسەڵاتن و کۆمپانیاکانی حزبی دەسەڵات، دەتوانن وەک ئاغاو ڕەعیەت و مادەیەکی نامۆ و ناوازە لە کۆمەڵگەدا بمێنەوە، بێئەوەی شانسی پێشرەوییان هەبێت… ناکۆکی ناوخۆیی ئیستاشیان سەرەتای داڕمان و رەوتی روو لەداکوژانی ئەو رەوتە و لێکترازانە، لە ناو نەوەی نوێدا… باقی ئەوانەی بەم زوانە لەو رەوتە جیادەبنەوە دەبنە قوربانی دەست بەتاڵی سیاسی و وێل بەدوای رەوتی سیاسی تردا، کە چەور بێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٥١ ی بەرواری ١/٥/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

About hkkk

Check Also

مانای دیموکراسی، ڕای تاک و ده‌خاڵه‌تی هاووڵاتیان له‌ چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگادا …

(له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی پاڵتۆکی له‌ 12ی کانوونی یه‌که‌می 2001) هۆشمه‌ند: سوپاسی به‌ڕێز مه‌نسوور حیکمه‌ت ئه‌که‌م بۆ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *