Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کەرەنتینە بەبێ دابینکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك سەرناگرێت! …

کەرەنتینە بەبێ دابینکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك سەرناگرێت! …

لەسەر قسەی وتەبێژی  وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم شەپۆلی دووەمی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە، یەکەمین بڕیاریشیان ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بوو.

بەڵام دژ بەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ، هەمان ڕۆژ لە شارۆچکەی “دەربەندیخان، ڕانیە، قەڵادزە” خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت ڕژانە سەرشەقامەکان و پابەند نەبوونی خۆیان بۆ ئەم بڕیار و ڕێنماییە بێسەروبەرە ڕاگەیاند. ئەمڕۆش ٢/٦ کۆمەڵێك لە دوکاندار و کاسبکاران دژ بەهەمان بڕیار چوونە بەردەم قایمقامیەتی شاری سلێمانی ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوایان کرد کە دەبێت حکومەت ژیانیان دابین بکات، یان دەبێت پاشگەز بێتەوە لە بڕیارەکەی.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە کوردستان حکومەتی هەرێم جگە لە کەرەنتینەکردن و زیندانیکردنی خەڵکی لە ماڵەکانی خۆیان بە سکی برسی، هیچ بەرپرسیاریەتیەکی دیکەیان نەگرتۆتە ئەستۆ، ئەوانەی مەعیشەتی ڕۆژانەیان لەسەر دەستفرۆشی و دوکاندارییە یان کاری ڕۆژانە و فرۆشتنی هێزی کاری ڕۆژانەیان وەستاوە، بە فەرامۆش سپاردووە. ئەمە سەرباری ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەم حکومەتە بە ئاشکرا وەڵامی خۆیان بەرامبەر بە ژیان و گوزەران و موچەی فەرمەنبەران خستەڕوو و نیشانیاندا کە حکومەتێکی بنبەستە و لە گێژوای سیاسیدان، وە بێ دەربەستن و ناتوانن وەڵام بە خواست و پێداویستی و کێشەکانی خەڵك بدەنەوە، وەك هەمیشە ئاکامی سیاسەتی چەوت و شکستەکانی خۆیان دەخەنە ملی خەڵکی کوردستان و ئاڕاستەی سیاسییان ڕوو لەوەیە کە دووئیدارەیی و دووزۆنی بەرەو ئاستێکی باڵاتر و نالەبارتر و ناجێگیرتر بەرن.

لە ئێستادا کە ڕق ئەستووری و توڕەیی و ناڕەزایەتی بەرهەقی خەڵکی کوردستان لەدژی هەژاری و بێکاری و بێ موچەیی و نەداری و تاڵان و بڕۆی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتی ڕوو لە هەڵکشانە لە دەرفەتێك دەگەڕێن تا باروبارگەی ئەم دەسەڵاتە ناسیۆنالیستە میلیشیا ستەمکارە بپێچنەوە و ڕیشەکێش بکەن، پێویستە بەئاگا بین کە نابێ ڕێگە بدرێت ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بەلاڕێدا ببرێت و دەرفەت بۆ لێدانی پێشوەخت لە ئیرادەی خەڵك بخوڵقێنێ و تەسلیم بەو ڕەوتە بەرژەوەندی خوازانەی تر بکرێت کە هەمیشە خۆیان دەکەنە بار بەسەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵك و بەلاڕێیدا دەبەن و ڕێگای ڕزگاری خەڵك بەرتەسك دەکەنەوە و بە چەواشەکاری دەیانێرنەوە ماڵەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە هەر ئێستا کۆمەڵگا لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزێت و هاوکات دەبێت جەخت بکرێتەوە لەسەر هەنگاوی دەستبەجێ بۆ دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ بێکاران و دوکانداران و دەستفرۆشان و ئەوانەی زەرەرمەندی ئەم دۆخەن، بەڕێوەچوونی ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاراستی کۆمەڵگای کوردستان لەم پەتایە دەبێت لە ڕیزی پێشەوەی ئەولەویەتەکاندا دابنرێت، پێویستە کەرەنتینەکردن و قەدەغەکردنی هاتوچۆی هاوڵاتیان بەمەرجی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی تەندروستی، خۆراك، مووچە و بیمەی بێکاری، سەلامەتی و خزمەتگوزارییەکانی ترەوە بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان داسەپێنرێت، چونکە بەپێچەوانەی ئەمەوە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ناسەلامەتی گشتی کۆمەڵگا و ڕوودانی هەر کارەساتێك هۆکارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەم دەسەڵاتە لە ئاستی هیچ بەرپرسیاریەتیەکدا نیە و دەبێت وەلابنرێت.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەم دۆخەی ئێستای کوردستان پێدا تێپەڕ دەبێت داوا لەتەواوی ئازادیخوازان و هەڵسووڕاوانی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیست دەکات کە ئاڕاستەی کاریان ڕوو لە ئامادەکاری ڕێکخستن و سازدان و کاری هوشیاردەرانە بن لە گەڕەك و شوێنی کار و کارگە و دامەزراوەکان و پێشەنگی ناڕەزایەتییەکانی داهاتوو بین لەدەوری نەخشە و ڕێگا و ئاسۆی هاتنە مەیدانی بەرفراوان و سەراسەری خەڵکی کوردستان و دابینکردنی دەور و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی خەڵك لە دەسەڵاتی سیاسیدا، بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی میلیشیا و بنەماڵە و گەندەڵ و ستەمکاری ئێستا.

کۆمیتەی سلێمانی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢/٦/٢٠٢٠

 

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *