Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کەلێنی نێوان قسە و کردار…

کەلێنی نێوان قسە و کردار…

ووتارێکی بڵاو نەکراوەی…

مەنسور حکمەت…..

هاوڕێیان!

ئەمڕۆ دەمەوێ لە بارەی ئەنجامەکانی پلینۆمی دووهەمی کۆمیتە ناوەندیی حزبەوە لەگەڵ ئێوە قسە بکەم. ئەمە ڕاپۆرتێکی فەرمی نییە. بەڵکو من لەسەر مەسەلەیەک جەخت دەکەم کە میحوەری سەرەکی قسە و باسەکانی پلینۆم و کۆی گیانی گشتی ئەو پلینۆمەی پێکدەهێنا. ئەمە مەسەلەیەکی هێجگار گرنگە و چاوەڕووانیم ئەمەیە هەموو هاوڕێیان بە ووردی ئیهتیمامی پێ بدەن، هەوڵ بدەن ئەو مەسەلە بە قووڵی دەرک بکەن و دەرەجەی ئامادەیی و ئینێرجی خۆیان بۆ بەرەو پێش بردن و عەمەلی کردنەوەی ئەو ڕێگاچارەیەی کە پلینۆم بۆ چارەسەری ئەم مەسەلەیە خستوویەتییە دەستووری ئێمەوە تەقیم بکەن و لە بارەیەوە داوەری بکەن. دوای ئەم قسانە هەر هاوڕێیەک دەبێ بتوانێ بۆ خۆی ڕوونی بکاتەوە کە تا چی ئاستێک ئامادەیە کە خەبات کارێکی لێبڕاو بێ بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم مەسەلەدا.

بەڵام ئەم مەسەلەیە چییە؟ بۆ ڕوون کردنەوەی باشتری ئەمە مەسەلەیە ڕێگا بدەن بگەڕێینەوە بۆ دەورەیەکی مێژوویی دیکە، بۆ حزبی بەلشەفیی دوای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات و ووتەیەکی لینین بهێنمەوە. بار و حاڵەتێک (وضعیت) کە ئەو تەسویری دەکا لە هەندێ ڕووەوە لە بار و حاڵەتی ئەمڕۆی ئێمە دەچێ.

لینین لە ڕاپۆرتی کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیست (بەلشەفیک)دا بۆ کۆنگرەی یانزەهەم لە ساڵی ١٩٢٢ (یانی دوایین کۆنگرەیەک کە لینین بەشداری تیا کرد) ئاوا دەڵێ:

“یەک ساڵ تێپەڕیوە. دەوڵەت لە دەستی ئێمەدا بووە. بەڵام ئایا لە ژێر سیاسەتی ئیقتسادی نوێ (نێپ)دا ئەم دەوڵەتە بە پێی شێوەکاری ئێمە ئیشی کردووە؟ نەخێر. ئێمە نامانەوێ دان بەمەدا بنێین بەڵام ئەمە ڕاستییەکەیە. کەوابێ بە چی شێوازێک ئیشی کردووە؟ ئەم دەزگایە بۆ ئەو شوێنە ناڕوا کە ئێمە دەمانەوێ، بەڵکو بۆ شوێنێک دەڕوا کە مشتێ سەرمایەداری تایبەتی و ئیحتیکارچی ناشەرعی و نائاشکرا کە مەعلوم نییە لە کوێوە هاتوون دەیبەن. دەزگای دەوڵەت بە تەواوی وە بە هیچ جۆرێک بەو ئاراستەیەدا ناڕوا کە ئەو کەسەی وا لە پشتی سوکانەوە دانیشتووە تەسەوری دەکا. ئێوە کۆمۆنیستەکان، ئێوە کرێکاران، ئێوە بەشی هۆشیاری پرۆلیتاریا کە دەستتان داوەتە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت، کارێکی وا بکەن کە دەوڵەتێک کە لە دەستتاندا هەیە بەپێی شێوەکاری ئێوە ئیش بکا”.

لینین لێرەدا دەربارەی ئەمە قسە دەکا کە حزبی بەلشەفی، پێنج ساڵ لە دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و یەک ساك لە دوای تەرح کردنی سایسەتی ئیقتسادی نوێ، بەسەر دەزگای دەوڵەتیدا، یانی بەسەر ئامرازی جێبەجێ کردنی پلانە کۆمەڵایەتییەکانیدا، کۆنترۆڵی نییە. دەوڵەت ئەو ئامرازەیە کە بە ڕێی خۆیدا دەڕوا، وە بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەوەی بەلشەفییەکان دەیانەوێ و کە لە پشتی سوکانەکەیەوە دانیشتوون، دەڕواتە پێشەوە. بە درێژایی تەواوی ئەم ڕاپۆرتە لینین هەوڵ ئەدا پیشانی بدا کە دەبێ چی بکرێ تا ئەم دەزگایە بەو ئاراسەتەیەدا حەرەکە بکا کە بەلشەفییەکان یانی کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی هۆشیار دەیانەوێ.

ئێمە ئەمڕۆ هەموومان دەزانین کە ئەم ماشێنە دواجار بەو لایەدا نەڕۆیشت کە بەلشەفییەکان دەیانویست وە چی بەسەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری جیهاندا هات.

من پێموایە کە ئێمە ئەمڕۆ (نەک لە ڕووی چەندایەتییەوە، بەڵکو لانی کەم لە ڕووی چۆنیەتییەوە) لە هەلومەرجێکی هاوشێوەدا گیرساوینەتەوە. یانی دەبێ دیاریی بکەین ئەو دەزگایەی کە بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکانی ئێمە لەبەر دەستماندایە بەو ئاراستەیەدا دەڕوا کە جێگای مەبەستی ئێمەیە یان نا، وە ئەگەر بەو لایەدا ناڕوا دەبێ چی بکەین کە وا بڕوا. ئەم دەزگایە، ڕێکخستنەکانی ئێمەیە. ئەگەر لەم هەوڵەدا سەرکەوتوو نەبین، ئەوسا هەمان ئاکامی حزبی بەلشەفی بە شێوەیەک ئاکامی ئێمەش دەبێ. لینین دەڵێ کە لە بەینی قسە و بەرنامە و پلانی بەلشەفییەکان لەگەڵ کار و کردەوەی ئەواندا کەلێن درووست بووە.

 

ئێمەش ئەمڕۆ لە ناو هەلومەرجێکا گیرساوینەوە کە لە بەینی قسە و پلان و بەرنامەمان لەگەڵ کار و کردەوەمانا دووری و کەلێنێکی جددی هەیە. لینین دەڵێ کە من نازانم کام نەوعە لە سەرمایەداری تایبەتی ئیحتیکارچی ماشێنی دەوڵەتی بۆ ئەو لایە دەبات کە دەڕوا. ئێمەش ئەمڕۆ دەبێ دیاری بکەین کە کام هێزانە و کام مەیلی واقعی دامەزراوە و ڕێکخستنی حزبیی ئێمە بە ئاراستەیەکا دەبەن کە پێچەوانەی خواستی ئێمەیە.

ئەمە مەسەلەی جددی ئەمڕۆی ئێمەیە. پلینۆمی کۆمیتە ناوەندی حزب ئەم مەسەلەیەی وەکو میحوەری باس و نیقاشەکانی خۆی داناوە و ئامادەیی وەرگرتووە کە ئەم مەودا و کەلێنە لەناو ببات. ئەم مەسەلەیە پێویستی بە ئیهتیمامی جددی هەموو هاوڕێیان هەیە، چونکە لەناو بردنی کەلێنی نێوان قسە و کرادری ئێمە، خۆی هێشتا یەک ئامانج و پلانە کە نابێ لەسەر کاغەز بمێنێتەوە.

کەلێنی نێوان قسە و کرادری ئێمە کامەیە؟

لەوانەیە لە سەرەتای کارەوە بە بڕوای هەندێ هاوڕێ ئەم مەودا و کەلێنە زۆر گرنگ دەرنەکەوێ. ئاخر مەگەر جیا لەمەیە کە ئێمە ئینسان گەلێکی شۆڕشگێر و خەباتکارین کە بە باوەڕەوە هاتووینەتە سەر ئەم ڕێبازە؟ بۆچی نا. بەڵام کاتێکیش لینین هەم لە بارەی ئەم کەلێنەوە لە حزبی بەلشەفیدا قسە دەکا، ئینکاری لە شۆڕشگێڕ بوون و ڕاستگۆ بوونی بەلشەفییەکان ناکا. ئەو دەڵێ کاتێ سەیر دەکەین، بەلشەفییە کۆمۆنیستەکان، ئامانجدار و شۆڕشگێڕەکان دەبینین. لینین هەموو ئەوان بە کۆڵنەدەر و ڕاستگۆ ناودەبا بەڵام لە هەمان کاتدا دەڵێ، کە ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ (بێجگە لە کۆمیتەی جێبەجێکاری شوورا سەرتاسەرییەکانی کرێکاران کە پارێزبەندیی سیاسییان هەیە) باقی ئەندامانی حزبی و کارمەندانی دەوڵەت شەش سەعات بکرێنە زیندانەوە. تاوانی ئەوان ئەمەیە کە نەیانتووانیوە ئامانجەکان، ئایدیاکان، بەرنامەکان و پلانەکانیان بە عەمەلی جێبەجێ بکەن و بیانگۆڕن بە بەشێک لە واقع.

 

بەڵام کەلێنی نێوان قسە و کرادری ئێمە لە چی شتێکا خۆی پیشان ئەدا. دوو ساڵە (لە کۆنگرەی سێهەمی کۆمەڵەوە) کە ئێمە بە فەرمی ئاڵای مارکسیزمی شۆڕشگێڕمان بەسەر دەرگای ڕێکخستنەکانەوە هەڵواسیوە و ئێستا چوار مانگە کە حزبی کۆمۆنیستمان درووست کردووە، کە لە پەیڕوەی ناوخۆیدا وەکو حزبی سیاسی چینی کرێکاری سەرانسەری ئێران خۆی ناودەبا (ئێستا کارمان بەسەر خەبات و مەوجودییەتی مارکسیزمی شۆڕشگێڕەوە نییە لە پێش لە ڕاپەڕینی بەهمەن تا کۆنگرەی سێ). ئەمە دەسکەوتێکی گەورەیە. بەڵام چینی کرێکار بەم بۆنەوە مەدالیا بە ئێمە نادا. چونکە ئێمە لەگەڵ ئەمسالی پەیکار و ڕەزمەندگان و موجاهدینی خەڵک بەراورد ناکا، لە بنچینەدا ئەمانە لە مێژووی خەباتی چینی ئێمەدا جێگایەکیان نییە. ئێمە بە ئامانجەکانمان و بەرنامەمان، بە گوتارەکانمان داوەریمان لەسەر دەکەن. ئێمە بەو دنیایە تەقیم دەکەن کە دەمانەوێ لەسەر زەوی دایبمەزرێنین. سرووشتییە کە تەوەقوعیان هەبێ کە ئێمە شان بە شانی  پێویستییەکانی جێبەجێ کردن و بەکردەوە دەرهێنانی بەرنامەمان  خاوەن توانا و بەهێز و ئوسوڵی مەحکەم بین. وە هەر کەمو کووڕی و لادانێک لەم دەرەجەیە لە ئوسوڵی بوون بەهێز بوون وەکو تەقسیر لەسەرمان حساب دەکەن. خودی خۆشمان هەم دەبێ بەم شێوەیە لەسەر خۆمان داوەری بکەین.

بەم پێیە یەکەمین شوێنێک کە کەلێنی قسە و کرداری ئێمە خۆی تیا نیشان ئەدا، لەسەر کاغەز مانەوەی بەرنامەی سیاسی و چینایەتیی ئێمەیە. ئێمە دەڵێین کە حزبی کرێکاران و زەحمەتکێشانین، بەڵام لە واقعدا مەسەلەی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشان بە زەحمەت گەشە دەکا. هەڵبەت ئێمە گەشە دەکەین، بەڵام مەسەلە دەربارەی خێرایی ئەم گەشە کردنەیە. ئەگەر ئێمە بە خێرایی یەک کیلۆمەتر لە سەعاتێکا بڕۆین، بێگومان دەڕۆینە پێشەوە، بەڵام هەرگیز بە شەمەنەفەرێک ناگەینەوە کە بە خێرایی ١٠٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکا دەڕوا، وە ئەگەر مەبەستی ئێمە ناو ئەو شەمەنەفەرە بێ، ئەوا بە مەبەستمان ناگەین. بەم پێیە ئامارەکانی ١٠٪ و ٣٠٪ و ٥٠٪ بۆ پێشڕەوی ئێمە بەس نییە، ئێمە بە ئامانجەکانمان تەقیم دەکرێین کە گۆڕینی جیهانە. ئێمە لە بەرنامەی خۆمانا ووتوومانە کە دەمانەوێ جیهان بگۆڕین. دەڵێین دەمانەوێ نەزمێکی نوێ بەرپا بکەین تا ئەو هێزە بەرهەم هێنانەی کە لە کۆمەڵی سەرمایەداریدا کۆت و بەند کراون، بخەینە حەرەکەوە. زۆر باشە بەڵام دەزانن ئەم هێزانەی بەرهەم هێنان یانی چی؟ یانی سەرتاپای پیشەسازی و سەناعە و دامەزراوە عیملاقەکانی بەرهەم هێنانی جیهانی ئەمڕۆ، یانی تەواوی تۆڕی مەزنی حەمل و نەقڵی جیهانی، یانی سەدان ملیۆن ئینسان، یانی سەرجەم لقەکانی علوم و تەکنەلۆجیایەک کە جیهانی ئەمڕۆی بە پێوە ڕاگرتووە. ئێمە دەڵێین دەمانەوێ هەموو ئەمانە ڕزگار بکەین و لە نەزمێکی نوێدا ڕێکیان بخەینەوە. زۆر باشە، بەڵام ئەگەر کەسێ بگا پێمان و گوێبیستی ئەمە بێ پێمان ناڵێ: “باشە زەحمەت نەبێ سەرەتا بڵاوکراوەکانی خۆتان باش دابمەزرێنن و باش ڕێکیان بخەن، پەیوەند گرتنەکانتان باش تەرتیب بکەن با بزانین چۆنە، دوای ئەمە جیهانی ئەمڕۆ بە دەور و تەسلیم وەربگرن کە هەر ڕۆژە ملیۆنان تەن بەرهەم و کاڵا تاوتوێ دەکا.” کەسێ کە دەیەوێ جیهان بگۆڕێ دەبێ هەر لە ئەمڕۆوە ئاماژەی ئەم هێز و تواناییە بە ناو چەوانییەوە دیار بێ. بێچووی فیل هەر لە منداڵییەوە لە فیل دەچێ. بەرە بەرە ناگۆڕێ بە فیل. ئەو سیاسەتە شۆڕشگێڕانەیەی کە پیشانی ئەدا ئێمە دەتوانین جیهان بگۆڕین دەبێ ئەمڕۆ خۆی لە ئێمەدا نیشان بدا. بەڵام بە داخەوە ئەم دەرکەوتانە لەناو ئێمەیا کەمن. کەسێ کە بەو ئامانجە بەرزانە پابەند بووبێ یەک ڕؤژ و یەک سەعاتیشی لەگەڵ ئێمە فەرق دەکا.

ئەمە واقعییەتێکە کە ئەفکار و ئامانجە ڕاگەیەنراوەکانی ئێمە خۆی ئاماژەیەکی موهیممە لە ئاییندەی سەرکەوتووی ئێمە. ئەمە بە تەواوی درووستە و نابێ لە یادمان بچێ. بەڵام بەس نییە. ئەگەر ئەم ئەفکار و پرەنسیپانە لەسەر کاغەز بمێنێتەوە، نەبێتە کردار، ئەوکاتە ئێمە هیچ ئەرگۆمێنتێکمان نابێ بۆ ئەمەی بە جەماوەری خەڵک پیشان بدەین، کە ئەو ڕێگایەی کە ئەوانی پیادا دەبەین ڕێگایەکی واقع بینانەیە، عەمەلییە، خەیاڵ پڵاو و خەونی شۆڕشگێڕانە نییە. سەرنج بدەن، ئەمڕۆ هیچ بەش و سەکتەرێک نییە کە ئێمە خۆمان لە بۆرجوازی باشتر ساز و ئامادە بین و لە ئیمکاناتی خۆمان باشتر کەڵک وەربگرین بە شێوەیەک کە بۆ وێنە بتوانین بڵێین:

“ڕاستە کە بۆرجوازی بێ تەل و ڕادیۆ و دەزگای چاپی درووست کردووە، بەڵام ئێمە سوودێک لەمانە وەردەگرین کە بە عەقڵی بۆرجوازیدا ناچێ. ڕاستە کە بۆرجوازی ئینسانەکان کۆدەکاتەوە و لە پێناو ئەنجامدانی کار و باری کۆمەڵگەکەیا ڕێکیان دەخا، بەڵام ئێمە لە خاوەنی کەم زانیاری ترین، لە بێ بەش ترین و ڕاهێنان نەدیوترین ئینسانەکان، کەسانێکی بە ئەزموون درووست دەکەین و بە شێوازێک ڕێکیان دەخەین کە کاریگەرییان لە شارەزایان، لە مودیران و پرۆفیسۆرانی بۆرجوازی باڵاترە”. نەخێر، ئێمە ئەمڕۆ هێشتا ناتوانین ئیدیعایەکی بەم جۆرە بکەین. واقعی بابەتی پێچەوانەی ئەمە پیشان ئەدا. بیرتیژ ترین، بیرمەند ترین و فیداکار ترین ئینسانەکان دێنە ڕیزی ئێمەوە. ئەمانە قابلیەتدار ترین و شەریف ترین ئینسانەکانی کۆمەڵگەن، چونکە هۆشیارانە ڕێگای خەباتیان لە دژی چەوسانەوە و ستەم هەڵبژاردووە. لە ڕیزی ئێمەیا پسپۆڕ و دکتۆر و ئەندازیاری شارەزا کەم نین، بەڵام لە زۆر حاڵەتدا بە ئەندازەی یەک بەڕێوبەرێتی بۆرجوازی لە هێزی ئەفرادێک لەم ئاستەیا سوود وەرناگرین. ناتوانین بەو جۆرەی کە پێویستە ڕێکخراویان بکەین تا هێز و توانای خۆیان بە ڕاستی بۆ خزمەت کردنی شۆڕش ئازاد و تەرخان بکەن.

زۆرێک لە قسەکانی ئێمە لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە. لە هەوادا شەپۆل ئەدەن و ناگەنە سەر زەمین. دەڵێین دڵسۆزی جەماوەری خەڵکین، بەڵام جێی سەرسوڕمانە کە دەبێ بۆ ئەوەی ڕوو بکەینە جەماوەری خەڵک و تەنانەت بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی بەرامبەر ئەوان دەبێ بڕیارنامە دەربکەین! دەڵێین هۆشیار کردنەوە کاری ئێمەیە. بەڵام هیچ دەزگایەکی هۆشیار کردنەوەمان دانەمەزراندووە تا هەمیشە، بە شێوەی ڕۆژانە و بێ ڕاوەستان کرێکاران هۆشیار بکاتەوە. دەڵێین کۆمۆنیستەکان ڕێکخەرن، لە ڕووی ئوسوڵەوە کۆمۆنیست خۆی لە هونەری ڕێکخستندا مانا دەکاتەوە، بەڵام کام کادرەمان پەروەردە کردووە تا بە ئەندازەی سەرۆک شارەوانی شارێکی بچووک ڕێکخەر بێت، یانی بە قەد کەسێک کە شارێکی ٢٠٠ هەزار کەسیی لە خزمەتی کۆمەڵی بۆرجوازی لە خزمەتی بەرژەوەندی چینی خۆیدا ئیدارە دەکا.

قسەی ئێمە لەگەڵ کارکردی ئێمەیا کەلێنیان لە نێواندایە. ڕێک هەمان حاڵەتە کە لینین وێنەی دەکا. دەبێ کارێک بکەین کە ماشێن بۆ ئەو شوێنە بڕوا کە ئێمە دەمانەوێ، بۆ ئەو شوێنەی کە پرەنسیپ، ئامانجەکان و پلانەکانی ئێمە حوکمی تیا دەکەن. با ڕاشکاوانە بڵێم، ئەگەر ماشێن بۆ ئەم شوێنە نەڕوا سەرکەوتن بە دەست نایەت، ئێمە پێشڕەوی دەکەین بەبێ ئەوەی سەرکەوتن تۆمار بکەین و هەر بۆیە ئەرکەکانی چینی کرێکار دەست لێ نەدراو دەمێننەوە. سەرکەوتنی چینی کرێکار ناتوانێ ڕێژەیی بێ. سەرکەوتنی کۆمۆنیستەکان دەبێ سەرکەوتنی موتڵەق بێ. چونکە بۆ بەدەست هێنانی تەواو کەماڵی دەسەڵات لەلایەن چینی کرێکارەوە خەبات دەکەن. سەد جاریش ئێمە کۆمۆنیستەکان کۆمەک بکەین، ئاڵوگۆڕی نسبی لە کۆمەڵدا ڕووبدا، حکومەتە بۆرجواییەکان جێگۆڕکێ بکەن، مسەدەقێک بێت و بڕوا، هێشتا سوودێک بە چینی کرێکار نەگەیشتووە. چینی کرێکار نەک بە ئاڵوگۆڕی نسبی هەلومەرج (کە هەمیشە ناجێگیرە) بەڵکو بە سەرکەوتنی موتڵەقی چینەکە خۆی بە ئامانج دەگا. کەوایە ئێمە کە لە پێناو تەواوی ئەم سەرکەوتنەیا خەبات دەکەین دەبێ دەزگایەک دابمەزرێنین کە هەموو ئەرکەکانی ئێمە بباتە پێشەوە. یەک تۆز نزیک بوونەوە لە ئامانج بە کەڵکی ئێمە نایەت. لە ئێمە “ئینسان گەلێکی تێکۆشەر کە دواجار کاریان بە ئەنجام نەگەیشت” درووست دەکا. ئەزموونی باڵادەست بوونی تەحریفییەت دوای دەسەڵاتی بەلشەفییەکان دەیسەلمێنێ کە دەبێ “کارەکە تەواو بکەین” و هەر بۆیە دەبێ دەزگایەک دابمەزرێنین بۆ تەواو کردنی کارمان.

کەلێنی نێوان قسە و کرداری ئێمە زۆرێک لە هاوڕێیان دەیزانن، لە کاری خۆیان و ئەوانی دیکەیا دەیبینن و هەموو ڕۆژە ناڕەزایی پیشان ئەدەن و هۆشداری ئەدەن. ئەمە شتێک نییە کە من بمەوێ لێرەیا بیسەلمێنم یان لە بەرامبەر بە دەسکەوتەکانمانا دای بنێم. بەڵام جەختی من لەسەر ئەمەیە کە بە تەنیا ئەم دەسکەوتانە هەرگیز بەس نییە، ئێمە بۆ سەرکەوتن، بۆ ئەوەی کە شکستەکانی پێشووی بزووتنەوەی چینی کرێکار دووبارە نەبێتەوە، دەبێ بیرێکی جددی لە حاڵی ئەم مەسەلەیە بکەینەوە.

کەلێنی قسە و کرداری ئێمە کرداری چینەکانی دیکەیە

ئەمڕۆ کەلێنی نێوان قسە و کرداری ئێمە بە چی شتێک پڕدەکرێتەوە؟ یان بە تەعبیرێکی تر کاتێ قسەی ئێمە نابێتە کردار ئایا هیچ شتێک ڕوونادا؟ ئایا ناڕەزایی من لەمەیە کە قسەکانمان نابێتە کردار؟ بەم جۆرە نییە. لە واقعدا کەلێنی بەینی قسە و کرداری ئێمە کرداری چینەکانی تر پڕی دەکاتەوە. لینین ناڵێ کە “ئەم دەزگایە باش کار ناکا، هەڵمەت و کارایی بەرز نییە، بە زەحمەت دەبزوێ و لە کارکردن وەستاوە.” ئەو دەڵێ ئەم دەزگایە لە بەرژەوەندی چینەکانی تر، لە بەرژەوەندی مشتێ سەرمایەدار، حەرەکە دەکا. هاوڕێیان، ئێمە لە جیهانێکی چینایەتیدا دەژین. هەموو شتێک مۆرکی چینایەتیی وەردەگرێ. کاتێ قسەی ئێمە نابێتە کردار، یانی قسەی دیکەیە خەریکە عەمەلی دەبێتەوە. قسەی چینێکی دیکە. با چەند نموونەیەک بهێنمەوە:

بۆرجوازی ملیۆنان تمەن خەرج دەکا، سەدان و هەزاران بەکرێ گیراو پەروەردە دەکا تا ئەمنییەتی، ڕێکخستنەکانی ئێمە و بەردەوام کاریی حزب بخاتە مەترسییەوە. دەیان کەس دەنێرێ بۆ چاودێری کردنی ئەندامانی ڕێکخراوی ئێمە، بودجە بۆ پڕچەک کردنی سەربازی تەرخان دەکا و کوژراو ئەدا هەتا گورزمان لێ بوەشێنێ، هەوڵ ئەدا لە دەروونی ڕێکخراوی ئێمەوە زانیاری دەست بخا. ئەمە ئامانج و سیاسەتی بۆرجوازییە. ئەمە مەبەستی بۆرجوازییە. بەڵام دەزگای ڕێکخراوەیی ئێمە خۆبەخۆ لە ڕاستیدا بە هەمان ڕێگا و مەبەستی بۆرجوازیدا دەڕوا. ئێمە دەڵێین دەبێ لێبڕاوانە ئەمن و ئاساییش و نهێنییەکانی حزب و ڕێکخستن بپارێزین. بەڵام ئەو یەکینە ڕێکخراوەییەی کە بە باشی لە ڕەمزەکان کەڵک وەرناگرێ، ئەو هاوڕێیەی کە لە دەرەوە شوێن پێ هەڵگرتنەکان پووچەڵ ناکاتەوە، ئەو کۆمیتەیەی کە لە کاتی خۆیدا ڕێنوێنی و ڕاهێنانی ئەمنی نادا، ئەو ئەندامەی کە لە پاراستنی نهێنییەکان و بڵاوکراوە ناوخۆییەکانا کەمتەر خەمی دەکا و زانیاری ڕێکخستن و ناوی واقعی هاوڕێیانێکی مەخفی بە سادەیی لە سوعبەتێکی مەحفەلیدا ئەدرکێنێ، بە کردەوە و بێ مەبەست ئاسانکاری بۆ کاری بۆرجوازی دەکا. لای کەم مەهێڵن بۆرجوازی لە ختوخۆڕایی بە ئامانجی خۆی بگا. یەکینەی ڕێکخراوەیی و هاوڕێی کەمتەر خەمی ئێمە کارێک دەکا تا دەزگاکەمان بە عەمەلی لە خزمەتی ئامانج و سیاسەت و مەبەستی بۆرجوازیدا حەرەکە بکا. لە جیاتی پاراستنی نهێنییەکانی حزب و ڕێکخستن کە سیاسەتی پرۆلیتاریایە، دزەکردنی نهێنییەکان کە سیاسەتی بۆرجوازییە جێی دەگرێتەوە.

بۆرجوازی لە بەیانی تا ئێوارە بە هەزار تێچووی گران بەها تێدەکۆشێ تا بڵاوکراوەکانی ئێمە نەگا بە دەستی زەحمەتکێشان. ئیمکاناتی چاپخانەی ئاشکرا لە ئێمە زەوت دەکا، بۆ ئەوەی بڵاوکراوەکانی ئێمە بە کواڵیتایتی خراپ و بە درەنگ بگا بە دەستی کرێکاران. ئەو دەیەوێ کواڵیتایت، چوارچێوە و خێرایی پەخشی بڵاوکراوەکانی ئێمە بە توندی کەم بکاتەوە. ئەمە سیاسەتی بۆرجوازییە. کەوایە ئەو یەکینە ڕێکخراوەییە و هاوڕێیەک کە بڵاوکراوەکان لە سووچێکی بنکە و بارەگادا فڕێ ئەدا، لە چاپکردنیان، لە پەخش کردنیان، لە شەرح کردنی ووتارەکانی بۆ کرێکاران، لە فراوان کردنی دامێنی پەخش کردنی ئەوان و شتی دیکەدا کەمکاری دەکا، لە ختوخۆڕایی و لە ڕووی ناهۆشیارییەوە (وەکو خزمەت کارێکی بۆرجوازی وایە) ئاسانکاری بۆ کاری بۆرجوازی دەکا. بڵاو نەکردنەوەی بڵاوکراوەکان، کەمکاری لە پاراستنی ئەمنییەت، نهێنییەکان و زانیارییە ڕێکخراوەییەکان و..تد نموونە گەلێکی هونەرین کە بە باشی مەبەستەکەی من دەخاتە ڕوو. بەڵام لایەنە سیاسییەکان بایەخی هێجگار بەرجەستەتریان هەیە:

بۆرجوازی ئێمە دەستگیر و ئیعدام دەکا هەتا گورز بسرەوێنێ لە کاری ڕێکخراوەیی ئێمە. ئێمە لە فەعالییەتی ڕێکخراو و لە خەباتی شان بە شانی هاوسەنگەرانی خۆمان بێبەش بکا. کەوایە یەکینەی ڕێکخستنی ئێمە کە قابلیەتی ئەفراد بە ووردی هەڵناسەنگێنێ و ئەوان لە ڕێکخراو بوون بێبەش دەکا، یەکینەیەک کە گوێ بە ئەفراد نادا و دەسی دەسی دەکا، یەکینەیەک کە خاڵە لاوازەکانی هاوڕێیانی ڕێکخستن وەڵام ناداتەوە تا لە ڕێکخراو بوونێکی کاریگەرتر بەهرەمەند بن ڕێک هەمان کاری بۆرجوازی تەواو دەکا. ئامانج و مەرام جیایە، بەڵام ئەنجامی عەمەلی بەرەو پێش چوونی سیاسەتی بۆرجوازییە. بۆرجوا پۆلیس و مەزهەب و دەیان داودەزگای دیکەی هەیە بۆ تەفرەقە نانەوە لە ناو کرێکارانا. پارە تەرخان دەکا بۆ ئەم شتانە، لە سوودی سەرمایەکەی مایە دادەنێ. بەڵام ئێمە نەک هەر ڕێکخستنی جەماوەری چینەکەی خۆمان، بگرە ڕێکخستنی هەڵسووڕاوانی هەمیشەیی خۆشمان بە “ویژدانی مورتاحەوە” پشت گوێ دەخەین، دەیسپێرین بەم مانگە و بە مانگی دواتر!

بۆرجوازی پرەنسیپ و ئاییننامەی کاری کۆمۆنیستی بە لاڕێدا دەبا، وە بە شێوازی جیاجیا ڕێگر دەبێ تا شێوە تەبلیغی کۆمۆنیستی، تەرویج و ڕێکخراو کردنی کۆمۆنیستی، پەیڕەو کردنی دەسەڵاتدارییەتی کۆمۆنیستی، پەیوەندییەکانی دەروون ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستی، ڕابەرایەتیی کۆمۆنیستی، دابمەزرێ و هێزی چینی کرێکار ڕزگار بکا و بیخاتە هەڵسووڕان. هەر کەسێ کە لە پەیڕەو کردنی ئەم شێوەکارانە، لە پابەند بوون بە پرەنسیپ گەلێکەوە کە خۆی ئەوانەی بە پرەنسپی ڕاست و درووست ڕاگەیاندووە، لە بەرپرسیارییەتی ڕادەکا، لە کرداردا کارئاسانی بۆ کاری بۆرجوازی دەکا.

 

ئەو نموونانەی هێنایانمەوە هەرگیز شموولی نین. بەڵام باسن بۆ ئەمەی کە تێبگەین ئەم مەسەلەیە شۆخی نییە. دووری و کەلێنی بەینی قسە و کرداری ئێمە دەبێ لەناو بچێ، دەبێ قسەی چینایەتی ئێمە لە هەر زەمینەیەکا جێبەجێ بکرێ. دەبێ لە دژی هەر ئاستەنگێک کە هۆکار دەبێ لە جیاتی کرداری ئێمە، کرداری چینەکانی دیکە جێنشین ببێ، خەبات بکەین. ئەم خەباتە بە ئەندازەی خەبات بەرامبەر بە دوژمنی ئاشکرا و ڕووبەڕوو موهیم و حەیاتییە. ئەم خەباتە تەنانەت لێبڕاوی و فیداکاریی زیاترمان لێ دەخوازێ. چونکە لەم مەیدانەدا ئێمە بۆ ڕزگار بوون لە کۆت و بەندێکی نەبینراو خەبات دەکەین کە ئێمەی کردووەتە دیلی خۆی و دواکەوتوویی و ڕاوحکردنی بەسەرمانا سەپاندووە.

کام فاکتەرانە پراتیکی دواکەوتووانە و ناکۆمۆنیستی بەسەر ئێمەیا دەسەپێنێ؟

فاکتەری یەکەم هێزی عادەتە. ئێمە لە چنگی هێزی عادەت ڕزگارمان نەبووە. ئێمە قسە لە جیهانی نوێ دەکەین، بەڵام لە کاری ڕێکخراوەییدا، ئەو شێوە کارانەی کە بە بڕوای ئێمە لەگەڵ “عەقڵا دێنەوە”، شێوە کارێک کە لە کاری ڕۆژانەیا “بەکەڵک دێ” شێوە کارێکە بە وێنەی عادەت و بەبێ ڕەخنە لە کۆمەڵگەی بۆرجواییەوە بە میرات بردوومانە. ئێمە لە کاری ڕێکخستنا، لە شێوە کارە عەمەلییەکانی فەعالییەتدا لە بڕیار وەرگرتن تا ئامادەسازی هێزەکانی ڕێکخراوەییمان، لە ئەخلاقیاتی فەردی ڕێکخراوەیی تا بگا بە ڕەسم و عادەت پەیڕەوی لە ئەخلاقیاتی مەوجودی کۆمەڵ دەکەین. ئێمە لە کردەوەدا پشت بە نەریت گەلێ دەبەستین کە هیچ نیشانەیەکی لە کۆمەڵی نوێی سبەینێ و کاراکتەری هۆشیاری پرۆلیتاری تیا نییە. نەریت گەلێ کە پەیوەستن بەو چینە کۆمەڵایەتیانەوە کە مردوون و لە مێژە ناڕەوان. ئێمە بە پشت بەستن بەم نەریتانە کارەکانمان “دەبەین بە ڕێوە”. ئەم هێزی عادەتە دواکەوتووانەیە، کە هەر ڕۆژە چەندین جار لە فەعالییەتی هەموومانا خۆی دەردەخا، فاکتەرێکە کە دەبێتە ئاستەنگی عەمەلی بوونەوەی بەرنامە و سیاسەتەکانی ئێمە. ئێمە لە زەمینەی کاری ڕێکخراوەییدا لە زۆر ڕووەوە لە ڕێکخراوە ووردە بۆرجوازییە دواکەوتووەکان، چەشنی مجاهیدین و..تد، دەچین. ئێمە کەمتر دەگەڕێین بە دوای ڕێگە و شێوەگەلی نوێدا، کەمتر دەگەڕێین بە دوای سوود وەرگرتنی چالاک و داهێنەرانە لە ئیمکانات، لە دەرکی شێوازەکانی ڕێکخستنی شۆڕشگێڕانە لە مەیدانە جیاوازەکانی کاری هونەری تا کاری پەیوەند گرتن و سیاسی و..تد. هەمان ئەو ئەمر و مەسەلانەی کە بۆ بۆرجوازییەک نامومکن خۆی دەردەخا دێنە بەر چاو، بۆ ئێمەش هەم نامومکن دەردەکەون. کەمتر بوێری ئەنجامدانی هەنگاوی ئەساسیی، کاری ڕیشەیی و “مەزن” لە خۆمان نیشان ئەدەین. ئێمە پەیڕەوی لە سوننەتە باوەکان دەکەین. لە کاتێکا کە بەرنامەی شۆڕشگێڕانەی ئێمە دەبێ بە شێوازە شۆڕشگێڕانە و پێشڕەوەکان عەمەلی ببێتەوە. ئەو شێواز گەلەی کە لەگەڵ لۆجیک و دیدگای شۆڕشگێڕانە و پێشەنگی ئێمەیا بگونجێ عەمەلی ترین شێوازە بۆ جێبەجێ کردنی ئامانجەکانمان.

 

فاکتەری دووهەم، فاکتەرێکی سیاسییە کە دەبێ بە باشی بیناسین. ئەم فاکتەرە هەبوونی شۆڕشگێڕییەتی ناپرۆلیتارییە لە کۆمەڵگەیا وە نفوزی هەمیشەیی ئەوە لە ناو ڕیزەکانی ئێمەیا.

 

بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە هیچ جێیەکی جیهانا لەگەڵ بزووتنەوەیەکی کرێکاریی پوخت و پاک و خالیس و سەر تا پا پرۆلیتاریدا بەرەوڕوو نییە. بزووتنەوەی چینایەتی بە بەردەوامی لە جەرگەی کۆمەڵگەیەکا دێتە بوون وە هەر بزووتنەوەیەکی پرۆلیتاری لە کۆمەڵدا لەگەڵ خۆیدا چینگەلی دیکە دەهێنێتە مەیدان. چینەکانی دیکە لەگەڵ خۆیانا “شۆڕشگێڕیەتی” خۆی، ڕەوشتی (عادەت) خۆی، مەیل و ئارەزووی خۆیان دەهێنن و تەبلیغ و تەقدیسیان دەکەن. ئەم شۆڕشگێریەتییە ناپرۆلیتارییە لە هاوشانی شۆڕشگێڕیەتی پرۆلیتاریدا جێ خۆش دەکا بەردەوام مەقولات، مەفاهیم و بەهاکانی خۆی دەڕژێنێتە دەروونی چینی کرێکارەوە. بەها پرۆلیتارییەکان لەگەڵ بەها ووردە بۆرجوازییەکانا هەندێ جار تێکەڵ و ئالوودە دەبن. سنووری فیداکاری لە ڕێگای شۆڕشی پرۆلیتاریدا بە هۆی شەهید تەڵەبیی ووردە بۆرجوازییەوە کەمڕەنگ دەبێتەوە. دیموکراتیزمی لێبڕاوانەی چینی کرێکار لەگەڵ قسەڵۆکی دیموکراتیانەی چینەکانی مدافعی مڵکداریەتی تایبەتی و چەوسانەوەی بۆرجوایی لە تەنیشت یەکترەوە جێدەگرن و هەندێ جاریش بە هەڵە بە یەکتر دادەنرێن. واقعییەت بە بەردەوامی سێبەری ئەفکار و نەریتە سەرچاوە گرتووەکان لە “شۆڕشگێڕیەتی” توێژە ناپرۆلیتارەکانەوە، کە بەرژەوەندییان لە پاراستنی مڵکداریەتی تایبەتی هەیە، بەسەر ڕیزەکانی ئێمەوە بەرینتر دەکاتەوە. هێرشی هەمەلایەنە و ڕیشە هەڵکێش بە دژی ئەم نەریت و مەفاهیم و بەها ناپرۆلیتاریانە بێگومان کارێکی سادە نییە، چونکە ئەمانە هەر چۆن بێ لە لایەن جەماوەری فراوانی خەڵکەوە دەبنە جێی ڕێز لێ گرتن. لە هەلومەرجێکی بەم جۆرەدا حزبی پرۆلیتاری ئەمەیە کە سنووری خۆی لەگەڵ ئەم شۆڕشگێڕیەتیە ناپرۆلیتارییە، لەگەڵ ئەم ئەفکارە، ئەم بەها و مەقولاتە بە ڕووکەش شۆڕشگێڕانەیەدا بە ڕوونی دەسنیشان بکا. حزبی کۆمۆنیست لە بزووتنەوەیەکی دیموکراتیانەدا بە بەردەوامی لە ژێر خەتەری ئالوودە بوون بەم ئەفکارەدایە. ئەگەر شۆڕش تەنیا سنووردار بووایە بە ڕیزی کرێکارانی سۆشیالیستەوە، ئەگەر هەموو خەڵکی زەحمەتکێش لە کوچە و شەقام هاواریان بکردایە “مردن بۆ مڵکداریەتی تایبەتی” ئەوکاتە پاراستنی سەربەخۆیی پرۆلیتاریا هونەرێکی تیا نەبوو. بەڵام ڕەوشێکی بەم چەشنە لە کۆمەڵگەیەکی واقعیدا خەیاڵە. شۆڕش جەماوەری فراوانی خەڵک دەهێنێتە مەیدان و لەگەڵیشیانا دەرگا بۆ بڵاو بوونەوەی ئایدیا و مەیلە ووردە بۆرجوازییەکان واڵا دەکا. تەواوی بایەخی ئەزموون و وانەکانی لینین، تەواوی جەوهەری شۆڕشی – چینایەتی حزبی لینینی، ئەمەیە کە ئێمە پابەند دەکا بە پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و چینایەتی پرۆلیتاریاوە. حزب دەبێ لە ناو جەرگەی ئەم دەریای خۆشباوەڕی و تەمایلاتە ناپرۆلیتارییەوە ئامانجە سەربەخۆکانی خۆی بە شێوازی سەربەخۆی خۆی بباتە پێشەوە و لە هەمان کاتدا بزووتنەوە دیموکراتک و هەمەگیرەکانیش بە سەرکەوتن بگەیەنێ. حزب دەبێ ئەم بزووتنەوانە بەرێتە پێشەوە بەبێ ئەوەی کە ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ ئامانجەکانی جێ مەبەستی خۆی لێ تێک بچێ، بەبێ ئەوەی خۆی بە چوارچێوەی سنوورداری ئەم بزووتنەوانەوە ببەستێتەوە. ئەزموونی بزووتنەوەی چەپی ئێران لە ساڵەکانی یەکەمی شۆڕشی ٧٩دا شایەدی ئەم پشت کردنەیە لەم وانە بنەڕەتیانەی مارکس و لینین. هەمووان لە پێناو ڕووخانی شادا دەستیان دایە خەبات، “کۆمۆنیستەکان”یش بەبێ ئەوەی کە ووشەیەک دەربارەی هەڵوەشانەوەی خاوەنداریەتی تایبەتی بە زمانیانا بهێنن تەنیا هەمان درووشمە هەمەگیر و عموم خەڵکییەکانیان دووپات دەکردەوە. ڕێکخراوە پۆپۆلیستییەکان خاوەنی دەرکی ڕۆشن نەبوون بۆ ئامانجە کۆتاییەکانی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکاران. لە بەرامبەردا ئەوان لانی زۆر هەوڵیان ئەدا لە هەر قۆناغێکا بزووتنەوەی عموم خەڵکی کار و کردەوەی لێبڕاوترین عونسوری هەمان قۆناغ بێ، وە بە بەردەوامی بە هەڵە ئامانجە چینایەتییەکانی پرۆلیاتاریا بەم ئامانجە کاتیانە تێگەیشتن و گۆڕیانەوە بەمانە.

 

بەڵام ئەم مەوزوعە چ پەیوەندییەکی بە باسی ئەمڕۆی ئێمەوە هەیە؟ ڕاستییەکە ئەمەیە کە ئێمەش هەم تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجە سۆشیالیستییەکان، ئەو ئامانجانەی دەسکردی ئینسان خۆیەتی، ئامانجی قەشەنگ و شۆڕشگێرانەی خۆمان ئەرشیف دەکەین و لە کردەوەدا، لەو جێیەی کە دەست دەبەین بۆ ڕێکخستنی هەموو ڕۆژەی کاری شۆڕشگێڕانە، سنووردار دەبینەوە بە بزووتنەوەی بالفعلەوە پەیڕەوی لێ دەکەین. ئێمە دەڵێین کۆمۆنیستین، دەمانەوێ کۆمۆنیستانە خەبات بکەین و کۆمۆنیستانە بمرین، بەڵام کاتێ باش سەرنج ئەدەین دەبینین پێنج ساڵە کە ٩٠٪ ئینێرجی ئێمە بۆ مەسەلەی بزووتنەوەی عموم خەڵکی و دیموکراتیک و کێشە و گرفتەکانی ئەو بەهەدەر دەچێ. لە کۆنگرەکان و کۆبوونەوە فەرمییەکانی حزبدا بە سروودی ئەنتەرناسیۆناڵ و سوێن خواردن بە کۆمۆنیزم کارەکانی خۆمان کۆتایی دەهێنین، بەڵام هەر کە پێمان خستە مەیدانی عەمەلییەوە، هاوسەنگی هێز لە ناو بزووتنەوەی دیموکراتیک، ئەم یان ئەو مەسەلەی مەحدود و بڕگەیی، چۆنییەتی هەڵس و کەوتی ئەم یان ئەو ڕێکخراو لەگەڵ ئێمە، فڵانە پرسی کارگێڕی و..تد تەواوی سەرقاڵیمان بە کارەکانەوە داگیر دەکا. بە کردەوە ئەمە ئێمە نین کە بزووتنەوەکەمان دەبەینە پێشەوە، ئەم بزووتنەوەی دیکەیە ئێمە لەگەڵ خۆی دەبات. کۆمۆنیستێک بۆ بزووتنەوەکەی پلان دادەڕێژێ و بەرەو لای ئامانجەکانی خۆی هیدایەتی دەکا. ئێمە دەمانەوێ چینی کرێکار ڕاپەڕێ، هەر لە سەردەمی تەمەنی من و ئێوەدا ڕاپەڕێ، لەسەر ئەم بنەمایە کاری هەمیشەیی ئێمە، کاری بە بەرنامەی ئێمە بە پێی قاعیدە دەبێ بەم ئاراستەیەدا بێ، بەڵام ئەو شتەی کە تەواوی ئینێرجی هاوڕێیانی ئێمە قووت ئەدا، بێنە و بەردەی کار و باری هەنووکەیی بزووتنەوەیەکی دیاری کراوە. بە جیا لەمەی کە ئەم بزووتنەوە بزووتنەوەی قەومی دیموکراتیکی خەڵکی کورد بێ یان بزووتنەوەی دیموکراتیک لە سەرانسەری ئێرانا بێ بە دژی دیکتاتۆری و ئیمپریالیزم. ئێمە دەبێ ئامانجە شۆڕشگێڕانەکانی خۆمان لە کردەوەدا نەهێنینە خوارەوە، وە ئینێرجی خۆمان بە شێوەیەک ڕێک بخەین و بەکار بهێنین کە لە هەمان کاتی ڕابەرایەتی بزووتنەوەی دیموکراتیک و شۆڕشگێڕانەیا، ئامانجە شۆڕشگێڕانە – چینایەتییەکانی خۆشمان هەروا بەجێ بگەیەنین. ئەگەر ئێوە کات، ئینێرجی و ئیمکاناتێکی ڕێکخراوەیی کە تا ئێستا سەرفمان کردووە لەبەر چاو بگرن، بە ئاسانی تێدەگەن کە بێنە و بەردەی کار و باری هەنووکەیی، وە بەرهەڵستکاری لەگەڵ کێشە و موعزەڵاتی ڕۆژانەی بزووتنەوەی بالفعلی عموم خەڵکی ٩٠٪ ئەوی بۆ خۆی تەرخان کردووە. لە کاتێکا کە مارکسیستەکان ڕێک بۆ بردنە پێشەوەی هەمان ئەم بزووتنەوانە هەروەها پشت بە کاری سەربەخۆی خۆیان دەبەستن لە دەروونی چینەکەی خۆیانا. چونکە ئەم کارە گەرەنتی هەر پێشڕەوییەکە لە دژی بۆرجوازی. بەم پێیە لەبەر ئەم هۆکارەیە قسەی سۆشیالیستانەی ئێمە تا ئاستێکی زۆر لەسەر وەرەقە دەمێنێتەوە کە پراتیکی ئێمە بەرتەسک یاخود بە گشتی سنووردارە بە مەیدانە جیاوازەکانی بزووتنەوەی قۆناغی ئێستاییەوە. ئاشکرایە کاتێ لە کرداردا ئێمە دابەزینە ئاستی “دیموکراتە لێبڕاوەکان”، ئامانجی کۆمۆنیستی و بەلشەفیانەی ئێمەش دیسان لەسەر وەرەقە دەمێنێتەوە.

 

فاکتەری سێهەم، گیانی شۆڕشگێڕانەیە بەبێ هەڵپە و هەڵەشەیی، گیانێک کە لە پایەگەلی ماددی موشەخەس بەهرەمەندە.

*****

*بە پێی یاداشتێک کە (اذر ماجدی) لە لایەن (بنیاد منصور حکمت)ـەوە بۆ سەر چاپ و دووبارە کۆپی کردنی دەقی دەسنووسێک کە سکانیش کراوە، نووسراوە:

 

“دەقی دەسنووس تایتڵی نییە. ئەم دەقە لەبەر دەسنووسی مەنسور حکمەتدا چاپ کراوە، کە لە ئەرشیڤی تایبەتی ئەودا هەیە. مەنسور حکمەت لە کۆتاییەکانی پاییز یان سەرەتاکانی زستانی ساڵی ١٩٨٤ لە بارەگای حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە “شینکاوا”ی کوردستان بۆ ئەندامان و هەڵسووڕاوانی حزب ووتارێکی دا بە ناوی “کەلێنی بەینی قسە و کردار” کە باس و نیقاشێکی زۆری گرتەبەر و زۆریش بووەتە جێی ئیهتیمام. لە کۆنفڕانسی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ئەنجومەنی مارکس لە ساڵی ٢٠٠٠دا مەنسور حکمەت جارێکی تریش ئاماژە دەکاتەوە بەم مەسەلەیە. دەقی ئەم ووتاردانە هیچکات بڵاو نەکرایەوە، کاسێتی دەنگیی ئەویش دیسان لە ئەرشیفی مەنسور حکمەتدا نییە.”

تایتڵێک کە مەنسور حکمەت لە ئاماژە کردن بەم ووتاردانە هەڵی بژاردووە بۆی، لە ئەسڵی دەسنووسەکە و دوای ناساندنی باسەکە و پاش چەند پەرەگرافێک، هاتووە. ئێمە هاوڕێ لەگەڵ بڵاو کردنەوەی دەقی ئەم ووتاردانەیا چەند لاپەڕەیەک لە ئەسڵی دەسنووسەکەشمان کردووەتە پاشکۆ.

شوباتی ٢٠٠٩، ناوەندی دیفاع لە کۆمۆنیزم

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: حەمە غەفور

١٦ جێنوەری ٢٠١٩ – ئەمستردام

About hkkk

Check Also

هەر عارف نیە مارفیشە! …

موحسین کەریم عارف قوربانی، یەکێك لە نوسەران و ڕۆشنبیرانی کوردایەتی، لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی (K24) …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *