Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کەمپینی نەخێر لە کام ڕیزدایە

کەمپینی نەخێر لە کام ڕیزدایە

حەمە غەفور:

لە کاتێکدا سەد ساڵ زیاترە کوردستان بە گوێرەی بەرژەوەندی و سیاسەتی دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان بە زۆر لکێنراوە بە عێراقەوە. وە ئەم بەزۆر لکاندنە و سیاسەتی شۆڤێنیستی و سەرکوتگەرانەی دەوڵەتە مەرکەزییەکانیش زەمینە و هەل و مەرجێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بۆ ڕکابەری و کێبەرکێی قەومیی نێوان کورد و عەرەبی فەراهەم کرد، کە لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابردودا دەوڵەتە عەرەبییەکانی عێراق و هێزە ناسیونالیستە کوردییەکانی خستۆتە بەرانبەر یەکتر و کێشە و لەشکرکێشی و شەڕ و پێکدادانی دەیان ساڵەی نێوانیانی بەشوێن خۆیدا هێناوە. کێشمەکێشێک کە جگە لە ناهەمواری و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و ئەنفال و کیمیاباران، ژیانی هەرە ئاسایی و سەرەتایی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانیشی ئێجگار ئاستەم و نالەبار کردوە. ئەم شەڕو پێکدادانە و ئەم دوژمنایەتییە قەومییە هیچ بوارێکی بۆ هاوژینی کوردستان لەگەڵ عێراق نەک فەراهەم نەکردوە، بگرە ئاستەنگی زیاتر و گرفتاری و دڕدۆنگی زیاتری لێ کەوتۆتەوە.

کەمپینی نەخێر لە ئێستادا لە کاتێکدا دوای سەدەیەکی ڕەبەق لە شەڕ و پێکدادان و دوژمنایەتی قەومی و سەرکوت و ڕاونانی خەڵکی کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی ناوەندەوە، لە کاتێکدا دوایین بزمار لە تابوتی فیدڕاڵیزمی قەومی و تائیفی دراوە و هیچ بوارێک بۆ پێکەوە ژیان نەماوەتەوە لەگەڵ عێراق، وە لە کاتێکدا دوای ئەوەی پارتی و یەکێتی بەرژەوەندییان لەوەدایە ڕیفراندۆم سازبدرێ و خەڵک بڕیاربدا لە چارەنوسی خۆی لەم ڕیفراندۆمەدا، تەنیا دەرفەتێک ڕەخساوە بۆ خەڵکی کوردستان لە ڕیفراندۆمێکی گشتیدا بۆ یەک جار پرسیاریان لێ بکرێ، کە ئایا دەیانەوێ لە چوارچێوەی ئەم دۆزەخەی ناوی عێراقە بمێننەوە یاخود دەیانەوێ جیاببنەوە و سەربەخۆ ببن و دەوڵەتی خۆیان دامەزرێنن، هاتۆتە مەیدان و بانگەشە دەکات کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە! هیچ شتێک لەوە ڕونتر نییە کە سیاسەتی ئەم کەمپینە خزمەت بە دوژمنانی خەڵکی کوردستان دەکات.

ئەو بەڕێزانەی ئەم کەمپینەیان ڕیکخستوە ناتوانن بۆ هاوڵاتیانی ڕونکەنەوە کە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا کوێی باشە و چ خێر و بێرێکی تێدایە بۆیان. ئەو بەڕێزانە لە جیاتی بەشداری بکەن لە دیالۆگێکی کوردستانی و سیاسی بۆ ڕونکردنەوەی ئاستەنگەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لە جیاتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی کەش و هەوایەکی ئازاد و شەفاف و سەردەمیانە تا هاوڵاتیان ئازادانە و هوشیارانە خۆیان بێن و لە نێوان بەڵێ و نەخێردا یەکێک هەڵبژێرن، خۆیان لە مەوقعێکی جێ گومانەوە دەستیانداوەتە کەمپینێکی ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ نانەوە لەنێو هاوڵاتیاندا. ئەوان لە جیاتی هەر هاوکارییەک بە هاوڵاتیان، خەریکن یەکلایەنە و بەگوێرەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، ڕیکلام و بانگەشە بۆ مەترسییەکانی دوای ڕیفراندۆم دەکەن! ئەوان بە کەمپینەکەیان کۆسپ و تەگەرە بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم دروستدەکەن، بەمەی پێش ڕوداوەکان دەکەون و بە هەناسەی شۆڤێنییەکانی بەغدا و تاران و ئەنکەرە هەوڵی نانەوەی دڵەڕاوکێ و ترس و تۆقاندن ئەدەن لەناو هاوڵاتیاندا سا بەڵکو ساردیان بکەنەوە لە بەشداری جددییان بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم بە وەڵامی بەڵێ و هەوڵدان بۆ دەرچون لە عێراقێک کە بۆتە کورەی شەڕی تائیفی و ئەمانیش دەیانەوەی شەڕی قەومیش هەروا بەردەوام بێت تیایدا.

کەمپینی نەخێر لە ئێستادا جەوهەری ئەجێندای سیاسییەکەی دژی خەڵکی کوردستان ڕاوەستاوە و هیچ بانگەشە و پاساوێک یاخود ڕشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆ مەترسی سەر ژیانی هاوڵاتیان ناتوانێ بیانکاتە دڵسۆز و خەمخۆری خەڵکی وکوردستان. چونکە سەرجاوەی هەمو ئەو مەترسیانەی ئەوان خۆیان کردۆتە خەمخۆری بەرپێگرتنیان، ئەم کێشەی هاوژینییەیە لەگەڵ عێراق. لەم سەد ساڵەدا هەمو هەوڵەکان لە هەمو تەرەفەکانەوە بۆ کردنی کوردستان بە بەشێک لە عێراق شکستی هێناوە و تەواو بوە. ئەوان بە بانگەشەکانیان دەری دەخەن کە لە ڕیزی بەرەی شۆڤێنییەکانی عێراق و دەوڵەتەکانی ئێران و تورکیادا ڕاوەستاون. خەڵکی کوردستان زۆر لەوە هوشیارترن ئەم کەمپینە بتوانێ لە خەبات و تێکۆشان بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سکیۆلار لە کوردستان پەشیمانیان کاتەوە. هاوڵاتیانی کوردستان هێندە ئەزمونیان هەیە ڕاشکاوانە بەرگری لە مافی جیابونەوەی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان بکەن لە عێراق. دەزانن مەترسی و ئاستەنگ هەیە و دەبێ، بەڵام دەشزانن ڕیفراندۆم وەڵامێ کێشەیەکی گەورەی ئەم کۆمەڵگایە دەداتەوە، کێشەی هاوژینی کوردستان لەگەڵ عێراق کە بنبەست بوە.

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *