Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 گرفتەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، لە پێکهێنانی حکومەتدا، دوورو نزیک پەیوەندی بە خواست و ویستی سیاسی و مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە…

گرفتەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، لە پێکهێنانی حکومەتدا، دوورو نزیک پەیوەندی بە خواست و ویستی سیاسی و مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە…

عەبدوڵا مەحمود…

زیاتر لە سێ مانگ و نیوە، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هاتووە، کۆبونەوەکان بە نهێنی و بە ئاشکرا دەستیان پێکردووە، بەڵام هەموو هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، ناکام ماوەتەوە. کۆبونەوەی لایەنەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی، هیچ بەرەو پێش چوونیکیان بەخۆوە نەدیووە و هیشتاش گرفتەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، زۆر زیاتر لەوەن کە بتوانرێت بەئاسانی تێ بپەڕێنرێن. دیارە گرفت و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکیتی لە پرسی پێکهێنانی حکومەتدا، لەگەڵ ئەوەدا، ئاکامە زیانبارەکانی، کاریگەری لەسەر خەڵکی کوردستان دادەنێت، بەڵام دوورو نزیک پەیوەندی بە خواست و ویستی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە.

پارتی کە خۆی بەبراوەی یەکەم دەزانێت، بە غرورێکی زۆرەوە و پێش وەختە، لە هەڵمەتێکی هێرش بەرانەی حکومەت سازیی و کۆنترۆڵی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمدا، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ کوڕانی دەسترۆشتووی بنەماڵە، یەکلایی کردۆتەوە و بە پاکیجی دەسەڵاتی زوربەو ڕەهاوە، چۆتە ناو گفتوگۆکانەوە. ئەم تموحانەی پارتی، کە لەدنیای واقعی حکومداریدا، جێگایەک و پێگەیەکی کاریگەر بۆ بەشداری لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی، ناهێڵیتەوە. یەکێتی بە جەستەیەکی بریندار و شەقار شەقارەوە، لەلایەکەوە ناتوانێت قبوڵی ئەو دەسەڵاتە رەهایانەی پارتی لەکابینەی نۆهەمدا بکات، و لەلایەکی تریشەوە برستی بەرەنگارییەکی بەهێزی بەرووی پارتیدا نییە، ئەوەش هێندەی تر بۆتە هۆی ئەوەی تەلاری ناوخۆیی یەکێتی بەیەکدا بدات و ململانێی باڵەکان لەناوخۆیی یەکێتی قوڵتر بکاتەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان، وەکو لایەنێکی تر کە کێرفی جەماوەری و پێگەی سیاسی و بەرەو داکشانێکی نیوە مردوو هاتووە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی هەیەتی و ئەو پاکیجە پاکەتیانەی شانسی ڕێ برینیان نەبوو، خۆی بۆ بەشداری لەکابینەی نۆهەمدا ئامادەکردووە و مایەی زۆریشی لەسەر ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی هەڵچنیوەو دەیەوێت بەکەڵک وەرگرتن لە ململانێی نیوانیان، بەکورسی دەسەڵاتی حکومیدا هەڵزنێت و لەپارتی نزیک بێتەوە. بەتایبەتیش کە دەزانێت یەکێتی هەموو هەوڵیک دەدات بۆئەوەی بزوتنەوەی گۆران بێبەش لە پۆست و بەشداری لە حکومەتدا بکات..

گۆڕان… کەهیچی بۆ گۆڕان لە کۆمەڵگەو دەسەڵات و سیستەمی سیاسیدا لە هەگبەدا نییە و تەنانەت پاکیجەکانی پێشووی بەکردەوە لەسەر رەفەکان ئارشیف ریزکردووە، بەریەککەوتنی لەگەڵ یەکێتی لە زۆنی پاوانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا، هێندەی تر ناچاری کردووە نەرمی زۆرتر بۆ پارتی بنوێنێت و لەو رێگایەوە کەناڵ و رێگاکانی بەرەو رووبوونەوەی  بەئاراستەی وەستانەوە بە هەژمونی یەکێتیدا، بگرێتە بەر.

پارتی کە هەم ئاشنا بە دۆخی یەکێتی و ململانێی ناوخۆیەکانیەتی و هەم ئاگاداریی ململانێی نێوان گۆران و یەکێتی و هاوکات داکشانی پێگەی بزوتنەوەی گۆڕانی لەبەرچاوە، دەیەوێت کەڵک لە دۆخی نەخوازراوی هەردوولایان وەربگرێت. لەلایەکەوە هەوڵی قوڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی دەدات و لەلایەکی تریشەوە لایەکیان لە بەرامبەر لایەکی تریان، بەکار دەهێنێت، بۆ سەرکەوتن بەسەر ئاریشەکانی بەردەم پیکهینانی حکومەتی دڵخوازی خۆیدا، کەدەسەڵاتی بێ چەندو چوونی خاوەن بریار بۆخۆی بەفەرمی بکات.

یەکێتی نیگەرانی نزیکایەتی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆرانەو خودی ئەو نزیکایەتیە گرفتێکی یەكیتی و کۆسپێکی بەردەم پیکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتیشە. گرفتێکی تری یەکیتی ئەوەیە لەلایەکەوە بەهۆی کۆمەڵێک پشکی ئابوریی لەگەڵ بەپرسانی پارتی، ناتوانێ زۆر پێێ لێ ڕابکێشیت و ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێکی فەرمی حکومەت و پارتی و بەهۆی ململانێی ناوخۆیشەوە خاوەنی هیچ بریارو و پاکیجێکی یەک دەست نییەو هەر باڵێک لەناو یەکێتیدا هەڵگری تەماحی تایبەت بەخۆیانن. تەماحی میراتگری تاڵەبانی و تەماحی بەشداری لە حکومەت و تەماحی پاراستنی هاوبەشی پشکە ئابورییەکان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی… هەموو ئەوانە یەکێتی خستۆتە هەلومەرجێکی دژواری بێ دەواوە. بە جیا لەوانەش زۆنی سەوز زۆنێکی ئارام و بێ کیشە نییە بۆ دەسەڵاتی یەکێتی، یەکێتی لەگەڵ کۆمەڵە هێزو حزب و رێکخراوەیەکی سیاسی تر بەرەو رووە، کە هەمیشە دەتوانن لە سەر ئاستی شەقامدا، گرفت بۆ یەکیتی و سیاسەت و نەخشەکانی دروست بکەن… بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەریشەوە قەڵەمرەی دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی سنوردارتر و کەمتر بۆتەوە و زۆرتر پێگەکەی لە پارێزگای سلێمانیدایە و لەسەر ئاستی کوردستانیش هاوسەنگی هێزی لەگەڵ پارتیدا گەراوەتەوە بۆ چارەکە پێگە و کەمترش. لە باری بریاری سیاسی و مامەڵە لەگەڵ ناوەند و وڵاتانی ناوچەکە، یەکێتی خاوەن بریاری سیاسی سەربەخۆ، خاوەنی نەخشە، پرۆژەیەکی دیاریکراو نییە، هەموو ئەمانە بەپلەی یەک لەدەستی پارتیدا دان و یەکیتی رۆڵی پاشکۆ دەگیڕێت. ئەوەی یەکیتی تیایدا تاڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیە، وابەستەیەتی بە ئیرانەوە و لە هەوڵی بەردەوامیشدایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و لەو رێگایەدا ئامادەیە هەموو ئیرادەی سیاسی خۆی هەرزان فرۆش بکات و هێرشەکانی بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکان، بەرینتر بکاتەوە پەراوێزی ئازادییەکان، بەرتەسک تر و بەرتەسکتر بکاتەوە.

ئەوەی کە یەکیتی لە پرسی پێکهێنانی حکومەتدا، بەدەستیەوەیەتی، بوونی دەسەڵاتیەتی بەسەر زۆنی سەوزدا، لەڕێگای هێزی چەکدار و ئەمنی و پاوانی داهاتی ئەو جغرافیایەدا. یەکێتی ئەو ڕاستیەش دەزانێت، لە حکومەتدا پۆستی هەبێت یان نا، بەشی هەبێت یان نا، دەسەڵاتی یەکەم و خاوەن بریاری زۆنی سەوز لەدەستی خۆیدایەتی و ئەگەر پارتی هەموو کورسیەکانیش لە هەڵبژاردندا بەدەست بهێنێت، ئەو واقعیەتە ناگۆرێت… پارتی لە پرسی پێکهێنانی حکومەتدا، ناچارە ئەو ڕاستی و ئەو واقعیەتە چەندە تاڵیش بێت، قبوڵ بکات.

ئەوەی لە ناو پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا، هەموو لایەنەکان پێداگری لەسەر دەکەن و بە ئاشکرا بەرووی پارتیدا بەدەستیەوە دەگرن، پێداگرییە لەسەر شەراکەتی ڕاستەقینە، بەشدارییە لە بریاری سیاسی هەرێمدا، لەگەڵ بەرنامەو کارنامەی حکومەت… دیارە ئەوانەش زۆرتر چوارچێوەیەکی گشتی و  فریوکارانەیە. هیچ کام لەو حزبانە مەجیان ئەوە نییە، کە کابینەی نوێ حکومەت، دەبێ ئازادی و ئازادییە سیاسییەکان بەفەرمی بناسێ، موچەی کریکاران و کارمەندان لە کاتی خۆیدا بدرێت و بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستی بەڕێوەچوونی ژیانێکی شایستە، مافە فەردی و مەدەنیەکان رێزلێگیراو بن، خزمەتگوزارییەکان باش بکرێن و کێشەی ئاو کارەباو، تەندروستی و پەروەردە، بەرەو چارەسەر ببرێن و بێکاری نەهێڵن، یاساکانی سەردەمی بەعس و دژی ئینسانیەکان لاببرێن و جێگایان بە یاسایی مۆدێرن و سەردەمی پر بکرێتەوە و هەمووان لەبەرامبەر یاسادا یەکسان بن، دەستی دین و کۆنەپەرستی دینی کۆتا بکرێت، دزو مافیاکانی لوشدانی داهات، روبەرووی یاسا!! بکرێنەوە، سنورێک بۆ دەستێوردانی وڵاتانی ناوچەکە لە کوردستان دابنرێت… لەسەروی هەموو ئەمانەشەوە پرسی ئایندەی سیاسی کوردستان و لایەنی حقوقیەکەی وەڵامی کارساز و گونجاوی پێ بدرێتەوە… نەبوونی وەڵامێکی رۆشن بۆئەو پرسانە، ئەو ڕاستیە دەخاتەوە روو، کە حکومەتی داهاتوو، درێژە پێدەری هەمان ئەو حکومەت و دەسەڵاتە زاڵمانەی ٢٧ ساڵی رابردووە، کە بۆ کەمایەتیەکی کەمی حزب و بنەماڵەو سەرمایەداران بۆتە بەهەشت و ژیانی فیرعەونی و بۆ زوربەی هەرەزۆری خەلکی کرێکارو زەحمەتکیشیش بۆتە مەینەت ئاواو دۆزەخ و سەندنەوەی سەرەتاییترین پێداویستەکانی ژیان و ژیان کردن. خەڵکی کوردستان نابێ هیچ خۆشباوەرییەکان بە حکومەت و کابینەی داهاتووی هەرێم هەبێت. لەجێگای ئەوە درێژەدان بەنارەزایەتیەکانیان، کە بەبەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا گۆشەیەکیان نیشاندا و بە خۆپیشاندانەکانی بەر لە هەڵبژاردنەکان گۆشەیەکی تریان خستە ڕوو.

ڕیگاچارە ریزکردن و زۆر کردنی کابینە حکومیەکان نییە… هەموو جۆرەکانی حکومەت لە کوردستان ئەزموون کراون. باشبوونی ژیانی خەڵکی و چاکسازی و زامن بوونی مافە فەردی و مەدەنییەکان،  و چارەسەری دۆخی هەرێم و خەڵکەکەی لە گرەوی ئەوەدایە، کۆمەڵگەی کوردستان لەژێر ڕکێفی دەسەڵاتی بۆرژوا میلیشیایی ناسیونالیستی دەربهێنرێت و ئاینندەی سیاسی کوردستان، وەڵامی کارساز وەربگرێتەوە. ئەمەش لەگرەوی دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی بنیاتنراو لەسەر بەشداری راستەوخۆ و بەردەوامی خەڵک لە کاروباری حکومڕانیدا مەیسەر دەبێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٣ بەرواری ١٥/١/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *