Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ جەمال محسین سەرنووسەری دیدگای سۆشیالیستی و یەکێک لە هەڵسوراوانی ١٧ شوبات، سەبارەت بە ٩ هەمین ساڵیادی ١٧ شوبات …

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ جەمال محسین سەرنووسەری دیدگای سۆشیالیستی و یەکێک لە هەڵسوراوانی ١٧ شوبات، سەبارەت بە ٩ هەمین ساڵیادی ١٧ شوبات …

بۆپێشەوە: ئەگەر لە ١٧ شوباتدا بەشێک لە خەڵکی کوردستان بە ئیلهام وەرگرتن لە بەهاری عەرەبی ڕاپەرێن و بەدژی دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتیدا هاتنە مەیدان، بۆچی ئێستا بە ئیلهام وەرگرتن لە خۆپیشاندانەکانی عێراق و ئێران و لوبنان و ناوچه‌كه‌ و  چیلی و چه‌ند وڵاتی تر نایەنەوە مەیدان؟ :

جه‌مال موحسین: من به‌ر له‌وه‌ی بێمه‌ سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی بۆچی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ئێستادا نایه‌نه‌وه‌ مه‌یدان، پێم خۆشه‌ كه‌مێك له‌سه‌ر به‌هاری عه‌ره‌بی و ١٧ ی شوبات بدوێم. من لام وایه‌ كه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ كۆمۆنیسته‌كان چاوێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌ به‌و شته‌دا بخشێنینه‌وه‌ كه‌ به‌ ’’به‌هاری عه‌ره‌بی‘‘ ناوئه‌برێ. له‌به‌رامبه‌ر جه‌ور و سته‌می سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ ’’جیهانی عه‌ره‌بی‘‘ دان و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ژاری و برسێتیه‌ك كه‌ كه‌مه‌ری خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی شكاندبوو، ئیتر جه‌ماوه‌ری برسیكراو نه‌یتوانی بێده‌نگ بمێنێته‌وه‌ و هه‌ستان. ده‌سه‌ڵاتیش كه‌ وه‌ڵامی هیچ شتێكی جه‌ماوه‌ری پێ نه‌ئه‌درایه‌وه‌ ده‌سته‌وسان مابۆوه‌. تا ئه‌مه‌ گه‌یشت به‌ ’’شۆڕش‘‘. ئه‌مه‌ ناوێكی خۆشه‌ و هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ر به‌ هه‌ر چینێك بێ ئه‌یه‌وێ خۆی پێ هه‌ڵواسێ. به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌: كام شۆڕش؟ ئایا ئه‌وه‌ی له‌ تونس و میسر، كه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستی پێكرد، شۆڕش بوو؟ چ جۆره‌ شۆڕشێك بوو؟ شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار بوو بۆ ژێره‌وژووركردنی سیستمی كاری به‌ كرێ و نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌؟ نا. خه‌ڵكی هه‌ژار و برسیكراو هه‌ستان و ڕاپه‌ڕین، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاسۆیه‌كی سۆشیالیستی و یه‌كسانیخوازی و ئازادیخوازی نه‌بوو كه‌ توانی سایه‌ بكات و ئه‌و نه‌فره‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ئاڕاسته‌ بكات. له‌ تونس زووتر له‌ ده‌ست ده‌رچوو وه‌ حكومه‌تی زه‌ینه‌لعابدین  بن عه‌لی خۆی پێ نه‌گیرا و ڕووخا، به‌ڵام خۆ ئێستا نه‌ ناوێك له‌ محه‌مه‌د بوعه‌زیز هه‌یه‌ كه‌ جه‌سته‌ی خۆی كرده‌ بڵێسه‌ی ئه‌و ’’شۆڕشه‌‘‘ و نه‌كه‌س ئه‌زانێ چه‌ند سه‌د كیلۆ ئاڵتون و پاره‌ی لۆك لای خێزانی به‌جێماوی دوای بن عه‌لی هه‌یه‌. له‌ میسر كێ توانی ڕابه‌ڕایه‌تی ئه‌و ’’شۆڕشه‌‘‘ بكات؟ سۆشیالیسته‌ شۆڕشگێڕه‌كان؟ كه‌ دواتر نه‌یانئه‌زانی له‌ نێوان حوكمی عورفی سیسی و مورسیدا كه‌ له‌ زیندان توند كرابوو چی و كێ هه‌ڵبژێرن؟! ئیتر له‌وه‌ بگه‌ڕێ كه‌ دواتر له‌ لیبیا و یه‌مه‌ن و سوریا ڕوویدا. خۆ هه‌مان نه‌فره‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش بوونی هه‌بوو، به‌ڵام بۆرژوازی جیهانی و ئیمپریالیزم زۆر له‌وه‌ زیره‌كتر و خاوه‌ن ئه‌زمونتر بوون و بینیمان چییان له‌و به‌ناو به‌هاره‌ كرد و چۆن بوو به‌ وه‌یشوومه‌ی پایزێكی سه‌خت.

ئه‌وه‌نده‌شی به‌ ١٧ ی شوبات ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ من پێم وایه‌ كه‌ كۆپی و په‌یستی ئه‌و ئه‌زمونه‌ بوو. له‌ كوردستانیش نه‌فره‌تی خه‌ڵكی بێبه‌ش ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی وپارتی تا لێواری مه‌رگ ڕاپێچ كردبوو. به‌ڵام له‌و ئان و ساته‌دا گۆڕان و زاتی نه‌وشیروان به‌ به‌یانێكی ئاگراوی كه‌ گوایه‌ ئه‌وان ئه‌ڕوخێنێت فوی كرد به‌ تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكدا. كاتێك خه‌ڵك هاته‌ مه‌یدان  و ده‌سه‌ڵات ته‌قه‌ی له‌ خه‌ڵك كرد و گه‌نجانی ناڕازی كوشت، هه‌ر ئه‌و نه‌وشیروان و گۆڕانه‌ هاتنه‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و پشتیوانی خۆیان بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌ربڕی و سه‌ركۆنه‌ی خه‌ڵكیان كرد و ته‌نانه‌ت به‌ گێره‌شێوێن ناویان بردن. له‌ ڕۆژانی ١٧ ی شوباتیش به‌ دواوه‌ كه‌وتنه‌ كۆنترۆڵ كردنی سه‌رای ئازادی و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی. ئه‌وان ده‌ستیان له‌گه‌ڵ ئیسلامیه‌ كۆنه‌په‌رسته‌كان تێكه‌ڵ كرد و له‌ هه‌وڵدا بوون ژنان و پیاوان له‌ یه‌ك جیا بكه‌نه‌وه‌ و جگه‌ له‌ سه‌پاندنی ئاسۆی ناسیۆنالیستی، ئاین و ئیسلامیش به‌ خه‌ڵكی ناڕازی بقه‌بڵێنن. ویستیان نوێژی جومعه‌ تێكه‌ڵ به‌ تووڕه‌یی خه‌ڵك بكه‌ن و سه‌رای ئازادی بكه‌ن به‌ مزگه‌وتێكی گه‌وره‌. خه‌ڵك له‌ ده‌ست حوكمی كوردایه‌تی بێزار بوو بوو و هاتبووه‌ ده‌نگ، ئه‌وان شتێكیان به‌ ناوی ’’كوردایه‌تی پاك‘‘ه‌وه‌ كرده‌ ئاسۆی زاڵی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان. هه‌ربۆیه‌شه‌ ده‌ستیان له‌گه‌ڵ ئیسلامیه‌ ده‌سته‌خوشكه‌كانیاندا تێكه‌ڵ كردبوو تاكو هێزێكی گه‌وره‌تر له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێتی و پارتیدا بنوێنن و پشكی زیاتریان پێ بده‌ن له‌ ده‌سه‌ڵات و داهات و پاره‌ و پولی دزراوی خه‌ڵك. هه‌روه‌ك بینیشمان چۆن لاشه‌ی قوربانیانی ١٧ ی شوبات و هه‌ر قوربانیه‌كی تری دژی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا كوردایه‌تی بووه‌ پلیكانه‌ بۆ گۆڕان و هێزه‌كانی هاوشێوه‌ی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئیمتیاز و پۆست و ده‌سه‌ڵات و پاره‌ی زیاتر.

به‌هه‌رحاڵ ئێستا گه‌ر بێینه‌ سه‌ر پرسیاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئێوه‌، ئه‌بێ بڵێین ڕاسته‌ خه‌ڵك ئه‌زمونی ١٧ ی شوبات و مانگرتن و بایكۆته‌كان و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی هه‌یه‌، به‌ڵام دیسان چونكه‌ جڵه‌وی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ له‌ ده‌ست خه‌ڵك خۆیدا نه‌بووه‌، به‌ ڕێگای تردا براوه‌. خه‌ڵكی كوردستان به‌ ئه‌ندازه‌ی پێشوو له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ توڕه‌ و بێزارن، به‌ڵام خواستی ڕۆشن و ئاسۆی ڕۆشنی خۆی نییه‌. خه‌ڵك هێشتا له‌ گۆڕه‌پانی كوردایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دایه‌ و له‌ حاڵه‌تی چاوه‌ڕوانیدایه‌ كه‌ ئایا ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌كانی عێراق به‌ سه‌ركه‌وتن ده‌گات یان نا. وه‌ ئایا گه‌ر خه‌ڵك له‌وێ سه‌ربكه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كوردایه‌تی چی لێ دێت؟ ئێستا حاڵه‌ته‌كه‌ به‌جۆرێكه‌ كه‌ خه‌ڵك كامێرای چاودێری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات داناوه‌. به‌ڕاستی به‌ سه‌ركه‌وتن گه‌یشتنی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌كانی عێراق ته‌وژمێكی گه‌وره‌ به‌ نه‌فره‌تی خه‌ڵكی كوردستانیش ئه‌دات. خه‌ڵكی كوردستان گوژمی خواردۆته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی كوردیش له‌رزی بۆ بڕدراوه‌! كاتژمێری سفر له‌ كوردستان له‌گه‌ڵ زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی عێراقدایه‌.

بۆپێشەوە: چۆن دەکرێت ١٧ شوباتێکی سەرکەتوو وەدی بێت؟ ئایا ١٧ شوباتێکی سەرکەتوو لەگرەوی چیدایە؟

جه‌مال موحسین: ئێمه‌ ١٧ ی شوباتێكی سه‌ركه‌وتوومان نییه‌. ئه‌بێ له‌ فیكری شۆڕشێكی سه‌ركه‌وتوودا بین. شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی سۆشیالیستی كه‌ سه‌ر له‌به‌ری ئه‌م سیستمه‌ی كه‌ بۆرژواز كوردایه‌تی پێكیهێناوه‌ له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵبته‌كێنێ. بۆ ئه‌م كاره‌ش پێویستمان به‌ ڕێكخستن و به‌رنامه‌ و ستراتیژ هه‌یه‌، پێویستمان به‌وه‌یه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو تاكتیكه‌كانی چۆنێتی وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ و كه‌نارخستنی بخه‌ینه‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵگا و هاوكاتیش چۆنێتی ده‌سه‌ڵاتگرتنی جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌ش بكه‌ینه‌ به‌رنامه‌ و كرده‌وه‌؛ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ حزبێكی كۆمۆنیستی تۆكمه‌ و پته‌و و ریشه‌دار هه‌یه‌.

بۆپێشەوە: ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیست و حزب و ڕێکخراوەکانیان لە ١٧ شوباتدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

جه‌مال موحسین: من له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ناتوانم هه‌روا به‌ گشتی باسی چه‌پ و ڕێكخراوه‌كانی بكه‌م. له‌م ده‌رفه‌ته‌ كورته‌دا باشتر وایه‌ فۆكه‌س‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر كۆمۆنیسته‌كان و حزبی ئێمه‌ حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان. ئه‌م حزبه‌ (وه‌ كه‌سانێكیش كه‌ وه‌ك تۆ پێیان ئه‌ڵێیت چه‌پ) ئاماده‌یی باش و چالاكمان هه‌بوو هه‌ر له‌ یه‌‌كەمین ڕۆژه‌كانه‌وه‌. هه‌ر بۆ مێژوو و به‌ ئینسافه‌وه‌ ئه‌بێ بووترێ كه‌ ١٦ ی شوبات كۆمۆنیسته‌كان له‌ به‌رده‌م سه‌رادا ناڕه‌زایه‌تی و كۆبوونه‌وه‌مان سازدا. وه‌ ڕۆژانی دواتریش بوونی ئێمه‌ و دروشمه‌كانی ئێمه‌ سیمایه‌كی تری دابوو به‌ سه‌رای ئازادی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نها بوون و دروشم دان و خه‌تدان و هه‌تا قسه‌كردنی ڕۆژانه‌ و ئاماده‌بوون له‌ لیژنه‌ی باڵای ئه‌نجومه‌نی سه‌رادا كافی نه‌بوو. ئێمه‌ نه‌مانتوانی خه‌تی ڕۆشن  و ئاسۆ بده‌ین به‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ی خه‌ڵك. نه‌مانتوانی ڕۆڵی تێكده‌رانه‌ی گۆڕان و باقی به‌ ناو ئۆپۆزسیۆن لاواز بكه‌ین و نه‌یهێڵێین. نه‌مانتوانی ئاسۆی ناسیۆنالیستی له‌ ١٧ ی شوبات بته‌كێنین. ئه‌مه‌ش لاوازیه‌كه‌ ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ١٧ ی شوبات و ڕۆژانی دواتره‌وه‌، ڕیشه‌كه‌ی له‌ پێشتر و له‌ شوێنێكی تره‌وه‌یه‌ كه‌ جێگای ئێره‌ نییه‌.

بۆپێشەوە: دۆخی ئێستا ئەگەر لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ خراپتر نەبێت باشتر نییە، بۆچی خەڵکی کوردستان ئەزموونی ١٧ شوباتێکی تر دیارە بەلەبەرچاو گرتنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی، دوبارە ناکاتەوە؟

جه‌مال موحسین: من له‌ وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا وتم: ئێمه‌ پێویستمان به‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌زمونی ١٧ ی شوباتێكی تر نییه‌! كرۆكی مه‌سه‌له‌كه‌ و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری به‌رینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌بێ شۆڕش بكات، شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی و سۆشیالیستانه‌ی چینی كرێكار. هه‌لومه‌رجی ئه‌مه‌ هێشتا له‌بار نییه‌، یانی كاتی نه‌هاتووه‌ و ئه‌مه‌ش شتێك نییه‌ به‌ ئیراده‌ و نیه‌ت بكرێ. ئه‌ڵێن: ’’مارانگاز له‌ خشه‌ی مێروو ئه‌ترسێ‘‘. خه‌ڵك خۆی ناداته‌وه‌ ده‌ست گۆڕان و ئیسلامیه‌كان و ئێستاش نه‌وه‌ی نوێ. ئه‌بێ هێزێكی تر سه‌ر ده‌ربێنێ، كۆمۆنیزمی ڕێكخراو. كۆمۆنیزمێك كه‌ دڕ بێ بۆ گیانی بۆرژوازی كورد. كاتێك خه‌ڵك ئه‌م هێزه‌ نابینێ هێشتا، ئیتر موجازه‌فه‌ ناكه‌ت و ئه‌زمونێكی تر دووباره‌ ناكاته‌وه‌ كه‌ پێشتر ئه‌نجامی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی بینیه‌وه‌.

بۆپێشەوە: ڕۆڵی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ١٧ شوباتدا، بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان چۆن بوو؟

جه‌مال موحسین: من نازانم بۆچی به‌وانه‌ ئه‌ووترێ ئۆپۆزسیۆن! ئه‌وان و به‌ تایبه‌تیش گۆڕان فریادڕه‌سی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی له‌لایه‌ك و وه‌ستای له‌ خشته‌بردنی جه‌ماوه‌ریش بوون له‌لایه‌كی تره‌وه‌. گۆڕان ده‌سه‌ڵاتی له‌ توڕه‌یی خه‌ڵك ڕزگاركرد و خه‌ڵكیشی له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا فس كرد. به‌ ئه‌ندازه‌ی یه‌كێتی و پارتی تاوانی دژایه‌تیكردنی جه‌ماوه‌ری برسی و هه‌ژاری كوردستان ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی گۆڕان.

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *