Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 گفتوگۆ لەبارەی فیمینیزمەوە!
گفتوگۆ لەبارەی فیمینیزمەوە!

گفتوگۆ لەبارەی فیمینیزمەوە!

بەهار مونزیر:
هەڵسوراوی بزوتنەوەی ژنان / دەرچوی زانستە سیاسیەکان و جێندەر لەوڵاتی نەرویج
لەو گفتوگۆ و جەدەلەی لە کوردستان لەسەر فیمینیزم دروست بووە چەند پرسیارێکم ڕوبەڕووکراوەتەوە لەلایەن ئەوانەی گرنگی بەم بابەتە دەدەن و بەپێویستم زانی بەم وتارە وەڵامی ئەو پرسانە بدەمەوە.

ئایا بزوتنەوەیەک بە ناوی فیمێنیزمی کوردییەوە بوونی هەیە؟ ئەگەر هەبێت فێمینیستانی کورد کێن و بنەما هزریەکانیان چین؟
بەهار مونزر:
 فێمینیزم وەك مەکتەبێکی فیکری لە کوردستان بوونی نیە یان ئەگەر هەشبێت زۆر لاوازە،بەو مانایەی کە کەسانێک هەن خۆیان بە لایەنگری ئەم مەکتەبە فیکریە ئەزانن، هەرچەندە لایەنگری ئەم کەسانە زانراو نیە لە چی رەوتێكی ئەم مەکتەبە فیکریە جێگایان بۆتەوە، ئەوەی کە هەیە لە وڵاتانی خۆرئاوا مەکتەبی فیکری بە هێزی هەیە و دیراسە ئەکرێت و خەتەکانی دیارە، واتە ئەو رەوتە جیاوازانەی کە فێمینیزم هەیەتی، وەك فێمینیزمی ڕادیکال، لیبراڵ ، سۆسیال دیموکرات ، فێمینیزمی کلتوری و هتد ، بەڵام فێمینیزم لە کوردستان چ وەك رەوتی فیکری و چ وەك رەوتی کۆمەڵایەتی و ئاکتیڤیستی هیچ کات لە بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان زاڵ نەبووە، چونکە ئەم بزوتنەوەیە لە کوردستان لە دوای راپەرینی ساڵی 1991 ەوە کە بۆتە دیاردەیەکی هەستپێکراوی کۆمەڵایەتی لە ژێر کاریگەری چەپ و کۆمۆنیستەکاندا بەڕووی نا یەکسانی و چەوسانەوەیەک سەری هەڵدا کە ژنانی کوردستان ڕووبەروویان بۆتەوە.بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان لە سەرەتای خۆیدا چ وەك تایبەتمەندی چالاکیەکان و چ وەك باوەرو چەمکە فیکریەکانی لە خانەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و رزگاری کۆمەڵایەتی لە دەسەڵاتی سەرمایەداری و حزبە ناسیۆنالیزمەکاندا پەیدا بووە و دواتریش بزوتنەوەکانی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی ناچار کرد کە لەسەر مەسەلەی ژنان بێنە مەیدان و بەدوای پەلاماردان و سەرکوتی جوڵانەوەی چەپ و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و پاشەکشەکردن بە بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان، هاوکات بەهۆی ئەو گۆرانکاریە ئابوری و سیاسیەی لە دەورەی ئەمریکاو ڕوخانی ڕژێمی بەعس کە گۆرانکاری گەورەیان بەسەر خەڵکی کوردستان هێنا دەرگا کرایەوە کە فێمینزمیش لە ئەوروپاوە وەردە وردە بۆچونەکانی خۆی بە شێوەیەکی سەرەتا بهێنێتە ناو میدیاکانی کوردستانەوە، ئێستا ئەمە واقیعیەتی فێمینیزمە لە کوردستان.

ئایا بنەماکانی فێمینیزم لە نێوان کۆمەڵگاکان هاوبەشن؟ بۆ نمونە ئەوروپا و کوردستان؟
بەهار مونزر:
فێمینیزم رەوتێکە لەسەدەی حەڤدە لە خۆرئاوا سەری هەڵدا، بە لانکەی پێگەیاندنی فیکری فێمینیزم دادەنرێت، بەڵام ئەگەر جیاوازیە بایۆلۆجیەکان (جیاوازی جنسی) وەك بنەمای هاوبەشی هەموو رەوتە فێمینیستەکان لە بەرچاو بگرین، ئەوا فێمینیزم لە دەرەوەی ئایدیۆلوژیاو تیۆری حاڵەتێکی کۆمەڵایەتیە، چونکە ژنانی کوردستان بە جیا لە بیروباوەریان خۆیان لە بەرامبەر پیاو دەبیننەوە، بە واتایەکی تر ڕقبوونەوەی ژنان لە پیاوان بەرهەمی زاڵبوونی دەسەڵاتی پیاوسالاریە و ژنانی کوردستان لە بەرامبەر یاساکان و نەبوونی ماف و ئازادی، لە ئابووری و سیاسەت و کەلتور خۆیان لە بەرامبەر دەسەڵاتی پیاوان دەبیننەوە، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە باڵادەستبوونی پیاو لە کۆمەڵگا بەرهەمی سیستەمێکی ئابووری و سیاسی و چینایەتیە. تا ئەو جێگەیەشی پرسیارەکە لە پەیوەندی نێوان کوردستان و جیهان دێنێتە کایەوە من پێموایە هەموو کۆمەڵگاکان لە ژێر کاریگەری یەکتردان و یەك رەوتی مێژووی تێدەپەڕێنن بە پێوست فێمینیزمیش وەک رەوتە فیکریەکانی مارکسیزم ، لیبرالیزم، ئیسلامی دەگوێزنەوە بۆ کوردستان، لەم راستیەوەیە کە ئەتوانین بڵێین تیۆرو ئایدۆلۆژیای فێمینیزم لەكوردستانیش هەندێ لە هەڵسوراوانی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، بەڵام بەڕای من فێمینیزم ئەگەر شانسی ئەوەی هەبێ ببێتە ڕەوتێکی فیکریش دیسانەوە ناتوانێ وەک ئەوروپا ببێتە بزوتنەوەیەکی ژنانەی جەماوەری، لەبەرئەوەی هەر بزوتنەوەیەکی ژنانەی جەماوەری و کۆمەڵایەتی ئەگەر بیەوێت سەرهەڵبدات دەبێت لەدژی بنەماکانی ناسیۆنالیزم و ئیسلام خۆی بنوێنێ و خۆی پێناس بکا و زەمینەی ریفۆرمێکی لەو چەشنەی فێمینیستەکان داوای دەکەن لە بەرابەری ماف و ئازادی لەبەرامبەر پیاوان بتوانن لە سایەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد و ئیسلامی سیاسیدا بەدی بێنن. فێمینیستێک کە لەچوارچێوەی ئەم دەسەڵاتەی ناسیۆنالیزمی کوردو ئیسلام بمێنێتەوە ناتوانێ ئەو ڕیفۆرمانە بکات کە لەم چوارچێوەیەش دەرچێ ئەوا بەناچار دەبێ ڕادیکال و شۆڕشگێڕ بێ بەرامبەر بەم دەسەڵاتە و ئەوکات لەچوارچێوەی بزوتنەوەی فێمینیستی دەردەچێت، ئەمە ئەو جیاوازیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەیە کە زەمینەی بزوتنەوەی فێمینیزم لە کوردستان ناڕەخسێنێ و فێمینیزمێک کە خۆی بەناسیۆنال فێمینیزم دابنێ ئەوا لەسەرەتاوە تەسلیم بە بەرنامەی ناسیۆنالیزم و ئیسلام بووە بۆ بێ مافکردنی ژنان و ناتوانێ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە ژیان و مافەکانی ژناندا بەدیبهێنێت، هەرچۆن دەورانی شەڕی جیهانی یەکەم فێمینیستە ناسیۆنالیستەکانی بەریتانیا دەستبەرداری داواکانیان بۆ مافی دەنگدان بۆ ژنان بوون لەپێناو خزمەتکردن بە حکومەتە ناسیۆنالیستەکەیان کە لەشەڕدا بوو.

ئایا شۆڕشی کورد (بە ڕێبەرایەتی پیاوان) چی کاریگەرییەکی لە سەر دروستبونی فێمینیزمی کوردی هەبووە؟
بەهار مونزر:
بە باوەری من لە کوردستان شۆرش بە مەفهومی پێناسە زانستیەکەی روینەداوە، ئەو ڕوداوانەی کە ناوی شۆرشی (ئەیلۆل، گۆلان، شۆرشی نوێ) یان وەرگرتووەو لەرابردوودا بەرپا کراون شۆرش نەبوون، بەڵكو بزوتنەوەیەکی چەکداری نەتەوەیی بوون لە دژی ڕژێمەكانی عێراق، ناشکرێت لە ڕوانگەی زانستیەوە هەر کۆمەڵە کەسێک بچنە شاخ ئیتر بەمە بڵێین شۆرش، بەڵام تا ئەو جێگەیەی بە کاریگەری ئەم بزوتنەوە چەکداریە نەتەوەییە لەسەر فێمینیزم دەگەرێتەوە دەبێت ئەوە بڵێم کە ناسیۆنالیزمی کورد هیچ کات کێشەی ژنان و مەسەلەکانی بەشێک نەبووە لێی، بەڵکو مەسەلەی رزگاری خاک و نیشتمان و نەتەوە هەمیشە دەزگایەکی فیکری بەرهەم هێناوە کە راستەوخۆ لە دژی رزگاری ژنان و مەسەلەکانی بووە. بە دەربرینێکی سادە ناسیۆنالیستەکان تا کاتێك سیستەمی نەتەوایەتی هەبووە ئەو پەیامەیان بە ژنان داوە کە واز لە ماف و مەسەلەکانی خۆیان بهێنن و بزوتنەوەی قەومی و خەباتی چەكداری بە بزوتنەوەی دایك بزانن، لەم چوارچێوەیەدا ناسیۆنالیزم و بزوتنەوەکانی نامۆ بوون بە مەسەلەی ژنان و لەوانەش بیرو باوەری فێمینیستی، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین بەدوای دەسەڵاتگرتنە دەستی حزبە قەومیەکان و ڕێکخستنی بازاری کارو سەرمایە و کۆنترۆڵکردنی کوردستان بە قازانجی چینی سەرمایەدار، بزوتنەوەی ژنان کەوتە بەرامبەر ئەم بزوتنەوە و دەسەڵاتەکەیەوە، کاتێكیش کە ئەم دەسەڵاتەو حزبەکانی هیچ وەڵامێکیان نەبوو بۆ کێشەکانی ژنان بۆ سەرهەڵدانی ڕەوتێك لە بزوتنەوەی ژنان بەناوی ناسیۆنال فێمینیزمەوە تا ناوەرۆکی رادیکال و ئینسانی بزوتنەوەی ژنان لە بار بەرن و بیکەنە ڕەوتێکی دەستەمۆ و ڕیفۆرمخوازی، بۆ ئەمەش ڕیکخراوەکانی ژنانی سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکان هاوکات پێدانی ئیمتیازات بە ژنانێك کە لەئەوروپاوە فێمینیزمیان خوێندووە کردە هۆکارێك تا ئاشتەوایی لە نێوان دەسەڵات و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی پێكبهینن، ئێستا رەوتی ناسیۆنال فێمینیزم لە کارکردی ئەو هەڵسوراوە ژنانە ئەبینینەوە لە ئەنجومەنی خانمان و پەرلەمان و ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت دەبینرێنەوە کە هەموویان لە پشتی قبوڵکردنی یاسای فرە ژنیەوە دەیانەوێت پرۆژە یاسای توندوتیژی خێزانی وەك وەڵامێك بەو هەموو کوشتن و  خۆسوتاندن و نایەکسانییە کە بەسەر ژنانی کوردستانەوەیە بەدەستەوە بگرن.

ئایا فێمینیزم تایبەتمەندی کۆمەڵگای کراوەیە؟ ئەی کۆمەڵگای کوردی توانستی بەرهەمهێنانی فێمینیستی هەیە؟ئایا مەبەستمان چیە لە کۆمەڵگای کراوە؟
بەهار مونزر:
ئەگەر مەسەلەکە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگای کوردستان و دونیای دەرەوەیە ئەوا بێگومان بەهۆی سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای گەیاندن و ئەنتەرنێت و تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە هاوکات بەهۆی شەپۆلی کۆچ و گەرانەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی کوردستان بۆ دەرەوەو ناوەوەی وڵات هاوکات بە هۆی هاتنە ناوەوەی سەدان کۆمپانیای بیانی و دروستبوونی تۆری چاپخانەو میدیا و دامەزراندنی دەیان زانکۆ و قوتابخانەی بیانی پەیوەست بە باوەرە جیهانیەکانیش لەوانە فێمینیزم دەگوازرێتەوە بۆ کوردستان، کەوایە کۆمەڵگای کراوە لەم ڕوانگەیەوە زەمینە بابەتی و زهنیەکانی لە کوردستان بۆ فێمینیزم و هەر ڕەوتێكی تر ئامادە دەکات.  بەدڵنیاییەوە ئەتوانم بڵێم کۆمەڵگای کوردستان لە ئێستادا زیاتر کەوتۆتە ژێر کاریگەری رەوت و پەیوەندیە جیهانیەکانەوە تا کاریگەریەکانی کۆمەڵگای عێراق (کە لە رابردوودا هەیبوو). بەم پێیەش مومکینە فێمینیزم وەک رەوتێکی فیکری دەرکەوێ، بەڵام ئەمە ناتوانێ ببێتە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری، بەڵکو ئەوەی دەیبینین لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی ناسیۆنالیستیدا کەسانێک باس لە فێمینیزم دەکەن و بەرنامەکەیان ئامۆژگاریکردنی ئەم دەسەڵاتەیە کە ریفۆرم لەوەزعی ژناندا بکات، ئەمەش ناتوانێ ببێتە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و جەماوەری.

ئایا دەكرێت ژنانی ئازاد بە فێمینیست ناوزەند بکرێن؟
بەهار مونزر:
تا ئەو کاتەی کە فێمینیستەکان داکۆکی لە ماف و ئازادیەكانی ژنان دەکەن ئەتوانین بیانخەینە خانەی ژنانی ئازادەوە، بەڵام تا ئەو ئاستەی کە فێمینیستەکان مەسەلەی ژنان لە چوارچێوەی ئازادی ئینسانی و کۆمەڵایەتی دەردەکێشن گیرۆدەی جیاوازی جەستەیی و ڕەگەزی دەکەن، مەسەلەی ژنان لە چوارچێوەی دوالیزمی ژن و پیاو قەتیس دەکەن، بۆیە ناتوانین بۆچونەکانیان بە ئازادیخوازانە ناو بەرین.

About hkkk