Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 گه‌نده‌ڵی لە عێراق و هه‌رێمی كوردستان 785 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت …

گه‌نده‌ڵی لە عێراق و هه‌رێمی كوردستان 785 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت …

ڕۆژنامەنووس: شوانە حەسەن …

گەندەڵی سیاسی بریتی لە دەستکاریکردنی ڕێنمای و یاسا و دامەزراوە دەستورییەکان لەلایەن ئەو بڕیار بەدەستە سیاسیانەی کە  بە خراپی سود لە پێگەی خۆیان وەرئەگرن  بۆ پاراستن و هێشتنەوەی  دەسەڵات و سەروەت وسامانیان .

کارێکی زۆر سروشتییە کە بیر لە هەڵبژاردن بکرێتەوە کاتێک باس لە گەندەڵی سیاسی ئەکەین. بەمەبەستی ئاڵوگۆڕ کردنی دەسەڵاتداران لە پێگەو پۆستەکانیان، وەک ڕێکارێک بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سیاسی .

بەڵام لەو وڵاتانەی کە خاوەن دامەزراوەو دەزگای یاسایی و دیموکراتی نین دەرکەوتووە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ ناکاتە سەر کەمکردنەوەی ئاستی گەندەڵی تێیدا دەتوانین هەرێمی کوردستانیش وەکوو نمونەیەکی دیار و بەرچاو ببینین .

بەداخەوە لە هەرێمی کوردستانیش بەهۆی دەسەڵاتی حیزب گەری یەکیەتی و پارتیەوە گەندەڵی بەشێوازێکی فراوان بونی هەیەو  چەندان شێوازی تریش هەن کە لەهەوڵ دان بۆ بنبڕکردنیان، بەڵام کارێکی ئەستەمە، چونکە تەواوی دام و دەزگاکان کۆنترۆڵکراون لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندان لەهەردوو زۆنی سەوز و زەرد. ئەمساڵیش لە ڕێزبەندی وڵاتە گەندەڵەکان لەسەر ئاستی جیهان عێراق و هەرێمی کوردستان لە پلەی حەوتەمدایە لە دوای هەر یەک لە وڵاتەکانی  سۆماڵ، باشوری سودان،سوریا، ئەفغانستان، یەمەن، کۆریای باکور. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا ناوه‌ندی عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و شیكارییه‌ سیاسیه‌كان، ئاشكرای كردوە كە قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ 785 ملیاردۆلار دەشڵێت، هه‌وڵه‌كانی روبه‌ڕوبو‌نه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی-ه‌وه‌ توشی بنبه‌ست بووه‌!! به‌هۆی ئه‌و ئاسته‌نگی و رێگریانه‌ی حیزبه‌ سیاسیه‌كان و میلیشیاكانیان دروستیان كردوه.

به‌ پێی راپۆرتێكی ناوه‌ندی عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و شیكارییه‌ سیاسیه‌كان (ICPAR)، “هه‌مان ئه‌و حیزب و هاوپه‌یمانیه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ له‌‌ 2003 ه‌وه‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقیان دروست كردوه‌و متمانه‌شیان به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی و كابینه‌كه‌ی به‌خشیوه‌ له‌ ئێستادا كه‌وتونه‌ته‌ هه‌ڵپه‌ی به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تی و حیزبیه‌كانی خۆیان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فشاره‌كانیان چڕكردوەته‌وه‌ له‌سه‌ر كابینه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی”.

راپۆرته‌كه‌ی (ICPAR)، كه‌ له‌ لایه‌ن محه‌مه‌د حسێن یه‌كێك له‌ توێژه‌رانی ناوه‌نده‌كه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، له‌ زاری كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمیه‌وه‌‌ ئه‌وه‌ی رونكردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌ر هه‌مان ئه‌م حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ له‌ نێوان ساڵانی 2003 و 2019 دا به‌ به‌های زیاتر له‌ 801 ملیار دۆلار گه‌نده‌ڵیان ئه‌نجامداوه‌و زیانیان به‌ سامانی گشتی عێراق و هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێگای كۆمه‌ڵێك فێڵ و میكانیزمی دارایی و ئیداریی جیاجیاوه‌ وه‌ك پرۆژه‌ی وه‌همی، دزین و به‌قاچاخبردنی نه‌وت، هه‌بونی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و 100 هه‌زار فه‌رمانبه‌رو موچه‌خۆری بندیوار له‌هه‌ردو حكومه‌تی به‌غداو هه‌ولێر.

ناوه‌ندی عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و شیكاریه‌ سیاسییه‌كان  ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆی توێژینه‌وه‌ی سیاسی و ئابوریه‌ و له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێك توێژه‌ری عێراقی و بیانی-ه‌وه‌ ئه‌مساڵ دامه‌زرا‌.

گەندەڵی  چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەگرێتەوە  لەوانە (بەرتیل، دزیکردن لە موڵکی گشتی )،بە پێێ بڕی ئەو پارەیەی کە دەدزرێت یاخود بە پێی ئەو سێکتەرەی کە تێیدا ڕوودەدات  گەندەڵی پۆلێن ئەکرێت بۆ :

# گەندەڵی گەورە  ( Grand Corruption  ) ،

# گەندەڵی بچووک (Corruption Petty )

گەندەڵی گەورە مانای چییە: گەندەڵی گەورە  بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی باڵا (واتە لەئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتیدا)  بۆ بەدەستخستنی  دەسکەوت بۆ کەمینەیەک لە سەر حسابی زۆرینە، ئەم جۆرە لە گەندەڵی بەشێوەیەکی بەربڵاو زیان بە  تاکەکان و بە کۆمەڵگەش ئەگەیەنێت.

گەندەڵی بچوک: بریتییە لە  خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن فەرمانبەرانی حکومییەوە بەشێوەیەکی ڕۆژانە لە کاتی بەریەککەوتنیان لەگەڵ هاووڵاتی ئاسایی، بۆ بەدەستهێنانی  خزمەتگوزارییە  گشتییەکانی وەک تەندروستی و  خوێندن و ئاو وکارەبا لەگەڵ بەدەستهێنانی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان .

ئەوەی کە ئەو ڕاپۆرتە بڵاوکردۆتەوە، تەنها گۆشەیەکە لەو دزی و تاڵانییە ئاشکرایەی حزبە میلیشیاییە” قەومی و دینیەکان” “بە کوردو عەرەب و تورکمانەوە، بە سونەو شیعیەوە” لە پاڵ بنەماڵە دەستڕۆشتوەکان ئەنجامیان داوە… گەندەڵی لە زوربەی زۆری وڵاتانی دنیادا هەیە، ئەوەی هی عێراق و کوردستان جیا دەکاتەوە لە هی وڵاتانی تر، تەنها گەندەڵی نییە و خراپ کەڵک وەرگرتن لە پۆستەکان نییە، بەڵکو دزییەکی ئاشکرا و بەنەخشەی میلیشیاییە… لە دزینی نەوت و دەست بەسەراگرتنی کێڵگە نەوتیەکانەوە، بۆ دزی لەخۆراک و قوتی خەڵکی… لە بەتاڵانبردنی نەوت بە تانکەرەوە تا دزی لە داو و دەرمان و کەرتی تەندروستی. لە پۆست فرۆشتنەوە بۆ موچەی خەیاڵی ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکان و بەڕیوەبەرە گشتیەکان… لە دەست بەسەراگرتنی هەموو جومگەکانی ئابوری و بازرگانییەوە، تا دەگاتە دروستکردنی لیستی وەهمی موچە خۆرەکان… لوشدانی داهاتی ناوخۆ و بازگەکان و تا دەگاتە خاڵە سنوریەکان… ئەم دزی و تاڵانییە کە لە داهات و سامانی عیراق و کوردستان کراوە و دەکرێت، لە بنەرەتدا داهاتی خەڵکی عێراق و کوردستانە… لە ئاکامی ئەو دزییە فراوان و بێ سنورەدا ژیان و گوزەرانی زوربەی هەرەزۆری خەڵکی عێراق و کوردستان لەوپەرێ خراپیدایەو ژیان و گوزەرانی کەمایەتیەکی چاوچنۆک و حزبی و سەرمایەدارەکانی وابەستەی دەسەڵات و بنەماڵە دەسترۆشتوەکانی ناو حزب، ژیانێکی شاهانەو فیرعەونییە… ڕۆژێك دێت خەڵکی عێراق و کوردستان داهاتی دزراویان دەگێڕنەوە و مافیاکانی تاڵانی و دزی دەخەنە بەردەم لێپرسینەوەی یاسایی و جەماوەرییەوە…

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٥ ی بەرواری ١/٧/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە

 

About hkkk

Check Also

ئیسلام گەرایی لە ئەمەریکادا  لە ژێر سایەی ترەمپ دا گەشە دەکات ! …

( ئایا ترەمپ بەڵێنەکانی کە بە خەڵکی ئەمەریکای دابوون بردە سەر بۆ لە ناوبردنی ئیسلامی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *