Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 گەشتەکەی لینین، ئەو گەشتە بوو کە ڕەوتی مێژووی گۆڕی!…

گەشتەکەی لینین، ئەو گەشتە بوو کە ڕەوتی مێژووی گۆڕی!…

سالار حمەسەعید…

کتێبێک لەلایەن ” کاثرین مێردەیل ” ی نووسەر و مێژوونووسی بەریتانیەوە بەناوی ”لینین لەناو قیتاردا” لە ساڵی ٢٠١٦ دا بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە باس لە گەشتی ئەو پیاوە کورتەباڵا سەر ڕووتاوەیە دەکات کە ڕیشێکی سەکسووکەی هەبوو و سەر لەبەیانی ٩ی نیسانی ١٩١٧ کە بەفرێکی زۆر باریبوو لە (زوریخ)ەوە کە شوێنی حەشارگەکەی بوو لە سویسرا لەگەڵ هاوسەرەکەی و ٣٠ لە هاوڕێکانی بەڕێکەوتن و سواری قیتار بوون بۆ ڕووسیا، هەرهەمان رۆژیش دەسپێکی شەڕێکی بەناوبانگی هێزە هاوپەیمانەکان بوو بەناوی ”شەڕی ئارەس” کە لە ئاکامدا  ١٦٠٠٠٠ سەربازی بەریتانی تیا کوژرا لەنێویاندا شاعیرێکی ئینگلیزی بەناوی “ئیدوارد تۆماس” کوژرا. ئەو کەسەی کە سواری ئەو قیتارە بوو کەسێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو رابەری بەلشەفیەکان بوو لەگەڵ هاوڕێ شۆڕشگێڕەکانی. لەفارگۆنێکی پلە ٣ کە کورسیەکانی تەختەی ڕەق و تەق بوون و رێگەکە ڕێگەیەکی زەحمەت و دوور بوو بۆئەوەی سنووری ئەڵمانیا ببڕن، تاکو ڕزگاریان بێت و ژیانیان پارێزراو بێت لەو شەڕە وێرانکەرەی جەنگی جیهانی یەکەمدا. هێڵێک بەگەچ لەسەر تەختی فارگۆنەکە کێشرابوو کە ڕووسەکانی لە سەربازە ئەڵمانیە سەرپەرشتیارەکان جیادەکردەوە، لەبەرئەوەی ئەو دوو وڵاتە لەشەڕدا بوون دژ بەیەک. ئەم کەسایەتیەی کە لەناو ئەو قیتارەدا بوو وە بەرەو رووسیا ڕێکەوتبوو، ” ڤلادیمیر ئیلیچ لینین ” بوو، کە دواتر بووە مۆتەکە بۆ سیستەمی سەرمایەداری هەروەک خۆیان وەسفی دەکەن.

ئەڵبەتە بۆرژوازی بەبارێکی ئاوەژوودا باس لەم کەسایەتیە دەکات کە دەڵێ” ئەو کەسەی ڕەوتی مێژووی گۆڕی” مەبەستیان لەوەیە کە روسیای بەبارێکی خراپ دا بردووە و تووشی نەهامەتی و برسیەتی کردووە، هەروەها گاردیان ڕاشکاوانە و بێ پەردە هەڵوێستی دوژمنانەی خۆی بەرامبەر بە ڕابەری شۆرشی ئۆکتۆبەر پیشان دەدات و وەک تاوانباری کوشتن و بڕی خەڵکی روسیا ناوزەدی دەکات. ونستن چەرچڵی سەرۆک وەزیرانی دواتری بەریتانیا لینین بە ”بەکتریای تاعون” وەسف دەکات. بەڵام لەهەمان کاتدا ناتوانن باس لەهەندێ لایەنی نەکەن هەربۆیە بۆرژوازی بۆخۆی ئاوا وەسفی لینین و حزبی بەلشەفیک دەکات: “لینین تەنها بەهێزی ڕازیکردن و هاندان و ئیرادەی سەرسەختی خۆی سەرکەوت و سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە ڕازیکردنی هاوڕێ هۆشیارەکانی خۆی و لەڕێگەی حزبە بەلشەفیکە زۆر ڕێکخراو و بەزەبت و ڕەبت و دیسپلنەکەیەوە بوو کە توانی دەسەڵات بگرێتەدەست”. هەروەها بۆرژوازی دانی پێدادەنێ کە هەر لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا لە حکومەتێکی کاتی ساوا و نەشارەزاوە بەلشەفیەکان توانیان یەکەمین دەوڵەتی کۆمۆنیستی دابمەزرێنن. ئەڵبەتە بۆرژوازی بەمەبەستەوە بێت یا هەرمەبەستێکی تریان هەبێت ئەو دەوڵەتەی لە رووسیا دامەزرا بە دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی ناودەبەن، لەکاتێکدا ئەگەر لە نووسینەکانی لینین بڕوانرێ تەنانەت ئەو دەوڵەتە بە دەوڵەتێک دەبینێ کە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی سۆسیالیزم دابووە و لە قۆناغی ئینتیقالی (ڕاگوزەر) دابووە کە سەردەمی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و سەرکووتی بۆرژوازی بووە. ئەو دەوڵەتەی دامەزرابوو کۆمۆنیستی نەبوو، تەنانەت لینین خۆی گومانی هەبوو لەوەی کە سەرەتاکانی سۆشیالیزم بە شێوەیەکی ورد و دەقیق هەنگاوی بۆنرابێت. لەم بارەیەوە لینین لە نووسراوێکیدا لەژێر سەردێری ”بۆچی شۆڕشی بەلشەفیکی سەرکەوت” کە لە بابەتێکی تایبەت دا نووسیبووی بەناوی ‘باڵی چەپی’ کۆمۆنیزم ‘ ، دەڵێت: ” ئێمە لە ڕووسیا لەساڵی سێ یەمدا، لەوەتی بۆرژوازی سەرنگووم کراوە، هەنگاوە سەرەتاییەکان دەنێین لە (گواستنەوە) لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆسیالیزم، یاخود نزمترین قۆناغی کۆمۆنیزم ”.

کاثرین مێریدەیل بەشێوەی چیرۆک و داستان ئەم گەشتەی هاتنەوەی لینین بۆ رووسیا دەگێرێتەوە هەر لەو کاتانەوە کە لینین چاودەبڕێتە دەرەوەی قیتارەکە لە پەنجەرەکانەوە بەخەیاڵی رۆماننوسێک و بەشێوەیەکی رۆمانتیکیانە ئەوەی بە مێشک و هزری لینین دا تێدەپەڕێ وێنا دەکات، ئەو گەشتە حەوت رۆژەی لینین لە ئەڵمانیاوە لە ڕێگەی سوید و فنلەندا بۆ رووسیا کە نزیکەی ٢٠ ساڵ بوو نەیبینیبوو، لەم کتێبەدا باسدەکرێ. هەروەها ئاماژە دەکات بە شۆڕش لە ‘سنت پیترسبرگ’ وە باسێکی پێشینەی لینین لە حەشارگاو دوورخرانەوەی (مەنفا). رۆژنامەی گاردیان سووکە گلەییەک لە مێریدەیل دەکات کە راستیەکانی لینین ی لەیادکردوە سەبارەت بە کوشتار و تاوانەکانی وە لەجێی ئەوە دەستی داوەتە ستایش و پیاهەڵدانی لینین و توانا زیهنی و عەقڵیەکانی. هەروەها  مێردەیل باس لەو قیتارەو سەرنشینەکانی دەکات کە چۆن دواتر لە سەردەمی ستالین دا دانە بە دانەی هاوڕێکانی لینین تووشی چ چارەنووسێک دەبنەوە لە شکەنجەدان و گرتن و دەربەدەرکردن و کوشتن و مەنفا.

جگە لە گاردیان  گۆڤاری ئیکۆنۆمیست سەبارەت بە گەڕانەوەی لینین بۆ رووسیا لە ساڵی ٢٠١٦ دا بابەتێک بڵاودەکاتەوە و لەم چەند رۆژەی رابردووشدا دووبارە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکۆنۆمیست دا دووبارە دەردەکەوێتەوە و دەڵێ کە شۆرشی شوباتی ١٩١٧ لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کۆتایی هێنا بە حوکمی ٣٠٠ ساڵەی فەرمانڕەوایی ئۆتۆکراسی رۆمانۆڤ، بەڵام بەبێ ئەوەی شتێک جێ نشینی بێت. رووسیا وەک گۆڤارەکە دەڵێ لە پەل و پۆکەوتبوو بەهۆی شەڕێکی کارەساتباری ٣ ساڵە لەگەڵ ئەڵمانیادا. هەروەها بۆرژوازی دانی پێدا دەنێت کە ”لینین باش دەیزانی کە چی دەوێ تا توانای خۆی تیا سەرف بکات بۆ ئەوەی جێبەجێی بکات”.

ئیکۆنۆمیست هەروەک ”باڵی چەپی کۆمۆنیزم” کە ڕەوتێک بوو لەسالەکانی ١٩١٨ ەوە  لەناو حزبی بەلشەفیدا لەکاتی شەری یەکەمی جیهانیدا پەیدابوون ودژ بە تێز وتێروانینەکانی لینین بوون سەبارەت بە ئاشتی و جەنگ لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەلمانی ئەوکاتەدا، لینین یان بە خیانەتکار لەقەلەم دەدا هەروەک چۆن ئەوان واتە باڵی چەپ لینن یان بەلادان لە پرەنسیپە بنەماییەکانی مارکسیزم لەقەلەم دابوو. بەلام لینین زۆر توند وەلامی دەدانەوە و دەیگووت: ”هەرکەسێک کە دژ بە تەکتیکەکانی ئێمە رابوەستێ کە لەم ماوانەی دواییدا پێی پابەندبووین، ئەگەر خۆی بەو پەڕی چەپ، تەنانەت کۆمۆنیستی  چەپی پلە یەک (سوپەر چەپ)دابنێ، ئەوە شۆڕشگێرێکی خراپە، من زیاتر دەڵێم کە بەهیچ شێوەیەک شۆڕشگێر نییە (لینین: پراڤدا ژمارە ٧٩ لە ٢٤ی ئەیپرل ١٩١٨). ئەم قسانەی لەکاتێکدا کرد کە ئەوان دژ بە ڕێکەوتن بوون لەگەل ئەلمانیا و هەلویستەکەی بۆ خۆلادان لەشەڕێکی وێرانکارانە بوو کە ئەو کاتە وڵات توانای ئەو شەرەی نەبوو،  هەموو ئەمانە بۆ پاراستنی شۆڕش و دەستکەوتەکانی بوو. لەڕاستیدا ئەم ڕەخنانەی کە بۆرژوازی لە لینین و حزبی بەلشەفیکی دەگرێ ڕەخنەیە لە قۆناغیک کە قۆناغیکی کاتی بوو، قۆناغی گواستنەوە لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆسیالیزم بوو، سەردەمی دەسەلاتی پرۆلیتاریا بوو، سەردەمی سەرکووتکردنی بۆرژوازی بوو لەلایەن پرۆلیتاریاوە. بەلام هەروەک لینین خۆی دەڵێت چینەکان هێشتا مابوون و دەمێننەوە بۆ چەندەها ساڵی تریش تەنانەت پاش بەدەستەوەگرتنی دەسەلات لەلایەن پرۆلیتاریاوە. بەلام بۆرژوازی ئەم دەسەلاتە نوێ وساوایە وەک دەولەتێکی کۆمۆنیستی دەبینێ کەوانییە،چونکە لەم کاتەدا هێشتا بۆرژوازی لەنێو نەچووە، بەڵکو بەرگری وموقاوەمەتی بۆرژوازی دە بەرامبەر بووە لەبەراورد بەجاران لەبەرئەوە پێویستی دەکرد ئەم چینە تازەیە واتە پرۆلیتاریا شەڕێکی بێڕەحمانە بکات لەگەڵ دوژمنێکی زۆر بەهێزدا کە بۆرژوازیە.

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٦ دا لە ١/٣/٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *