Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 گەمارۆی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا دژی خەڵکی عێراق و کوردستان سەرکۆنە دەکەین!
گەمارۆی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا دژی خەڵکی عێراق و کوردستان سەرکۆنە دەکەین!

گەمارۆی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا دژی خەڵکی عێراق و کوردستان سەرکۆنە دەکەین!

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکە دەوڵەتانی کۆنه‌په‌رست و فاشیستی ئێران وتورکیا، به‌گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوک و دیجلە، ‌هاوڵاتیانی کوردستان و عێراقیان رووبه‌ڕووی قه‌یرانی که‌می ئاو کردۆتەوە. بەو هۆیەشەوە گرفتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەو ئاودێری و مەترسی بۆسەر کشتوکاڵ و ئەو پڕۆژه کشتوکاڵی و ئابوریانە دروست کردووە کە سوود لەو دوو سەرچاوە ئاویە وەردەگرن، سەرەڕای ئەوەی زیانێکی گه‌وره‌ی به ‌سامانی ئاوی گەیاندوەو دەشبێتە هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌یان نه‌خۆشی و تێکشان و شێواندنی ‌‌ژینگه‌ی ئەو ناوچانەی کەوتونەتە سەر ئەو دوو رووبارە، هه‌موو ئه‌مانه‌ش بە زیان و مەترسی بۆسەر ژیان و تەندروستی و بژێوی هاوڵاتیان چ له‌ کوردستان و چ لە عێراق ته‌واده‌بێت و کێشه‌ی که‌می ئاویش بۆسه‌ر باقی گرفته‌کانی وه‌ک نه‌بوونی کاره‌باو خزمه‌تگوزاری، بێکاری ونه‌دانی موچه،‌ نه‌بوونی ئارامی و ئه‌منیه‌ت وده‌یان موسیبه‌تی تر زیاد ده‌کات.

په‌نابردن بۆ سیاسه‌تی گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌لایه‌ن هەردوو حکومەتی بۆرژوا فاشیستی ئیسلامی ئیران و تورکیاوه‌، چنگ گیرکردنه‌ له‌گه‌رووی هاوڵاتیان و گه‌مارۆیه‌کی ئاشکرایە بۆسەر ژیان و بژیوی دانیشتوانی وڵاتێک‌، ئەم هەنگاوەی ‌ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ کۆنه‌په‌رسته دەچێتە سەر ئەو هەنگاوانەی تا ئێستایان کە‌ به‌ر‌دەوام بۆ بردنه ‌پێشه‌وه‌ی کارنامه‌ی ڕه‌ش و دژی ئینسانیان، له‌ئاست ناوچه‌که‌دا و عێراقدا ناویانە و دەستێوەردانی سیاسی و سه‌ربازییان کردۆته‌ ڕێگایه‌ک بۆ قایمکردنی پێگه‌و نفوزیان له‌عێراق و کوردستاندا. له‌ئێستاشدا که ‌‌دۆخی دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، مه‌سه‌له‌ی پێکهێنانی حکومه‌تی تازه‌ی هێناوه‌ته ‌پێشه‌وه‌، هه‌ر یه‌ک له‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ لە هەوڵی ئەوەدان ئه‌م سیاسه‌ته‌ دژی مرۆیی و چه‌په‌ڵه بگرنەبەر‌،‌ تا فشاری خۆیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستا و داهاتوی ‌عێراق و کوردستان و حزب و لایه‌نه‌کانی تووند بکه‌نه‌وه، بەو مەبەستەی ‌‌پرۆسه‌ی پێکهێنانه‌وه‌ی حکومه‌ت به‌جۆرێک بچێته ‌پێشه‌وه‌ که‌‌ کارنامه‌ی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئەوان مسۆگه‌ر بکات.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌حزابی بۆرژوازی کورد، له‌ڕیزی پێشه‌وه‌، پارتی و یه‌کیه‌تی، که بۆ ڕاگرتنی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵات و گه‌یشتن به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسی و بازرگانیه‌کانیان، ده‌ستیان خستۆته‌ ده‌ستی هه‌ریه‌ک له‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌وه‌، دەرگای دەستێوەردانی سیاسی و سه‌ربازییان به‌ڕوویاندا ئاوەڵاکردووه‌. ‌فرسه‌تی ئه‌وه‌یان ڕه‌خساندووه‌ که ‌ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ کۆنه‌په‌رسترین و دژی ئینسانی ترین کارنامه‌ی خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا داسه‌پینن، سیاسه‌تی لێگرتنه‌وه‌ی ئاو له‌گۆشه‌یه‌کی خۆیدا، به‌رئه‌نجامی ئه‌م راستیه‌یه‌و به‌مجۆره‌ش، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، رووبه‌ڕووی شه‌رمه‌زاری و به‌پرسیارێتی ده‌کاته‌وه‌.

به‌بارمته‌ گرتنی ژیان و بژێوی و وشککردنی گه‌روی هاوڵاتیانی کوردستان و عێراق، سیاسه‌تێکی تاسه‌ر ‌ئێسقان دژی ئینسانی و کۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ و له‌لایه‌ن حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانه‌وه‌ به‌توندی مه‌حکومه‌ و ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ ڕابگیرێ. ده‌بێ ئه‌م سیاسه‌ته‌ چه‌پەڵە‌ی حکومەتەکانی ئێران و تورکیا له‌ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا له‌لایه‌ن ئازادیخوازانه‌وه‌ له‌قاوبدرێ و ناچار به‌دەستبەرداربوون بکرێن!

‌ خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی عێراق و کوردستان، ته‌نها به‌ده‌ست خستنه‌ نێوده‌ست له‌گه‌ڵ باقی هاوچینه‌کانیان له‌ئێران و تورکیا، ده‌توانن هه‌ر جۆره‌ سیاسه‌ت و کارنامه‌یه‌کی دژی مرۆیی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و بۆرژوایی ئێران و تورکیا به‌شکستدا بکێشن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٤/٦/٢٠١٨

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*