Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 یاسای چاکسازی لە مووچەو خانەنشینی پلەتایبەت و پلە باڵاکان، رەسمیەتدانە بە گەندەڵی و مشەخۆری! …

یاسای چاکسازی لە مووچەو خانەنشینی پلەتایبەت و پلە باڵاکان، رەسمیەتدانە بە گەندەڵی و مشەخۆری! …

پەرلەمانی کوردستان سەرەنجام یاسای چاکسازی مووچەو دەرماڵەو خانەشینی لە بەرژەوەندی پلە باڵاکان و پلە تایبەت و خاوەن ئیمتیازاتەکان پەسەندکرد. ناوەرۆکی ئەم یاسایە هێشتنەوەی مووچەی بەرزو ئیمتیازاتەکانی مووچەخۆرە پلە باڵاو پلە تایبەتەکان و ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانە بە کەمکردنەوەی رێژەیەکی زۆر کەمی مووچەی خانەنشینی ئەم پلە باڵاو پلە تایبەتانەیە، کە ئەویش تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی هاوڵاتیان و مووچەخۆران و خانەنشینان ئەنجام دراوە.

بەپێی ئەم یاسایە ئەوانەی کە ئەندام پەرلەمان و کارمەندی پلە باڵای حکومەت و پلە تایبەتن دەتوانن دوای تەواوبوونی ماوەی کارکردنیان بە مووچەیەکی بەرز بۆ هەتا هەتایە خانەشین بن بەبێ ئەوەی تەمەنی خانەشینی تەواوبکەن، لەکاتێکدا بەشی هەرەزۆری مووچەخۆران دوای نزیکەی ٣٠ ساڵ و زیاتر لە خزمەتکردن نزیکەی ٢٢٠ هەزار دینار وەردەگرن.

ئەم یاسایە لەلایەکەوە هەژاریی ڕەها بەسەر ئەو بەشەی کۆمەڵگادا دەسەپێنێ کە وەکو کرێکارو کارمەندی حکومەت کاردەکەن یان هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن یان خاوەن پێداویستی تایبەتن، لەلایەکی ترەوە مووچەو ئیمتیازێکی خەیاڵیش بۆ بەرپرسانی مشەخۆری حزبە دەسەڵاتدارەکان و ئەندام پەرلەمانەکان و پلە باڵاو پلە تایبەتەکان و بندیوار و سەردیوارەکانیان بەدرێژایی ژیانیان دابین دەکات.

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە توندی دژی ئەم یاسای هەژارکردن و برسیکردنەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و مووچەخۆرانی کەمدەرامەت و خانەنشینان و خاوەن پێداویستی تایبەت دەوەستینەوەو ریسوای دەکەین، لەهەمان کاتدا رایدەگەیەنین کە بەهیچ جۆرێك ناکرێ ئەو نایەکسانی و تاڵان وبڕۆیەی بەناوی مووچەو خانەنشینی پلە باڵاو پلە تایبەتەوە دەدرێتە بەرپرسان و خزمەتکارانی دەسەڵات و سیستەمی گەندەڵی بۆرژوایی لە کوردستان قبوڵ بکرێ. دەبێ ئەم یاسایە سەرلەبەری هەڵوەشێتەوەو لەجێگایدا یاسایەك پەسەند بکرێ کە ئەم بنەمایانەی لەبەرچاوگرتبێت:

١/ موچەو دەرماڵەو خانەنشینی و هەموو ئیمتیازاتەکانی پلە تایبەت و پلە باڵاکان هەڵوەشێتەوە..
٢/ لانی کەمی مووچەو لانی زۆری مووچە بەڕوونی دیاری بکات. بە جۆرێك کە لانی کەمی مووچە ژیانێکی شکۆمەند بۆ مووچەخۆران دەستبەر بکات. لانی زۆری مووچەش نابێ لە دوو ئەوەندەی لانی کەمی مووچە زیاتر بێت.
٢/ مووچەی خانەنشینی بۆ هەموو هاوڵاتیان (بە ژن و پیاوەوە) دابین بکرێ بەبێ ڕەچاوکردنی ماوەی کارکردنی، ئەگەر تەمەنیان لەسەروو (٥٥) ساڵەوە بێت.
٣/ بیمەی بێکاری بۆ هەموو هاوڵاتیەکی بێکار ( ژن و پیاو) دابین بکرێ کە تەمەنی گەیشتۆتە تەمەنی کارکردن( واتە ١٨ ساڵ)
٤/ هیچ مووچەخۆرێك لە یەك مووچە زیاتر وەرنەگرێ لە خەزێنەی دەوڵەت.
٥/ هەموو کەسێك دوای ١٥ ساڵ کارکردن لە کاری نائاسایی و سەختدا و دوای ٢٠ ساڵ لەکاری ئاساییدا بەپێی دوامووچەی کە وەریگرتوە خانەنشین بکرێ.
٦/ مووچەی خانەنشینی هەر چەند ساڵ جارێك لەگەڵ پێداچوونەوە بە مووچەدا ئەویش پێداچونەوەی پێدابکرێ…

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٦ی ١ی ٢٠٢٠

About hkkk

Check Also

هێرشی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی شاری هاناوی ئه‌ڵمانیا به‌توندی ئیدانە‌ ده‌که‌ین! …

شه‌وی 19 له‌سه‌ر 20 شوباتی 2020 له‌ دوو هیرشی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌دا له‌ شاری هاناوی نزیک فرانکفۆرتی …