Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 یەکگرتوویی کرێکارانی فەرەنسا وانەیەکە بۆ تێکۆشان
یەکگرتوویی کرێکارانی فەرەنسا وانەیەکە بۆ تێکۆشان

یەکگرتوویی کرێکارانی فەرەنسا وانەیەکە بۆ تێکۆشان

… عبدالرحمن رسول

هەنگاوەکان بەرەو بەدیهێنانی مافەکان پێویستی بە هەموو چەوساوە و ئازادیخوازانە کە تێکۆشانی هاوبەشی یەکگرتووانە گەشە پێبدەن، لە دژی چەوسانەوە و نابەرابەری و سەرکوت و بێمافییەکان دەنگ هەڵبڕن و ئازایانە و نەترسانە بێنە مەیدانی تێکۆشان. ماوەی چەندین ڕۆژە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا خەڵکی تێکۆشەر و ئازا لە دژی یاساکانی سەرمایەداری هاتوونەمەیدان، لە وڵاتی ئێرانیش کرێکاران و زەحمەتکێشان هاتوونە مەیدان و لە وڵاتی تونس دەسەڵات و دەوڵەت لەبەر هەبوونی شەپۆلێکی زۆری ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخواز ویەکسانیخواز و سیکۆلار چەندین یاسای شارەستانی و مەدەنی دەرکرد. یەکێک لە یاساکان دەرکردنی یاسای یەکسانی ژن و پیاو و لە پێدانی میرات و شاهیدان و هەروەک پیاو ئەژمار بکرێت. بە دڵنیایەوە لە وڵاتێک و دەوڵەتێک ئەو میزەڵدانە دەتەقێت کە ناوی سیستەمی سەرمایەدارییە هەروەک کارل مارکس گووتی (سەرمایەداری خۆی گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێت) لەوانەیە بۆ ماوەی کاتی نارەزیەتییەکان سڕبکرێت بە زەبری هێز، بەڵام زۆر نزیکە لە کاتەکانی داهاتوو لەم وڵاتانە یان لە وڵاتانی تر ئەو میزەڵدانە بتەقێت کە ناوی سیستەمی سەرمایەدارییە، بۆیە لە ئێستادا لە پایتەختەکانی دەوڵەتانی تریش چاوەڕوانی هاتنەمەیدانی خەڵکی ناڕازی لە سیستەم و یاساکانی سەرمایەداری دەوڵەتەکانیان دەکەن. ئەوەی چەندین ساڵ مارکس گوتی (کرێکارانی جیهان یەکگرن). کەواتە تەنها کرێکارو چەوساوەکانن کە پێویستە یەکگرتووبن وبەرگری لەماف و ئازادییەکانیان بکەن شانبەشانی ئازادیخوازان و یەکاسانیخوازان لە ڕۆژانی داهاتوودا تێکۆشانیان گەرم ترو بە هێزترو پڕکاریگەرتر بکەن بۆئەوەی بە زوویی خۆیان و تەواوی مرۆڤە چەوساوە وکۆیلەکانی کۆمەڵگەکەیان ڕزگاربکەن لە داهاتوو بە دیبێت ئازادی و بەرابەری بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی. ناڕەزایەتییەکانی ئەم مانگەی فەرەنسا بەهۆی هەبوونی كێشەو قەیرانەکانی چەند ساڵەی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەدارییەوە هاتۆتە پێش کەبەهۆی هەبوونی نابەرابەری و بازاڕی ئازادەوە کە سیستەمی دەوڵەتداری لە سیستەمی سەرمایەداری دا تەنها گرینگی بە قازانجی سەرمایە و بواری بازرگانی دەدات و هەتا بۆی بکرێت بەرژەوەندی و سوودی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندنی بەرابەری فەرامۆش دەکات، بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشەو قەیرانەکانی ناو دەوڵەتانی سەرمایەدار بە چارەسەر نەکراوەیی گەورەتر دەبن. لە ماوەی چەندین ساڵەی یەک لە دوای یەکی دەسەڵاتدارانی وڵاتی فەرەنسا نەیان توانیوە بەرابەری بچەسپێنن و کێشەو قەیرانە جۆراوجۆرەکان چارەسەر بکەن، بۆیە ساڵانە بەردەوام ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی فەرەنسا درێژەی هەیە. سیستەمی دەوڵەتداری فەرەنسا سیستەمی سەرمایەدارییە، هەر بۆیەش لە ژێر سایەی ئەو سیستەمەدا کە زۆر بێ ڕەحمانە گیان وشیلەی مرۆڤەکان بەگشتی و کرێکاران و زە‌‌حمەتكێشان و دەستفرۆشان وجوتیاران دەهاڕێت و دەمژێت. لە وڵاتی فەرەنساش هەروەک وڵاتەکانی ترە کە سیستەمی سەمایەداری تێدا بەڕێوەدچیت، بەڵام ئەوەی جیاوازە خەڵکی فەرەنسا ئاستی وشیاری جیاوازە ترە هەر بۆیەش بەردەوام خەڵکی فەرەنسا لە ململانێ و شۆڕشدا بووە بۆ هێنانەدی مافەکانیان. زۆرێک لە شۆڕشەکانی فەرەنسا کاریگەریان بەسەر وڵاتانی تریشدا هەبووە. ئەمەش وای کردووە کە بەردەوام خەڵکی فەرەنسا پێشڕەوی گۆڕانکاری و شۆڕش بووە لە ئەوروپا و لەوێشەوە بۆ جیھان. خەڵکی فەرەنسا لە ساڵی ١٧٨٩ شۆڕشیان دژی دەسەڵاتی کەنیسە و پاشایەتی و سیستمی دەرەبەگایەتی کرد ودین و مەزهەبیان لە دەوڵەت جیاکردەوە کەهە نگاوێکی زۆر گرینگ بوو لە مێژوویی مرۆڤایەتیی دا، هەر لە دوای فەرەنسا ئەوروپاش دوای فەرەنسا کەوت وخۆیان لە تاریکی و دەسەڵاتی دینی و مەزهەبی سەدەکانی ناوەڕاست ڕزگارکرد، دینیان لە دەوڵەت جیاکردەوە، بەمەش کۆمەڵگە هەنگاوی زیاتر و باشتر بەرەوپێش چوو لە دەست ڕاگەیشتن بە ماف و ئازادییەکان، بیرۆکەی ھاوڵاتی بوون و حکومەتی ھاوڵاتییان ھێنایە کایەوە و یاساشیان خستە سەرووی ھەموو کەسەوە بەبێ جیاوازی کە بەرپرس بیت یان هاوڵاتی بیت. بەمەش خەڵکی تێکۆشەری فەرەنسا بوو بە ژیلەمۆی شۆڕشی شارستانیەت و گۆڕانکاری لە جیهانی مرۆڤایەتی دا .. شۆڕشی١٨٤٨ شۆڕش بوو دژی شەڕ و ئیمپراتۆرییەت. ئەم شۆڕشە گۆڕانکاری گەورەی هێنایەکەوە لە ئەوروپا و شۆڕش ھەموو ئەوروپای گرتەوە. شۆڕشی١٨٧١ کە بۆ یەکەمین جار لە مێژوویی مرۆڤایەتی جیهاندا چینی کرێکار حوکمەتی خۆی دامەزراند، کە تیایدا کرێکاران لە پاریس حکومەتی خۆیان، دامەزراند کە ناسراوە بە ‘کۆمۆنەی پاریس’، ئەگەرچی تەمەنی ئەم حکومەتە کەم بوو، بەڵام هەنگاوی گەورەی نا بۆ دەرکردنی چەندین یاسا کە لەبەرژەوەندی و سوودی مرۆڤەکاندا بێت لەوانە (خوێندن کرایە خۆڕایی، یەکسانی ژن و پیاو وە دادی کۆمەڵایەتی و چەندین بڕیارو یاسای تر کە لە بەرژەوەندی مرۆڤەکاندا بێت دەرچوو. کە لە وڵاتانی تر نەبوو دواتر لە وڵاتانی تر بوو بە یاسا….) شۆڕشی ساڵی ١٨٧١ ئەگەرچی تەمەنی کەم بوو، بەڵام کاریگەری زۆر بەهێزو گەورەی هەبوو بەسەر جیهانی مرۆڤایەتی دا. نارەزایەتی و ڕاپەڕینی قوتابیان و خەڵکی فەرەنسا ساڵی ١٩٦٨ کە تێدا شۆڕشێکی گەورەو کاریگەر بوو بەسەر جیهان بەگشتی و وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی کەتێیدا توانی ئازادی تاکی بەرجەستەکرد بە دوایشدا گۆڕانکاری لە ئەوروپا هێنایە کایەوە. هەریەک لەم شۆڕش و ڕاپەڕینانە نەک تەنها بۆ خەڵکی فەرەنسا گرینگ بوون، بەڵکو بۆ خەڵکی وڵاتانی تریش گرینگ و کاریگەری ئیجابی هەبوو لەوانە ئومێدو هیوای بەگەلانی چەوساوە دەبەخشی بۆ گەشەی شۆڕش و ڕاپەڕین و گۆڕانکاری. هەر بۆیە سەرجەم خەڵکی جیهان چاویان لەسەر گەشەو گۆرانکارییەکانی کۆمەڵگەی فەرەنسایە. دیسانەوە خەڵکی تێکۆشەر و وشیاری فەرەنسا پاش پەنجا (٥٠) ساڵ جارێکی تر هەنگاوی بەرەوپێشەوە بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ناجۆری تێکۆشانەکانیش مێژووی بۆ چەندین جار خۆی دووبارە کردەوە و کرێکارانی فەرەنسی نەوەی کۆماندارەکانی پاریس- نەوەی ئاڵا سوورەکان وسروودی ئۆژین پۆتییە- وەک ڕابەری کرێکاران و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاری دژی سیاسەتی ئابووری سەرمایەداری و حکومەتەکەی ماکرۆنی هاتنە مەیدان و بە ناوی بزوتنەوەی هێلک زەردەکان لە دوا نیوەرۆی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بە هەزاران کرێکارانی ناڕازی هاتنە مەیدان لە گۆڕەپانەکانی پاریس. رۆژانی دواتر شاری پاریس و شارەکانی تری فەرەنسا خۆپیشاندانی بە سەد هەزارکەسی شەقامەکان بە بانگەوازو دروشمەکانی خەڵکی ناڕازی ڕازیندراونەتەوە و ڕۆژانامەو رادیۆ و تەلەفیزیۆنەکانی فەرەنسا و ڕاگەیاندنەکانی وڵاتانی تر بەردەوام هەواڵ و چالاکی خۆپیشاندانی خەڵکی نارازی بڵاو دەکەنەوە، رۆژ لە دوای رۆژ خەڵکی ناڕازی بە گڕوتینی زیاترو هێزی جەماوەری زیاتر درێژەی بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی دەدات. سروشتی هاتنەکایەوەی نارەزایەتی وخۆپیشاندانەکانی فەرەنسا جیاواز لە زۆر ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کە لەلایەن حیزبێک یان سەندیکایەک بەڕێوەبچێت وبانگەوازی بۆبکرێ، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەهەناوی کێشەکانەوە لەپێناوی چارەسەرکردن سەری دەرهێناو کەوتە تێکۆشانی هەقخوازانەی خۆی، بۆیە هیچ حیزب و کەسێک ناتوانێت بیکات بە دەستکەوتی خۆی، بەڵام هەموو مرۆڤێک پێویستە بەرگری لەوجۆرە تێکۆشانە بکات کەتەنها بۆهێنانەدی مافەکانە. سەرەتای هاتنەکایەوەی هێزی هەزاران کەسی هێلەک زەردەکان بەم جۆرە بوو کە ژنێک لە ڕێگەی فەیسبوکەوە هێلەک زەردەکانی دامەزراند ئەو ژنە ناوی، (بریسیلیا لودوسکی)، یە ئەو ژنە کەرستەکانی جوانکاری دەفرۆشێت لە دەوروبەری پاریس، لە ڕێگەی پۆستێکی فەیسبوکەوە بانگەوازی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرانکردنی نرخی سوتەمەنی لێکەوتە خراپەکانی ئەم بڕیارەی لەسەر هەژاران و زەحمەتکێشان ودامودەزگا فەڕەنسیەکان ڕوونکردەوە، کەچی ئەم پۆستە فەیسبوکی یە هێزی سەد هەزار کەسی هێلەگ زەردەکانی لێ بەهەم هات، کە ئێستا سەرکردایەتی ناڕەزایەتییەک دەکەن خەریکە دەبێتە بێ پێشینە لە مێژووی نوێی فەڕەنسا، ئەو ژنە فرۆشیارە ،(بریسیلیا)، کە پێشتر فەرمانبەری بانک بووە، ئەم ژنە بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە کە وەلامی پەیوەندی پەرلەمانتارانتارانی ڕاستڕەوی توندڕەو ناداتەوە بۆئەوەی مۆرکی خۆڕسکانەو میللییانەی هێلەگ زەردەکان نەشێوێت و ئەم جموجۆلە لەدەرەوەی بازنەی سەندیکاو ڕێکخراوی حیزبە سیاسیەکان بمێنێتەوەو بەتەنها هی خەلکی فەڕەنسا بێت، نەک حزبە تەقلیدییەکان، بەشی زۆری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی خەلکی فەڕەنسا کەزۆر جار بەوە بەناوبانگن کە خوارو خێچی لەدەسەلاتدارانیان قبوڵ ناکەن و لەمەشدا پێشەنگی گەلانی ئەوڕوپان لە ئێستاشدا بووە بەسەرچاوەی ئیلهام بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئەوڕوپا و وڵاتانی تر…

لەناو ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسادا پێنج جۆر دەستە هەیە لەخەڵک کە ئەمانەن : ١-خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشان و هەژارانی فەرەنسا کە ژیانی رۆژانەی هەریەکێکیان تراژیدیایەکە بۆ خۆی. کە زۆرینەی خۆپیشاندەرو خەڵکی ناڕازی پێکدەهێنێت. ٢-دەستەیەکی تر یان گروپی ڕاستی ڕاست کە دەیانەوێت گروپی یەکەم بەکاربێنن بۆ لێدان لە حوکمڕانیی ئێمانیول ماکرۆن. ٣-گروپی حیزبە کۆمۆنیست و چەپەکان کە پێیان وایە هەلومەرجەکە لەبارە بۆ ڕاگەیاندنی شۆڕشی سوور و شۆڕشی کرێکاری کە لەئێستادا لەگەشەکردن وبەهێزبووندان وهەنگاو بەرەو یەکگرتوویی و تێکۆشانی زیاتر دەنێن. ٤-گروپی ڕاوڕوت و تاڵان کە دەیانەوێت وەک هەمیشە دۆخەکە بقۆزنەوە بۆ دزین و بڕین و سوتاندن و شکاندن و تاڵانکردن. گروپی پێنجەمیش کە بریتین لە خوێندکارانی ئامادەیی. بە بەشداریکردنی قوتابییان نارەزایەتییەکان زیاتر گشتگیرتر بوو. پاش ئەوەی ناڕەزاییەکان تا ڕادەیەك هەموو فەرەنسای گرتۆتەوە، ئێستاش زیاتر لە 100 قوتابخانەی ئامادەیی و پەیمانگاکان لەلایەن قوتابیانەوە بلۆککراون بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەت دەیەوێت سیستەمی خوێندن بگۆڕێت. مێژو و ئەزموونەکان نیشانی دەدەن کە ناڕەزایی لەناو قوتابیانا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەبێتە سەرانسەریی. زیاتر لە 11 مستەودەعی سووتەمەنی داخراوە پاش بلۆککردنیان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، زیاتریش لە 70 بەنزینخانە بەنزینیان لێبراوە. تا ئێستاش ناڕەزایی کەران پشتگیرییەکی باشی خەڵکییان هەیە. هەموو حیزبەکان داوا دەکەن کە بڕیار و پرۆژەی زایادکردنی باج لەسەر سووتەمەنی کە بڕیارە لە مانگی یەکی ساڵی تازەوە بکەوێتە کار هەڵوەشێنێتەوە، تەنها پارتی سەوز نەبێت کە داوای ئەوە دەکات کە باج هەبێت. ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسی کە بەرامبەر ئەندام پەرلەمان و سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی فەرەنسا وئامادەبوانێکی زۆر لە شارەزایانی بواری ژینگە ودارایی قسەی کرد، لێدوانەکە سەبارەت بەو بریارەی دوایی بۆ زیادکردنی باج لەسەر سوتەمەنی بوو. ئەم بڕیارەی ماکرون، نارەزایەتی زۆری لێکەوتەوە و تەنانەت کوشتن وبریندار بوون و زیانی گیانی وماددی زۆریشی لێکەوتەوە و، دوای ئەم لێدوانەی ماکرۆن، هێلەک زەرد لەبەرەکان دووبارە نارەزایەتی خۆیان نیشان دایەوە و بڕیایانداوە بەردەوام بن. کرۆکی ئەم بڕیارە یان پاساوی ئەم بڕیارە کە ماکرۆن داویەتی وەک خۆی دەڵێت: ژینگەی کۆمەڵگە ( ئیکلۆژی سیسیۆلۆج)ە، بەمانایەکی دیکە پاراستنی ژینگە بۆ هەمووان، زیادکردنی باج دەبێتە هۆکاری کەم بەکاربردنی سوتەمەنی کە کاربۆن دەردەداتە دەرەوە وژینگە پیس دەکات، کە ئەمەش خەتەرێکی گەورەی دورست کردووە لەفەرەنسا. سەرۆکی فەرەنسا، ماکرۆن لەم لێدوانەیدا گوتی: رێژەی مردنی مرۆڤەکان بە هۆی پیسبونی ژینگە هیجگار زۆرترە لە مردن بە رووداوی هاتووچۆ وروداوەکانی دیکە لەسەرانسەری فەرەنسا، ئەم ژمارە مەترسیدارە. درێژەی داێێ و وتی: من دەمەوێت نەوەکان و منداڵەکانمان هەوایەکی پاک هەڵمژن. دیارە لێدوانەکەی زۆر درێژ بوو، باسی لە ئەلتەرناتیڤ و چۆنیەتی رێکخستنی ژیانی تاک بەتاکی هەژارەکان پێش دەوڵەمەندەکان کرد. لە دوایی ئەم لێدوانەی ماکرۆنەوە دیسان ناڕەزایەتییەکان درێژەی پێدرا. بۆ ماوەی چەندین ڕۆژی تر، بەڵام بە هێزی جەماوەری زیاترەوە. لە ئەنجامی ئەم خۆپیشاندانەی کە چەند رۆژە بەردەوامە، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا کریستۆف کاستانیر لەبارەی کوشتن و برینداربوون و گیراوەکان و ژمارەی بەشداربوانی خۆپیشاندەرانەوە وتی: تا ئێستا تەنها یەک ژن کوژراوە و ٤٠٩ کەسیش بریندار بوە کە برینی ١٤ کەسیان جێگای مەترسیە. ٢٨٢ کەسیش دەستگیر کراوە. لە بارەی ژمارەی خۆپیشاندەرانەوە وتی کە زیاتر لە ٢٨٨ هەزار کەس بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردوەو بەشێکیشیان بە شەوانیش درێژەیان بە خۆپیشاندان داوە کە ژمارەیان هەزارەها کەس بووە. شایەنی باسە بە گوێرەی راپرسیەک کە کراوە لە ٧٥٪ فەرەنسیەکان پشتگیری داخوازی خۆپیشاندەران دەکەن، بەڵام لەسەر شیوەی خۆپیشاندانەکە کۆمەلگەی فەرەنسی بوون بە دوو بەشەوە لە ٥٢٪ پشتیوانی شێوازی دەربرینی نارەزایەتیەکانن وە لە ٤٦٪ دژی ئەو شێوازەن. خۆپیشندەران بریاریان داوە کە بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان تا حکومەتی فەرنسی ئەو بریارە هەڵدەوشینیتەوە، یان دەبیت ماکرۆن دەست لەکار بکێشێتەوە. خۆپیشاندانەکە بە شەوانیش بەردەوامەی هەیە. ئیمانوێل ماكرۆن له‌ لێدوانێکیدا له‌باره‌ی خۆپیشاندانی ئێلەگ زه‌رده‌كان باسی له‌وه‌ كرد بوو كه‌ به‌بێ خسته‌سه‌ری باجی زیاده‌ به‌سه‌ر كۆمپانیاكاندا له‌   ٢٠١٩ ه ‌وه‌ مانگانه‌ ١٠٠ یورۆ بۆ كه‌مترین مووچه‌ زیاد ده‌كه‌ن. کورتەیەک لە گوتارەکەی ئێمانوێل ماکرۆن دەڵێت: – توڕەییەکی قووڵ لەناو کۆمەڵگەی فەڕەنسیدا هەیە پشتگوێی ناخەم. بەشی خۆم بەرپرسیاریی دەگرمە ئەستۆ. دەزانم لەوانەیە بە بەشێک لە قسەکانی ڕابردووم هەندێکتانم بریندار کردبێ. تاکسی زیاد کراوی سەر سوتەمەنی بەتەواوی و بە یەکجاری لابراون. کەمترین مووچە Smic بڕی 100 یۆرۆ مانگانە بەرز دەکرێتەوە.  لەم هەفتەیە لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیا گەورەکان و دەوڵەمەندەکان کۆدەبمەوە تا ئەوانیش بەشداربن لە باشکردنی گوزەرانی ئەوانەی پێویستیانە. داوا لە کۆمپانیاکان دەکەم، ئەوانەی دەتوانن، بەخشیشی کۆتایی ساڵ بدەنە مووچەخۆرەکانیان. زیاتر و خێراتر هەوڵ دەدەین کار بدۆزینەوە بۆ بێکاران. پێویستە ریفۆرمێکی سەرتاسەری ئەنجام بدەین. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە دیبەیتێکی نیشتیمانی هەیە کە هەمووان تێیدا بەشداربن، حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران و کۆمەڵگە و ڕێکخراوەکان. ئەو خانەنشینانەی مانگانە لە 2000 یۆرۆ کەمتر وەردەگرن باجیان زیاد ناکرێ، بڕیار بوو لە مانگی جانیوەری 2019 زیاد بکرێت. به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی ئاژانسی هه‌واڵیی ئانادۆڵ و، وه‌زیری ده‌وڵه‌تی فه‌ڕه‌نسا بۆ كاروباری دارایی، ئۆلیڤه‌ر دوسسۆپت ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ تێچووی ئه‌و بڕیارانه‌ی سه‌رۆك كۆمار، ئیمانوێل ماكرۆن ده‌ریكردوون هه‌شت بۆ دە ملیار یورۆیه‌. له‌ لێدوانێکی بۆ ته‌له‌ڤیزیۆنی BFMTV ، ئۆلیڤه‌ر دوسسۆپت باسی له‌وه‌كرد كه‌ تێچووی ئه‌و بڕیارانه‌ی ئیمانوێل ماكرۆن له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت كه‌ له‌باره‌ی هێلەگ زه‌رده‌كانه‌وه‌ ده‌ریكردووه،‌ هه‌شت بۆ دە ملیار یورۆیه‌ و كارده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن پشتیوانی دارایی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. له‌م نێوه‌نده‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كرا كه‌ ئیمانوێل ماكرۆن ئه‌مڕۆ و سبه‌ی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری بانك و كۆمپانیا گه‌وره‌كاندا كۆده‌بێته‌وه‌. سەرەڕای ئەوەش جوڵانەوەی ھێلەک زەردەکان لە راگەیەندراوێکدا رێوشوێنەکانی ماکرۆنیان رەتکردەوە و سوور بوون لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی داواکارییەکانیان کە خۆی لە 40 خاڵدا دەبینێتەوە. کە بەشێکیان ئەمانەن: (١- نابێ هیچ مرۆڤێک بێ شوێنی نیشتەجێ بوون بێت ٢- سەمایەدارو بازرگانەکان باجی زیاتر بدەن. . ٣-لانی کەمی کرێی مانگانە لە ١٣٠٠ یۆرۆ کەمتر نەبێ ٤-. سیستەمی سۆشیال هەمووان بگرێتەوە ٥- کۆتایی بە زیادکردنی باج لەسەر سوتەمەنی بهێنرێ ٦-. نابێ هیچ خانەنشینێك لە ١٢٠٠ یۆرۆ کەمتر وەربگرێ ٧- کرێی هەموو مرۆڤێکی فەرەنسی و هەروەها خانەنشینان دەبێ رەچاوی هەڵاوسان بکات و بەپێی هەڵاوسان زیاد بکات ٨-. دابینکردنی ئاسایشی کار. ٩-کەم کردنەوەی گرێبەستی کاتی و دیاریکراو لە کۆمپانیا گەورەکاندا.. ئێمە گرێبەستی کراوە یان هەمیشەییمان دەوێ ١٠-. کۆتاییهاتن بە لێبوردن لە باجی کۆمپانیا گەورەکان .. ١١-. کۆتایی هاتن بە سیاسەتی تقشف (سك هەڵگوشین). ١٢-. مامەڵەی کەیسی پەنەبارانی ناچارکراو بەشێوەی دروست و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون بۆیان. هەروەها پێویستە ئاسایش و خواردنیان بۆ دەستبەر بکەین و خوێندن بۆ مناڵەکانیان دابین بکەین. -١٣. باڵاترین مووچەی مانگانە لە ١٤ هەزار یۆرۆ زیاتر نەبێ. ١٥-. کار بۆ بێکاران دەستەبەر بکرێ…هیتد ئیمانۆیڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسایان لە سەرەتای دەست بەکاربونیدا لە کۆشکی ئێلیزێ، ماکرۆن کۆمەڵێک چاکسازیی ئەنجامدا، بەڵام نەیارەکانی ڕەخنەی ئەوەی لێدەگرن چاکسازییەکانی دەوڵەمەندەکانی دەوڵەمەندتر کردووە و چینی ناوەند و خوارەوەش ژیانیان سەختتر بووە. کەواتە لە قۆناغی ئێستای کۆمەڵگەی فەرەنسا بەرەو قۆناغێکی تازە ملدەنێ کە جیاواز بێت لەچەند مانگ لەمەوبەر ئەوش یان بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی فەرەنسا بەشێکی زۆر لە داواکارییەکانی خەڵکی ناڕازی وخۆپیشاندەران جێبەجێ دەکەن و شەقامەکان ئارام دەکەنەوە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بە دەستکەوت وسەرکەوتنەوە دەچنەوە ماڵەکانیان یاخود بە پێچەوانەوە بەدڵشکاوی و بە زەبەری هێز وبەڵێنی درۆینە وفێلبازانەو وچەواشەکارانە فرێودەدرێن وبەتوڕەبوونی زۆرەوە دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان. بەدڵنییایەوە کرێکارانی فەرەنسا ئەم جارەیان بە ئاسانی وازناهێنن لەبەئەوەی خواستەکەیان ڕەوایە وزۆرینەی خەڵکی فەرەنسیان لەگەڵدایە ڕۆژانی داهاتوو لەبەرژەوەندی کرێکاران وزەحمەتکێشاندا دەبێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٤٢ بەرواری ١٥/١٢/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*