Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 لێکدانەوەی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا!

لێکدانەوەی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا!

هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی تورکیا بووه‌ جێگای مشتوومڕو هەڵوێست وەرگرتنی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان نه‌ک ته‌نها له‌سەر ئاستی ناوخۆی تورکیا، بەڵکو‌ لەسەر ‌ئاستی ناوچەکەو جیهانیش لێکدانه‌وه‌و بۆچوون‌و هه‌ڵویستگیری‌ جۆراجۆری له‌خۆگرت.له‌م باره‌یه‌وه‌ لێکدانەوەی ئێمه‌ بەمجۆرەیە:
1.ئەو گۆرانکاریانە لە هاوکێشەی سیاسی و دەسەڵاتی بۆرجوازی لە تورکیادا بەدوای هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ئەمسالدا پێشهات، ئاکامی ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری سکولارو مۆدێرنی خەڵکە لە بەرامبەر سیاسەت‌ و هەنگاوەکانی حکومەتی پارتی دادوگەشەپێدان(ئەکەپە)و ئۆردوگان بۆ زاڵکردنی یاساو نەریت‌ و بنەمافکریەکانی ئیسلام بەسەر کۆمەڵگای مۆدێرنی تورکیا و دەوری ئەو حیزبە بوو لە هاوکاریکردنی هێزێکی دڕندەی ئیسلامی وەکو داعش. ئاکامی نارەزایەتی کرێکاران و زەحمەتكێشان بوو لەبەرامبەر قەیرانی ئابوری‌، بێکاری‌، هەژاری‌ و‌ هێرشەکانی حکومەتی ئەکەپە و ئۆردوگان بۆ بەرتەسکردنەوە و سەرکوتکردنی سەندیکا و رێکخراوە کرێکاریەکان‌ و سەندنەوەی دەسکەوتەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لەو ووڵاتە. ئاکامی نارەزایەتی ‌و توڕەیی سەرجەم خەڵکی ئازادیخواز بوو بەرامبەر بە نه‌خشه‌و پلانه‌کانی ئوردوگان ‌و حکومه‌ته‌که‌ی بۆ گۆڕینی دەستورو شێواز‌ی حوکمڕانی بەوجۆرەی کە بچوکترین ماف ‌و ئازادیەکانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتكێش‌ و ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کۆمەڵگا لەقاڵب بدات. ئەم نارەزایەتیانەی خەڵکی ئازادیخوازو کرێکاران لەماوەی ڕابرودا لە پارکی غازی‌ و لە ئایاردا لە مەیدانی تەقسیم لە ئەستەمبوڵ‌ نمایشی گەورەی خۆی کردو دڕندەیی پۆلیس‌ و دەزگا سەرکوتگەرەکانی حکومەتی ئەکەپەو دەوڵەتی بۆرژوایی تورکیای لەئاستێکی فراوان‌ و جیهانیشدا ئاشکرا کرد.هەروەها لەلایەنێکیدا ئاکامی مامەڵەی حکومەتی ئۆردوگان بوو لەگەڵ پرسی کێشەی کورد کە سەرەنجام بەشێکی دەنگدەرانی کوردزمان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا روویان لە ئەکەپە وەرگێڕاو دەنگیان بۆ پارتێکی سیاسی دا کە لەناو خێزانی ناسیۆنالیزمی کورد و وەکو باڵی سیاسی پەکەکە سەری هەڵداوە. بەم دەنگدانە خەڵکی تورکیا تۆڵەیان لە ئەکەپە کردەوە لەسەر ئەو سیاسەت‌و هەنگاوانەی. توانیان نەخشەیەك کە ئۆردوگان داینابوو بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی خۆی‌ و حیزبەکەیەدا، پووچەڵ بکەنەوە.
2. واقعیەتی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە چوارچێوەی پێداویستی هاتنەپێشەوەی ئالوگۆرێک لە مەوقیەت و دەسەڵاتی بۆرجوازی لە تورکیادا سەرچاوەی گرتبوو، ئەویش ئەوەبوو کە بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەکەپەوە، دوای دەورانێك لە گەشانەوەی ئابوری دوبارە ئابوری تورکیا ڕووی لە نشێوی کردەوە و ڕەونەقی پێشوو گۆڕدرا بۆ قەیران‌‌ و دابەزینی ئاستی گەشە و بێکاری ‌و گرانی ‌و قورسکردنی باری سەرشانی خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەت‌و زەحمەتکێشی ئەو ووڵاتە. بۆرژوازی تورکیا بە ئومێدی ئەوەی کەلەسەر دەستی ئەکەپەدا تورکیا بچێتەناو بازاڕی هاوبەشی ئەوروپاوە، وە ئەکەپەش لەو پێناوەدا کۆمەڵێك هەنگاوی هەڵهێنایەوە، کورسی حوکمڕانی دایە دەستی ئەکەپە، بەڵام بەسەرئەنجام نەگەیشتنی ئەو پرۆسەیە‌، زیاتر ئاراستەی سەرنجی حکومەتی ئەکەپەی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەراست گۆڕی‌، کە ئەم روو وەرگێڕانە دەوڵەتی تورکیای خستە سەر ئەوەی وەکو بلۆکێکی سیاسی –ئابوری لەناوچەکەدا جێگای خۆی قایم بکات. ئەمەش بەو ئاقارەدا ڕۆیشت کە قاچی تورکیا بخاتە ناو کێشمەکێشکی سیاسی ناوچەییەوە کە کۆمەڵێك بەرژەوەندی دیکەی ناوچەیی‌و جیهانی تێیدا کەوتونەتە بەرامبەر یەکتری‌. ئەوەبوو تورکیا کەوتە تەرەفی سعودیە و قەتەر لەبەرامبەر بلۆکی ئێرانداو قاچی خزایە ناو شەڕی ناوخۆیی سوریا. بەمجۆرە ئەو ئومیدەی حکومەتی ئەکەپە کە بەهۆی جێگاورێگای سیاسی‌و سەربازیەوە لەناوچەکەدا دەسکەوتێکی ئابوری بەدەست بێنێ، پوکایەوە‌و دەرگای بوژانەوەی ئابوری بەرەو داخران چوو وە تورکیای خستەوە بەردەم دوریانی قەیرانی ئابوری قولتر. ئەم بارودۆخە دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیای خستە ژێر پرسیاری جدیەوەو بوەهۆی ئەوەی کە قەیرانێکی سیاسیش لەسەر ئاستی دەسەڵات‌و شێوازی حاکمیەتی بۆرژوازی کە لە دەسەڵاتی ئەکەپەدا بەرجەستە بووبوو، دروست بکات و پاشەکەشە بە سیاسەتەکان‌و مەوقعیەتی ئەکەپە و ئۆردوگان لە هاوکێشەی سیاسی نیوان رەوت و هێزەکانی بۆرجوازی لەناوخۆی تورکیادا بکات. ئەوەبوو لەکێشمەکێشی هێزە سیاسیەکان‌و بانگەشەی هەڵبژاردنیدا ئەکەپە نەیتوانی سەرنجی دەنگدارانی بۆ وەڵام بە پێداویستی ژیان و گوزەرانیان راکێشن‌و ئایندەیەک لە گەشانەوەی ئابوری نیشان بدەن.چ ئەکەپەو چ هێزە سیاسیەکانی دیکەی بۆرژوازی لەتورکیا قورسایی پڕوپاگەندەی خۆیان بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر پرسە سیاسیەکان دانابوو. بەڵام سەرەنجام گرفت ‌و قەیرانی ئابوری بەناچاری لە دەورەی داهاتوودا قورسایی کێشەو ململانێی نێوان لایەنەکانی براوەی هەڵبژاردن داگیردەکات.
لەلایەکی ترەوە دوای تەوابوونی هەڵبژاردنەکەو سەرنەکەوتنی ئەکەپە لە پێکهێنانی کابینەی حکومەت بەتەنیا خۆی، دەرگای بەرووی کۆمەڵێك ئەگەری سیاسیدا کردۆتەوە، کە کاریگەری زۆرتر لەسەر بارودۆخی ئابوری ئەو ووڵاتە دروست دەکات. بەتایبەتی کە بۆرژوای تورکیا بەشوێن جێگیری سیاسی‌و حکومەتیدا دەگەڕیت‌و دواکەوتنی پێکهاتنی حکومەت دەبێتەهۆی دوودڵی‌و نیگەرانی بۆرژوازی‌، سەرەنجام ململانێێ نێوان هیزە سیاسەکانی ناو پەرلەمان زیاتر لەبەرامبەر کێشەو دۆخی نالەباری ئابوری و سیاسی ئێستای تورکیادا چەق دەبەستێ‌و دەبێ وەڵام بە پێداویستیە ئابوتی‌و سیاسیەکانی ئەم قۆناغەی بۆرژوازی تورکیا بدەنەوە!
3.ئەو حزب‌و لایه‌نه‌ سیاسیانەی لەم هەڵبژاردنەدا رکابەریان دەکرد بە گشتی ئەو هێزانەی بۆرژوای بوون کە بەسەر رەوتە سیاسیەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی، ناسیۆنال ئیسلامی تورکی‌و ناسیۆنالیزمی کورد بوون‌و هەریەکە بە ئەجندای سیاسی خۆیەوە هەوڵی دەدا کە لە دابەشکردنی دەسەڵاتدا بەشی خۆی بەربکەوێ‌و نەخشی خۆی وەکو هێزێکی سیاسی بۆرژوازی بەجێ بەگەینێت. لەناو ئەو هێزە تەقلیدیەکانی بۆرژوازیدا، هێزێکی دیکە بۆ یەکەم جار لە مێژووی هەڵبژاردنەکنی تورکیادا دێتە ناو کێشمەکێشی هەڵبژاردنەوە وەکو حیزبێکی سیاسی کە ئەویش حیزبی دیموکراسی گەلان (هە دە پە) یە. ئەم حیزبە وه‌کو حیزبی باڵی چەپی ناسیونالیزمی کورد وڕه‌وتێکی سیاسی کومەلایەتی بۆرژوازی کورد بەشداری لەو رکابەریەدا کردو توانی بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنێ کە ١٠%ی دەنگەکان بوو. بەوەش کاریگەری لە سەر کەمکردنەوەی دەنگەکانی ئاکەپە کرد، بەوهۆیەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بەشێکی دەنگەکانی ئەکەپە لەناوچە کوردنشینەکانی تورکیاوە هاتوە، کە ئەمەش بوەهۆی ئەوەی هاوسەنگی هێز بە زیانی ئاکەپە ئاڵوگۆڕ پێبکات.
ئەم قەیرانەی دەسەڵات‌ و مانەوەی کێشەی کورد بە هەڵواسراوی کە بڕیاربوو لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاگربەستی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکەدا کەبەناوی “پرۆسەی چارەسەری” ناودەبرا، بەجێگایەك بگات‌و بۆرژوازی کورد بەنوێنەرایەتی پەکەکە جێگایەکی لە بەشە دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیادا پێببڕێت، ئەو دەرفەتەی بۆ هەدەپە رەخساند کە سوود لەو کەلێنە وەربگرێت‌و بە پشتیوانی پەکەکە ئەمجارەیان بەشێوازی دەنگدان‌و بەشداریکردن لە پەرلەماندا وەکو حزبێکی سیاسی بواری کردەوە بۆ بەشداری بورژوا ناسیۆنالستی کورد لە دەسەڵاتی سیاسیدا. بەڵام بە جیا لەهەر بانگەشەو بانگەوازێک کە هەدەپە دەیکرد لە سەر مەسەلەی کورد و یەکسانی ژنان و پیاوان‌و وبەرگری لە مافی مەیلی سیکسی کەسەکان.. بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا، نەك ناتوانێ جێگاو ڕێگاو دەوری ئەو حیزبە وەک حزبێکی بۆرجوازی و ناسیۆنالست‌و دەورو نەخش‌و بەرنامەی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بۆرجوازی و پاراستنی سەرمایەداری لە تورکیا و وەستانەوەی لەبەرامبەر کرێکاران و زەحمەتکێشاندا ئاڵوگۆڕ پێبکات، بەڵکو لە نزیکترین کاتدا سیاسەت و رێکەوتنی بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا بۆ پاراستنی بەرژه‌وەندی سەرمایەداران و دەسەڵاتی بۆرجوازی و حزبەکەی خۆی بەو پەری دڵسۆزی و پەیگیریەوە ڕادەگەیەنێت و دەردەکەوێت. لەهەمانکاتدا هەدەپە ناتوانێ لەرێگەی پەرلەمان‌و بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسیدا ستەمی نەتەوەیی لەسەر خەڵکی کورد لە تورکیا کۆتایی پێبهێنێت‌ و کێشەی کورد چارەسەر بکات. چونکە بۆرژواز ناسیۆنالیستی کورد لە مانەوەی ستەم ‌و کێشەی نەتەوەیی بەهرەکێشی دەکات ‌و سوودی لێوەردەگرێت بۆ درێژەدا بە جێگاورێگای خۆی وەکو “نوێنەری نەتەوەی کورد” لەبەرامبەر نەتەوەکانی دیکەو هێزە سیاسیەکانی دیکەدا.
4. جێگاوڕێگاو نەخشی سیاسی هه‌دەپە لەم هەڵبژاردنەدا لەدرێژه‌ی هەمان ئاسۆی سیاسی‌ و هەڵسورانی سیاسی چەند ساڵەی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورددایە لە تورکیا کە پەکەکە و ئۆجەلان نوێنەرایەتیان کردووە. ئەو سەرکەوتن‌و دەنگانەش بەدەستی هێناون هەر لەهەمان جێگاورێگای سیاسی کۆمەڵایەتیەوە سەرچاوەیان گرتووەو درێژەی شەرو کێشمەکێشی نێوان بۆرژوا ناسیۆنالیستی تورک و کوردە، بەڵام ئەمجارەیان بەرەی سەرەکی شەڕەکە لە شاخه‌وه‌ دەگوێزێتەوە بۆناو پەرلەمان‌و بەشداریکردن لە دەسەڵاتی سیاسی ئەو وولاتەدا.ئەم سەرکەوتنەش نەک هیچ نزیکایەتی ‌و پەیوەندیەکی بەخواست‌ و ئامانجەکانی کرێکاران‌ و زەحمەتکێشان‌ و خەڵکی ئازادیخوازەوە نیە، بەڵکو ئەم بەشداریەی هەدەپە وەک هێزیكی سیاسی بۆرژوا ناسۆنالستی کورد لە دەسەڵاتی سیاسی تورکیا و لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی بۆرژوایی ئەو ووڵاتە لەو هێزە کۆنەپەرستانەی کە براوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانن، ناتوانرێ پێشبینی بەدیهێنانی هەلومەرچێکی لەباریشی لێبکرێت بە قازانجی خەبات ‌و نەبەردەکانی داهاتوی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش، بۆیە بانگەشە بۆ پشتیوانی لە هەدەپە تێنەگەیشتنە لە جێگاورێگای هەدەپە وەک هێزێکی بۆرژوازی پارێزەری سەرسەختی بەرژەوەندیەکانی بۆرژوازی و سیستەمی سەرمایەداری، لەهەمانکاتدا مانای بانگەوازکردنی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانی تورکیایە بۆ شوێنکەوتنی بەرژەوەندیەکانی هێزێكی بۆرژوازی‌ و بۆرژوازی کورد و چاوپۆشین لە بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی و لەئاکامدا چەواشەکردنی کرێکاران‌و بەلاڕێدابردنی خەباتی چینایەتی کرێکارانە.
5.هەڵوێستی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە مەسەلەی کوردو کۆتاییهێنان بە ستەمی میللی‌و چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، لەسەر بنەمای به‌رژه‌وه‌ندی سەرجەم چینی کریکاری تورکیا‌و پتەوکردنی گیانی هاوپشتی‌و هاوخەباتی چینایەتی کرێکاران‌و کۆتاییهێنان بە دابەشکردن‌و جیاکاری نێوان کرێکارانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە رادەوەستێت. بەرەچاوکردنی ئەم پرەنسیپە سەرەتاییەی کۆمۆنیزم، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لایەنگری ئەوەیە کە سیستەمی سیاسی‌و دەوڵەتی تورکیا دوور پێناسەی نەتەوەیی‌و لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان دابمەزرێت. بەپێچەوانەوە لەچوارچێوەی دەوڵەت‌و سیستەمێکی سیاسیدا کە پێناسەی نەتەوەیی هەبێت‌و جیاکاری نەتەوەیی دژی هاوڵاتیانی کوردی خۆی بەڕێوەبەرێت، تەنها رێگایەك بۆ چارەسەرکردن‌و کۆتاییهێنان بەو جیاکاری‌و ستەمە نەتەوەیی‌و ئەو خۆشکردنەی ئاگری رق‌و نەفرەت‌و دورەپەرێزی نەتەوەیی، گەڕانەوەیە بۆ رای خەڵکی کوردستانی تورکیا بۆ بڕیاردان لەسەر پەیوەندی سیاسی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا. ئەوەی کە واپیشان دەدرێ ئەم هەڵبژاردنەو چوونی هەدەپە بۆناو پەرلەمان ئەم مەسەلەیەش دەخاتە سەر رەوتی چارەسەری ئاشتیانە‌، نزیکایەتی لەگەڵ لێکدانەوەی مارکسیستی‌و کۆمۆنیزمی کرێکاریدا سەبارەت بە مەسلەو کێشەی میللی نیە.
6.سیسته‌می په‌رله‌مانی سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ خۆی سیسته‌مێک نیه‌ ده‌سه‌لات بدات به‌هاوڵاتیان، بەڵکو وەرگرتنی‌ پەنجەمۆری جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌رە بۆ شه‌رعیەتدان بە دەسەڵاتی بۆرژوازی‌و بەردەوامیدان بە کۆنترۆلی بۆرژوازی بەسەر ئایندەو چارەنوسی کۆمەڵگەوە. نوێنەرانی پەرلەمانی ئەمجارەی تورکیا وەک هەر دەورانێکی تر بە دوای هەڵبژاردنەکاندا نەک نوێنەرایەتی خۆشگوزەرانی و ئاڵوگۆر بە قازانجی کرێکاران و زەحمەتکێشان ناکەن، بەڵکو ئەمجارە نوێنەرانی پەرلەمان لەژێر ناوی نەتەوەو ئایندا دابەش دەبن‌، کەسەرەتای دەستپێکردنی لێکترازانی رەسمیی کۆمەڵگەی تورکیا دەبێت بە ناوی کورد و تورک و ئیسلام و..تاد.بەوجۆرە بێجگە لە کێشەو گرفتە ئابوریەکان، دەرگای کۆمەڵەکێشەیەکی دیکەی سیاسی بۆ کۆمەڵگای تورکیا دەکرێتەوە.
7.ئەم هەڵبژاردن‌‌‌‌ و پەرلەمانە نەک نوێنەرایەتی بەرژەوەندی کرێکاران ‌و زەحمەتکێشانی تورکیای نە کردووەو نایکات، بەڵکو دەورەیەکی تر لەهەوڵی تەواوی بۆرژوازی تورکیا بە ڕەنگە جیاوازەکانیەوە، بەرجەستە دەکات بۆ رێکخستن و پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی‌‌ و سیستەمی ئابوری بۆرژوازی لە تورکیا لە هەلومەرجێکی سیاسی کۆنەپەرستانە و نالەباری ناوچەکەدا و لە هەناوی کێشمەکێش و شەری نێوان قوتبە جیهانیەکان و ووڵاتانی ناوچەکەو بوونی هێزیکی درندەی وەک داعش، کە بە هەمویان دۆزەخێکیان بۆ ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچەکە داخستووە. ئەو ئالوگۆرانەی لە ئاکامی هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانەوە هاتونەتەپێشەوە تورکیای خستوەتە سەر رەوەندیکی سیاسی وکومەلایەتی هەمەلایەنە و ئالۆز.زامنی بەرگرتن بە هەر سیناریۆو پێشهاتێک کە بەزیانی خەلكی ئازادیخوازو کرێکاران و زەحمەتکێشان تەواو بێت، هاتنە مەیدانی نارەزایەتی بەرفراوانی جەماوەریە بۆ وەستانەوە لەبەرامبەرتەواوی ئەو سیاسەت و پیلانگێرانەی کە لایەنەکانی بەشدار لە پێکاهاتەی دەسەڵاتی سیاسی ئایندەدا پەیڕەوی دەکەن. هەر بۆیە ئاسۆو رێگایەک بۆ رزگاربونی چینی کرێکارو جەماوەی زەحمەتکێشی تورکیا بەگشتی لە هەلومەرجی پرکارەسات و نالەباری ئێستا نارەزایەتی و هەڵسان‌ و شۆرشی جەماوەریە لەبەرامبەر دەسەڵاتی بۆرژوازی ئەو ووڵاتە.
8.حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پشتیوانی لە خەباتی سیاسی سەربەخۆو ڕیزی بەرینی نارەزایەتی‌ کرێکاران ‌و زەحمەتکێشان ‌و خەڵکی ئازادیخوازو مۆدێرن و بزوتنەوەی کرێکاری‌و کۆمۆنیستی تورکیا دەکات‌ لەپێناو گەیشتن بە ژیانێکی ئازادو یەکسان‌و خۆشگوزەران‌ و کۆتاییهێنان بە دەورو نەخشی سیاسی هێزو بزوتنەوە کۆنەپەرستە ڕەنگاورەنگەکانی بۆرژوازی لە ڕاگرتنی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی ‌و هێشتنەوەی سیستەمی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری لەو ووڵاتەدا.هاوکات پشتگیری لەهەر هەوڵ‌ و بزوتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانە دەکات لە کۆمەڵگای تورکیادا کە بەئاقاری بەرینکردنەوەی ئازادی‌و مافەکانی کرێکاران‌ و زەحمەتکێشان‌ و کورتکردنەوەی دورودەخالەتی ڕەوتی کۆنەپەرستی ئیسلامی لە ژیانی سیاسی ‌و کۆمەڵایەتیدا تێدەکۆشێت.

21 /06/2015

About hkkk

Check Also

دابینکردنی ژیان و سەلامەتیی هاوڵاتیان تەنیا بە کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە مومکینە! …

هەواڵی نەمانی ئۆکسجین بۆ هەناسەدانی دەستکرد بۆ دەیان نەخۆشی تووش بوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە …