Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 یەکێتی لەگەڵ تاڵانچیان تاڵان و لەگەڵ خەڵکیش دادوبێداد دەکات!

یەکێتی لەگەڵ تاڵانچیان تاڵان و لەگەڵ خەڵکیش دادوبێداد دەکات!

رێبوار ئەحمەد

رۆژی ١١ی شوبات مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوای کۆتایهاتنی کۆبونەوەیەک کە هەموو باڵ و کاراکتەرە سەرەکیەکانی “بە چاکسازو خراپسازیانەوە” تیایدا ئامادەبون، راگەیەندراوێکی لەسەر چۆنیەتی چارەسەری دۆخی ئێستای کوردستان و قەیرانە خنکێنەرەکانی بڵاوکردەوە. لەم راگەیەندراوەدا چوار بڕیار وەکو ئاکامی “هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی دۆخەکە” و رێگاچارەی کێشەکان خراوەنەتەڕو. کاتێک ئەم بڕیارە ناکارامانە لەگەل دۆخەکە و کێشەکان بەراورد دەکەی، ئەو راستیە زەق و حاشاهەڵنەگرە خۆی دوپات دەکاتەوە کە بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد و حزبەکانی کوردایەتی، دەست و جعبەکانیان خاڵیەو هیچ رێگاچاریەکیان بۆ کێشەکانی خەڵک پێ نیە و هەر جۆرە چاوەڕوانیەکش لەوان جگە لە خۆشباڕەی و دواتریش کارەسات هیچ ئەنجامێکی تری نابێت. سیان لە بڕیارەکانی شایانی ئەوەنین بەهەند بگیرێن و قسەیان لەسەر بکرێت، چونکە هەر لیدانەوەی  بێ لەزەتی ئەو قەوانەیە کە بە لێشاو لە لێدوانی رۆژانەی حزبە بورژوازیەکاندا سەدبارە دەکرێنەوە، بەبێ ئەوەی نە لەلایەن بێژەران و نە لەلایەن بیستەرانەوە نرخی سەلکە تورێکیان هەبێت. بەڵام بەڕاستی یەک لەو بڕیارانە کە دەربارەی “پاشەکەوتی موچەیە” شایانی ئەوەیە سەرنجی بدرێتێ و قسەی لەسەر بکرێت.

یەكێتی لە کاتێکدا خۆی لایەنێکی سەرەکی حکومەتی هەڵوەشاوەی بنکەفراوان و تەنانەت خاوەن پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەم حکومەتە مایەپوچبوەیە، هەر بەم پێیەش شانبەشانی پارتی رۆلی سەرەکی گێڕاوە لە دەرکردنی بڕیاری نانبڕینی جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی بێدەرتانی کوردستان، کەچی دەیەوێ رۆڵی داوەرو خێرخوازێک لە نێوان دەسەڵاتی گەندەڵ و جەماوری ستەمدیدەو برسیدا بە خۆی بدات. گوایە لەو کۆبونەوەیەدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی جەختی لەوە کردوە کە ” داوا لەحکومەت بکرێ پیاچوونەوە بە پرۆژەی پاشەکەوتی فەرمانبەرو موچەخۆران، بەشێوەک کە ئەو توێژەی موچە کەممە، ھیچیان لێ کەم نەکرێتەوە. باقی موچە کەمکراوەکانیش، پیاچونەوەی بنچینەیی پێویستە”!! کەوایە ئەگەر یەکێتی خەمی نان و موچەی خەڵکی هەبێت و لەپاڵ خواستی خەڵک بەرامبەر ئەو بڕیارە قەرەقوشیەدا وەستابێت، ئەی ئاخۆ کێ خاوەنداری بڕیارەکەی ئەو وەزارەتخانەیەیە کە جێگری سەرۆک وەزیرانەکەی یەکێک لە سەرانی یەکێتی و کوڕی بنەماڵەی باڵادەستی ناو یەکێتیە؟! ئەگەر یەکێتی رەزامەندو لە پشتی ئەم بڕیارە نەبێت کە کۆمەڵگای روبەڕوی هەڕەشەی لێکترازان و نابوتی کردوە، کەوایە بۆ لەو وەزارەتخانە هەڵوەشاوەو مایەپوچە ناکشێتەوە؟ ئایا دەکرێت هەم دەسەڵاتداربیت و هەم ئۆپۆزیسیۆنمایی بکەی؟ دەکرێ لە ئاویش بدەیت و قولیشت تەڕنەبێت؟!!

گوایە موچەکان بۆیە بڕاون چونکە حکومەت پارەی لەبەردەستدا نەماوەو دوچاری قەیرانی دارایی بوە. بە دانپێدانانی بەرهەم ساڵەحی جێگری سکرتێری یەکیتش کە خۆی ئامادەی ئەم کۆبونەوەیە بوە، هۆی سەرەکی ئەم قەیرانە داراییە بەتاڵانبرنی ملیارەها دۆلاری ئەم کۆمەڵگایەیە لەلایەن بەرپرسان و کۆمپانیا تاڵانچیەکانی یەکێتی و پارتیەوە. راگەیەندراوەکەی یەکێتی دەڵێ ” داوا لەحکومەت بکرێ پیاچوونەوە بەپرۆژەی پاشەکەوتی فەرمانبەرو موچەخۆران، بەشێوەک کە ئەو توێژەی موچە کەممە، ھیچیان لێ کەم نەکرێتەوە. باقی موچە کەمکراوەکانیش، پیاچونەوەی بنچینەیی پێویستە”… بەلام کاتێک یەکێتی وەکو یەکێک لە حزبە تاڵانچیە سەرەکیەکان بە نیاز نەبێت دەست بۆ خەزێنە زەبەلاحەکانی خۆی بەرێت، تەنانەت مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەر دوای ئەم راگەیەندراوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی “یەکێتی هیچ پارەی خەزینەکراوی نیە”!! ئەی کەواتە باسی “پیاچونەوەی بنچینەیی” ماناو کەڵکی چیە؟ جگە لە  پەلەقاژە و هەوڵێک بۆ ئاو کردن بەسەر ئاگری توڕەیی جەماورو تێپەڕاندنی قەیرانەکە بە نرخی داشکاندنەوەی بەسەر جەماوەری بێدەرەتاندا.

ئەم راگەیەندراوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی جگە لە دوڕویەکی ئۆپۆرتۆنیستانە و لە راستیدا شاندانە ژێرباری تاوانێکی زیاتر دەرحەق بە خەڵکی کوردستان هیچی تر نیە. هەم لە دەرکردنی بڕیاری بڕینی قوتی خەڵک بەشداری دەکات و هەم فرمێسکی تیمساحی بۆ برسیەکان هەڵدەوەرێنێت! هەم لە تاڵان و بڕۆدا لە ریزی پێشەوەیە و هەم دەیەوێ وا نیشانبدات کە لەگەڵ خەڵکی ناڕازیدا بە دوای تاڵانچیاندا دەگەڕێت. هەر رۆژی دوای بڕیارەکە بوو کە ئازاد گۆرانی قسەکەری فراکسیۆنی سەوز هاوشان لەگەڵ قسەکەری فراکسیۆنی زەرد بە درێژایی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی، بە جۆش و رۆشەوە لەسەر باشی و ڕەوایی و دادپەروەرانەبونی ئەم بڕیارە ستەمکارانەیە  رۆیشتن بە مەبەستی ئەوەی بەسەر خەڵکدا تێیپەڕێنن. بەڵام دوای ئەوەی سەریان تەقی بە دیواری ناڕەزایەتی جەماوەردا، وەکو لایەنی سێەم لە نێوان دەسەڵات و خەلکدا خۆیان هەڵدەخەن و گوایە “داوای پیاچونەوەی بنچینەیی” بە بڕیارکەدا دەکەن! بەڵام پرسیار ئەوەیە لە کاتێکدا خەڵک روی دەمی لە سەرانی یەکێتی وپارتیە کاتێک بە ریزی دەیان هەزارکەسی دەڵێن … “جەنابانی تاڵانچی شەکرتان شکاندو بڕیارکەتان هەڵوەشیننەوە”، ئەی ئاخۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی روی لە کێ بێت کە “داوای پێداچنەوەیی بنچینەیی” دەکات؟!!

ئەمە بەراستی نمایشێکی فریوکانەیە کە لەگەڵ تاڵانچیان تاڵانی و لەگەڵ خەڵکیش بێدادی بکەی. وەکو بەشێک لە دەسەڵات بڕیار بۆ نانبڕینی خەڵک دەردەکەن و لەگەڵ خەڵکیش داوای “پیداچونەوەی” بڕیارەکە دەکەن! ئەمە بە ناحەق لای بەشێک لە جەماوەری ناڕازی بوەتە مایەی چەواشەکاری کە گوایە ئەوە تەنها پارتیە لە پشتی ئەم نانبڕین و تاڵان و بڕۆیەوە راوەستاوە. بەڵام هیچ راستیەک لەمەدا نیە، سەران و هەرە پێشەواکانی یەکێتی بە هەموو باڵ و کۆمپانیا زەبەلاح و گەندەڵەکانیانەوە، شانبەشانی سەران و هەرە پێشەواکانی پارتی و هەمو باڵ و کۆمپانیا زەبەلاح و گەندەڵەکانیان، لە تاڵان و برۆ و دەسەڵاتی گەندەڵ و میلیشایی، هەروەها لە بڕیاری نانبڕین و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکدا بەشدارو تاوانبارن و پێویستە بە هەمان شێوەی پارتی یەخەیان بگیرێت و بکەونە بەرامبەر نارەزایەتی جەماوەر.

هەڵبەت بەر لە یەکێتی، گۆڕان و بزوتنەوەی ئیسلامی و دواتریش یەکگرتوی ئیسلامی وەکو سێ لایەنی بەشدار لە دەسەڵاتی ئەم چەند ساڵە و بەرپرس لەو کارەساتەی بەسەر کۆمەڵگایان هێناوە، بە هەمان شیێوەی یەکێتی شانی خۆیان خاڵی کرد لە بەرپرسایەتی بەرامبەر ئەم دۆخەی هەمویان بەشدارن لە خوڵقاندنی. بەڵام سەرجەم ئەم نمایشانە رۆڵی ئۆپۆرتۆنیستی و پەلەقاژەن بۆ خۆ دەربازکردن لە بەرپرسایەتی بەرامبەر ئاکامی کارکردی دەسەڵاێیکی گەندەڵ و تاڵانچی بە ناوی حکومەتی نیشتمانی و بنکەفراوان کە هەر پێنج لایان تیایدا بەشدارو هەر پێنج لایان لە پیاهەڵدانی ئەم حکومەتەو فریودان و دەستەمۆکردنی خەڵک لە ئاستیدا، درێغیان نەکرد. ئێستا دوای بەتاڵانبردنی هەمو سەروەت و سامانی کۆمەڵگا، لە کاتێکدا کە جەماوەری ستەمدیدە بە ریزی فراوان لەدژی ئەم جەردەیی و ستەمکاریە هاتونەتە مەیدان و دەستیان ناوەتە یەخەی ئەم دەسەڵاتە، هەر لایەک دەیەوێ پاکانە بۆ خۆی بکات و خۆی لە توڕەیی خەڵک بپارێزێ. حکومەتی بنکەفراوانی نیشتمانی  لەو گۆڕەی کەوتوە  و کەس خۆی ناکات بە خاوەنی.

بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری پێویستە بە چاوێکی کراوەوە لە رۆڵی هەر یەک لەم لایەنانەی بەشدار لە دەسەڵاتی ئەم چەند ساڵە بڕوانێ. ئیتر بوارێک بۆ فریوکاری نەماوە. سەرجەم ئەم لایەنانە ئیمتحانی خۆیانداوە، نەک هەر هیچیان تۆزقاڵێک نوینەرایەتی خواست و بەرژوەندی خەڵک ناکەن، بەڵکو هەر هەمویان لە خولقاندی ئەم قەیرانە خنکێنەرانە بەشدارن. کێشە و ناکۆکیەکانی ئێستاشیان هیچ پەیوەندی بە خواست و بەرژەوەندیەکانی خەڵک و قوتی خەڵکەوە نیە، ئەوان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتی سەرو خەڵکی و داهاتی بەتاڵانبراو شەڕو کێشەیانە. ئیتر زۆر درەنگی کردوە بۆ توڕهەڵدانی خۆشباوەڕی بەم حزبانە و نمایشەکانیان. پێویستە لە یەک کاتدا یەخەی هەمو حزبەکانی بەشدار لە حکومەتی بنکەفراوانی نیشتمانی بگیرێت، لە پێشی هەموانەوە یەکێتی و پارتی.

کۆتایهێنان بەم دۆخە نالەبارە هاتنەمەیدان بە ریزێکی فراوان و سەربەخۆ لە سەرجەم ئەم حزب و لایەنە بۆرژوا ناسیۆنالیستی و ئیسلامیانە دەخوازێ، پێداگری توند و شێلگیرانە لەسەر داخوازیەکان دەخوازێ، خۆسازدان و رێکخراوبون لە دەوری شوراکان و بەدەستەوگرتنی چارەنوسی خۆ دەخوازێ. ئەمە شاڕێی دەرهێنانی کۆمەڵگایە لە دۆخی پڕمەترسی ئێستا و کۆتایهێنان بە گەندەڵی و تاڵانچێتی.  وەکو مارکس دەڵێ گوڵ لێرەیە و دەبێ لێرە سەما بکرێت.

١٦ی شوباتی ٢٠١٦

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *