Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 8ی مارس رەمزی خەباتە دژی ستەم و نایەکسانی دژ بە ژنان!
8ی مارس رەمزی خەباتە دژی ستەم و نایەکسانی دژ بە ژنان!

8ی مارس رەمزی خەباتە دژی ستەم و نایەکسانی دژ بە ژنان!

8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕۆژی خه‌بات و تێکۆشان وهاتنه‌مه‌یدانی بزوتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازیه‌ له‌دژی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌و جیاکاری دژ بە ژنان، ڕۆژێکه‌ ‌ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، وه‌ک به‌شێک له‌خه‌باتی  چینی کرێکارو بێبه‌شان وچەوساوه‌ی کۆمه‌ڵگا، بۆ گه‌یشتن به‌ کۆمەڵگایه‌کی ئازادو یه‌کسان،  یه‌خه‌ی سەرمایەداران و ده‌سەڵات و نیزامه‌که‌ی ده‌گرن.

ژنانی کوردستان له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆرژوازی کوردو حزبه‌کانیدا، نزیک به‌سێ ده‌یه‌یه‌، له‌وپه‌ڕی بێمافی و جیاکاری و توندوتیژی وسه‌رکوت وبێڕی پێکردن دا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. وێرای ئه‌وه‌ی ‌جه‌نگ و نائارامی وقه‌یرانه سیاسی و ئابوری وحکومه‌تیه‌کانی ئه‌م چینه‌ زۆرترین قوربانیه‌کانی خۆی له‌ژنان و مناڵانی کوردستان وەرگرتوە، وێرای ئه‌وه‌ی ‌‌ژنانی کوردستان بێبه‌رین له‌یاسایه‌ک که‌ماف و ئازادیه‌ سیاسی و فه‌ردی و کۆمەڵایه‌تیه‌کانیان به‌ره‌سمی بناسێت، ‌له‌ڕووی ئابوریه‌وه‌ گیرۆده‌ی ئاستێکی به‌رزن له‌بێکاری وهه‌ژاری. ته‌نانه‌ت دایکان و ژنانی مناڵه‌به‌رهیچ جۆرە ماف و ئیمتیازێکی تایبەتیان نیە. ژنانی کرێکارو فه‌رمانبه‌ر له‌چاو پیاواندا له‌کرێ و هه‌قدەست و مووچەی خانه‌نشینیدا، جیاکارییان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێ. گه‌لێك جاریش له‌سه‌ر کاره‌کانیان ڕووبه‌ڕووی هەرەشەی دەرکردن و گێچەڵ و ده‌ستدرێژی سێکسی ده‌بنه‌وه‌. له ‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش زیاتر ده‌سەڵاتدارانی کوردستان، به‌ په‌نابردنیان بۆ ئیسلام و شه‌ریعه‌ته‌که‌ی وتێکه‌ڵکردنی به‌یاساو بڕیاره‌کانی به‌رێوه‌بردنی کۆمه‌لگا، له‌لایه‌ك ژێرده‌سته‌یی وجیاکاری وتوندوتیژی له‌دژی ژنانیان له‌هه‌مووئاسته‌کانی کۆمه‌لگادا ڕاگرتووه‌، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ده‌ستی پیاوانی ئاینی ئاوه‌ڵاکردوه‌ ‌به‌ئاشکراو له‌میدیاکانه‌وه‌ سوکایه‌تی به‌ژنان بکه‌ن و بۆگه‌ناوی پیاوسالاری و تەوژمی توندوتیژی لە دژی ژنان په‌ره‌پێبده‌ن.

په‌سه‌ندکردنی یاسای فره‌ژنی له‌په‌رله‌مانی کوردستان، نه‌ک هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌کی ڕۆشنه‌ بۆ جیاکاری وسوکایه‌تیکردن به‌ئینسانی ژن، به‌ڵکو سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌ که‌سه‌رتاپای سیسته‌می حوکمڕانی وداموده‌زگاکانی له‌جۆری په‌رله‌مان و حکومه‌ت و دادگاکان، له‌سه‌ربنه‌مای دژی ژن بوون وکۆیله‌یه‌تی ئینسانی ژن، کۆمه‌ڵگای کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. بێگومان له‌ئاکامی هه‌موو ئه‌م دۆخه‌دایه‌ که‌تێرۆر و‌کوشتاری ژنان به‌ده‌ستی براو باوك و مێرد، ناچارکردنیان به‌خۆسوتاندن، گیرۆده‌بوون به‌ده‌یان نه‌خۆشی ده‌رونی وته‌حه‌مولکردنی شێوازه‌کانی توندوتیژی خێزانی، وه‌ک جه‌نگێکی کۆمەڵایه‌تی به‌فراوان ڕووبه‌ڕووی ژنانی کوردستان بوەتەوە. جه‌نگێک که‌تائێستا ژماره‌ی قوربانیه‌کانی چه‌ندینجار له‌قوربانیه‌کانی هەڵه‌بجه‌و کیمیاباران وئه‌نفال زیاتره‌‌.. به‌م پێیه‌ش رووداوه‌کان و هه‌مو ئه‌و کاره‌سات و تراژیدیایه‌ی که‌مێژووی ده‌سەڵاتدارێتی بۆرژوازی کوردو سیسته‌مێکی حکومڕانی که‌حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی ‌ژیانی ژنانیان پێ له‌قاڵبداوه‌‌، ڕێگایه‌کی تر ناخاته‌ به‌رده‌م جوڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازی ژنانی کوردستان جگه‌له‌وه‌ی که‌ کۆتاییهێنان به‌م ده‌سەڵاته پیاوسالاریه‌و به‌م سیستمه‌ دژی ژنه بکاته‌ یه‌که‌مین ئه‌رکی هه‌رئێستای خۆی. راستیه‌کانی سێ ده‌یه‌ی رابردووی ژیانی ژنان لە کوردستان ئه‌وه‌ی سه‌لمانددوه‌ که ‌به‌ده‌ستهێنانی که‌مترین خواست و ماف، که‌مترین گۆرانکاری و باشبژێوی به‌قازانجی ژیان وئازادیه‌کانی ژنان لەچوارچێوەی دەسەلات و سیستەمی حوکمڕانی ئیستادا، له‌توانادا نییه‌.

٨ی مارسی ئه‌مساڵ، له‌کاتێکدا که‌ ‌ڕووداوه‌کانی دوای ١٦ ئۆکتۆبه‌ر حزبه‌ بۆرژوا ناسیونالیسته‌کانی له‌گه‌ڵ شکست و بنبه‌ستێکی سه‌رتاپاگیردا به‌ره‌وڕووکردۆته‌وه‌ و‌ خەڵکی کوردستانی له‌چاوه‌ڕوانیه‌کی سیاسی و بێئاسۆییدا راگرتووه‌. ئەمە بە ناچاری ژنان و بزوتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی بانگه‌وازده‌کا‌ت بۆئه‌وه‌ی وه‌ک به‌شێک له‌جوڵانه‌وه‌یه‌کی سیاسی وجه‌ماوه‌ری شۆڕشگێرانه‌ ده‌رکه‌وێت. جوڵانه‌وه‌یه‌ک که‌کۆتاییهێنان به‌ده‌سەڵات و سیسته‌می حوکمرانی ئێستای کردۆته‌ یه‌که‌مین ئه‌رکی سه‌رڕیگای هێنانه‌دی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازادو یه‌کسان و خۆشگوزه‌ران. ژنان و پیاوانی کوردستان له‌جه‌رگه‌ی خه‌بات بۆ وه‌لانانی ده‌سەڵاتی ئێستاو هێنانه‌کایه‌وه‌ی ده‌سەڵاتدارێتی راسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ریی و‌شورایی، دامه‌زراو له‌سه‌ربنه‌مای سکولاریزم وئازادی و یه‌کسانی ومافی هاوڵاتی بوونی یه‌کسان بۆهه‌موان، ئه‌توانێ کۆتایی به‌ده‌ردو مەینەتەکانی سه‌رشانی ژنان بهێنێ و به‌کرده‌وه‌ش ئیراده‌و حورمه‌تی ئینسانییان بۆ بگێڕیته‌وه‌.

ئه‌مساڵ ده‌بێ ٨ی مارس بۆ هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌ی ژنان و یه‌کسانیخوازی، وه‌ک به‌شێکی گرێخواردوو به‌ خه‌بات وتێکۆشان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئێستای کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران و لاوان وئازادیخوازان له‌دژی ده‌سەڵات، بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی چاره‌نوسی کۆمه‌ڵگای کوردستان پێ بنێتە مه‌یدانه‌وه‌. که‌وایه‌ با ٨ مارسی ئه‌مساڵ به‌توندکردنه‌وه‌ی خه‌باتی ژنان و پیاوان بۆ ئازادی و یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژن وپیاو، خه‌بات بۆ کۆتایهێنانی پیاوسالاری و کویله‌یه‌تی ئینسانی ژن، خه‌بات بۆ سکولاریزم و کۆتاکردنی ده‌ستی ئیسلام و شه‌ریعه‌ته‌که‌ی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا، به‌خه‌بات بۆ به‌ده‌سته‌وگرتنی کۆمه‌ڵگا پێشوازی لێبکه‌ین.

با ٨ی مارسی ئه‌مساڵ بکه‌ینه‌ ڕۆژی سازدانی کۆڕوکۆمه‌ڵ و گردبوونه‌وه‌ له‌ناوه‌ندی شاره‌کان، له‌ فەرمانگەو زانکۆکان، له‌گه‌ڕه‌ک و کارگه‌کان. با ده‌نگ هه‌ڵبرێن و ڕابگه‌یه‌نین، به‌سیه‌تی سته‌مکێشی و بێمافی و نایەسکانی دژی ژنان! به‌سیه‌تی پیاوسالاری و کۆنه‌په‌رستی! بژی یەکسانی هە مەلایەنەی ژنان و پیاوان، بژی٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان.                    

   حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان /  مارسی ٢٠١٨

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*