|
سەرنووسەر لهئۆکتۆبهری ژماره 2
یەکی ئایار ڕۆژی یەکێتی و هاوپشتی
نێونەتەوەیی کرێکاران بەڕێوەیە. ئەمساڵیش هەروەکو ساڵانی ڕابردوو
هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستەکان، یەکێتی و
نەقابەو ڕێکخراوە جەماوەری و کریکاری و ڕادیکاڵەکان، لەسەراسەری ئەم
گۆی زەویەدا بێگوێدانە ئەوەی لە کوێ لەدایک بوون، و سەربەچ میللەتێکن،
وە بێگوێدانە دورونزیکیان لەگەڵ یەکتری، بێگویدانە ئەوەی بە چ زمانێک
قسەدەکەن و چ دینێکیان هەیە یان هیچ دینێکیان نییە، و سەربەچ ڕەگەزو
جنسێکن، هەڵگری چ مەزهەبێکی ناو دینە هەمەچەشنەکانن. خەریکی خۆ
ئامادەکردنن بۆ پێشوازی لەیەکی ئایار. ئەوەی کە هەموویان کۆدەکاتەوەو
لەیەکاتدا خەریکی ئامادەکاری و نەخشە داڕشتنن بۆ پێشوازی لەیەکی ئایارو
وەرخستنی ئاکسیۆنە ئایاریەکان بە شێوەی جۆراوجۆر، هاوچارەنوسی و
بەرژەوەندی و هاوبەشی کریکارانەو ئامانجیش نیشاندانی توانای چینی
کرێکارو ئاستی خەباتەکەیەتی، و هێنامەیدان و نیشاندانی ئەم توانا
غولئاسایەی چینی کرێکارە، کە هەوەخت ئیرادەبکات و دەتوانێ سەراپای ئەم
نیزامە لە بێخەوە هەڵبکێشێ و کۆتایی بە نیزامی زاڵمانەی سەمایەداری
بهێنێ.
ئەمسال 122 ساڵە یەکی ئایارو رێزگرتن لەم رۆژە چ بەوێنەی جەژنێکی
جیهانی کرێکاری و چ بەویًَنەی ڕۆژی وەستانەوە بەرووی زوڵم ستەمی نیزامی
سەرمایەداریدا بۆتە سونەتێکی جێکەوتووی بزوتنەوەی کرێکاری. لەهەر
شوێنێک کرێکار هەیە، کە لەهەموو شوێنێک و هەموو گۆشەو کەنارێکی ئەم
خرۆکەی زەویەدا هەیە، لەهەرشوینێک ناڕەزایەتی کرێکاری هەیە بە سیستەمی
زاڵ، کە لەهەموو پانتایەکی دنیاو لەهەموو بوارەکانیدا هەیە، یەکی
ئایارو ڕێزگرتن لەم ڕۆژەش بەشێوازی جۆراوجۆر هەیە، کەهەموویان تەعبیرن
لە "نا" ووتن و دەنگ هەڵبڕین بەڕووی بێمافی و زوڵم و ستەمی هەزارسەری
نیزامی کۆیلەهێنەری سەرمایەداریدا.
لە کوردستانیش ڕابەرانی کرێکاری و کۆمۆنیستەکان، دەمێکە لەپاڵ
هاوچارەنوسەکانیان لەدنیادا، سونەتی ڕێزگرتن لەیەکی ئایارو وەڕخستنی
ئاکسیۆنە ئایاریەکانیان کردۆتە سونەتێکی جێکەوتوو، دیارە بۆرژوازی
لەعێراقدا بەگشتی و لەکوردستانیش بە شێوەیتر هەوڵیان داوە یەکی ئایار
لەناو بۆتەو بۆنەی قەومی نیشتیمانیدا نقوم بکەن، بۆ ئەم مەبەستە چەندی
ڕێکخراوەو نەقابەی زەردیان قوتکردۆتەوە، بەڵام تائێستا هەوڵەکانیان
بێهودە بووەو یادکردنەوەی یەکی ئایار بەوێنەی ڕۆژی نارەزایەتی بەرامبەر
بە زوڵم بێمافیدا، بۆتە ئەو ڕەمزەی کەس ناتوانی فەرامۆشی بکات.
یەکی ئایاری ئەمساڵ لەکوردستان لە هەلومەرجێکی تەواو جیاواز لە چاو
ساڵانی ڕابردوو بەڕێوەیە،
لەلایەکەوە هەوڵی گێڕانەوەی کوردستان و بۆ ژێرسایەی دەسەڵاتێکی
تاسەرمۆخ کۆنەپەرستی قەومی و دینی لە مەرکەز بەتوندی لەئارادایە و
بزوتنەوەی قەومی کوردیش کە ئامانجەکانی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە دێتەوە،
تەنانەت بەشێکە لەو دەسەڵاتە، بەشێکی سەرەکی ئەم هەوڵەیە، هەوڵێک نەک
بەقازانجی چینی کرێکاری کوردستان، بەڵکە تەواو پێچەوانەی خواست و
بەرژوەندیەکانیەتی. هاوکات بزوتنەوەی ناسیونالستی کورد لەهەمیشە زیاتر
ڕوبەڕووی ناڕەزایەتی فراوانی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش و بزوتنەوەی
ناڕەزایەتیەکانیەتی. کێرفی ئەم بزوتنەوەیە نەک تائەوپەری هاتۆتە
خوارەوە بەڵکە وەکو بزوتنەوەیەکی مافیایی و گەندەڵ و تاڵانجی وەسف
دەکرێت.
ئەم دەسەڵاتە لەکوردستان، چینی کرێکاری نەک لەمافە زۆرسادەکانی بێبەش
کردووە، بەڵکو تائێستا بە پێی یاسای بەعسی گۆڕبەگۆڕ کرێکار لای مۆزەف"
فەرمانبەر"!!ە. هیچ یاسا کارێک نییە کە پاریزگاری لەخواست و
داواکاریەکانیان بکات. گرانی بازار دیکتاتۆرێکی قێزەونی بەعس ئاسایە بۆ
گوزەران کردن، گەندەڵی بەر لەهەرکەس و توێژێکی کۆمەڵگا شیلەی گیانی
کرێکاران هەڵدەلوشێ و کۆمەڵگای داگرتووە، بێکاری بێداد دەکات، کرێ
لەوپەری ئاستی نزمیدایە، ئەمنیەتی کار ئاسەوارێکی نییە، شدەتی کار
بێداد دەکات، و ساڵانە بەسەدان کرێکار لە ئاکامی نائەمنی شوێنی کارو
شدەتی کاردا، دەبنە قوربانی قازانج پەرستی سەرمایە.
بیناو کۆشک و تەلارەکان لەپاڵ سەرمایەی سەرمایەداراندا زیادەکات و بۆ
ئاسمان هەڵدەچن، کەچی کرێکارانێک کە بەهێزو کاری ئەوان بێنادەکرێن و
دەنەخشێنرن و پڕدەکرین لەکاڵای ئاڵاو واڵا کەئەمانیش هەر لەلایەن
کرێکارنەوە دروستکراون، کەچی خۆیان ڕۆژبەڕۆژ بێبەشتر و هەژارتر دەبن.
ئەمەیە نیزامی پێچەوانەو و کۆمەڵگای لینگەو قوچ. یەکی ئایار ڕۆژی
نارەزایەتیە بەم کۆمەڵگا سەرەوخوارو مشەخۆرو زاڵمانەیە.
کرێکارانی کوردستان و ڕابەرانی کرێکاری، لەم ئایارەدا ڕوبەرووی هێنانە
مەیدانی زۆر خواست و داواکاری سەرەکین، لەوانە هێنانی یاسایی کاری
پێشرەو، ئازادی مانگرتن و ڕێکخراوبوون و خۆپیشاندان، بەڵام هاوکات
لەگەڵ ئەمانەدا خواستی زۆر میحوەری و دواخستن هەڵنەگر بریتیە لەخواستی(
چوونە سەری کرێ یە پێ بەپێ گرانی بازاڕ، دابین کردنی کار یان بیمەی
بێکاری بۆ کەسانی ئامادە بەکار، وەستانەوە بەڕووی گەندەڵی و تاڵانیدا).
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، نەک هەر پشتیوانی لەم خواستانەی
کرێکارانی کوردستان ئەکات، بەڵکە لە ڕیزی پێشەوەو خەباتکاری وەدیهینانی
ئەم داخوازیانەی کرێکارانە.
بژی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی چینی کرێکاری جیهانی
|