قانوونى یەکسانیى ژن و پیاو
( ئەلتەرناتیڤێک لەجێگاى قانوونى ئەحواڵى شەخسیی)
حوکمە گشتییەکان:
1- قانونەکانى ئەحواڵى شەخسی، کەلەشەریعەتى ئیسلامەوە ئیلهامى وەرگرتووە،
لەسەربنەماى پلەدوویى و ژێردەستەیى ژنان داڕێژراوە. بۆ بەدیهێنانى یەکسانى لەنێوان
ژنان و پیاواندا و بۆ دەستەبەرکردنى مافە ئینسانى یەکانى ژنان لەکومەڵگادا، ئەم
قانوونانە هەڵدەوەشینەوە و دەبێ بۆ دەورانێک لەلایەن دەوڵەت و دام و دەزگا
پەیوەندیدارەکانەوە دەست بدرێتە خەباتى چالاکانە بو لابردنى تەئسیراتێک کەئەم
قانوونە کۆنانە لەسەرکومەڵگا بەجێی هێشتووە.
2- قانوونى یەکسانى ژن و پیاو بەتێروانینێکى یەکسانەوە مامەڵه لەگەڵ ئینسانەکان
دەکات چ ژن بن چ پیاو . یەکسانى تەواوى نێوان ژن و پیاو قانوونێکى ڕەسمى وولاتەو
تەواوى بەندەکانى ئەم قانوونە پشت ئەستوورە پێى.
3- دەبێ لەلایەن دەوڵەتەوە هەیئات و لیژنەى تایبەت پێکبهێنرێت و هاوکات هانى
دامودەزگاى نادەوڵەتییەکان بدات بۆ چاودێرى کردنى یەکسانیى نێوان ژنان و پیاوان و
لێپرسینەوە لەو کەسانەى سەرپێچى بەندەکانى یاساى یەکسانیى ژن و پیاو دەکەن و
مامەڵهى نایەکسان لەگەڵ ژنان و پیاواندا، بەرێوە دەبەن.
4- بەندەکانى ئەم قانوونانە لەسەر هەموو هاوولاتیان پەیڕەوى دەکرێت .
تێبینى: ئاڵوگوڕپێدان و زیاد کردنى هەربەند و مادەیەکى قانوونى بۆ ئەم قانوونانە،
دەبێ بەتەواوى لە ڕوانگەى یەکسانى هەمە لایەنەى ژنان و پیاوانە دابڕێژرێت و بۆى نیە
پێچەوانەى ئسوڵى یەکسانى تەواوى مافەکانى نێوان ژن و پیاو بێت.
بابى یەکەم: زەواج:
فەسڵى یەکەم: پێناسەى زەواج.
مادەى یەکەم/ زەواج رێککەوتنێکى ئازادانەى ژن و پیاوە کە ئامانج لێی دروستکردنى
پەیوەندییەکە بۆ ژیانى هاوبەش.
مادەى دووەم/ تەسجیلکردنى زەواج لەدائیرەیەکى دەوڵهتى( کاتب عدل) یان دانانى
وەرەقەیەک بۆ تەسبیتکردنى زەواجەکە، کافییە بۆ ڕەسمیەت وەرگرتنى زەواجى دوو کەس.
مادەى سێیەم/ هیچ پیاوێک بۆى نییە لەیەک کاتدا زەواج لەگەڵ ژنێک زیاتردا بکات.
مادەى چوارەم/ هیچ جۆرە دەست تێوەردانێک و زەخت و زۆر و فشارێک نابێ ببێت لە زەواجى
هەر دووکەسێکدا.
مادەى پێنجەم/ تەمەنى 16 ساڵی بۆ زەواجى کوڕان وکچان تەمەنێکى قانوونییە. زەواجى
ژێر تەمەنى قانوونى قەدەغەیە.
مادەى شەشەم/ دین، نەتەوە، ڕەگەز، زمان، ڕەنگى پێست، تەبەعەبوون، نابێت ڕێگربێت
لەبەردەم زەواجى ئارەزوو مەندانەى هەردووکەسێکدا.
فەسلى دووەم:
بەتاڵبوونەوەى عەقدى زەواج:
مادەى حەوتەم/ ئەو زەواجە بەتاڵه ئەگەر زۆر لێکردنى تێدابێت. هیچ کەس بۆى نییە
دەست وەربدات لەزەواجى هەر دووکەسێکدا و بەزۆر فشاربهێنێت بۆ بەستنى زەواج.
مادەى هەشتەم/ ئەگەر پیاوێک ژنێکى هەبێت قبوڵ نییە زەواج لەگەڵ ژنێکى تردا بکات.
زەواجى ئەم جورەکەسانە بەتاڵ و پێچەوانەى یاسایە.
مادەى نۆیەم/ زەواجى ئەو کەسانە بەتاڵه کەمەرجەکانى مادەى 2،3،4،5، یان ژێر
پێناوە. ئەوانەى بەم کارە هەڵدەستن لەبارى یاسایییەوە لەگەڵ سزا بەرەو ڕوودەبنەوە.
بابى دووەم: ئەرک و ماف لەزەواجدا:
مادەى دەیەم/ دانانى هەر نرخێک بەرانبەر بەزەواجى هەردوو کەسێک لەژێر هەر ناوێکدا
بێت قەدەغەیە.
مادەى یانزەهەم/ بەو پێیەى زەواج سازدانى پەیوەندییەکە بۆ ژیانێکى هاوبەش،
بەڕێوەچوونى دەکەوێتە سەرشانى هەردوو کەسەکە.
مادەى دوانزەیەم/ ژن و پیاو هەردووکیان سەرپەرشتى خێزان دەکەن بەیەکسانى.
مادەى سیانزەیەم/ هەرچى کەلوپەلى ناوماڵ و دارایى هەیە موڵکى ژن و پیاوە بەیەکسانى.
مادەى چواردەیەم/ لێدانى ژن لەلایەن پیاوەوە قەدەغەیە.
بابى سێهەم: جیابوونەوە:
مادەى پانزەیەم/ ژن و پیاو ئازاد و یەکسانن لە جیابوونەوەدا.
مادەى شانزەیەم/ بۆ بەریوەبردنى جیابوونەوەى ژن لەمێرد دەتوانن موراجەعەى باحسی
ئیجتماعى بکەن بۆ ماوەى 2 مانگ.
مادەى حەڤدەیەم/ ژن لەدواى جیابوونەوە لەمێردەکەى، یاخود دواى مردنى، بێقەید و شەرت
، ئازادە لەوەى کەراستەوخو زەواج بکاتەوە.
بابى چوارەم: پەیوەندى مناڵ لەگەڵ دایک و باوک:
فەسلى یەکەم: نەسەبى مناڵ.
مادەى هەژدەیەم/ دایک و باوک ئازادن لەوەى کە ناوى مناڵهکانیان لەسەرکامیان
دابنرێت.
مادەى نۆزدەیەم/ دانانى ناوى مناڵ و نەسەبەکەى بەڕێکەوتنى دایک و باوک لەسەر
یەکێکیان دەبێت لەکاتى نەبوونى توافق لەنێوان دایک و باوکدا، ناوى مناڵ لەسەر دایکى
دەبێت.
مادەى بیستەم/ ئەو منالانەى نەسەبیان وونە (دیارنییە) کەسانى تر دەتوانن تەبەنییان
بکەن، واتە ناوەکانیان بخەنەسەر خۆیان.
مادەى بیست و یەکەم/ ئەو منالانەى نەسەبیان وونەو کەس تەبەنییان ناکات، مناڵى
کومەڵن و تەنها بەناوى خۆیانەوە ناو دەنرێن.
فەسڵى دووەم: سەرپەرشتى کردنى مناڵ.
مادەى بیست و دووەم/ لەحاڵەتى زەواجدا ژن و مێرد هەردووکیان بەرپرسن لەبەخێوکردنى
مناڵ بەبێ جیاوازى.
مادەى بیست و سێیەم/ لەحاڵهتى جیابوونەوەدا دواى تێپەربوونى ساڵێک بەسەر تەمەنى
مناڵەکەدا، ئەگەر شیرەخۆرە بوو بەپێى ڕازى بوونى هەردوولا و بەلەبەرچاوگرتنى
ئیمکانات بەخێوکەرى مناڵەکە دیارى دەکرێت.
مادەى بیست و چوارەم/ هەریەک لەدایک و باوک ئەگەر مناڵەکەى لانەبێت مافى
چاوپێکەوتنى بەردەوامیان هەیە.
مادەى بیست و پێنجەم/ بڕیاردان لەسەر گێڕانەوەى مناڵ بۆ دایک یان باوک لەحاڵەتى
جیابوونەوەدا، لەکاتى نەبوونى مەرجەکانى بەخێوکردنى مناڵدا، ئەوا لەسەر باحسی
ئیجتماعى دەوەستێت.
مادەى بیست و شەشەم/ ئەوژنانەى کەبەبێ زەواجکردن دەبنە خاوەنى مناڵ مافى
دایکایەتییان هەیهو مناڵەکەشى تەواوى مافەکانى مناڵ دەیگرێتەوە.
مادەى بیست و حەوتەم/ مافى مناڵ لەباربردن بەدەستى ژنان خۆیانە.
فەسلى سێهەم: نەفەقەى مناڵ.
مادەى بیست و هەشتەم/ نەفەقەى مناڵ تا تەمەنى 18 ساڵی لەسەر دەوڵەتە کەبیدات.
بابى پێنجەم: میرات:
مادەى بیست و نۆیەم/ وەرەسە ( میرات) لەدواى کەسێک کەدەمێنێتەوە دەوڵەت دەبێ
بەیەکسانى دابەشى بکات بەسەر ئەوکەسانەدا کەبەشیان لەومیراتە دەکەوێت، دەبێ بڕەکان
بەپێى باروزروفى مادى و بژێوى خێزانەکان دیارى بکرێت.
مادەى سى یەم/ هیچ جیاوازىیەک لەنێوان ژن و پیاودا نییە لە دابەشکردنى بری میراتدا
و هەردوولا دەبێ هەقى وەک یەکیان پێ بدرێت.
مادەى سى و یەکەم/ ئەوکەسانەى میراتیان بەردەکەوى:
بڕگەى یەک - پەیوەندى ژن و مێردایەتى.
بڕگەى دوو - مناڵ.
بڕگەى سێ - ئەوکەسانەى ئیقرارى نسبیان بۆکراوە.
مادەى سى و دووەم/ میرات کاتێ دابەش دەکرێت کە قەرزەکانى لێدەر هێنرابێت.
بابى شەشەم: سزاکان:
مادەى سى وسێیەم/ هەرکەسێک دەست وەربدات لەزەواجى کەسی تردا یاخود زۆر و فشار بهێنێ
سزا دەدرێت .
مادەى سی و چوارەم/ هەرکەسێک سەرپێچى بکات لەمادەى 8 ى بابى یەکەم لەقانوونى
ئەحواڵی شهخسی دا سزا دەدرێت.
مادەى سى و پێنجەم/ مومارەسەى جنس هیچ جۆرە سزایەکى لەسەر نییە ئەگەر بەرەزامەندیى
هەردوولابێت.
مادەى سی وشەشەم / تەنها لەحاڵەتى ئیختیسابدا پیاو سزادەدرێت.
مادەى سی وحەوتەم / جەریمەى کوشتن (قتل) ئەگەر قاتڵەکە ژن بێت یان پیاو وەکو یەک
سزا دەدرێن.
ماددەى سى و هەشتەم/ لەبەرانبەر هەر جۆرە جەریمەیەکدا ژن و پیاو وەک یەک سزا
دەدرێن.
ماددەى سى و نۆهەم/ پەیوەندى سێکسى کەسانى گەورە ساڵان لەگەڵ کەسانى ژێر تەمەنى 16
ساڵیدا ئەگەر بەرەزامەندیى خۆشى بێت قەدەغەیە. هەر کەسێک بەم کارە هەستێت سزا
دەدرێت.
مادەى چل / مومارەسەى جنس لەلایەن پیاوەوە لەگەڵ ژنەکەى بەبێ مەیل و حەزى ژنەکە
قەدەغەیە، تەنانەت بەبێ بەکارهێنانى زۆریش. ئەنجامدانى ئەم کارە لەلایەن پیاوەوە بە
ئیغتیساب حیساب دەکرێت و سزا دەیگرێتەوە.
مادەى چل و یەکەم/ لێدان و سوکایەتى و بێحورمەتیکردن بەژنان لەلایەن پیاوانەوە سزاى
قورسی لەسەرە.
مادەى چل و دووەم/ ژنان لەپۆشینى جل و بەرگ و خۆئارایشتکردندا ئازادن. هەرجۆرە
دەخالەتکردنێک لەم مافەدا سزاى لەسەرە.
مادەی چل و سێیەم/ هەرجۆرە رێگریەک لە تێکەڵاوبوونى ژن و پیاو لە مەکتەب و شوینە
گشتییەکاندا سزاى لەسەرە.
قانونى یەکسانیى ژن و پیاو بەدیلى ئێستاى قانوونى ئەحواڵى شەخسى یە، حزبى کۆمۆنیستى
کرێکارى کوردستان خوازیارى ئەوەیە کە ئەم قانوونە لە کوردستانى عێراقدا ڕەسمیەت
وەربگرێ و لە دادگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا کارى پێبکرێت، هەر بۆ ئەم
مەبەستەش ئێمە ئەم قانوونە دەخەینە بەردەستى دەسەڵاتداران. هاوکات ئێمە بانگەوازى
سەرجەم ژنان و پیاوانى ئازادیخوازى کوردستان و ڕێکخراوەکانى ژنان و سەرجەم ئەحزاب و
لایەنە پێشکەوتووخوازەکان دەکەین کە پشتیوانى خۆیان لەم قانوونە ڕابگەیەنن و
کاربکەن بۆ جێگیرکردنى.
www.hkkurdistan.org
hkkurdistan@yahoo.com