|
ئۆکتۆبهر
نزیکە دووهەفتەیە ناوچە
سنورىیەکانى کوردستان بەدیوى سنورەکانى تورکیا و ئیرانەوە کەوتۆتە بەردەم
تۆپبارانێکى خەستى هێزەکانى ئەم دوودەوڵەتەوە و بەدواى خۆیدا پشێوى و نائارامییەکى
بۆ دانیشتوانى گوندنشینى ئەم ناوچانە پێکهناوە. دەوڵەتى ئێران بەبەهانەى "پژاک" و
تورکیاش بەبەهانەى چەکدارەکانى "پەککا" دەستیان بۆئەم کارەبردووە.
بەڵام ئەمە یەکەم جارنییە و
ئاشکراشە دواین جار نابیت کە ناوچە سنورییەکانى کوردستان ببنە ئامانجیکى سەربازى
بۆهیزە سەربازى و مانۆرە عەسکەریەکانى ئەم دوودەوڵەتە فاشیست و کۆنەپەرستە. ئێران
ئەمجارەیان بەمەبەستى گەمارۆدانى چەکدارەکانى "پژاک" بەنیازە سنورەکانى خۆى
پاکبکاتەوە و سەرەنجام هێزە سەربازییەکانى خۆى لەسنوردا جێگیر بکات تا بتوانآ
ناوچەیەکى ئەمنى سەربازى بەڕووى هەر جموجۆلێکى چەکدارانەى "پژاک" و هێزە نەیارەکانى
خۆیدا بکاتەوە. لەولاشەوە دەوڵەتى تورکیا کەواوەتر لە ئێران ڕۆیشتووە و بەبەردەوام
کەیسى "پەکەکا"ى بۆ ئامانجى دەخالەتکردن لەباروۆدخەکانى کوردستانى عیراقدا
بەدەستەوە گرتووە. لەم جارەدا بەنیازى بەپیرەوەچوونى سیاسەتێکى هاوئاهەنگە لەگەل
جمهورى ئیسلامى ئێراندا و دوریش نییە توپبارانکردنى ناوچە سنورییەکان کە هاوتایە
لەگەل هەوڵەکانى جمهورى ئیسلامى ئێراندا دەوڵەتى فاشیستى تورکیا دەیەوێت لەڕێگاى
تۆپبارنى سنورەکانەوە بارودۆخێکى سیاسى ناوچەیى لەتەک جمهورى ئیسلامى ئێراندا
پێکبهێنى و سەرەنجام زەمینە بۆ دامەزراندنى کەوانەى سەربازى هاوبەش دابمەزرینى و
لانى کەم هاوکارى سەربازى هەردوو دەوڵەت بخاتە خزمەتى خۆئامادەکردن بۆ جەولەیەکیتر
لەلەشکرکیشى بۆسەر کوردستان بەبەهانەى چەکدارەکانى "پەکەکا"وە.
بیگومان ئەوەى لەم
تۆپبارانەى هەردوو دەوڵەتى ئێران و تورکیادا بەرجەستەیە، یەکەم ئاوارەبوونى
دانیشتوانى گوندە سنورییەکان و کاول بوونى زەرعات و ماڵ وحاڵیان، ئەمە ئەگەر شانسى
ئەوەش بمێنێتەوە کە کەس گیانى نەبوبێتە قوربانى دەمى توپ وباروتى هێزە سەربازیەکان.
دووەمیش خودى ئەوەى کە ئەم تۆپبارانە بۆسەر کوردستان حاڵەتیکى بەردەوامى هەیە،
ناتوانرآ دەستدریژییەکى بەردەوەم بۆسەر خەلکى کوردستانى لێوەرنەگیرێت. دەستدرێژییەک
کەبەردەوامى خۆى لەنەبوونى دەولەت لەکوردستان و هەڵواسراوى ئایندەکەیدا دەبنیتەوە.
بەلام لەگشت ئەم
بارودۆخانەدا نابى ئاماژەش بەرۆلى دەسەلاتدارانى کوردستان و کاردانەوەى حزبەکانى
وەک یەکیتى وپارتى نەدریت. بەتایبەتى ئەم دووحزبەو دەسەلاتەکەیان کەتەنها بۆ
راگرتنى بەرژەوەندىیەکانى خۆیان لەگەل ئەم دوودەولەتە کۆنەپەرست و دژبەخەلکیە،
میژوویەکى هاوکارى و سیاسەتیکى پاسفیستیان بەرامبەر بەچارەنوس و خەلکى کوردستان
تۆمارکردووە. ئەمانە جگەلەوەى کەقوربانیانى ئاوارەو مال تیکچوونى بەردەم
تۆپبارنەکانیان بەفەرامۆشى و بیدەربەستیەکى تەواو سپاردووە، زۆرجاریش ویستویانە
بیدەنگە لەرووداوەکانى ئەم تۆبارانانە بکەن و خۆپاریزیش بکەن لەبلاوکردنەوەى
هەوالەکانى. بەلام ئەوەى لەمجارەشدا بەدى دەکریت، سیاسەتى کەمپسازیە. گوایە
کۆکردنەوەى خەلکى گوندە سنورىیەکان لەدەوار و چادردا و بەدور لە خزمەتگوزارىیەکان
تاکەوەلامى پاراستنى ژیانى خەلکى کوردستانە!!. لەمبارەشەوە ئەو راستیە بەرجەستە
دەبیتەوە کە ناسیونالیزمى کورد و دەسەلاتەکانى نەک نایانەویت کوردستان وخەلکەکەى
لەدەستدریژى دەولەتانى دراوسى بپاریزن، بگرە هەموو هەولیان بۆئەوەیە هاوکارى و
یارمەتى ئەم دەولەتانە بدەن تا کردەوەى سەربازیان لەخاکى کوردستاندا بەریوەببەن.
ئەمەش تەنهاو تەنها بەخاترى پاراستنى بەرژەوەندیە بازرگانى وئابوورىیەکانیانە لەگەل
ئەم دوودەولەتەدا.
بەلام خەلکى کوردستان نابى
چارەنووسى خۆیان بدەن بەدەم گوللەتوپى دەولەتانى فاشیست و کۆنەپەرستى ناوچەکەوە و
هەروەها نابیت شتیکى لەوە زیاتر رەچاوبکەن لەئەحزابى ناسیونالیستى کورد و
دەسەلاتەکەیان کەتائیستا کردوویانە. بەتایبەتیش تەجروبەى چەندسالى رابردووى ئەم
حزبانە چەندین جار سیاسەتى پیشلەشکرى و هاوکارى ئەوانى بۆدەولەتانى ناوچەکە
تۆمارکردووە، بۆیە دەبى خەلکى کوردستان ئەم تۆپبارانە بەدەستدریژىیەکى بەردەوام
بزانن بۆسەر ژیانى ئیستا و داهاتوویان. دەبى بەتەواوى تواناوە ئەم دەسدریژیە
سەربازیانە مەحکوم و ریسوا بکریت لەلایەن سەرجەم خەلکى کوردستانەوە. دەبى خەلکى
کوردستان لەدەرەوەى بازنەى سیاسەتى یەکیتى وپارتى و حکومەتەکانیان بۆ بەرگرتن و
کۆتایى هینان بەدەستریژى دەولەتانى ناوچەکە بینە مەیدانەوە و دەنگى نارازى خۆیان
هەلبرن و لەم ریرەوەشدا خواستى جیابوونەوەى کوردستان وپیکهینانى دەولەتیکى سەربەخۆ
بدەن بەرووى دەسەلاتداراندا. بەواتایەکىتر خەلکى کوردستان بۆئەوەى بەیەکجارى ژیانى
ئیستاو داهاتووى خۆیان لەبەلاى تۆپباران و دەستدریژى سەربازى دەولەتانى ناوچەکە
دورخەنەوە، دەبى خواستى جیابوونەوەى کوردستان و پیکهینانى دەولەتیکى سەربەخۆ ببیتە
سەرلەوحەى هەول و تیکۆشانیکى جەماوەرى و بەردەوام. حزبى کۆمۆنیستى کریکارى لەریزى
پیشەوەى ئەم خەباتەى خەلکى کوردستاندا بەتەواوى تواناوە راوەستاوە. |