بڕیارە
بەم زووانە یەکێتى وپارتى بەناوى دیموکراسى وبەشداریکردنى
نوێنەرانى خەڵک لەدەسەلاتدا، هاولاتیانى کوردستان بکێشنە بەردەم سندوقەکانى
دەنگدانەوە. لەولاشەوە ئەحزاب ولایەنە دەست وپێوەندەکانى هەر ئەم دووحزبە، کەوەک
ئەڵقەیەکى تەواوکەرى سیاسەتى دەسەلاتدارانى کوردستان جولاونەتەوە، کەوتونەتەخۆ
بەمەبەستى وەرگتنى کورسیەکانى پەرلهمانى داهاتوو، بەم جۆرەش سیناریۆیەکى
هەڵخەڵەتێنەرانەیان بەدەستەوە گرتوە تا جارێکى تر دەنگى خەڵک بکەنە بارمتەیەک بۆ
شەرعیەتدان بەدەسەلاتى میلشیایى و حزبەکانیان. ئەمانە کەوەک عادەتى فریوکارانەیان
کەوتونەتە دانى بەڵێن بەچاکسازى و ڕیفۆرم و گۆڕان وبەدیهێنانى خواستەکانى خەڵکى
کوردستان پەنابۆ درۆیەکى ئاشکرا دەبەن، ئەگینا کێ دەستى گرتوون لەئێستاو ڕابردووى
18 ساڵەى دەسەلاتیاندا، چاکسازى و ژیانى خەڵک چاک بکەن! کێ دەستى گرتوون
لەدامەزراندنى سیستەمێکى حکومرانى ئازاد و خۆشگوزەراندا!. بەپێچەوانەوە، ئەوەى
کەلەتەجروبەى هەڵبژاردن و حکومرانى بۆرژوا ناسیونالیستى کورد وحزبەکانیەوە، خراوەتە
بەردەم کۆمەلانى خەڵک، سازدانى ژیانێکى فیرعەونى بوە بۆ کەمایەتییەکى دەوڵەمەند
ومشەخۆر وداسەپاندنى سیستەمێکى گەندەڵ وکۆنەپەرستانە و سەرکوتگەر بەسەر زۆرینەى
خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێشدا.
خەڵکى
کوردستان هەڵبژاردنەکانى سالانى پێشوویان لەبەرچاوە کەچۆن بۆ مەبەستى دابەشکردنى
دەسەلات دەنگى خەڵکیان "فیفتى فیفتى" کردو هیچ ڕێزێکیان بۆ ئەنجامەکەى دانەنا و
هەرخۆیان پەرلەمانیان هەڵوەشاندەوە و کوردستانیان دابەشکردو دوو حکومەتى ناوچەییان
دامەزراند، کە تائێستاش نەیان توانیوە وەزارەتەکانى یەک پێبگرنەوە. شەڕى ناوخۆ و
برسێتى و توندکردنەوەى کۆنەپەرستى و سەرکوت وتۆڵە سەندنەوە و دەیان موسیبەتى تر،
بەرهەمى نمونەى یەکهمى هەڵبژاردنەکانى ئەم حزبانە بوو. لەنمونەکانى دواتریشدا،
پەسەندکردنى دەستورى قەومى وئیسلامى وئیلحاق کردنەوەى کوردستان بەناوى فیدراڵیزمەوە
بەحکومەتى قەومى وئیسلامى عێراقەوە، سیاسەتێک بوو بۆ ڕاگرتنى کوردستان لەنێو
سەرگەردانى ونادیار هێشتنەوەى چارەنوسدا، بەدیار هەڕەشەى ولاتانى ناوچەکەو
تۆپبارانى سەر سنورەکانەوە، ئەمەش لەسەرحسابى ژیرپینانى مافى هاولاتى بوونى خەلکى
کوردستان و ژیانى ئارام ومەدەنیانەیان بردەپێشەوە. لەکاتێکدا ئەمانجى دەسەلاتدارانى
کوردستان لەپڕۆسەى دیمکراسیەکەیاندا تەنها چاوچڵیسى وگیرفان پڕکردن و بەدەستهێنانى
بەشێک لەبودجەو داهاتى نەوتى عێراق بوو.
تەجروبەى
تائێستاى دیموکراسى وپەرلهمان و حکومەتى بۆرژوازى کورد وحزبەکانى بزوتنەوەى
کوردایەتى ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە کەبۆ توندکردنەوەى دەسەلات و بازاڕى
سەرمایەداران و دەوڵەمەندان وتاقمێک گەندەڵى میلیشیایى بووە. یاساى وەبەرهەمهێنان و
فرەژنى و سنوردارکردنەوەى ئازادى ڕۆژنامەگەرى و ئازادى ئەحزاب و هەڵسوکەوتى
هاولاتیان، لەپاڵ بێکارى و گرانى و کەمى موچە وناچارکردنى لاوان بەهەڵهاتنیان بۆ
هەندەران و نەبوونى خزمەتگوزاریە کۆمەلایەتیاکان و سەدان دیاردەى دزێوى تر ئەو
دەسکەوتانە بوون کەلەسیستەمى بەناو دیموکراسى وئازادانەى ئەم چینەوە بەرهەمهاتوون.
بەلام
ئایا لەسیناریۆى پوچى هەڵبژاردنى ئەم جارەدا، دەسەلاتداران شتێکى جیاواز
لەنمونەکانى پێشوو بەدەستەوە دەگرن؟ ئایا کەمترین نەزاهەت و هەلومەرجى ئازادى
بۆدەنگدان وخۆکاندیدکردنى هاولاتیانیان دابین کردووە؟ ئایا ئەمانە ڕێز بۆئەنجامى
دەنگدانى خەڵک دەگرن و بەئەنجامەکەى ڕازى دەبن؟
مانگەشەو
سەرلەئێوارە دیارە! کوردستان کەدەوڵەت نییەو دەستورێکى دەنگدراو لەلایەن خەڵکەوە
پەسەند نەکراوە، ئاشکرایە کەپرۆسەى هەڵبژاردن جگەلە سیناریۆیەکى نایاسایى و ناوەڕۆک
بۆش هیچ مانایەکى نابێت. بۆ پینە وپەڕۆکردنى ئەم سیناریۆیەش ئەواتە خەریکن کلاوى
"دەستورى کاتى کوردستان" دەخهنە سەرى خەڵک. نەزاهەت و زەمانەتکردنى پڕۆسەى
ئازادانەى دەنگدان کەمەرجێکى سەرتایى ڕەوابوونى هەر هەڵبژاردنێکە، بەتەواوى لەلایەن
دەسەلاتدرانەوە سپێردراوە بەمەرامى سیاسى وپاوانخوازى یەکێتى وپارتییەوە.
لەسەرەتاوە پەیڕەوکردن لەلیستى داخراو وپاشان دانانى مەرجى 25 ملیۆن دینار ولیستى
ناوى 500 کەسى .. بۆ خۆ کاندید کردن بەماناى ژێر پێنانى مافى خۆکاندیدکردنى هەر
هاوولاتییەکى ئەم ولاتەیە. پاشان چاودێرانى سەر سندوقەکان کەهیچ لایەنێکى
نێودەولەتى تێیدا بەشدار نییەو لەلایەن دەست وپێوەندەکانى هەرئەم حزبانەوە بەڕێوە
دەبرێ، نیشانەیەکە بۆئەوەى کەدەرگاى دزینى دەنگ و تەزویرو فڕاندنى سندوقەکان
ئاوەلایە، هەروەک ئەوەى کەلە هەڵبژاردنى 92 دوو رۆژ سندوقەکانیان لەخەڵکى شاردەوە.
ئەگەر
لەمانەش بگەڕێین ئەوەى کەدەسەلاتداران هیچ دەزگایەکى میدیاى دەوڵەتى و بۆدجەو
ئیمکاناتى یەکسان بۆ پروپاگەندەکردن ومونافەسەى کاندیداکان دابین ناکەن و لەولاشەوە
خۆیان دەیان کەناڵى ڕاگەیاندنیان بەدەستەوەیەو سەروەت وسامانى ولاتیان قۆرغکردوە،
نیشان دەدات کەهەلومەرجى ئازادانەو یەکسان لەم هەڵبژاردنەدا زامن نییەو لەپێشەوە
ئەنجامەکەى بڕاوەتەوە. لەمەش زیاتر ئەوەى کە هێشتا رۆژێک بۆ دەنگدانى هاولاتیان
دیارى نەکراوە کەچى یەکێتى و پارتى بەدور لەهەر پڕەنسیپێکى دیموکراسیەوە کەخۆیان
بانگەشەى بۆدەکەن، کەوتونەتە فشار هینان و ترساندنى خەڵک و ئاژاوەنانەوە لەڕیزى
لایەنەکانى تردا تا لەبازنەى مونەفەسە دەریان پەڕێنن. زارەوەى "قولەى قاف"
هێنانەوەى ژمارەى شەهید وخوێنڕێژى ڕابردوو.. کەڕۆژانە لەکەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە
لەزمانى سەرانى حزبى دەسەلاتدراوە پەخش دەبنەوە، تاهەڕشە کردن بەبڕینى بایعى و
لەسەر کاردەرکردن ولیسەندنەوەى بەرپرسیارێتى حزبى و وەزیفەى حکومى، تا هەوڵدان بۆ
دوکەرتکردنى حزبەکان.. نیشان ئەدات کەنەک هەر سادەترین هەلومەرجى ئازادانە لەبەردەم
هاولاتیاندا فەرهام نییە، بەلکو خودى هەڵبژاردن بەسیناریۆیەکى گاڵتەجارى دەسپێرێ و
ترسى هەڵگیرسانى شەرى ناوخۆ وپشێوى لەبەردەم کۆمەڵگادا داناوە. ئایا لەوەها
سیناریۆیەکدا خەڵکى کوردستان ئەکرێ ئومێدى خۆیان بەچاکسازى و گۆڕان لەم
هەڵبژاردنانەدا ببەستەنەوە؟ ئایا دواى تەجروبەى 18 ساڵ لەحکومرانى و شاکارى
دیموکراسى وهەڵبژاردنى ناسیونالیزمى کورد وحزبەکانى، بەس نییە بۆئەوەى کەبەو
ڕاستییە بگەین کەهەڵبژاردنەکانى ئێستا هیچ پەیوەندێکى بەبەرژەوەندى خەڵکەوە نییە و
یەک هەنگاو ئەوان لەخواستى چاکسازى وگۆڕانى ژیانیان نزیک ناکاتەوە؟.
تەجروبەى
چەند ساڵى ڕابردووى دەسەلاتدارێتى ناسیونالیزمى کورد ئەوەى سەلماندووە کەنەک
هەڵبژاردن ناتوانى ڕێگایەک بێت بۆچاکسازى وهێنانە کایەوەى سیستەمێکى مۆدێرن و
پێشکەوتووى بەڕێوەبردنى کۆمەڵگا، بەڵکو ئەوە خودى ناسیونالیزمى کورد و دەسەلاتى
حزبەکانى کوردایەتین کەبوونەتە کۆسپى سەر ڕێگاى خەباتى خەڵکى کوردستان
بۆهێنانەکایەوە و دامەزراندنى دەوڵەت و حکومەتێکى مەدەنى و هاوچەرخ کەماف
وئازادیەکان و بژێوى وخزمەت گوزارى شایستە بۆهاولاتیان مسۆگەربکات.
ئەم
دەسەلاتە چاکسازى و گۆڕان هەڵناگرێت، ئەوانەشى کەتادوێنێ خۆیان بەشێک بوون لەم
دەەسەلاتەو شەریکبوون لەموسیبەتەکانى سەرشانى خەڵکى کوردستان وئێستا بانگەواز
بۆلیستى سەربەخۆ و گۆڕان وچاکسازى دەکەن وبانگەواز بۆبەشدارى لەم هەڵبژاردنانەدا
دەکەن، دەیانەوێت سوارى شەپۆلى ناڕەزایەتى خەڵکى کوردستان ببن و بۆ بەدەستهێنانى
چەند کورسیەک لەپەرلمانى داهاتوودا، ناڕەزایەتی جەماوەر لەپشتەوە بەدەسەلاتى یەکێتى
وپارتییەوە گرێ بدەنەوە و بەچاوەڕانیەوە لەم دەسەلاتە تا چەند ساڵێکى تر ڕایانبگرن.
دەسەلاتى
میلیشیاى چەکدارى ئەحزابى بۆرژوازى کورد، لەفەزاى نەبوونى دەوڵەت و دەستورو لە
هەلومەرجى سەرگەردانى وقەیرانى حکومەتى ئێستاى عێراقدا، نەدەتوانى دیموکراسى بکرێ
ونەچاکسازى هەڵدەگرێ، بۆیە جەماوەرى خەڵک نابێ هیچ خۆشباوەڕییەکیان بەهەڵبژاردن و
سندوقى دەنگدانى ئەم دەستەو تاقمانە ببێت. دەنگدان بەم حزبانە و بەشدارى کردن لەم
هەڵبژاردنانەدا، جگەلە لەشکست پێدانى ناڕەزایەتى ئێستاى خەڵک و بێئومێدکردنیان
لەژیانى ڕۆژانەدا، وسەرەنجام درێژەدان بەهەلومەرجى ئێستا شتێکى ترى لێبەرهەم نایەت.
هەربۆیە حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان بەشدارى کردن لەم هەڵبژاردنەدا
بەسیاسەتێکى چەوت و دژ بەناڕەزایەتى بەرهەق و بەئومێدەکانى خەڵک بۆئازادى
وسەربەخۆیى و ژیانێکى شایستەى ئینسانى دەزانێ. خەڵکى کوردستان نابێ بەدانى دەنگ
وبەشدارى لەهەڵبژاردنەکاندا فرسەتى شەرعیەتدانەوە بەدەسەلاتى میلیشیاى ناسیونالیزمى
کورد وحزبەکانى بدەن، ئەم دەسەلاتە عومرى خۆى کردووە و ماهیەتى دژ بەخەڵک
وبەبەرژەوەندىیەکانى ئەوانى لەسەد لاوە نیشانداوە. بۆیە دەبێ بەخەباتى شۆڕشگێرانەو
ڕاوەستانەوەى خەڵک وەلابنرێ و حکومەت و سیستەمێکى نوێی جەماوەرى شوێنى بگرێتەوە.
دەنگدان بەم حزبانەو دەسەلاتەکەیان بەماناى مانەوەى موسیبەت و نەگبەتیەکانى 18 ساڵى
ڕابردووى ژیانى خەڵک و هێشتنەوەى سەرگەردانى و کۆنەپەرستى وشەڕو پشێوى وبێکارى
وگرانى و کوشتنى ژنان ودەربەدەربوونى لاوانى کوردستانە.
خەبات
وناڕەزایەتى کرێکاران و زەحمەتکێشان وخەڵکى ئازادى خوازى کوردستان ڕێگایەکى
جیاوازیان لەسیناریۆى بۆرژوازى کورد وسەرمایەداران وحزبە گەندەڵەکانیان لەپێشە،
خەبات بۆ جیابوونەوەى کوردستان و پێکهێنانى دەوڵەتێکى ئازاد ومەدەنى وتێکۆشانى
جەماوەرى لەپێناو دەسەلاتدارێتى جەماوەرى لەحکومەتى شوراکاندا، تەنها ئامانجێکە نەک
هەر بۆ گۆران وچاکسازى بنەڕەتى وباشکردنى ژیانى خەڵک، بەڵکو دەرگا دەکاتەوە بۆ
دەرکێشانى ئێستاو داهاتووى کوردستان لەسەرگەردانى و گێژاوێکى سیاسى کەناسیونالیزمى
کورد 18 ساڵە خەڵکیان تێدا ڕاگرتووە. بێگومان بەدیهێنانى ئەم ئایندەیە بەهاتنە
مەیدانى ڕیزى سەربەخۆى جەماوەرى کرێکارو زەحمەتکێشانى کوردستان وڕیکخراو لەشوارکانى
خۆیاندا کارێکى مەیسەرە، دەبا بەشدارى نەکردن و ڕیسواکردنى سیناریۆی هەڵبژاردنى
دەسەلاتداران و دەست وپێوەندەکانیان، بکەینە سەرەتاى هینانەمەیدانى بزوتنەوەى
سەربەخۆى جەماوەریمان. حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان بەتەواوى توانایەوە بۆ
بەدیهنانى خواستەکانى خەڵک و هێنانە کایەوەى دەسەلاتدارێتى جەماوەرى تێدەکۆشێت.
21/4/2009