ماڵه‌وه

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ لە بەرنامەی دنیایەکی باشتردا

شەماڵ علی

shemalali@yahoo.com

بەشی سێهەم

"مەسەلەی کورد" لە بەرنامەدا

 

لە بەشی دووەمدا ئاماژەیەکی کورتم بەوە کرد کە خواستی جیابوونەوەی کوردستان‌و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەم ناوچەیەدا چی تر لە ڕوانگەی چارەسەری مەسەلەی کوردەوە مەترەح نییە، بەڵکو هەڵگرتنی ئەم خواستەو پێداگرتن لەسەری لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە بنەمای سیاسی تری هەیە. لەم بەشەدا دەمەوێت ئەم بابەتە ڕوون بکەمەوە‌و بەوە دەست پێ دەکەم کە بڵێم: ئەمڕۆ لە کوردستانی لکاو بە عیراقەوە شتێک بە ناوی مەسەلەی کوردەوە بوونی نەماوە.

دیارە دەربڕین‌و تێزێکی لەو بابەتەی سەرەوە سادە نییە‌و تەبەنی کردنی ڕەنگدانەوەی فرەلایەنی لەسەر چوارچیوەی لێکدانەوەکانمان‌و ستراتیج‌و نەخشە‌و تاکتیکە سیاسیەکانی کۆمۆنیستەکانی کوردستان دەبێت. هەربۆیە پێویستە بە ووردی مامەڵە بکرێت‌و ڕوون بکرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا هەوڵ دەدەم بە کورتی بنەماکان‌و بەڵگەکان بۆ ئەو حوکمەی سەرەوە دەستنیشان بکەم‌و پاشان لە وەڵامدانەوە بە ئەرگیومەنت‌و ڕەخنە موحتەمەلەکان لە دژی ئەو تێزە هەوڵ دەدەم لایەنە جیاوازەکانی زۆرتر ڕوون بکەمەوە.

مەسەلەی کورد لە مێژووی چەند دەیەی ڕابردووی عیراقدا ناونیشان بووە بۆ کێشەیەکی دیاریکراو. مەسەلەی کورد لە زەینی هەر کەسێکدا کە گوێی لەو دوو وشەیە دەبێت، بە بوونی ستەمی نەتەوایەتی لەسەر خەڵکی کوردستان‌و خەبات بۆ وەلانانی ئەو ستەمە‌و کێشەیەکی گەورە کە لەسەر ئەم بنەمایە لە کۆمەڵگادا خوڵقاوە مانا دەکرێتەوە. لە تێڕوانینی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا مەسەلەی کورد لە عیراقدا لە بناغەییترین ئاستدا لەسەر بنەمای بوونی کورد وەک هاوڵاتی پلە دوو لە سایەی دەوڵەتێکی عروبیدا پێناسە کراوە. کورد بوون لە سایەی دەوڵەتە عروبیەکانی عیراقدا، بە مانای ئینتیما بۆ توێژێکی "کەمینە"و "پلە دوو" بووەو بەم مانایەش مەسەلەی کورد بە درێژەکێشانی ئەو بارودۆخە درێژەی بووە. ئەم دۆخە لەمڕۆی عیراقدا کۆتایی هاتووە‌و کورد بوون چیتر بە مانای پلەدوویی نییە. ستەمێک کە لە ڕابردوودا هەر کەسێک بە فەرزی کورد بوونی هەستی پێدەکرد نەماوە‌و ئاسەوارەکانیشی بە ڕادەیەکی گەورە لە هەموو یاساکانی وڵاتدا سڕراوەتەوە. ئەم دۆخە بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی نوێی دەوڵەت لە عیراقدا دۆخێکی ڕاگوزەر‌و کاتی نییە، بەڵکو بەردەوامە‌و تا پێکهاتەی دەوڵەت بەم شێوەیەی ئێستای بێت بەردەوام بەرهەم دێتەوە.

بۆرژوازی کورد لە دەوڵەتی ئێستای عیراقدا هاوبەشێکی ئەسڵیە. لە دام‌و دەزگا بیروکراتی‌و سەربازی‌و ئەمنیەکانی عیراقدا، لە سەرمایە‌و سەروەتی بەرهەمهاتوو لە عیراقدا بەشی خۆی هەیە‌و، سەرباری هەوڵی لێرەو لەوێ، هیچ هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر ئەم هاوبەشیە‌و درێژەکێشانی بەدی ناکرێت. ئەوە دروستە کە بۆرژوازی کوردستان لە هەموو ئەو پرۆسەیەدا کە گوزارەوەو لە هەموو مێژووی سیاسەتکردن‌و ململانێی خۆیدا لەگەڵ دەوڵەتی عیراق مەبەستی بەدیهێنانی ئەمە نەک کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی بووە، بەڵام ئەوەش ڕاستیەکە کە مەبەستی بۆرژوازی کوردستان هەرچیەک بووبێت، سەرەنجام بە ڕێگای خۆی مەسەلەی کوردی چارەسەر کردووە.

یەکێک لەو ڕەخنانەی کە دەکرێت لەو حوکمەی سەرەوە بگیرێت ئەوەیە کە ڕاستە ستەمی نەتەوایەتی لەسەر کورد بوونی نەماوە، بەڵام کێشە‌و ململانێی ئەتنیکی لە عیراقدا هەیە‌و بەم مانایەش مەسەلەی کورد ماوە. دیارە هەر چاودیڕێکی بارودۆخی عیراق‌و کوردستان بە ڕوونی ئەوە دەبینێت کە کێشەو ململانێی کۆنەپەرستانەی ئەتنیکی لە عیراقدا، بە دوای جەنگ‌و داگیرکاری‌و ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا، ئەبعادی زۆر ترسناکی لە خۆی گرتووە. بەڵام ئەم دۆخە لەگەڵ ئەوەی پێی دەوترا مەسەلەی کورد لە ناوەرۆکەوە لەگەڵ یەکدا جیاوازن.

هەرچەندە ململانێی نێوان ناسیۆنالیزمی کورد‌و ناسیۆنالیزمی عەرەب هیچ کاتێک لە مێژووی خۆیدا ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازانەی نەبووە، بەڵام بەو پێیە کە ستەمی نەتەوایەتی لەلایەن دەسەڵاتێکی بورژوازیەوە دەرهەق بە جەماوەری کوردستان پیادە دەکراو، ناسیۆنالیزمی کورد بە ڕواڵەتیش بێت بە ناوی ئەو جەماوەرە ستەملێچوەوە ململانێی خۆی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەسەڵاتداردا دەبردە پێشەوە، ململانێی نێوان ئەو دوو ناسیۆنالیزمە مەسەلەیەکی شکڵ پێ دابوو کە دەبوو چارەسەر بێت بۆئەوەی ڕۆشنتر نامۆیی ناسیۆنالیزمی کورد بە بەرژەوەندیەکانی کرێکاران‌و زەحمەتکێشانی کوردستان ئاشکرا بێت. مەسەلەی کورد بەو مانایە ناونیشانی ئەو گرێکوێرەیە بوو کە دەبوو بە قازانجی شەفافیەت بەخشین بە ململانێی چینایەتی لە کوردستاندا بکرێتەوە.

ئەوە ئاشکرایە کە دان نان بەوەی مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئارادایە، هیچ کات لە نەریتی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا بە مانای داوەریەکی ئەخلاقی پۆزەتیڤ لەسەر ناوەرۆکی ئەو مەسەلەیە نەبووە‌و بە مانای ئەوە نەبووە کە چارەسەری ئەو مەسەلەیە هەنگاوێکی مێژوویی پێشکەوتووانەیە. لەم نەریتەدا مەسەلەی نەتەوایەتی لە بناغەوە، لە ڕووی تیئوریەوە، پەیوەستەی بوونی ستەمی نەتەوایەتی نییە‌و چارەسەرکردنیشی بەزەرورەت بە مانای کۆتایی بە ستەمێکی نەتەوایەتی دیاریکراو نییە. لە نەریتی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا هەر کاتێک کێشەی نەتەوەیی زەق بێتەوە ئەوا مەسەلەی نەتەوایەتی بوونی هەیە‌و پێویستە وەڵام وەربگرێت. بەڵام ئەوەی کە ناو نرابوو مەسەلەی کورد بەدەر لە ئیرادەی کۆمۆنیستەکان لەڕووی مێژوویەوە مانایەکی تری هەبووە‌و ئەگەر لە ڕابردوودا جیانەکردنەوەی ئەو مانایە لەگەڵ مەبەستی کۆمۆنیستەکان لە عیبارەتی 'مەسەلەی نەتەوایەتی' کێشەیەکی گەورەی دروست نەدەکرد، ئەمڕۆ لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکەدا پێداگرتن لەسەر ئەو جیاکاریە‌و لەو پێناوەدا هەڵبژاردنی دەربڕینی تر بۆ ئەو بابەتە پێویستیەکی حەیاتیە.

لەپاش ڕووخاندنی ڕژێمەوە ناسیۆنالیزمی کورد وەک باقی هێزە ناسیۆنالیست‌و دینیەکانی عیراق بە نەخشەوە بێ پسانەوە لە هەوڵی ئەوەدایە کە ململانێیەکی ئەتنیکی لەنێوان خەڵکی کوردزمان‌‌و خەڵکی عەرەبزمان‌و هی تردا بخوڵقێنێ. بە مانایەکی تر، ناسیۆنالیزمی کورد کار بۆ ئەوە دەکات کە بوعدێکی کۆمەڵایەتی‌و خەڵکیی بە ململانێی خۆی لەگەڵ هێزە ناسیۆنالیستەکانی تر بدات. ناوەرۆکی ململانێی ناسیۆنالیزمی کورد لەگەڵ ناسیۆنالیزمی عەرەبدا هەمان ئەوەی ڕابردووە، بەڵام لەم بەرانبەرکێ نوێیەدا جێگاوشوێنی ناسیۆنالیزمی کورد گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

کێشەی نێوان ناسیۆنالیزمی کورد‌و ناسیۆنالیزمی عەرەب لە عیراقدا، چی تر کێشەی نێوان ناسیۆنالیزمێکی بێ دەسەڵات‌و ئەوی تری دەسەڵاتدار نییە، بەڵکو کێشەی نێوان دوو هێزی دەسەڵاتداری بۆرژوازیە لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا. ئەم کێشەیە وەک جاران نەکراوە بە بەرەنگاری جەماوەری کوردستان لەبەرانبەر دەوڵەتی مەرکەزیدا. ململانێیەک کە لەنێوان ناسیۆنالیزمی کورد‌و عەرەبدا هەیە، ململانێیەکی سەرتاپا کۆنەپەرستانەیە‌و ئەرکی کۆمۆنیستەکان بەرگرتنە بەوەی کە ئەم ململانێیە ببیتە ململانێیەکی ئەتنیکی لە نێوان کوردزمان‌و ئەوانی تر‌و ئەمەش تەنها بەوە دەکرێت کە ڕیزی سەربەخۆ‌و جیاوازی کرێکارانی کوردستان لە بەرامبەر بۆرژوازی کوردستاندا ڕاست ببێتەوە‌. کرێکاری کوردستان ئەمڕۆ ڕاستەوخۆ لەلایەن بۆرژوازی دەسەڵاتداری کوردستانەوە سەرکوت دەکرێت. هەر ئەوە دەیڕەتێنێ‌و دەمی دەبەستێ‌و ڕێکخراوی قاچاخ دەکات‌و ئازادی لێ زەوت دەکات، کۆمۆنیستەکانی کوردستان، بیانەوێ یان نا، بە بیرهێنانەوەو پێداگرتن لەسەر بوونی مەسەلەی کورد لەڕاستیدا سنوورەکانی نێوان کرێکارو بۆرژوازی‌ کاڵ دەکەنەوە‌. هیچ هاوبەشیەک لە نێوان کرێکار‌و بۆرژوازی لە کوردستاندا بوونی نییە‌و هیچ مەسەلەیەکی چارەنوسساز لە نێوانیاندا هاوبەش نییە. ئەگەر ڕۆژگارێک مەسەلەی کورد لەڕووی بابەتیەوە بۆرژوازی کورد‌و کرێکاری کوردی لە دوو ڕوانگەو بە دوو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی جیاوازەوە دەخستە بەردەم یەک مەسەلەی سیاسی چارەنوسساز، ئەمێستا ئەو مەسەلەیەش بوونی نەماوە‌.

لە ڕابردوودا ستەمێکی نەتەوایەتی دەرهەق بە خەڵکی کوردستان پەیڕەو دەکرا، کرێکاران‌و بێبەشانی کوردستان بەشی شێریان لەو ستەمە بەردەکەوت‌و بە ناچار وێڕای چین‌و توێژەکانی تر بەرەنگاری دەبوونەوە. بۆرژوازی کوردستانیش لە کایەکەدا بوو، بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی ئەم چینە هەوڵی دەدا سواری شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتیەی کرێکاریش ببێت‌و هەموو خەڵک لە ژێر چەتری جووڵانەوەکەی خۆیدا کۆبکاتەوە. ئەمڕۆ ئەو ستەمە کۆتایی پێ هاتووە‌و لە جێگای ئەوە ململانێیەک لە نێوان ڕەوتە بۆرژوازیەکان (بە ناسیۆنالیزمی کوردیشەوە) کە وەک یەک خاوەن دەسەڵاتن بوونی هەیە‌و بە نەخشەوە کرێکاران‌و زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ ململانێیەکی ئەتنیکی لەگەڵ هاوچینەکانیان پاڵ پێوە دەنرێن، هیچ مەنتقێک قبوڵ ناکات ئەو دوو دیاردەیە یەک ناویان هەبێت.

ئەرگیومەنتێکی تر لە بەرانبەر ئەو تێزەدا، دەکرێ ئەوە بێت کە مەسەلەی کورد جیاواز لە بوعدی ناوخۆی عیراق بوعدێکی ناوچەییشی هەیە‌و هێشتا مەسەلەی کورد لانی کەم لە هەر یەک لە تورکیا‌و ئێران چارەسەر نەبووە. ئاشکرایە کە مەسەلەی کورد هەمیشە لە هەر سێ وڵاتی ئێران‌و عیراق‌و تورکیا بوعدێکی ناوچەییشی هەبووە. بەڵام ئەم بوعدە ناوچەییە لە هیچ وڵاتێکدا پێکهاتێکی جەوهەری مەسەلەی نەتەوایەتی کورد لەو وڵاتەدا نەبووە. بە درێژایی چەند دەیە لە عیراقدا مەسەلەی کورد یەکێک لە مەسەلە سیاسیە گەرمەکانی ئەم وڵاتە بووە، بە بێ ئەوەی ئەمە بە مانای ئەوە بێت کە ئێمە لە تورکیاش مەسەلەی کوردمان هەبووبێت. تاکو ئاڵ‌وگۆڕە ئابووری‌و ستراکچەریەکانی تورکیا لە دەیەی هەشتاکان نایەتە کایەوە‌و دنەی ناسیۆنالیزم نادات‌و تاکو پەکەکە دەرناکەوێت خەبەرێک لە مەسەلەی کورد لە تورکیا نیە‌و ئەم کێشەیە تەنها لە زەینی ناسیۆنالیستەکاندا بوونی هەبووە.

ئەو کۆمۆنیستانەی کە ئەم بوعدە ناوچەییە بۆ مەسەلەی کورد لە قەبارەی خۆی گەورەتر نیشان دەدەن، دەبێ پێمان بڵێن کە چۆن وەڵامی ئەو ناسیۆنالیستە لوبنانی‌و سوری‌و میسری‌و ئوردنیە دەدەنەوە کە پێیان وایە تاکو فەلەستین داگیرکرابێت خەڵکی ئەم وڵاتانە کێشەی نەتەوایەتیان هەیەو گوایە مەسەلەی نەتەوایەتی عەرەب هێشتا چارەسەر نەکراوە؟ یاخود دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە چۆنە وا چارەسەری مەسەلەی کورد لە عیراق (با چارەسەرێکی بورژواییانەش بێت) کاریگەری لەسەر خاوکردنەوەی مەسەلەکە لە وڵاتانی دراوسێ نییە‌و ئەوە هەر چارەسەرنەکردنی لەو وڵاتانەیە کە کاریگەری لەسەر عیراق‌و مەسەلەی کورد لەم وڵاتەش دادەنێت.

ئەو تێزەی کە پێی وایە –وەک لە بەشەکانی ڕابردوو ئاماژەم پێ دا- هەل‌ومەرجی ئێستای عیراق ڕاگوزەرەو ئێمە لە نێوان پاوسی دوو ئیستیبدادی بەعسیانەدا دەژین‌و عیراق بەرەو ئەوە دەچێت دەسەڵاتێکی ناوەندی بابەتی بەعسی تیادا بەرقەرار ببێتەوە، لەم بابەتەوە گومانی ئەوە دەکات کە ئەگەرچی وا دیارە کە ستەمی نەتەوایەتی لەسەر خەڵکی کوردزمان نەماوە، بەڵام ئەمە هەل‌ومەرجێکی کاتییە. ئەم لێکدانەوەیە وای دەبینێت کە ئەگەری ئەوە هەیە کە جارێکی تر بۆرژوازی کورد لە دەسەڵات بخرێتەوە‌و هەمان ستەمی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە. هەموو بەڵگەکان وا نیشان دەدەن کە چەندە زەمەن دەڕواتە پێشەوە هێندە زیاتر ئەم ئەگەرە لە مەحاڵ نزیک دەبێتەوە.

بۆرژوازی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەی سیاسی‌و ئابووری سەرمایەداری لە ناوچەکەدا ئینتیگرێتە بووە‌و بە دەیان ڕایەڵ‌و پەیوەندی بە هێزە ناوچەییەکانەوە خۆی بەستۆتەوە. دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم نەک تەنها لە چوارچێوەی دەستوری عیراق‌و لە تێڕوانینی باقی باڵەکانی بۆرژوازی لە عیراقدا، لە هەرێمی کوردستاندا، دەسەڵاتێکی شەرعیە، بەڵکو تەنانەت لەلایەن وڵاتەکانی ناوچەکەشەوە بە ڕەسمی قبوڵ کراوە‌و وەرگیراوە. ئەو ئیدیعایەی کە زۆرتر لە ڕوانگەی ناسیۆنالیزمێکی تەندڕەوەوە ڕووبەڕووی حکومەتی هەرێم دەکرێتەوە کە گوایە پشتی بە بودجەی بەغدا بەستووە‌و دەسەڵاتی مەرکەزی دەتوانێت بیخنکێنێت زۆر لە ڕاستیەوە دوورە‌و زۆرجاریش بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک بەکار دەبرێت. ئەم دەسەڵاتە جگە لە پەیماننامە نەوتیەکان‌و وەبەرهێنانەکان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانیەکاندا، جگە لەو نەوتە زەوەندەی کە بە بەردەوامی و بێ ڕەقیب دەردەهێنرێت‌و دەفرۆشرێت‌و بووەتە سەرچاوەی کەڵەکەبوونێکی فەلەکی سەرمایە لە کوردستاندا، قفڵی نەوتی کەوتۆتە دەست‌و دەتوانێت هەر کاتێک پێویست بێت بیگرێتەوەو وەک ئامرازی گوشار بەکاریبهێنێت.

زۆرجار هەندێک لە کۆمۆنیستەکان بێ پەروا ڕایدەگەیەنن کە فیدرالیزم لە عیراق‌و کوردستان شکستی خواردووە. بەڵام ڕاستیەکەی فیدرالیزم نەک شکستی نەخواردووە بگرە ئەوەی لەسەر زەوی دەیبینین عەینی فیدرالیزمە. ئەگەر چاوەڕوانیەکان لە فیدرالیزمی ئەتنیکی گەورەتر نەبن لە واقعیەتەکانی ئەو شێوازە لە ڕێکخستنی دەسەڵاتی بۆرژوازی، دەبێ ئەوە ڕون بێت کە ئەو پەیوەندیەی ئێستای دەسەڵاتی حاکم لە کوردستان لەگەڵ عیراق بە هەموو ئەو گیروگرفتانەی کە بۆ خەڵکی هێناوەتە پێش‌و بە هەموو ئەو کۆسپانەی خستوویەتیە بەردەم ڕەوتی بەدیهاتنی ئازادی‌و مافە سەرەتاییەکانی خەڵک، هەمان فیدرالیزمی ئەتنیکیەو ئەمە نوسخە سەرکەوتووەکەیەتی نەک شکستخواردووەکەی.

ئەم باسە لەسەر کۆتایی هاتن‌و چارەسەر بوونی مەسەلەی کورد لە عیراقدا، هەرگیز ناکاتە دەست بەردار بوون لە خواستی جیاکردنەوەی کوردستان، بەڵکو بەو مانایەیە کە ئەم خواستە لە چوارچێوەیەکی تردا‌و لەسەر بنەمای تر پێناسە بکرێتەوە، بنەمایەک کە زەمانەتی سەربەخۆیی سیاسی چینی کرێکار‌و جیاوازی ڕیزەکانی لەگەڵ بۆرژوازیدا بکات‌‌و بوار بە تێکەڵکردنی خەباتی ئەم چینە لە بەرانبەر نەبوونی دەوڵەت‌و غایب بوونی چەمکی هاوڵاتی لە کوردستان لەگەڵ بانگەشەی ئەلتراناسیۆنالیستی‌و پرتەوبۆڵەی ناسیۆنالیستانە لە دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردستان، نەدات. لە بەشی داهاتوودا ئەم باسە درێژەی دەبێت.

ماویەتی

‏2010‏-03‏-30

ماڵه‌وه