|
شه‌ماڵ علی
shemalali@yahoo.com
وه‌ک له قسه‌وباسی
هاوڕییانی تری به‌شدار له‌م گۆشه‌یه‌دا هاتووه، به‌رنامه‌ی دنیایەکی باشتر
له هه‌ندێک لایه‌نی خۆیدا به هۆی هاتنه‌پێشی گۆڕانی جۆراوجۆر له
کۆمه‌ڵگادا، پێویستی به ده‌ستکاری‌و ئاڵ‌وگۆڕ هه‌یه. به‌ڵام ئاشکرایه که
هه‌نگاوی یه‌که‌م له پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕه‌کان له به‌رنامه‌دا، دیاریکردنی
جه‌وهه‌ری ئاڵوگۆڕه فرەلایەنەکانی کۆمەڵگای عیراق‌و کوردستانە.
ئه‌وه‌ی که له ماوه‌ی نێوان په‌سه‌ندکردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی ئێستا له
کۆنگره‌ی یه‌که‌می حزبه‌وه له کۆتایی 1998 تاکو ئه‌م سه‌رده‌مه، بە
تایبەت لە دوای جەنگ‌و داگیرکاریی لە ٢٠٠٣ گۆڕانی زۆر خێرا‌و دراماتیک له
بارودۆخی سیاسی عیراق‌و کوردستانداو له فۆرمی دامه‌زراوه سیاسیه‌کانی
ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا هاتۆته گۆڕ، ڕاستیه‌که که بینینی پێویستی به چاوی
تیژ نییه. ئه‌وه‌ی که گرنگه دیاریکردنی جه‌وهه‌ری ئه‌و گۆڕانکاریانه‌و
ئه‌و هه‌ورازو نشێوانه، وئه‌و کارسه‌ختی‌و کارئاسانیانه‌یه که ئه‌و
گۆڕانکاریانه ده‌یانخه‌نه به‌رده‌م ڕه‌وتی شۆڕشی کرێکاریی.
دیارە بە شێوەیەکی گشتی
پرۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌و ناسینی ڕاستیەکان لە بواری کۆمەڵایەتیدا به‌ر له‌هه‌ر
شتێک مه‌حکومه به‌وه‌ی کە ئینسان وەک بکەرێکی فەعال له کوێوه، له چ
خاڵێکه‌وه‌و له چ جێگاوشوێنێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ
دەوروبەری کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیدا ده‌کات. کاتێک باس بە دیاریکراوی لەسەر
ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگایە، ئه‌و جێگاوشوێنه حوکم ده‌کات که چی له‌م
ئاڵوگۆڕانه‌دا بایه‌خداره‌و ده‌بێ لێکدانه‌وه‌ی زۆرتری له‌سه‌ر بکه‌ین‌و چی
که‌متر بایه‌خداره‌و ده‌بێ له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕه‌کانی تردا لێی
تێبگه‌ین. هه‌روه‌ها ئه‌و جێگاوشوێنه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی لێوه‌ی ده‌جوڵێین‌و
ئه‌و مه‌به‌سته بنه‌ڕه‌تیه‌ی منه‌ی ده‌که‌ین ئه‌وه دیاریده‌کات که
ئاڵوگۆڕه‌کان له چ ئاستێک‌دا ببینین‌و بناسینه‌وه‌و تاچ قوڵاییه‌ک له
لێکدانه‌وه‌کانماندا ڕۆبچین.
بۆ نموونه، فیمینیستێک که
له چاکترین حاڵه‌تدا ڕه‌نگه له ڕوانگه‌ی ژنێکی بنده‌سته‌وه بۆ
کۆمه‌ڵگاو گۆڕانکاریه‌کانی بڕوانێ‌و کێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندیه
جێنده‌ریه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا بێت، ئاڵوگۆڕه‌کانی عیراق‌و کوردستان له
ماوه‌ی 10 تا 12 ساڵی ڕابردوو هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه دەبینێت‌و ڕه‌نگه
به‌رجه‌سته‌ترین دیارده بۆ ئه‌و به‌هێزبوونی پیاوسالاری بێت‌و
له‌ئه‌نجامی لێکدانه‌وه‌دا ئەوە دەستنیشان بکات که به‌هێزبوونی ئیسلامی
سیاسی فاکته‌ری بنه‌ڕه‌تیه‌و سه‌ره‌نجام به‌وه بگات که ده‌بێت له
به‌رنامه‌که‌یدا به‌ندێکی تایبه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌وته
زیادبکات. هه‌روه‌ها ده‌کرێت که‌سێک که مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆی
مه‌سه‌له‌ی کورده له‌م ڕوانگه‌یه‌وه گۆڕانکاریه‌کان ببینێت‌و به شوێن
ئه‌وه‌وه بێت که چی له په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی‌و
کوردستاندا گۆڕاوه‌و هه‌موو پرۆسه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و له‌م مه‌یدانه‌دا
قه‌تیس بمێنێت‌و ئەنجامگیریەکیشی بریتی بێت لەو نەخشەو بەرنامانەی کە وەڵام
بەم ئاڵوگۆڕانە دەدەنەوە.
بۆ گروپێکی سیاسی، چ ڕاست
یان چه‌پ، که مانه‌وه‌و درێژه‌دان به بوونی خۆی خاڵی ده‌ستپێکردنه،
لێکدانه‌وه‌ی قووڵ‌و ڕۆچوونی زیاتر له شیکردنه‌وه‌دا بۆ دیاریکرنی
جه‌وهه‌ری دیارده‌کان‌و پێناسه‌کردنی ڕه‌وه‌نده ژێربیناییه‌کانی
ئاڵ‌وگۆڕ— ئه‌و ڕه‌وه‌ندانه‌ی که له موشاهه‌داته ڕۆژانه‌ییه‌کاندا
نابینرێن‌و پرۆسه‌یه‌ک له شیکردنه‌وه‌و لێکدانه‌وه بۆ ناسینیان پێویستە—
بە هەند وەرناگیرێت‌و گرنگ ئەوەیە کە گروپی ناوبراو قسەی ڕۆژانەی خۆی
هەبێت‌و ڕەنگە شیکردنەوەیەکی ڕواڵەتی کە زۆرتر سروشتی ڕیپۆرتاجێکی
ڕۆژنامەگەریانەی هەیە بەس بێت. بەڵام بۆ جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە لە
ڕوانگەی چینێکی کۆمەڵایەتی ئەسڵیەوە ئاڵ‌وگۆڕەکان هەڵدەسنگێنێ، بە ئامانجی
هەڵخڕاندن‌و کۆکردنەوەی هێزی گەورە بۆ ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیه‌وه
هاتبێتە مەیدان ئەمە کارساز نییەو دیتنی ڕه‌وه‌نده ژێربیناییه‌کان
حه‌یاتیه.
گۆڕانکاریه‌کانی کوردستان‌و
عیراق لە دەیەی ڕابردوودا فره‌لایه‌نن‌و چه‌ندین ماناش ده‌به‌خشن، ئه‌وه‌ی
که ئێمه چۆن ده‌یانبینین‌و چۆن ما‌نایان ده‌که‌ینه‌وه هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه
پێویسته په‌یوه‌سته‌ی ماهیه‌تی ئێمه وه‌ک ڕه‌وتێکی کۆمۆنیستی کرێکاریی
بێت. کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە کوردستان‌و عیراقدا، گەر بیەوێت خۆی ئاپدەیت
بکاتەوە‌و مانایەک بە بوونی خۆی وەک جووڵانەوەیەک ببه‌خشێت، پێویستی بەوەیە
کە یەکەم/ لە ڕوانگەی چینی کرێکارەوە، له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی
سۆشیالیستیی ئه‌و چینه‌وه‌و به‌مه‌به‌ستی ناسینی هه‌ل‌ومه‌رجی به‌رپاکردنی
شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکار ده‌وروبه‌ر‌و گۆڕانکاریه‌کان لێکبداته‌وه‌و
ئاڵ‌وگۆڕەکان بناسێتەوە‌و دووەم/ ڕەوەندە ژێربیناییەکانی ئەو گۆڕانکاریانەی
کە لە زۆر لایەنی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابووری دەرکەوتەکانیان دەبینرێت
دەستنیشان بکات‌و لەسەر ئەو بنەمایەش هەم لە شیوازەکانی کاری خۆیداو هەم لە
بەرنامەو نەخشەکانیدا ئاڵ‌وگۆڕ پێکبهێنێت. باس لەسه‌ر ئاڵ‌وگۆڕ پێکهێنان لە
بەرنامەدا پێویستە لەم چوارچێوەیەدا بکرێت.
من لەم باسەمدا کە هەوڵ
دەدەم بە کورترین‌و چڕترین دەربڕین بینووسم، وێڕای ئەوەی پێ لەسەر ئەو
میتۆدەی سەرەوە دادەگرم‌و داوادەکەم هاوڕییانی تریش بە دەستیەوە بگرن، هەوڵ
دەدەم لە بابەت ئاڵوگۆڕەکانەوە بۆچوونی خۆم، کە ناوی دەنێم بیرکردنەوە بە
دەنگی بەرز، بەیان بکەم. بیرکردنەوە بە دەنگی بەرز مانای ئەوە نییە کە
تێزەکان بێ پشتیوانیەکی فیکری‌و لێکدانەوەی قووڵ بەیان بکەم، بەڵام لەو
جێگایەوە کە ئەم بۆچوونانە لە بەشێکی گرنگی خۆیاندا لە لێکدانەوە باوەکانی
ناو جووڵانەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لەسەر هەل‌ومەرجی عیراق‌و کوردستان
جیاوازن، دەکرێت هەم بابەتی دەستکاری بن‌و هەم پێویستیان بە وردکردنەوەو
پەرەپیدانی زیاتر له‌بواری دەرکێشانی ئەحکامی عەمەلی‌و به‌رنامه‌ییدا
هەبێت.
لە عیراق‌و کوردستاندا چی گۆڕاوە؟
ڕوخانی دەسەڵاتی ئیستیبدادی
بەعس ناونیشانی ئەو گۆڕانە گەورەیەیە کە لە ئەنجامی جەنگی ٢٠٠٣ ڕویداوە،
بەڵام ئەوەی کە ئەم گۆڕانە چۆن دەخوێنرێتەوە پەیوەستەی ئەوەیە کە خوێنەر
خۆی لە کوێدا وەستاوە. لە ڕوانگەی ڕەوتی سۆشیالیستی چینی کرێکارەوە ئەم
پێشهاتەو لێکەوتەوەکانی دەبێت لەبەر ڕۆشنایی پەیوەندی نێوان چینەکان‌و لە
سیاقی ململانێی چینایەتیدا لە عیراق بخوێنرێتەوە. ئەوەی کە ڕوخانی دەسەڵاتی
بەعس بۆ هەر کەس‌و هێزێک چ مانایەکی هەیە لە لایەنێکی گەورەیدا پەیوەندی
بەوەوە هەیە کە خودی دەسەڵاتی بەعس لە لایەن ئەوانەوە چۆن مانا دەکرایەوە،
پەیوەندی نێوان ئیستیبداد‌و دەسەڵاتی بەعس چۆن دەبینرا. کەم نەبوون ئەو
لایەنانەی کە دەسەڵاتی بەعسیان بە سەرچاوەو فاکتەری بوونی ئیستیبداد
دەزانی، هەر بۆیە ڕوخانی بەعسیش بە هەر ڕێگایەک بووایه وەک کۆتایی
ئیستیبداد دەبینرا. بۆ ئەو "دیموکراتخوازانە"، کە کێشەی گەورەی عیراقیان بە
نەبوونی فرەیی (پلورالیزم) لە دەسەڵاتی حاکمی عیراقدا دادەنا، کۆتایی هاتنی
دەسەڵاتی ڕەهای حزبی بەعس‌و شەخسی صەدام حسێن مژدەی هەڵهاتنی خۆری
دیموکراسی‌و ئازادی بو‌و. هەر بەو مانایەش جەنگی ٢٠٠٣ سەرەڕای هەر تاوانێک،
مامانی سیستەمێکی پلورال‌و نەناوەندی (لامەرکەزی) بو‌و لە عیراقدا‌و شایانی
پشتیوانی لێکردن بو‌و، و تا ئێستاش لای ئه‌وان هەر وایە.
بەڵام ئیستیبداد بۆ چینی
کرێکار مانایەکی تری هەبووەو هەیە‌و پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی بەعس‌و
ئیستیبدادیش جۆرێکی تر لێکدەدرێتەوە. جەوهەری ئیستیبداد بۆ چینی کرێکار
بەمانای بێبەشکردنی ئەم چینەو جەماوەری زەحمەتکێش‌و بندەست بەگشتی لە مافە
سەرەتاییەکانی خۆی؛ واتە خۆڕێکخستن‌و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئازادانەیە.
ئیستیبداد شیوازێک لە ڕێکخستنی پەیوەندی سیاسی نێوان کرێکار‌و بۆرژوازیە،
کە فرسەت بە سەرمایەداری‌و چینی بۆرژوا دەدا کە کاری هەرزان‌و کرێکاری بێ
دەنگی بۆ فەراهەم بێت. دەسەڵاتی بەعس‌و صەدام حسێنیش ئەو ئامرازە بو‌و کە
ئەم شێوازە لە پەیوەندی دادەسەپاند‌و دەیهێشتەوە. سه‌رکوتی بێپەردە لە
عیراقدا کردەوەیەکی دڵڕەقانەی دەستەیەک لە ملهوڕان بە سەرکردەیی تاوانکارێک
نەبووەو نییە(ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا وابووبێت)، بەڵکو شیوازێکی دەسەڵاتی
پێویست بۆ بەرهەمهێنان‌و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەداریە لە وڵاتێک‌دا
کە ئەو پرۆسەیە پێویستی به‌بوونی چینێکی کرێکاری سەرکوتکراوو بێ ماف‌و
بێبەشکراو لە سادەترین ئازادی هەیە. ئەوە ڕژێمی بەعس نەبوو کە سەرچاوەی
ئیستیبداد بو‌و، بەڵکو ئەوە ئیستیبداد بو‌و، و پێداویستیەکانی سەرمایەداری بە
ئیستیبداد‌و سه‌رکوتی بێپەردە بو‌و کە زەمینەی هاتنە سەرکار‌و مانەوەی ڕژێمی
بەعسی فەراهەم کردبوو.
ئەمڕۆ دەسەڵاتی بەعس نەماوە،
بەڵام سەرمایەداری هێشتا پێویستی بە سەرکوت‌و ئیستیبداد هەیە‌و هەر بۆیە
سەرەڕای گۆڕانی فۆرمی به‌عسیانەی ئیستیبداد، بەڵام لە ڕوانگەی
سەرمایەداریەوە لەم وڵاتەدا سەرکوت‌و بێمافی ڕێکخراو دەبێ لە فۆرمی تردا
درێژە بە خۆی بدات. تا ئێرە، لێکدانەوەی کۆمۆنیستە کرێکارییەکان کەم‌وزۆر
وەک یەکەو بە دەگمەن جیاوازە. بەڵام سەبارەت بەوەی ئەنجامەکانی ئەم کۆتایی
پێهاتنەی ئیستیبدادی بەعس چییە، لێکدانەوەی باو (به ئاشکرا وتراو یان
به‌گریمانگیراو) لە نێو کۆمۆنیستەکاندا ئەوەیە، کە هەل‌ومەرجی ئێستا
هەل‌ومەرجی گواستنەوەیە‌و ئێمە لە عیراقدا لە پاوسی نێوان دوو ئیستیبداددا
دەژین. گوایە فۆرمێکی تر لە دەسەڵاتێکی ناوەندی‌و صەددام ئاسا لە
بۆسەدایە‌و ئەگەر بڕیار وابێت دەوڵەتی عیراق بچێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی وەک
دەوڵەتێک کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی بۆرژوازی عیراق بکات، هەل‌ومەرجی
عیراق بەرەو ئەوە دەچێت کە دەسەڵاتێکی هاوشێوەی بەعس، واتە دەسەڵاتێکی
ناوەندیی بەهێز لەشێوەی هەمان هەرەمە نوکتیژەکەی بەعس بێتە کایەوە، کە من
ئەم تێڕوانینە بە دروست نازانم.
ئەوەی لەگەڵ ڕژێمی صەددامدا
کۆتایی هاتووە، تەنها دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی میلیتانتی عەرەب نەبووە، بەڵکو
ئەو فۆرمە هەرەمیە-ناوەندیەش بووە کە بە درێژایی مێژووی نوێی دەوڵەتی عیراق
لەسەر کاربووە. من بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو تێڕوانینه‌ی که پێ له‌سه‌ر ئەگەرو
پێداویستی سازدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندی به‌هێز له ڕوانگه‌ی
به‌رژه‌وه‌ندیه حه‌یاتیه‌کانی بۆرژوازی عیراقه‌وه داده‌گرێت، ئەم خاڵانەی
خوارەوە فۆرمۆڵه دەکەم:
١/ ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە
دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێز دروست دەبێتەوە، پشتی بە هیچ لێکدانەوەیەکی
بابەتی نەبەستووە. ناتوانێت فاکتی بەرجەستە بۆ پاڵپشتی ئەو پێشبینیەی خۆی
بهێنێتەوە. بۆ نموونە ناتوانێت تواناییەکانی باڵێک یان هێزێکی بۆرژوازی چ
ناسیۆنالیست‌و چ ئاینی بۆ سازدانەوەی دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێز لە عیراقدا
نیشان بدات.
٢/ ئەو بۆچوونە لە
لێکدانەوەکانی خۆیدا، هیچ حیسابێک بۆ فاکتەرە ناوچەیی‌و جیهانیەکان‌و
ئاڵوگۆڕەکانی ئەم سەردەمە ناکات‌و ئەو ڕاستیە فەرامۆش دەکات کە شکڵ‌گرتنی
ئەو دەسەڵاتە ناوەندیەی کە لە عیراقدا حاکم بو‌و، تەنها زادەی هاوسەنگیە
ناوخۆییەکانی عیراق نەبوو، بەڵکو لە هەل‌ومەرجێکی تایبەتی جیهانی‌و
ناوچەییدا پێکهاتبوو کە گەلێک لە فاکتەرەکانی ئاڵ‌وگۆڕیان بەسەردا هاتووە.
٣/ ئەو بۆچوونە بەوەی کە
هەل‌ومەرجی ئێستا بە ڕاگوزەر‌و کاتی دەزانێت، ناتوانێت سنووری خۆی لەگەڵ
ئەو وەهمە "دیموکراسیانەی" کە هەڵبژاردن‌و پلورالیزم بە ناکۆک لەگەڵ
سەرکوت‌و بێمافیدا دەزانێت، دیاری بکات. وەک بڵێی دەوڵەت بە بوونی
هەڵبژاردن‌و سیستەمی فرەحزبی ناتوانێت ئامرازی داسەپاندنی سەرکوتی
بێپه‌رده‌ی بۆرژوازی لە دژی چینی کرێکار بێت، هەربۆیە ڕاگوزەر‌و کاتیەو
درێژەی نابێت. ئەو تێروانینە ناتوانێت له‌وه تێبگات، کە بۆ سه‌رکوتی
بێپه‌رده مەرج نییە بۆرژوازی پێویستی بە دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێز هەبێت‌و
سیسته‌می فره‌حیزبی ده‌توانێت له هه‌مان کاتدا ئیستیبدادی‌و به ئاشکرا
سه‌رکوتگه‌رانه بێت.
٤/ ئەوەی کە دەوڵەتی ئێستای
عیراق بەم چەند دەستەیی‌و ململانێ ناوخۆییە ناتوانێت دەوڵەتێکی ئاسایی
بۆرجوازی بێت لە عیراق، ڕەنگە پشت بەو لێکدانەوەیە ببەستێت کە پەرەگرتنی
ئابووری سەرمایەداری پێویستی بە بازاڕێکی یەکخراوی گەورە هەیە‌و ئەمەش
جۆرێک ناوەندی بوونی دەسەڵات دەخوازێت. ئەم تێڕوانینە جێگای بۆ تێگەیشتنی
ئاڵوگۆڕە ئابووریەکانی سەردەمی گڵۆباڵیزه‌یشن تیا نابێتەوە، کە لە لایەنێکی
خۆیدا بایەخێکی بۆ بازاڕی یەکخراوو گەورەی ناوخۆی وڵاتەکان لە پرۆسەی
پەرەگرتنی ئابوری سه‌رمایه‌داریدا نەهێشتۆتەوە.
لە ڕاستیدا ئەم هەل‌ومەرجەی
ئێستای عیراق کاتی‌و ڕاگوزەر نییە، بگرە هەموو نیشانەکان بەرەو ئەوە دەچن
کە دریژەی دەبێت‌و ئەم فۆرمە لە دەسەڵات کە ئێستا لەعیراقدا هەیە دەتوانێت
شێوازێکی گونجاوی دەسەڵاتی ئیستیبدادیانه‌ی بۆرجوازی بێت. ئه‌م فۆرمه
ده‌کرێ سەرەڕای ململانێی ناوخۆ‌و تەقینەوە‌و خاوبوونەوەی ناکۆکیەکان، لە
درێژماوەدا بە هاوسەنگیەکی نیسبی بگات‌و تەقینەوە ناوناوەکان‌و
توندبوونەوەو خاوبوونەوەی ناکۆکیەکان دیاردەیەکی ئاسایی ژیانی ئەم شێوازە
لە دەسەڵات بێت. لە دنیادا کەم نین ئەو وڵاتانەی کە بۆرژوازی تیایاندا
لەجێگای دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێز، سەرکوتی بێپەردەی چینی کرێکاریان لە
ئیستیبدادێکی نەناوەندی (لامەرکەزی) مارەکردووە.
لە ئەفریقیا‌و ئاسیا چەندین
دەوڵەتی لەم جۆرە بوونیان هەیە کە دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان باڵ‌و
بەشەکانی بۆرژوازیدا بەناوی نوێنەرانی ئەتنیک‌و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان کارێک
دەکات کە ئەو سەرکوتەی دەوڵەتە ناوەندیە بەهێزەکان لە هەندێک جێگا دەیکەن‌و
کردوویانە، لە نێوان ئەو باڵ‌و بەشانەدا دابەش بکرێت‌و هەر یەکە لە مەودای
دەسەڵاتی خۆیاندا سەرکوتی ئاشکرا پیادە بکەن‌و بە ڕواڵەتیش دەسەڵاتی
ناوەندی لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دیاری بکرێت‌و ڕژێمەکە بە دیموکرات بناسرێت.
ئەم شیوازە چ بە ڕەسمی‌و لە
ڕێگای سیستەمێکی ئیداری‌و سیاسی نەناوەندی‌و چ بە ناڕەسمی لە ڕێگای ئەو
ناوەندانەوە کە لەلایەن هەندێک لە توێژەرەوەکانەوە بە "پیاوە بەهێزەکانی
لۆکاڵ" ناودەبرێن‌و ئاماژەکانیان بە تۆڕی مافیایی‌و باندە ناوچەییەکانە کە
لەجێگای دام‌و دەزگاکانی دەوڵەت ئامرازی سەرکوت‌و بێدەنگکردنی ناڕەزایەتیە
کرێکاریەکانن، خەریکە هەنگاوبەهەنگاو جێگای شیوازە کۆنەکانی ئیستیبدادی
ناوەندیی دەوڵەتی بۆرژوازی دەگرێتەوە. لە دەوڵەتەکانی ئەفریقیاوە کە زۆرجار
هه‌ندێکیان بە نادروست بە دەوڵەتی تێکشکاو ناودەبرێن، تاکو لوبنان‌و
پاکستان‌و هیندستان‌و فیلیپین‌و تایلەند‌و ئەندەنوسیا‌و گەلێک لە وڵاتانی
ئەمریکای لاتین بۆ نموونە بەرازیل، دەوڵەت لە بەشێکی بەرچاو لە "ئەرکە"
سەرکوتگەریەکانی خۆی لە ئاستی جۆراوجۆردا دەبورێ‌و دەیداتە دەست باندو
دەستە ناوچەییەکان.
تێڕوانینێک کە ئەم شیوازە
نوێیانە بە دەوڵەتی ناوازە یان تێکشکاو دەزانێت، زۆرتر لەوەی پێناسەی
دەوڵەت لە مارکسەوە وەربگرێت‌و له جه‌وهه‌ردا بە ئامرازێکی سەرکوتی چینێک
لە لایەن چینێکی تریەوە بناسێت، قەرزاری تێڕوانینێکی ڤیبەریە کە دەوڵەت
زۆرتر لە فۆرمە بیروکراتیە ڕێکخراوەکەیدا دەبینێت‌و بەو دەزگایەی دەزانێت
کە پراکتیزەکردنی شەرعیانەی هێز‌وزۆری لە کۆمەڵگادا پاوان کردووە.'
هەربۆیە هەر کاتێک لەگەڵ دەوڵەتێکدا ڕوبەڕوو دەبێت کە ئەم پێناسەیەی ماکس
ڤێبەری بەسەردا ناچەسپێ دەکەوێتە سەر ئەو بیرەی کە حەتمەن دەبێت ئەم فۆرمەی
دەوڵەت کاتی‌و ڕاگوزه‌ر بێت‌و درەنگ یان زوو دەوڵەتێکی "ئاسایی‌و
موتەعاریف" جێگای بگرێتەوە.
کۆمۆنیستە کرێکاریەکانی
عیراق‌و کوردستان لە جیاتی دیتنی هەل‌ومەرجەکە بە ڕاگوزەر، کاتی ئەوەیان
هاتووە ئەمە بخەنە حیساباتی خۆیانەوە کە دەوڵەت لەم فۆرمەی ئێستایدا
گیرساوەتەوە‌و تاکو ئایندەیەکی نادیار لەم شیوازەیدا درێژەی دەبێت. هەر
بەم مانایەش پێویستە ستراتیجی خۆیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لەسەر ئەم
بنەمایە دابڕێژن کە لە جێگای دەوڵەتێکی ناوەندی‌و هەڕەمی لەبەرامبەر
دەوڵەتێکی نەناوەندی (لامەرکەزی)و تۆڕئاسادا وەستاون‌و پێویستە ئەم
تۆبۆگرافیە سیاسیه نوێیەی ململانێی چینایەتی تێبگەن‌و لەسەر ئەو بنەمایە
هێزی چینەکەی خۆیان ڕیکبخەن‌و بۆ شۆڕش‌و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە سازی بدەن.
ئاشکرایە کە ئەم لێکدانەوە‌و
دیتنە ڕەنگدانەوەی لەسەر گەلێک بواری ستراتیج‌و تاکتیک دەبێت‌و سەرلەنوێ
چاوگێڕانەوە بەسەر زۆر مەسەلەدا دەخوازێت‌و لەم چوارچێوەیەشدا ئه‌گه‌رچی
به‌ڕواڵه‌تیش وا دیار بێت که په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به به‌رنامه‌وه
نییه، به‌ڵام بێ گومان ئەو ئاڵوگۆڕەی کە پێویستە لە بەرنامەدا بکرێت
دەکه‌وێته ژیر تیشک‌وسێبەری لێکدانه‌وه‌و ناسینی سروشتی ده‌وڵه‌ت‌و
ده‌سه‌ڵاتی حازری له عیراق‌و کوردستاندا. من هەوڵ دەدەم لە بەشەکانی
داهاتوودا لەسەر گرنگترین ئەو مەسەلانە بدوێم‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی
ئه‌م ڵیکدانه‌وه پێشنیاریه‌م سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاتی ئێستای عیراق
له‌سه‌ر به‌ند‌ه‌کانی به‌رنامه ده‌ستنیشان بکه‌م، بەڵام بۆ وەلانانی
ئەگەری بەدحاڵیبوونێک بە پێویستی دەزانم لیرەدا پەنجەی تەئکید لەسەر خاڵێک
دابنێم.
پێداگرتنی من لێرەدا لەسەر
ئەوەی کە فۆرمی ئێستای دەسەڵاتی بۆرجوازی ڕاگوزەر‌و کاتی نییە، نابێت بە
هیچ جۆرێک ئەو ئەنجامەی لێ بگیرێت کە کاتی سرەوتن‌و کاری ڕۆتین هاتووە.
چونکە لە لایەک ئەم فۆرمە لە دەسەڵات ناجێگیری‌و تەقینەوە‌و خاوبوونەوەی
ناکۆکیەکان لە نێوان باڵ‌و بەشە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی دیاردەیەکی ئاسایی
ژیانێتی، و لەلایەکی ترەوە گیرسانەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی لە فۆرمی
ئیستیبدادی نەناوەندیی، هەموو ساتێک‌و لەهەموو قوژبنێکی ئەم کۆمەڵگایەدا
چینی کرێکار بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی چالاک‌و هەڵچوون بانگەواز دەکات، چونکە
دەسەڵاتی بۆرژوازی لەم فۆرمەیدا هەروەک ئیستیبدادی ناوەندیی لەسەر بنەمای
پەراوێزخستنی چینی کرێکار‌و خەڵکی زەحمەتکێش‌و بێمافی‌و سەرکوتی سادەترین
ئازادیەکانی ئەوان بنیاتنراوە.
ماویه‌تی..... |