حزبى کۆمۆنیستى کریکارى کوردستان لەدژى فرەژنى لەشارەکانى سلیمانى وکەرکوک چەند چالاکییەکى سازدا
لەپەیوەند بە بڕیارى فرەژنى کەلەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە پەسەند کراوە، حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان وێڕاى ڕەتکردنەوەى بڕیارەکە کە بەڕەسمى و لەشکڵى بەیاننامەیەکدا ڕاگەیەنرا، هاوکات ڕێکخستنەکانى حزب لەپەیوەند بەم بەبڕیارەوە چەند چالاکیەکیان ئەنجامدا:
* لەهەردوو شارى سلێمانى و کەرکوک لە ڕۆژى 6/11/2008 لههەڵمەتێکدا بۆ شکست پێهێنانى بڕیارەکەى پەرلەمانى کوردستان چەندن لافیتەى حزبیان لە چەندین جێگاى سەرەکى و دیارى شاردا هەڵواسى. کەتیایدا دروشمەکانى" فرەژنى شەرمەزارییە بۆ بەشەریەت" و " نا بۆ بڕیارى پەرلەمانى کوردستان بۆ یاسایکردنەوەى فرەژنى" و " فرەژنى بێحورمەتیە بەئینسان"...هتد، تیادا نوسرابوو، کە تا ئێستاش دروشمەکان لێنەکراونەتەوە.
* هەر لەپەیوەند بە بڕیارى فرەژنیەوە ڕێکخستنەکانى حزب لەسلێمانى لەڕۆژى 7/11 بەیاننامەکەى حزبیان بەتیراژێکى فراوان بڵاوکردەوە، لەو ڕێگایەشەوە بە زۆرێک لە کەسایەتى و ڕێکخراو و دەزگاکانى ڕاگەیاندن گەیەنرا. هاوکات لەهەمان ڕۆژو ڕۆژى دواتریدا بەبهردەوامى مێزکتابێک دانرا لەبەردەم باخى گشتییدا کە بڵاوکراوەکانى حزب و جەریدەى ئۆکتۆبەرو بەیاننامەى دژى فرەژنى لەسەر دانرا بوون و بەدرێژایى ئەو چالاکیانە بەسەدان نوسخە لە بەیان و جەریدەى ئۆکتۆبەر بەسەر خەڵکدا دابەشکران و بەگەرمى لەلایەن خەڵکەوە پێشوازى کران.
* هەرلەپەیوەند بەم مەسەلەیەوە هەڵمەتێکى کۆکردنەوەى ئیمزا کۆکردنەوە دەستى پێکردو تائێستا بەدەیان کەسایەتى شارى سلێمانى و ڕۆشنبیران و ڕۆنامەنوسان ئیمزاى خۆیان داوە لەو یاداشتەى کە ئاڕاستەى سەرۆکایەتى هەرێم کراوە بۆ خواستى پاراستنى مافەکانى ژنان و ئیمزا نەکردنى بڕیارەکەى پەرلەمان.
* سەبارەت بە چۆنێتى شکست پێهێنانى بڕیارەکەو ڕێگاچارەى ڕێکخراوەکان و بەدیلى ئەوان بەرامبەر بەبڕیارەکەى پەرلەمان، زمناکۆ عزیز چەند چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ کەناڵەکانى تەلەفزیۆنى سۆشیالیست و ڕادیۆى جەماوەرو ڕۆژنامەى ڕێبازى ئازادى ئەنجامداو لەڕۆژانى ڕابرودودا لەلایەن ئەو کەناڵانەوە بڵاوکرانەوە.



