حکومەت و وەزارەتى خوێندنى باڵاو پەروەردە بەرپرسن لەوەڵامدانەوە بەکێشەى زیاتر لە 10000 خوێندکار
 

ماڵه‌وه 

پاش ڕاگەیاندنى نمرەکانى خوێندکارانى قۆناغى شەشەمە ئامادەیى، ئامارەکان وا نیشان ئەدەن کە ئەمسالڕ زیاتر لە 10000 خوێندکار بێبەش ئەبن لەدرێژەدان بەخوێندنى ساڵى 2008-2009، ئەویش بەوهۆیەوەى کە شوێن نیەو ژمارەى دەرچوان زۆر زیاترە لەو ژمارەیەى کەلە زانکۆو پەیمانگاکاندا جێگایان ببێتەوە. بەمەش چارەنوسی بەشێکی زۆری گەنجانی کوردستان بەرەورووی دڵساردى و بێئومێدیەکى گەورە کردۆتەوە.

 

خویندکارانى کوردستان پاش سالانێکى زۆر لەماندووبون و تەحەمولکردنى سەرماوگەرما و بەخەرجێکى زۆر وبەهەژارى وکەمدەرامەتى خێزانەکانیانەوە توانیویانە ساڵى خوێندن تێپەڕێنن، بۆ ئەوەى لەیەکێک لەزانکۆ و پەیمانگاکاندا وەرگیرێن و لەم رێگایەشەوە چاوببڕنە داهاتوویەکى شیاوى ئینسانى، بەڵام وەڵامى دەسەڵاتدارانى کوردستان بەم ئومێد و هیوایەى خوێندکاران قەبوڵنەکردنى ئەوان وناردنەوەیانە بۆمالەوە. بەهانەش بۆئەمە کەمى زانکۆ و پەیمانگانانە، لەکاتێکدا ژیانى فیرعەونى و سەرمایە و پارەو پولى زۆروزەبەندى سەرانى حکومەت و حزبەکان بەبەرچاوى خەڵکەوەیە.

خوێندکارانى کوردستان هەقیانە کەلەئیمکاناتى خوێندن و لەدوارۆژى دڵخوازى خۆیان بەهەرمەندبن. دابینکردنى کۆلێژو پەیمانگا و ئاستەکانى خوێندن بۆ قوتابیان سادەترین ئەرکى هەر حکومەت و دەسەڵاتێکە وخۆدزینەوە لێى هیچ پاساواێک هەڵناگرێت.

حکومەتى هەرێم و وەزارەتى پەروەردەو خوێندنى باڵا بەرپرسن لەدابینکردنى کورسییەکانى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگاکان و دەبى بەفەورى وەڵام بە خواست و داواکاریی خوێندکاران بداتەوە ونابێت هیچ خوێندکارێک کەئامادەى خوێندنە، لەکۆلێژ و پەیمانگا بێبەرى بکرێت. فراوانکردنەوەى زانکۆو پەیمانگاکان و کردنەوەى زانکۆو پەیمانگاى نوێ و دیاریکردنى بوودجەى تایبەت، سادەترین ئەرکێکە کەدەسەلاتداران دەبى دەستبەجێ هەنگاوى بۆهەڵگرن تا خوێندکاران لەدلەراوکبَى قەبوڵنەبوون دەرکێشرێن.

لەبەرامبەریشدا خوێندکارانى کوردستان نابآ دەستەوەستان خۆیان ببینن و دەبێ بەخەباتى یەکگرتووانەى خۆیان وبەهەوڵدان بۆ ڕێکخراو بوون و کۆبونەوەیان لەدەروى خواستى " حکومەت و وەزارەت بەرپرسن لەوەڵامدانەوە بەداواکارییەکانى خوێندکاراندا" بێنە مەیدانەوە و رێگانەدەن هەوڵ و ماندووبوونى چەند ساڵەیان بەفیڕۆ بڕوات. ئەوان ئەتوانن فشار بۆ دەسەڵاتدران بهێنن کە بەزووترین کات وەڵامى داواکانیان وەربگرنەوە.

خوێندکارانى کوردستان لەخەباتیاندا بۆداخوازییەکانیان تەنیانین ولەڕیزى پێشەوە حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان بەتەواوى توااناوە لەپشت خواستى بەرهەقى ئەوان ڕادەوەستێ و هاوکاتیش دەسەڵاتداران بە بەرپرسى یەکەم دەزانێ لەدابینکردنى کۆلیژ و پەیمانگا وسەرجەم پیداویستییەکانى بەردەوام بوونى خوێندکاران لەسەرخوێندن.
 


حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان
9/11/2008