|
هاوڕێیانى
ئازیز ئەم کاتەتان شاد
پڕۆژەکەى
ئێوەمان خوێندەوە، هەندێک سەرنجى ووردمان هەیە، بەداخەوە گرفتى ئێمە تا ئەو ساتە
وەختە ئەوەیە نەمانتوانیووە بزووتنەوەى خەڵکى کوردستان بەڕێکخراو بکەینەوە و سوود
لە هەڵەکانى ڕابردووشمان وەربگرین، مەبەستمان لەوەیە کە لە شارەکانى تر لەسەرەتاى
ڕاپەڕین ڕوویدا، ئەگەر هەندێک هەڵەى تاک بۆچوونى نەبوایە ئێستا خەڵکى کوردستان
توانیبووى بەدەسکەوتى باشتر بگات، هیوامان وایە لە کەرکوکدا ئەو هەڵانە دووبارە
نەکەینەوە، بۆ نموونە با ئێمە هەر لەو سەرەتایەوە بەناوى شوراى شارەوە خەڵکانێکى
زۆر لەخۆمان دوور نەخەینەوە، کاتى ئەوەشە حزبى ئێوە دەسبەردارى هەندێک چەمک و
زاراوە بێت، لەپێناو وەدەست کەوتنى داواکانى خەڵک، بەتایبەت کە دەتانەوێ ئەمڕۆ
زمانى خەڵک بن، بەڕاستى لەو دۆخە تۆقێنەرەدا باوەڕ ناکەین بتوانین هەیئەى نوێنەرانى
گەڕەک بەڕێوەبردن و ئەمنیەت بگرنە ئەستۆ، دەسەڵات بۆ ئەو خاڵە گوێشمان لێ ناگرێت،
تکامان وایە نەڵێن پێویستمان بەوە نیە دەسەڵات گوێمان لێ بگرێت لەشارێکى فرە
کولتوریى و فرە نەتەوەیى دەبێ هەموو دەنگە جیاوازەکان قبووڵ بکرێن بە دەنگى
ئیسلامیەکانیشەوە کە ئێوە ڕەنگە توڕەبن و پێمان بڵێن ئیسلامى کۆنەپەرست چۆن دێنینە
ناو پڕۆژەکەمان، ئیدى کارى ئێوە دەبێ لەئاستى نوخبەوە بگوازرێتەوە بۆ کایە
جیاوازەکانى کۆمەڵگاى کەرکوک بەتەواوى نەتەوە و ئاینەکانیشەوە ئەگەر ئەوەتان قبووڵ
نەبێت، دڵنیاتان ئەکەینەوە سەرکەوتوو نابین، ئێمە خۆمان لەهیچ بزووتنەوەیەکى
چاکسازى بۆ شارەکە بەدوور ناگرین، لایەنگیرى هەر هەوڵێکى لەم چەشنەش ئەکەین و ئەو
بۆچوونانەى ئێمەش بەتەنیا بۆچوونى تیپى ئێمە نیە بەڵکو لەگەڵ زۆر تیپى تر و
هونەرمەندى تر قسەمان کردووە ئەوانیش هەمان بۆچوونى ئێمەیان هەیە بۆیە ویستمان
بۆچوونى فەرمى ئێمە لەم بارەیەوە بزانن، نەوەک تەنیا دەنگى چەند هونەرمەندێک
بەشێوەى جیاواز، بیرتان نەچێت ئەگەر واتان نەکرد دەسەڵاتى ئێستاى شارەکە پێى وایە
ئێمە دەمانەوێ دەسەڵاتێکى سیاسى بگرینە دەست، بەتایبەت گەر ئەنجومەنى شار بکەینە
بە شورا، با ئەوەیان مەسەلەى دەسکەوتەکانمان نەکەینە قوربانى پڕۆسەى ناونان، دواتر
هاوڕێیان لەدەرەوەى هێزى خەڵکەوە ئێوە دەتانەوێ ئاسایشى شارەکە لەلایان شوراکانەوە
بپارێزرێت، بۆ ئێمە ناڕۆشنیەک هەیە بۆیە لێتان دەپرسین: بۆ پاراستنى ئاسایشى شار و
وەدەست کەوتنى هێزى چەکدارى پێویستتان بە جبەخانەى سەربازیە، ئایا ئێوە دەتوانن ئەو
جبەخانەیە فەراهەم بکەن؟ خۆ خوانەخواستە نیازتان نیە لە ئەمریکاى داگیرکەرى
وەربگرن، بەداخەوە ئەوەى ئێوە لە ئەرکەکانى شورا دەیڵێن یۆتۆپیایەکە هەر لە سەردەمى
شوراکان و سەردەمى ڕەوتى کۆمۆنیست بەرزمان کردنەوە بەڵام تەنیا لافیتەى نووسراوى
دەست و خەتى ئێمە بوون و هیچیتر با چیتر بەو یۆتۆپیایە مژدەى بەهەشتێکى درۆینە بە
خەڵک نەدرێت، هاوڕێیانى ئازیز ئێمە خۆشمان دەوێن و بە دۆستى خۆمانتان دەزانین بۆیە
بەو زمانە لەگەڵتان دەدوێین.
تیپى
شانۆى ئەزموونگەرى کەرکوک
10-12-2008 |