خەڵکی کوردستان بە درێژایی 18 ساڵی ڕابوردوو، بەدەست کێشەی
نەبوون و کەمیی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی و خزمەتگوزاریەکانەوە
ناڵاندوویانە. سەرەڕای ئەمانەیش جیاوازیی نرخی سووتەمەنی و
کارەبا لە چاو وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت لەگەڵ باقی ناوچەکانی
تری عێراقیش. دەسەڵاتدارانی کوردستان هەرکاتێک پێویستییان
هاتەسەر ئەوەى کە خێرو بیری زیاتر لەسەر حسابی گیرفانی خەڵک
بەدەست بهێنن، ئەوا باس لە یاساو سیستمی فیدرالی دەکەن. وە
کاتێکیش بڕیارێک لە مەرکەزەوە دەربچێت و قازانجی خۆیانی
تێدابێت ئەگەرچی بە زیانی خەڵکی کوردستانیش بێت یەکسەر پەسەندی
دەکەن و کاری پێدەکەن و دەڵێن ئێمە سەر بە مەرکەزین
.
ئەوەى ماوەیەکە بۆتە مایەى ناڕەزایەتیکی فراوانی خەڵک،
بەرزبوونەوەى نرخی کارەبا و سووتەمەنییە کە حکومەتی هەرێم
دیاریی کردووە، وە جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ نرخی کارەباو
سووتەمەنی لە ناوچەکانی تری عێراقدا. ئەوەتا نرخی یەکەی کارەبا
لە ( 1 – 5000 ) کیلۆوات 150 دینارە، لەکاتێکدا لە باقی
شارەکانی تری عێراقدا لەپاش گرانکردنیشی ئینجا گەیشتۆتە 30
دینار بۆ ( 1 -4000 ) کیلۆوات. واتە نزیکەی 5 بەرامبەر. وە
نرخی ڕەسمیی یەک لیتر بەنزین لە شارەکانی تری عێراق 450 دینارە
لە کاتێکدا لە کوردستان 500 دینارە و گرانکردنی نرخی سووتەمەنی
و کارەبا ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانکردنی نرخی زۆربەی
پێداویستیە ڕۆژانەییەکانی تری ژیانی خەڵک لە کاتێکدا کە
هەقدەست و کرێ و مووچە هەر لەجێی خۆیەتی.
ئەرکی دەسەلاتدارانە کە پێداویستیە سەرەتاییء ڕۆژانەییەکانی
ژیانی خەڵک لە ئاو کارەباو سووتەمەنی و خزمەتگوزاریەکان بە
نرخی هەرزان دابین بکات، ئیمە پشتیوانی بێدرێخی خۆمان لە
داخوازیی خەڵکی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاو و کارەبا و
سووتەمەنی بە نرخی هەرزان، ڕادەگەیەنین و لە ڕیزی ناڕەزایەتی
خەڵکداین بۆ بەدیهێنانی ئەم خواستە بەرحەقانە.
کۆمیتەی سلیمانیی حزبی کومونیستی کریکاریی کوردستان
10/10/2009
k_slemany@yahoo.com