دابین کردنى پێداویستىیەکانى سەلامەتى کارو گیانى کرێکاران لەئەستۆى دەسەلاتداراندایە؟

لەبارەى مەرگى حەسەن عەبدوڵلا گەلاڵى، کرێکارى سیانەى شەهید/ بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى سلێمانى

 

ماڵه‌وه 

دوا نیوەڕۆى ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى 15/11/2009 حەسەن عەبدوڵلا گەلاڵى کرێکارى بەشى سیانەى شەهید، سەربە بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى سلێمانى، لەکاتى چاکردنەوەى محاویلەى گەڕەکى کارێزە وشک کارەبا لێدەداو لەبەرزایەوە دەکەوێتە خوارەوە و گیان لەدەست دەداـ حەسەن عەبدوڵلا بەدواى تەمەنێک لەکارو ماندوو بوون و تێپەڕکردنى ڕێچکەى مەترسى کارەوە بەهۆى نەبوونى پێداوێستیەکانى سەلامەتى کارو گیانیەوە بوە قوربانى هەلومەرجى سەختى کارو سێستەمێک کەدەسەلاتداران بەسەر بووارى کاردا بەڕێوەى دەبەن. بەلام حەسەن عەبدوڵلا نە یەکەمین قوربانى و نەئاخرین گیانبەخت کردووى ئەم هەلومەرجە نالەبارى کارى کرێکارانى کوردستانە، بەڵکو تائێستا سەدان حاڵەتى مەرگى کرێکارانى کارەبا تەنها لەبەریوەبەرایەتىیەکانى کارەباى سلیمانى ودەوروبەرى تۆمارکراوە و دەیانى تریش هەربەهۆى نەبوونى پێداویستىیەکانى سەلامەتى کارەوە دەست وقاچیان پەڕیوە و کەم ئەندام بوون. تەنانەت لەهەفتەى ڕابردووشدا ئاوێدر سەلام لەبەشى کارەباى شارى کۆیە، گیانى لەدەستداوە.. هەموو ئەم حاڵەتانەش نیشان دەدەن کەلە80%ى ڕووداوەکان بەهۆى نەبوونى ڕافیعەوە بووە، ئەمە لەکاتێکدایە کەبەملیلر دۆلار لەبەردەستى بەرپرسیارانى پڕۆژەکانى کارەباو سیانەدایە وکەمترین ئاوڕیش لەدابین کردنى ڕافیعەو پێداویستیەکانى ترى پاراستى گیانى و سەلامەتى کار نەدراوەتەوە.

مەرگى حەسەن عەبدوڵلا و ئاوێدر و ئامارەکانى قوربانى شوێنى کار بەڵگەن بۆئەوەى کە شوێنى کار بۆکرێکاران بووتە کوشتارگایەک و هەر ڕۆژەو هەرساتە مەترسیەکانى هەڕەشە لەگیانى کرێکاران دەکات. کەڕاستەوخۆ بەرپرسیاریەتیەکەى دەکەوێتە ئەستوى دەسەلاتدارانەوە. بەتایبەتى ئەوە ئەرکى دەسەلاتدران و وەزارەتى کارەبایە کە جگەلەوەى کەدەبێ پێداویستیەکانى سەلامەتى کاربۆ کرێکاران لەباشترین ئاستدا دابین بکەن، هاوکات قەربۆى تەواوى خێزانەکانى ئەم قوربانیانە بکەنەوە و ژیانى ئێستاو داهاتوویان دابین بکەن.

بەلام کرێکارانى کوردستان ولەپێشیانەوە کرێکاران وکارمەندانى بەڕێوەبەرایەتى کارەبا، نابێ ژیانى خۆیان وخێزانەکانیان تەسلیم بەم گوشتارگایە بکەن و دەبێ بەخەباتى یەکگرتوو هوشیارانەى خۆیان ڕووبەڕووى ئەم هەلومەرجە سەختەى کار، کەدەسەلاتداران دایان سەپاندووە، ببنەوە و بۆ چاکردنى بێنە مەیدانەوە. کۆبوونەوەى کرێکاران لەدەورى خواستى"دابین کردنى ڕافیعەو سەرجەم پێداویستىیەکانى سەلامەتى کار" و "قەرەبۆکردنەوەى تێرو تەسەلى خێزانى گیان بەختکردووانى شوێنى کار" ئەتوانێ سەرەتایەک بێت بۆ بەرگرتن بەکارەساتە دڵتەزینەکانى شوێنىکار..

حیزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان وێراى ده‌ربڕینى سەرخۆشى و هاوغەمى خۆى بۆ هاوکاران وخێزانى حەسەن عەبدوڵلا و ئاودێر، هاوکات بەتەواوى توانایەوە لەپاڵ هەوڵى کریکاران بۆ باشکردنى هەلومەرجى کارو بەدیهێنانى خواستەکانیان ڕادەوەستێ.

کۆمیتەى سلێمانى

حیزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان

16/11/2009

K_slemany@yahoo.com

www.hkkurdistan.org

Tel: 07701427117

07501208254